شانۆی شەقامی ئێمە لە دووڕیانێکی دژواردا
بەشی حەفتەم
"چۆن لەگەل بینەر پەیوەندی بگرین"
حەمەسوار عەزیز
لە بەشەکانی پێشوووتر باسمان لەو ئاریشەو کێشانە کرد کە شانۆی شەقامی ئێمە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی کۆنتاکردن و بەرکەوتنی بینەر، زۆرێک لە نمایشە شانۆییەکانی ئێمە کە لە شەقام پێشکەشدەکرێن، ھزرو خەیاڵیان لای ئەوەیە چۆن کۆنتاکت لەگەل بینەر بکەن و لەکام جومگەی ئەم نمایشە دەتوانن بینەر بەشداری پێبکەن و دیالۆگی راستەوخۆ لەگەل بینەر دروست بکەن، چونکە زۆرینەیان ئەو بڕوایەیان ھەیە کە ئەگەر نمایشەکەیان نەتوانێت کۆنتاکتی راستەوخۆ لەگەل بینەر دروست بکات لە رێگەی جەستەو دیالۆگەوە، ئەوە نمایشەکەی رەنگە بە شانۆی شەقام ھەژمار نەکرێت و یەکێک لە گرنگترین رەگەزەکانی بوون بە شانۆی شەقام لە دەستبدات کە بەشدارپێکردنی بینەرە.
سەرەتا من دەمەوێت ھەڵوەستە لەسەر شێوەو فۆرمی بەشداریکردنی بینەر بکەم لە شانۆی شەقام و ئەو پرسیارەش بورووژێنم کە ھەمیشە لای ئێمە پرسیارێکی ئەزەلییە، بینەر چۆن بەشداری لە شانۆی شەقام بکات، ئایا ئەو نمایشەی ناتوانێت رووبەرێک بۆ بەشداریکردنی بینەر لە شانۆی شەقام دروستبکات، دەتوانین بە نمایشی شەقام ئەژماری بکەین، وە ئایا بەشداریکردنی بینەر لە رێگەی کۆنتاکتی راستەخۆ دەچێتە خزمەتی نمایشەوەو چۆن دەکرێت ئەم بەشداریپێکردنە راستەقینەو کاریگەر بێت و دروستکراو و ساختە نەبێت و چۆن ئەکتەر ئەم بەشدارییە بە قازانجی نمایش بەڕێوە ببات.
یەکێک لە گەورەترین ئاریشەکانی شانۆی شەقامی ئێمە کە ھەمیشە بارێکی قورسە بەسەرشانی نمایشەوە، بەشدارپێکردنی راستەوخۆی بینەرە، ئێمە قەناعەتێکمان لادروست بووە کە دەبێ لە ھەموو نمایشێکی شەقام، راستەخۆ بینەر بەشداربێت و کاریگەری ھەبێت لە دروستکردنی ھزرو فۆرمی نمایش و نمایش تەنھا بە بەشداریکردنی ئەو تەواو دەبێت، ئەم بۆچوونە بۆ ھەندێک نمایشی شەقام تەواو راستەو شانۆکار کارێکی باش دەکات ئەگەر بتوانێت راستەوخۆ سوود لە بینەر وەربگرێت و بابەتەکەی لەگەل گفتوگۆ بکات و بە جیھانبینییەکی ھاوبەش دیدگایەک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە دیاریبکەن کە نمایشەکە مەبەستیەتی لەگەل بینەر دیالۆگی تیادا بکات، نمونەی ئەم جۆرە نمایشانەش زۆرن لە جیھان کە شانۆ دەکرێتە فاکتەرێک بۆ ورووژاندنی بابەتێکی ساتی و کاتی دیاریکراوی ئەو شوێنەو خەڵک بخاتە نێو رووبەری گفتوگۆی راستەوخۆ بۆ ئەو کێشەیەی کە کێشەی بینەری ئەو شوێنەیە، ئەمجۆرە دیالۆگەش وەک ووتم پێویستی بە ئەکتەری بەتواناو زاناو داناو قسەزان ھەیە، ئەکتەرێک کە متمانەی بە کارەکتەری خۆی ھەیەو دەتوانێت بۆچوون و دیدگای پێچەوانە پەسەند بکات و تووشی ھەڵچوون و داچوون نەبێت و بە لۆژیک و قەناعەتەوە دیالۆگەکە بەڕیوەببات و توانای وەڵامدانەوەو تێگەیشتنی ھەموو جۆرە پرسیارو دیدگایەکی ھەبێت.
بەداخەوە تا ئێستا ئەمجۆرە ئەکتەرە لە کوردستان بوونی نییەو لە ماوەی نزیکیش ناتوانین ئەو جۆرە ئەکتەرە ئامادە بکەین، لەبەر ئەوەی شانۆی شەقام لە وڵاتی ئێمە ھیچ رووبەرێک لە فەرھەنگی ژیاری و کۆمەڵایەتی ئێمە داگیر ناکات و ئێمە لە ھیچ شوێنێکی ئەو وڵاتە بەڕێکەوت نمایشێکی شەقام نابینین کە بیەوێت کێشەیەک لەگەل بینەر بورووژێنێت، نمایشی شانۆی ئێمە یا لەنێو فیستیڤاڵە، یا لە بۆنە تایبەتەکانە کە ھەمیشە خەڵکی بۆ ئامادەکرێت، کەواتە ئەمجۆرە کۆنتاکتە لە شانۆی ئێمەدا کارێکی نەکراوە تا ئەو کاتەی شانۆی شەقام دەبێتە بەشێک لە فەرھەنگی ژیاری و کۆمەلایەتی ئێمەو نمایش بۆ خەڵکی ئاسایی شەقام دروست دەکرێت، چونکە ئەو نمایشانەی بۆ فیستیڤاڵ دروستدەکرێن زیاتر وەک کاری ھونەری سەیر دەکرێن و رووبەری داھێنان تیاییدا پابەند دەبێت بە فۆرمی نمایش و ئەو خەیاڵە ھونەرییە جوانکارییەی کە نمایش بەرجەستەی دەکات، ئیقاع و سینۆگرافیا و ئەدای ئەکتەرو چۆنیەتی دروستکردنی فۆرمی نمایش و شێوازی گێڕانەوەی چیڕۆک و کۆمەڵێک رووبەری تر کە بە بەشداریپێکردنی بینەر ناتوانرێت ئەو رووبەرانە لەنێو نمایش کۆنتڕۆلبکرێت، لەبەر ئەوەی لێژنەیەک ھەیە لەسەر ئاستی ھونەری خەڵات دەبەخشێت نەوەکو لەسەر رادەی بەشدارپێکردنی راستەخۆی بینەر لە نمایشدا، کە زۆرینەی جار ئەم بەشداریپێکردنە یا ساختەیە یا بە زیان بەسەر نمایشەکە دەشکێتەوە.
بەبڕوای من بۆ ئەوەی خۆمان لەو ئاریشەیە دەرباز بکەین، وا چاکترە لەم قۆناغەدا بیر لە جۆری تری بەشداریکردنی بینەر بکەینەوە لە نمایشەکانمان، بەشداریکردنێک کە دەتوانین بیخەینە خزمەت فۆرمی نمایش و کۆنتڕلی شەقامیشی پێبکەین، بۆ ئەمەش دەبێ لەو راستییە بگەین کە بەشداریکردنی بینەر لە نمایش تەنھا پەیوەست نییە بە شێوەی راستەخۆ و بەدەنگ و رەنگەوە، لەوەتەی مێژووی شانۆ ھەیە بینەر ھەمیشە بەشدارە لە نمایشە شانۆییەکان، لە سەردەمی یۆنانەوە بینەر بەشدارێکی کارای نمایش بوو، لەرێگەی ترس و راچڵەکین کە ئەرستۆ ئاماژەی پێدەکات و دەبیتە ھۆی پاکبوونەوەی بینەر، لە لای ستانسلافسکییەوە بینەر بەھۆی ھەست و سۆزەوە بەشداری نمایش دەبوو، لای برێخت لە رێگەی ھەڵوێست و رەخنەو کردارە عەقلییەکانەوە بەشداری نێو نمایش بوو، لای ئاڕتۆ لە رێگەی ھەستکردن بە مەترسی بینەر بەشدار بوو، ئێمە دەتوانین لەرێگەی جوانی و فۆرمە ئێستاتیکییەکانەوە کۆنتاکت لەگەل بینەر بکەین و ئاوێتەی نمایشی بکەین، لە رێگەی بیرکردنەوەو تێڕامان و پێداچوونەوە وا لە بینەر بکەین کە بەشداری نمایشەکان بێت، لە رێگەی بەرکەوتنی زەینی و نەستەوە بینەر بخەینە نێو فەزای نمایشەکانمان، لە رێگەی شۆککردن و سەرسامکردنەوە بینەر ببرێتە نێو رووبەری نمایش.
شانۆکار زۆر چەکی کاریگەری ھەیە کە دەتوانێت وا لە بینەر بکات نمایشەکەی خۆش بووێت و ھەستبکات کۆنتاکتێکی رۆحی لەگەلی ھەیە، شانۆکار دەتوانێت لە رێگەی نمایشەوە ھەستەوەرەکانی بینەر کارا بکاتەوەو بیانجولێنێت و کردارو دژە کردارو بیرکردنەوەی جیاوازی لادروست بکات، شانۆکار دەتوانێت لە رێگەی نمایشەوە، دونیابینی بینەر دابڕێژێتەوەو وایلێبکات بە چاوێکی جیاوازو دیدگای تازەوە پرسەکان ببینێت و وەربگرێت.
ھەرکاتێک شانۆکار نمایشەکەی دەسپێکرد دەتوانێت لە روخساری بینەر و ھەڵسوکەوتی بینەر، جۆری ئەو بەرکەوتنە بدۆزێتەوە کە نمایشەکەی دروستیکردووە، ئەو پردە نەبینراوە تەنھا شانۆکار دەیبینێت کاتێک دەبینێت بینەر چۆن بەدیار نمایشەکەی شۆک بووەو بۆتە بەشێک لە فەزای نمایش و جولەی لە خۆی بڕیوە، نمایش چۆتە قوڵایی ناخیەوەو دیالۆگ لەگەل ھەست و نەستی دەکات، شانۆ دەبێتە بەشێک لە بونیادی بینەرو بەبێدەنگی و بەدەروونێکی واڵاوە خزاوەتە نێو رووبەری نمایش و ھەست بە خۆشی دەروونی و چێژی بینین و بیستن و بەرکەوتن دەکات، ئەمە ئەو جۆرە بەرکەوتنەیە کە دەبێت لە ئێستادا کاری لەسەر بکەین، بەرکەوتنێک کە دەتوانێت بینەرێکی ئاسایی شەقامت بۆ بکاتە وەرگرێکی کارامەو سات بەسات لەگەل نمایش ئاوێتەیەو ناتوانێت بۆ یەک ساتیش رووی بەھیچ لایەکدا وەربگێرێت.

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏