شانۆ لە نێوان ستانسلافسكی و چیخەف دا

حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman

كوستانتین  سیرجیفیتش ستانسلافسكی 1863ـ 1930دەرهێنەرو ئەكتەرێكی رووسی و جیهانیی، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی تیپی شانۆی مۆسكۆی هونەریی،كە تاوەكو ئێستاكەش لە كار كردندا بەردەوامە ستانسلافسكی خاوەنی چەندین تیۆرو توێژینەوەی زانستییە لە مەڕ شانۆ، لەوانەش كتێبی ( ژیانم لە هونەردا ) كە وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمانی جیهانیی،ناوەكەشی بە قوتابخانەیەكی بەر فرەوانی شانۆییەوە بەندە كە پیی دەگوترێت قوتابخانەی ستانسلافسكی.

خۆ ئەگەرچی سەردەمانێكی زۆر بە سەر رەوتی ستانسلافسكی تێپەڕیوەو گەلێك گۆڕانكاری نوێ‌ لە تەكنیكی شانۆدا هاتۆتە پێشەوە كەچی تا ئێستاكەش زۆر لە شانۆكارە هاوچاخەكان لە قوتابخانەكەی ستانسلافسكی كار دەكەن .

پرۆفیسۆر ف.ب. كاتایف مامۆستای ئەدەبی رووسی لە زانكۆی مۆسكۆ،لە 150 یەمین ساڵیادی لە دایك بوونی شانۆكاری ناسراوی رووسی ستانسلافسكی توێژینەوەیەكی بە ناوی ( لە نێوان ستانسلافسكی و چیخەف دا ) خوێندەوەو دواتر ساڵی 2011 لە توێ‌ ی كتێبێكدا  بڵاوی كردەوە كاتایف دیارترین توێژەرێكی پسپۆرە لە بواری ئەدەبی چیخۆفدا .

ئەو دەگێڕێتەوە دەڵیت : چیخەف و ستانسلافسكی لە كۆتاییەكانی 1888 یەكتریان ناسی،پێش دامەزراندنی شانۆی مۆسكۆ لە لایەن ستانسلافسكییەوە،بەڵام  ستانسلافسكی  كاتێ‌ بوو بە هۆگری نووسینەكانی چیخەف كە هاوڕێ‌ دەرهێنەرەكەی ( نیمیرۆفتش ـ دانجنكۆ ) داوای لە ستانسلافسكی كرد شانۆگەری ( باڵندەی دەریا ) ی چیخەف نمایش بكەن بەڵام  كاتێ‌ بۆ یەكەمجار شانۆگەرییەكە لە سەر شانۆی بترسبۆرگ نمایش كرا، روو بە ڕووی شكستێكی ئێجگار گەورە بۆوە،بۆیە چیخەف لە شەرمی ئەو شكستە گەورەیە شاری بە جێ‌ هێشت، توێژەر زۆر بە ئاشكرایی دەڵێت ئەوان تا ئەو كاتەش ئاشنا بە چیخەف و ستایلە تایبەتیەكەی ئەو نەببوون بۆیە شكستیان خوارد ..

لەم بارەیەوە ستانسلافسكی لە یاداشتەكانی خۆیدا دەنووسێت : دواتر لە ماوەی كاركردنی بەردەوامم توانیم لە چیخەف بگەم بێ‌ ئەوەی من خۆم بزانم هەستم بەوە كرد كە لە گەڵ ئەودا دەژیم،بێ‌ هیچ ئاگاییەك هۆگری بووم و سەرسامی بلیمەتی چیخەف بووم .

ئەو كات لە كاتی پرۆڤە كردنی شانۆگەریەكەی چیخەف خۆی ئامادە دەبوو، خۆی هەستی بەوە كرد كە ستانسلافسكی چۆن لە ناو شانۆگەریەكە دا قوڵ دەبێتەوە، ئەو كات چیخەف هەستی بە بەهای راستەقینەی تیپی شانۆی مۆسكۆی هونەریی كرد،لە 17 نامەی تایبەتیشدا كە لە نێوان چیخەف و ستانسلافسكیدا نووسراوە، زۆرێك لەوان پەیوەستن بە شانۆگەری سێ‌ خوشكەكە و دەربڕینی هەندێ‌ تێبینی و سرنج و كۆمەڵێ‌ رای جیاواز بەڵام لە هەموو حاڵەتێكا چیخەف رەزامەندی خۆی بۆ ستانسلافسكی دەربڕیوە بۆ نمایش كردنی شانۆگەریەكە لە شانۆی مۆسكۆی هونەریی،هەر لەو نامانەشدا ئاڵو گۆڕی زۆرپرسی گرنگ بەرامبەر بە وەزیفەی شانۆو ئەركەكانی لە نێوان هەردوو لادا خراونەتە روو .

دواتر كاتایف بە شێوەیەكی بەرفرەوانترو قوڵتر لە ستانسلافسكی دەدوێت كە دەرهێنەرێكی راستەقینەی بەرجەستە كردنی رۆحی چیخەف بووە لەسەر شانۆدا،بەهۆی ئەو شێوازو ستایلە تایبەتی و نوێیانەی بەكاری دەهێنان بە تایبەت لە رووی رەگەزەكانی دەنگ و رووناكییەوە، ستانسلافسكی هەمیشە خولیای ئەوە بوو كە ئەكتەرەكان دەسەڵاتی ئەوەیان هەبێت بتوانن گوزارشت لە دنیای چیخەف بكەن و ببنە وێنەی راستەقینەی كاراكتەرەكانی و بتوانن ئەو پەیامەی چیخەف خواستیەتی بە هوشیارییەوە بە  بینەرانی بگەیەنن .

پاشان كاتایف ـ تیشك دەخاتە سەر ئەو نامانەی دەربارەی شانۆگەری ( باغی گێڵاس) ەوە نووسراون،ئەو شانۆگەرییەی پەیوەندی نێوان ستانسلافسكی و چیخەفی قوڵتر كردەوە،لەو شانۆگەرییەدا چیخەف گفتوگۆی راستەوخۆی لە گەڵ ستانسلافسكی دەكردو رۆژانە لە پرۆڤەی شانۆگەرییەكەدا ئامادە دەبوو ، پاشان سرنجەكانی خۆی دەردەبڕی ، لەو شانۆگەریەكەدا چیخەف بیروڕای هەبووە هەتا لە سەر دابەش كردنی دەورەكانیش ، تەنانەت لە باغی گێڵاس دا چیخەف زۆر بە تەنگ رۆڵی ( لاباخین ) ەوە بووە ، بۆیە داوای لە ستانسلافسكی كردووە كە ورد بین بێت لە  بەخشینی ئەو دەورە .

ستانسلافسكی لە نامەیەكدا بۆ چیخەف سەرسامی زۆری خۆی دەردەبڕی بەرامبەر بە شانۆگەری ( باغی گێڵاس ) و دەڵێت : لێتی ناشارمەوە كە من لە نێوان هەموو ئەو كارە جوانانەی نووسیووتن زۆر كاریگەرم بە شانۆگەری باغی گێڵاس ، بۆیە لە دڵەوە پیرۆزباییت لێ‌ دەكەم ئەی نووسەری بلیمەت ، من هەست بە هەر وشەیەك دەكەم كە تۆ لەو شانۆگەریەدا نووسیووتە .

لە نامەیەكی دیكەدا ستانسلافسكی بۆ چیخەف دەنووسێت :  هەموو كاراكتەرەكان سرنجم رادەكێشن ، ئەگەر پێشم بڵێن تۆ بۆ خۆت كاراكتەرێك هەڵبژێرە ئەوە دوش دادەمێنم و هیچم لە دەست نایێ‌ چونكە هەموو كاراكتەرەكان  بە لای منەوە هەمان بەهاو بۆن و بەرامی تایبەتی خۆیانیان  هەیە .

هەروەها دەڵێ‌ شانۆگەرییەكە ئەوەندە تێرو تەسەڵە هیچ كەموو كوڕییەكی نیەو ناتوانم تەنیا وشەیەكیشی  لێ‌ هەڵگرم ، هەروەها ستانسلافسكی دەگێڕێتەوە كە چۆن هەر لە گەڵ یەكەم خوێندنەوەی دا ئەو شانۆگەرییە هەژاندویەتی ، پێشتر ئەو هەژانەی لە شانۆگەرییەكانی سێ‌ خوشكەكەو باڵندەی دەریا هەست پێ‌ نەكردووە ، بەڵام شانۆگەری باغی گێڵاس بۆمن شتێكی تر بوو ، بە شێوەیەك بە سەر دڵو دەروونم دا زاڵ بوو كە وەك ژن بگریم ، ئەوەندەی هەوڵمدا نەمتوانی دان بە خۆما بگرم ، بەڵام دواتر كە هاتە سەر ئامادە كردنی شانۆگەرییەكە دووچاری نیگەرانیەك بوو لەوەی ئاخۆ ئەم شانۆگەرییە كۆمێدیە وەك چیخەف نووسیوویەتی  یا تراژیدی ، بۆیە لە ئەنجامدا چیخەف لە نمایشەكە رازی نەبوو، تەنانەت راشی گەیاند كە ستانسلافسكی شانۆگەریەكەی لە بار بردووە،بەڵام ئەوەی ستانسلافسكی لە شانۆی هونەریی مۆسكۆ پیشكەشی كرد بە رای بینەران باشترین شانۆگەری كلاسیكی بووەو پێیان وابووە كە شانۆگەرییەكە هەرگیز لە بیر ناچێتەوە،چیخەف دڵ گران بوو لەوەی كە نەخۆشی رێگەی پێ‌ نەدا ئامادەی پرۆڤەكان بێت .

دواتر پرۆفیسۆر كاتاریف لە كتێبەكەی دا (ژیانم لە هونەردا ) دەنووسێت دەڵێت : چیخەف شانۆی رووسی پەرە پێداوەو دەوڵەمەندی كردووە،چونكە هەمیشە بە چاوی ئایندە تەماشای شانۆی كردووە،ستانسلافسكیش دەڵێت : تا ئێستا زۆر شت ماوە لە چیخەف تێی نەگەیشتووین ،تا ئێستا پرۆسەی خوێندنەوەمان بۆ چیخەف وەك پێویست  تەواو نەبووە و بە تەواوەتی بە ناو كرۆكی چیخەفدا قوڵ نەبوینەتەوە،ئێمە كتێبی خوێندنەوەی چیخەفمان بە نیوەچڵی داخستووە ، بۆیە گرنگە ئەگەر جارێكی دیكە خوێندنەوەیەكی تر تا كۆتایی كتێبەكە بۆ چیخەف بكەینەوە .

ستانسلافسكی خۆشی لە یاداشتەكانی خۆی نووسیوویەتی دەڵێت : ئەوانەی دەڵێن تا ئێستا چیخەف نەگەیشتۆتە قۆناغی خۆ ناسین ، ئەوانەن كە هەرگیز لە چیخەف نەگەیشتوون،شانگۆریەكانی ئەو لەو ئایەتە نەمرانەن هە هەرگیز نە كات و نە شوێن ناتوانن لە بیری كەن.

شانۆی مۆسكۆی هونەری هەرگیز نەگەیشتە ئەو ئاستە، تا شانۆگەریەكانی تێدا نمایش كرا ئینجا ئەو ناوداریەتیەی پەیدا كرد،زۆر هەوڵماندا هەموو ئەو فاكتەرانە دەستەبەربكەین كە دەبنەهۆكار بۆ گەیاندنی شانۆگەریەكانی چیخەف وەك خۆی ،چونكە ئەو كات زۆر دەست كورت بووین لە دەستەبەركردنی فاكتەرە هونەرییەكان ،یا ئەو تەكنیكەی كە بەهۆیەوە راستگۆییە  هونەرییە شاراوەكان بۆ شتێ‌ كە بە زمان بگوترێت.

چیخەف نهێنی ژیانی شتەكان و ژیانی دەنگەكانی بۆ ئاشكرا كردین،ئەوژیانەی كە بە هۆیەوە ژیانێكی راستەقینەمان بۆ دروست دەكات لە سەر شانۆدا ،چیخەف هونەرێكی راستگۆی ئەوتۆی  بۆ بەرجەستە كردین لەوەی دیارەو لەوەش نادیارە،كە پێشتر هیچ نووسەرێكی تر بەم فۆرمە نەی هێنابێتە كایەوە ، ئەمەش گەورەترین نهێنی سەركەوتنیەتی.

هەمیشە چیخەف ئەو بوێریەی هەبووە قسەی هەق بكا بەرامبەر بەوەی بڕوای پێی هەبووە.

ئەو هەلومەرجەم باش لە بیرە كە سەرقاڵی نمایش كردنی شانۆگەری (باڵندەی دەریا) بووین ،كە بەراستی رۆژانێكی زۆر سەخت و دژوارو زۆر ئاڵۆز بوون،كارەكانمان بەو شێوەیە تێنەدەپەڕین كە ئارەزووی دەكەین، هەر لەو كاتەدا بوو كە چیخەف بە هۆی نەخۆشی وەرەمەوە كەوتە نێو جێگا،چونكە دوای ئەو شكستەی ە شانۆگەریەكەی (باڵندەی دەریا ) روو بە رووی بۆوە هەموو ورەیەكی پێ‌ لە دەست دا،ئەو لەوە دەترسا كە جارێكی دیكە دووچاری هەمان ئەو شكستە بێتەوە كە لە ( بترسبۆرگ ) روویدا ، بۆیە شەوێك پێش نمایش كردنی شانۆگەریەكە ماریا ـ ی خوشكی بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە هاتە لامان و تكای ئەوەی لێ‌ كردین كە نمایشەكە  دوا بخەین،بەڵام هەر یەك لەئێمە لە سەرشانۆدا بیرمان بۆ لایەك دەچوو ( دەبێ‌ چ نمایشێك بكەین ،بێگومان دەبێت نمایشێك بێت باشتر بێت لە باشی ،ئێستاكە هەر تەنها سەركەوتن بەس نیە بۆ ئێمە،بەڵكو سەركەوتنێكی گەورەتر لە سەركەوتن ،ئەگەر روو بە رووی هەر شكستییەك ببینەوە ئەوە بە مانا چیخەف لە دەست دەدەین ، ئەگەر هەرچیەكی بە سەر بێت ، بە مانای ئەوەیە ئێمە بە دەستی خۆمان كوشتمان، ئێمە شانۆمان وەك شوێنی سەربڕین دەبینی، كە ئێمە جەللادەكانی بین ،بە بیرم نایێ‌ چ نمایشێكمان دەكرد،بەڵام كە بەشی یەكەمی نمایشەكە تەواو بوو بێدەنگییەك شانۆی داگرت كە لە بێدەنگی گۆڕستانەكان دەچوو، ئێمە خۆمان خۆمانلە ژێر قورسایی ناكامی دا  بەدوای خۆمانا رادەكێشا،كەچی لە پڕێكا گوێمان لە رێژنە چەپڵەیەك بوو،كە تێكەڵ بە كۆمەڵێ‌ هاتو هاواری بەختەوەری بوو،دواتر پەردە هەڵكشا،لە خۆشیان هێزی ئەوەمان لە بەربڕابوو كە بەرامبەر بە جەماوەر بچەمێینەوە ،ئیدی هەر ئەوەندەمان بۆ كرا بروسكەی پیرۆزبایی بۆ چیخەف بنێرین كە نەخۆشی لە بینینی نمایشەكە بێبەشی كرد،تەنانەت هاتنیشی بۆ مۆسكۆ لەو دەمەدا،تا ساڵی 1899 هاتو پێی گوتین : من دەبێ‌ ئەو نمایشە ببینم ، چۆن دەكرێ‌ من شانۆگەریەك بنووسم و نەیبینم،

نەمانتوانی داواكەی جێ‌ بەجێ‌ بكەین،چونكە هەموو شتێ‌ كۆتایی هاتبوو،شانۆكە لە دەست ئێمە نەمابوو،هەموو دیكۆرو كەلوپەلەكانی خۆمان لە كۆگایەكی بچووكدا كۆ كردبۆوە،دەبوا شانۆیەكی تر بكرێ‌ بگرین،بەڵام داواكەی چیخەف هەموو مەحاڵێكی لە بەردەمدا ئاسان كردینو نمایشەكەمان لە سەر شانۆی (نكتسكی) ئەنجامدا،ئەوەبوو چیخەف و دە كەسی تر نمایشەكەیان بینی،ئەنجامەكەشی هەر ئەوەبوو كە چاوەڕوانیمان دەكردو وامان كرد روخساری چیخەف پڕ كەین لە زەردەخەنە.