گروه تئاتر کوچک بوکان - هونەری ڕاستەقینە و ڕەسەن سنوورەکان دەبەزێنێت-مەناف ئێرانپەنا:
مەناف ئێرانپەنا:
هونەری ڕاستەقینە و ڕەسەن سنوورەکان دەبەزێنێت
مانا- نزیکەی نیو سەدەیە چالاکانە لە بواری هونەری شانۆیی و تەلەڤیزیۆنی و سینەماییدا چالاکە و لە هەمووی ئەم ساڵانەدا چ وەک پێشکەشکار و دەرهێنەری تەلەڤیزیۆنی و چ وەک چالاک و دەرهێنەری شانۆیی، هەوڵی ناساندن و زیندووڕاگرتنی پۆتانسیەلەکانی هونەری ناوچەیی و ئایینی داوە و ئێستاش لە حەوتەمین دەیەی ژیانیدا وەک پێشەنگێکی ئەو هونەرە بەردەوامە لە داهێنان و پەروەردەکردنی بەرەی نوێ.
مەناف ئێرانپەنا کە وەک خۆی دەڵێت، شانۆ و شانۆنامەنووسیی لە رێگەی وۆرکشۆپەکان و لە رێگەی پەیوەندیی گرتن بە ڕێکخراوی شانۆی ئێران و نامەگۆڕینەوە لە گەڵ مامۆستایانی ئەو هونەرە و لەوان حەسەن شیروانی ئەزموون کردووە، خاوەن کارنامەیەکی چڕوپڕ لە خەڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەو بوارەیە و تا ئێستاش داوەریی چەند مێهرەجان و فێستیڤاڵی هونەری لە ئاستی ناوچەیی و نیشتمانی لە ئەستۆ بووە. ئەوی لێرە دەیخوێننەوە دیمانەیەکی کورت لە گەڵ ئەو مامۆستایەیە:
* یەکێک لە ئیمکانات و مۆتیفە سەرەکییەکان لە شانۆنامەنووسیدا پرسی وێنەی زەینی و ئایدیا سەرەتاییەکانە، بە بڕوای ئێوە شانۆنامەنووسانی کورد لەوبارەوە چ ئیمکاناتێکیان لەبەر دەستە و لە چ ئیمکاناتێک خافڵ بوون؟
ـ گرینگی دان بە فەرھەنگ و کەلتوری کۆمەڵگای کوردی، ھەرچەند کاری لە سەر کراوە، بەڵام ئێستاش جێگەی کاری زۆری ھەیە، لە بەر ئەوەی کە کورد لە باری فەرھەنگەوە زۆر دەوڵەمەندە.
کەچی بە داخەوە ھونەرمەندانی بەشی شانۆی کوردی مەیدانی ئەوەیان پێ نەدراوە بە ڕاشکاوی بتوانن لە سەر نووسینی شانۆی کوردی چالاکیان ھەبێت، هەڵبەت جێی شوکرە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ھەلێکی وەک ڤێستیواڵی شانۆی کوردی ڕەخساوە و ئەویش بە ھەزار ئەڵڵا ئەڵڵا گەیشتۆتە ئاستێک کە بەڕێزانی قەڵەم بە دەست بتوانن بە زمانی کوردی چەند شانۆیەک بنووسن، کەچی هەر ئەو چەند دەقەش بێ کەم وکوڕی نەبوون و کەمیان دەتوانن لە چۆارچێوەی شانۆنامەیەکی ستاندارددا بگونجێت.
ئەوەی کە دەکرێت لەمناوەدا وەک ئیمکاناتی نووسین لەبەردەم شانۆی کوردیدا داکۆکی لێ بکرێت، ئاوڕدانەوەیە لە پەندومەتەڵ و بەسەرھات و چیرۆکەکانی کوردی، کە پڕن لە تەنزی کۆمەڵایەتی بۆ نیشاندانی ناحەزێکانی کۆمەڵگا. جگە لەوەش تەنزی سیاسی لەو نووسینانەدا جێگەی بەتاڵە، چونکە ھونەرمەند لەو بەشەدا ھەست بە ئەمن و ئەمان ناکات و ئازاد نێیە.
* پێگەی بەردەنگ لە ئەدەبی شانۆییدا (بەدەر لە لایەنی نمایشی شانۆکان) چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ـ بینەر و خەڵک بەشی گرینگی شانۆ پێکدێنن، واتە بینەر و بەردەنگت نەبێ شانۆ مانای نابێت. شانۆ لە ڕاستیدا لە سەر بنەمای رێزلێنان بۆ خەڵک بنیادنراوە و شانۆ وەک بەرھەمێک ناسراوە کە تێیدا بەها بە بایەخەکانی کەلتوری و ڕەسەنی کۆمەڵگا دراوە. ئەسڵەن پێشکەوتی ھونەری شانۆ کاتێک ڕوو دەدا کە شانۆ و ناوەڕۆکی بۆ خەڵکی ئاسایی زۆر ڕوون و بێ پێچ و پەنا بێ و بە کورتی تێی بگات و پەیوەندیی بە ژیانی ڕۆژانە و کێشەکانی ھەبێت و ھەستی پێ بکات. نووسەر لە ئەسڵدا بۆ بینەر و بەردەنگی خۆی دەنووسێ و ئەو دووانە تەواوکەری یەکترین. ئاگاداربوونی نووسەر لە کێشە و گرفت و ئاواتەکانی کۆمەڵگا دەبێتە ھۆی ئەوەی کە نووسەر و بینەر و خوێنەر بچنە یەک قالبەوە، و لە یەکتر تێبگەن. دەبی شانۆنامە جۆرێک بنووسرێت کە خەڵک بە عام لە سەر سەکۆی نواندن پێشوازی لێبکات و لێی حاڵی بێت و دەردی خۆی لە ڕووداوەکانی شانۆنامەکەدا ھەست پێ بکات.
* گێڕانەوە و وەرگرتن لە ژانرەکانی دیکەی گێڕانەوە و وەرگێرانی بەرهەمی شاز و ناسراوەی جیهانی، تا چ رادەیەک دەتوانێ هونەری لۆکالی دەولەمەندتر بکات؟ ئایا کوردەکان توانیویانە لە بەهرە وەرگرتن لەو دەرفەتانە بۆ دەقی شانۆیی سەرکەوتوو بن؟
ـ پێش ھەموو شتێک ئێمەی کورد دەبێ بە باشی ئاگاداری گرینگایەتی فەرھەنگ و کەلتور و داب و نەریتەکانی خۆمان بین و بتوانین بە کەڵک وەرگرتن لە چوارچێوەی عیلمی و دروستی فەننی شانۆنامەنووسی ئەوان دەقانە بهێنینە سەر شانۆ و بایەخەکان و تابەتمەندییەکانی ھونەری خۆماڵی نێو بابەتەکان بناسێنین، ناسنامەی فەرھەنگی و ھونەری و مۆرکی کوردی بوونیان بدۆزینەوە و بیانخەینە بەرچاو و ھەستی بینەر. ئەوسا ئەگەر توانی دەگەڵ جەماوەری خەڵک بە گشتی تێکەڵاوی سازبکات و خەڵکانی ئاسایی لێی تێگەیشتن، ئەودەم بۆ خۆی وەک ھونەری ڕاستەقینە و ڕەسەن دەتوانێ سنوورەکان ببەزێنێ و لە سەر بیچمی خۆی دەگەڵ جیھان پێوەندی ساز بکات و خۆی نیشان بدات.
بە ڕای من لاساییکردنەوە و چون بە دوای شاکارەکانی شانۆیی جیھان کە زۆربەیان پڕن لە سەرگوزەشتەی بارودۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکانی ئەو سەردەمی وڵاتی خۆیان، بە بێ ئاوڕدانەوەمان لە داب و نەریت و کەلتور و ناسینی ژیانی پڕمەینەتی نەتەوەی کورد، خۆی لە خۆیدا ناتوانێ ببێتە ھۆی پێشکەوتنی هونەری شانۆ و شانۆنامەنووسی کوردی.
* وەک دوا پرسیار، بە بڕوای ئێوە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە و مێهرەجانەکان چ کاریگەرییەکیان لە دەوڵەمەندکردنی هونەری شانۆنامەنووسیی لۆکاڵی و کوردیدا هەیە؟
ـ دیارە ھەموو کۆبونەوە و ڤیستیواڵێک دەوری گرینگی خۆی ھەیە و قازانجی زۆرە، جێی خۆیەتی هەوڵی زیاتری بۆ بدرێ کە بەردەوام و سەقامگیر بێت. دیارە کۆبوونەوە و فێستیواڵەکان لانیکەم ھاندەرێکی باشن بۆ قەڵەم بەدەستان و شانۆکاران، ھەتا دڵخۆش و دڵگەرم بن بۆ بەردەوامبوون و چالاکبوونیان لە نووسین و ئەنجامدانی کاری بەپێز و چڕوپڕ. ھەروەھا ئەو دەرفەتانە ھەلێکن بۆ لێک حاڵیبوون و لێکگەیشتن و لە ھەمووی گرینگتر فەزا و بارودۆخێکی زۆر لەبارن بۆ خوڵقاندن و ئافراندنی بەرھەمی شیاو و ئەزمونێکی مەزن بۆ بەشداربووانیان.
