ایا ئێمە لابورو وۆرك شۆپی شانۆییمان هەیە ؟
ایا ئێمە لابورو وۆرك شۆپی شانۆییمان هەیە ؟
حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman
وۆرك شۆپی شانۆیی خێراترین رێگەیەكە بۆ راهێنانی شانۆكاران و و ئەكتیفترین شێوازێكی كاركردنیشە لەم بوارەدا،چونكە لەرێگەی وۆرك شۆپەوە دەتوانین ئامادەكارییەكی زانستی دروست بكەین وئاستی تواناو دەسەڵاتی شانۆكاران بە گشتی بۆ ئاستێكی خوازراو بەرز كەینەوە ،بەتایبەت لەڕووی جەستەو ئەداو ئیلقای ئەكتەرو تەقاندنەوەی توانا شاراوەكانی،كەوێرای لایەنەپراكتیكییەكان لایەنی تیۆری و جەستەیی ئەكتەر هاوكوف بە یەكتر دەكات،بۆ بەرجەستەبوونی ئەوەی لە ئەكتەرو ریجیسۆر دەخوازرێ ، نەك هەر تەنها ئەكتەرو ریجیسۆر بە تەنها بەڵكو هەموو رەگەزەكانی شانۆ بە گشتی پێویستیان بە لابورو وۆرك شۆپی ئەكادیمی و زانستی هەیە،ئیدی هەر لەئامادەكردنی تێكستەوە،تا دەگاتە پرۆسەی دەرهێنان و ئەدای ئەكتەرو ئیلقاو ریتمی دەنگ وفۆرمە لێك جیاوازەكانی نمایش .
كەچی ئەوەتا لەزۆر لەو پەیمانگاو ئەكادیمییانەی لە مەڕ خۆماندا بە دەگمەن كەسانی شارەزاو پسپۆر شارەزایان لەبواری شانۆدا كەمە،لەوانەی پەنا بۆ ئەنجامدانی وۆرك شۆپ دەبەن،بۆ ئەوەی پێویستیەكانی ئەكتەرو دەرهێنەریان پێ پڕبكرێتەوە، یان زانیارییەكی زێتر دەربارەی ئەزموونی شانۆیی بخەنە سەر ئەزموونەكانی خۆیان،زۆر لەو وۆرك شۆپانە دەگەڕێتەوە سەر ئەو رێباز و شێوازانەی كە بلیمەتەكانی شانۆی وەك برێخت ،ستانسلافیسكی، كرۆتۆفسكی و مایرهۆل، بیتەر برۆك و زۆرانی دیكە دایانهێناوە بۆ راهێنان ئامادەكردنی ئەكتەر چ بۆ ئەكتەرە باوەڕپێكراوەكان كە پێویستیان بەئەزموونی هەمیشە هەیە بۆ پەرەپێدانی توانایان،چ بۆ ئەكتەرە بەهرەمەندەكان بۆ پێگەیاندنی تواناكانیان بەشێوازێكی ئەكادیمی و زانستی..چ بۆ ئەكتەرەكانی نەوەی پێشتر بۆ ئەوەی هەمیشە بە ئەزموونی تر توانستی خۆیان نوێ بكەنەوە .
ئەكتەر هەمیشە پێویستی بەرەنگاوڕەنگیەتی هەیە لە راهێناندا،چونكە سنورێك نیە بۆ داهێنان،لەهەمان كاتیشدا لەڕێگەی ئەو وۆرك شۆپانە دەكرێت ئەكتەر خاڵە لاوازەكانی خۆی بدۆزێتەوەو هەوڵی چارەسەركردنی بۆبدات.
لای ئێمە وۆرك شۆپی شانۆیی بەدەگمەنەو رەنگە ساڵی جارێ وۆرك شۆپێك ساز نەكرێت، ئەوانیش هیچ كاریگەریەكیان نابێت بەسەر ئەكتەر و تواناو دەسەڵاتی نواندنی ئەكتەر ئەگەر ئەو وۆرك شۆپانە بەردەوام نەبن و بەرنامەڕێژییان بۆ نەكرێت و قۆناغ بە قۆناغ پراكتیك نەكرێن، نابنە وۆرك شۆپی ئەكتیڤی...
پرسیارێك هەیە لەو نێوەندەدا دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە كێن ئەو لایەنانەی كە بەرپرسن لەكردنەوەی وۆرك شۆپی شانۆیی؟
بێگومان هەر شوێنێك كە ئەكتەری تێدا كاربكات، بۆی هەیە وۆرك شۆپ بۆ راهێنان و پێگەیاندنی ئەكتەرەكانی دروست بكات، هەر لە زانكۆكان و پەیمانگاو ئەكادیمیەكانەوە بگرە تادەگاتە تیپ و گروپە شانۆییەكانەوە. بەتایبەت ئەو لایەنانەی كە پسپۆڕن بە كاری شانۆیی، وەك بەڕێوەبەرایەتی شانۆ یان بەشی شانۆ لە ئەكادیمیاو پەیمانگا هونەرییەكاندا گرنگە ئەگەر لابووری هەمیشەییان هەبێت بۆ وۆرك شۆپی ئەكتەرەكان، رەنگە لای ئێمە گرفتی هەرە گەورە لە بەردەم دروستنەبوونی لاپور كە توانای كردنەوەی وۆرك شۆپیان هەبێت، دەرهێنەرانی خۆمان تەنها لەكاتی خۆئامادەكردن بۆ پێشكەشكردنی شانۆگەریەك كاری راهێنان تەنها بۆ بەرهەمەكانی خۆیان دەكەن،نەك بۆ ئامادەكردنی هەمیشەیی ئەكتەر بەشی زۆری ئەو راهێنانانەش راهێنانی تەقلیدی و سواون،چونكە تێهەڵكێش نەكراون بە ئەزموونی نوێ و رێچكەی نوێی جیهانیی بۆ ئامادەكردنی ئەكتەر،لەلایەنەكی دیكەوە من دڵنیام هیچ لەو دەرهێنەرە تەقلیدیانە ئاشنانین بەهیچ ستایلێكی زانستی و ئەكایمی جیهانی كە ئەكتەرانی جیهان بۆ ئامادەكردنی ئەكتەر پیادەی دەكەن،لەوانەش ستایلەهاوچاخەكانی شانۆ..
دەرهێنەرە لاوەكانیشمان بەهەمان شێوە سەرچاوەیەكیان نیە بۆخۆڕاهێنان بەو مەنهەجە جیهانییانە،بۆیە زۆر جاران پشت بە ئەزموونی تایبەتی خۆیان دەبەستن،تا ئێًستا زۆرینەی دەرهێنەرانی ئێمە دەڵێن ئێمە بەستایلی ستانسلافسكی یان برێخت كار دەكەین،بەڵام كام لەوانە وۆرك شۆپێكی جیهانی بینیوە لەسەر ئەو قوتابخانانە؟! لەكوێوە ئەو ئەزمونانەیان وەرگرتووە تا لێرە لە كوردستان پیادەی بكەن؟ كامەیان ئاشنا بە رێبازی مایرهۆڵدو جاك لۆك و كرۆتۆفسكی و پیتەر برۆك و ئەوانی دیكەن؟ بەشدارییان لە چ وۆرك شۆپێكی تایبەت بە سینۆگرافیاو دەرهێنان و هونەری نووسینی تێكست و چەندین پێكهاتەی دیكەی شانۆیی كردووە بۆ ئەوەی لەو قالبە چەسپاوەی خۆیان دەربێن و تەكانێك بەو جەستەو هزرە سواوەی خۆیان بدەن،لە هەموو ئەوانەی تا ئێستا لەبواری وۆرك شۆپدا شوێن پەنجەیان دیارە، د. فازڵ جاف- ە كە تا ئێستا چەندین وۆرك شۆپی لە وڵاتانی ئەوروپاو لە وڵاتانی كەنداوو هەندێ وڵاتی دیكەی عەرەبی ئەنجام داوە، وێڕای چەند وۆرك شۆپی دیكە لە كوردستان، بەڵام ئەوەندەی ئەو كار بۆ مەغریب و تونس مەراكیش و كویت دەكات خۆزگە نیو ئەوەندەی بۆ شانۆكارە لاوەكانی خۆمان بكردایە كە ئەمڕۆ تا ئەوپەڕی ئێسقان پێویستییان بە شارەزای وەك ئەو هەیە، بەڵام ئەویش پاساوی خۆی هەیەو دەڵێت : من خۆم بێ ئەوەی داوام لێ بكرێت، یان بانگهێشت بكرێم داوام كردووە كە زەمینە خۆش بكەن بۆ ئەوەی وۆرك شۆپیان بۆ ساز بكەم، كەچی ئەوان ئەوەیان بەلاوە مەبەست نییە و كۆمەڵێ گیروگرفتی ئاوات بۆ دەنێنەوە كەتۆ دەست لەو بیركردنەوەیە هەڵگریت! دەتوانم ئەمەت بە بەڵگە بەنووسراوی فەرمی بۆ بسەلمێنم!
هەردوو هونەرمەندی بەتوانا (نیگار حەسیب قەرەداغی) و (شەماڵ عومەر) كە خاوەنی لابوری لالشن لەوڵاتی ڤیەننا و لەسەر ئاستی جیهان وەك دوو مامۆستاو شارەزای دیاری سازكردنی وۆرك شۆپ ناسراون،بەڵام بەگشتی ئەو وۆرك شۆپانە تا ئێستا كاریگەرییەكی ئەوتۆیان بەسەر شانۆكارانی كورد بەجێ نەهێشتووە،یان بەشێوەیەكی دیكە دەتوانین بڵێین رەنگە ئەو ئەزموونەی ئەوان بۆ گەلانی دیكە خێری زێتری بووە وەك بۆ ئێمە، رەنگە ئەمەشیان گەلێك هۆكاری هەبێت.
من سەرم لەو هاوكێشەیە دەرناچێ، بۆچی دەبێ نیگار حەسیب قەرەداغی و شەماڵ عومەرو، وۆرك شۆپ لە ژاپۆن و ئێران و بۆسناو چەندین وڵاتی دیكەی جیهان ساز بكەن كەچی وڵاتی خۆمان ئەو پرسە بەهەند هەڵناگرێ و ئەو شارەزاییانە بانگهێشت ناكات بۆئەوەی ئەزموونەكانیان بەخزمەتی وڵاتی خۆیان بەرجەستە بكەن؟
رەنگە ئێمە بۆ سازدانی وۆرك شۆپی شانۆیی پێویستیمان بە شارەزایانی جیهانیش هەبێت،
بەڵام گرنگتر ئەوەیە كە ئێمە لەشارەزاكانی خۆمانەوە دەست پێ بكەین و سوودئەزموونەكانی ئەوان وەربگرین لەو هەلو مەرجەدا بۆ ئەمڕۆی شانۆی كوردی لە بارتر بێت . .
بەلای منەوە گەرم و گوڕی باری شانۆیی هەر تەنها بۆ خۆخستنە سەر شانۆ نابێت،بەبێ گوێدانە ئاستی بەرهەم و هاوكێشەی بەرهەم،بەڵكو گرنگتر لەوە ئەوەیە كە ئێمە هەوڵی گۆڕینی خوێنی شانۆییمان بدەین،شانۆكارە لاوەكانی خۆمان بەشێوازێكی ئەكادیمی و زانستی پەروەردە بكەین،لاپۆر و وۆرك شۆپی بەردەوام بكەینەوە بۆ دروستبوون و پێگەیاندنیان،هەمیشە لە نەخشەو پلانی كاركردنماندا،مەودایەكە بەرفراوان بەجێبهێڵین بۆ وۆرك شۆپ،بۆ پێشكەشكردنی محازەراتی شانۆیی دەربارەی پێكهاتە شانۆییەكان و چۆنیەتی بە پراكتیك كردنیان لەسەر شانۆ،بە پشت بەستن بە جەستەی ئەكتەرو دەرهاوێشتەكانی جەستەی ئەكتەر.
لە وڵاتی ئێمەدا دەرهێنەر لە كاتی ئامادە كردنی شانۆ پەنا بۆ پرۆڤە دەبات بۆ راپەڕاندنی بەرهەمەكەی خۆی،بەڵام كار ناكەین بۆ دروست كردنی ئەكتەرو بەرجەستە كردنی جەستەو مەعریفەی شانۆیی لای ئەكتەر بە شێوەیەكی هەمیشەیی،بۆیە لە زۆربەی بەرهەمە شانۆییەكاندا توانستی ئەكتەر لای دەرهێنەرێك بۆ ئەوی تر دەگۆڕێت ،لە هەندێ حاڵەتیشدا پێویستیمان بە لابوری شانۆیی دەبێت كە رەنگە هەندێ خەسڵەت لای دەرهێنەرێك دەست نەكەون تەنها لە لابوور نەبێت ،بۆ نموونە ئەكتەرێكی وەك لۆرانس ئۆلیفیە بۆ ماوەی شەش مانگ لە لابورە بەریتانیەكان كاری كردووە بۆ فێر بوونی ئیلقا لە شانۆگەری ئۆتیللۆی شكسسپیر .
نەك هەر تەنها بۆئەو ئەكتەرانەی هەوڵی پەرە پێدانی توانستی خۆیان دەدەن، بەڵكو بۆ دروست كردنی نەوە شانۆییەكانمان بە شێوەیەكی ئەكادیمی و پیشەیی،هەمیشە پێویستیمان بە لابوری شانۆیی دەبێت،بە تایبەت بۆ دروست كردنی ئەكتەرو دەرهێنەرو سینۆگرافكارو نەخشەساز كە ئێمە لە سەردەمی ئێستاكەدا لە هەر هەموویاندا بێبەشین .
