شانۆکاری مۆنۆلۆگی و شانۆی ئیمپرۆ

بورھان قەرەداخی

ئەڵمانیا

یەکێک لەو دیاردە سەیرو نامۆیانەی کە لەناوەندی ھونەری و ڕۆشنبیریی ئێمەدا بوونی ھەیەو بۆتە جێگەی سەرنج، ئەوەیە کە ھەر تێزو ڕەوتێکی ھونەری ڕوودەکاتە ناوەندەکەمان لەبری ئەوەی دیالۆگ و ئارگۆمێنت دروست بکات و پرسیار بھروژێنێت ؛ یا بەبێدەنگی دەسپێردرێت ، یاخود ڕاستەوخۆو بەشێوەیەکی ڕەھا ڕەزامەندی لەسەر دەدەین ، یاخود بەتەواوی ڕەتی دەکەینەوەو ڕاست و چەپی پێدا دەھێنین ، ئەم ڕەتکردنەوەیەش شێوەیەکی مۆنۆلۆگی و منگەمنگی وەرگرتووە ، نەک پەنابردنە بەر دیالۆگ و پرسیارو ھەڵوەستە لەسەرکردن و گفتوگۆی کراوە ، یان لێکۆڵینەوەو ئەناتۆمکردن و ڕخنەلێگرتنی.

ھەر بۆیە پێموایە بوونی دیاردە گەلێکی لەم شێوەیە زۆر نا تەندروست و نەرێنی و نالۆژیکییە بۆ کایە ھونەریەکەمان.

بەم جۆرە شانۆکارانەش دەوترێت شانۆکاری مۆنۆلۆگی.

شانۆکاری مۆنۆلۆگیش بەس بۆخۆی دەپەیڤێ و لەبەرخۆیەوە وڕێنە دەکات و ناتوانێت دیالۆگ ساز بکات.

ئەوەی جێگەی تەوەری باسی منە لەم نوسینەدا ، ئەوەیە کەجار ناجارێک لەملاولا گوێم لێ دەبێت و دەبیستم کە ھەندێک لە شانۆکارانی ھاوڕێم دەڵێن : " من بڕوام بەئیمپرۆو شانۆی ئیمپرۆ نییە" . " ئەوە کەی شانۆیە " بگرە ھەندێکیشیان ھەر بەشانۆی نازانن !!!

باشە دەبێت فاکتەرو سەرچاوەی ئەم بۆچونانە لەچییەوە ھاتبن؟!

پرسیارە سەرەکیش ئەوەیە : ئایا ئەم بڕیارو بۆچوونە پێشوەخت و ڕەھایانە لۆژیکین و ھۆشیاریان لەپشتە؟!

تۆبڵێی خودی سیستمی شانۆ ، لەھەناوی خۆیدا ئەو ڕەھایەتییەی ھەڵگرتبێت و ڕێگە نەدات شانۆ بێ دانەرو بێ ڕیژیسیور بێت وەک شانۆی ئیمپرۆ ؟!

یاخود دەکرێت و دەگونجێت بەتەنھا دەسەڵات و ھەژموون بگێڕدرێتەوە بۆ نمایشکارو وەرگر وەک (گالیسکەکەی تیسپیس) لەڕابردوداو ھەروەک شانۆی ئیمپرۆش لەمڕۆماندا ؟! تۆ بڵێی دانەرو ڕێژیسیۆر تاکە توخمی سەرەکی و داھێنەری شانۆبن ، وا ئەم بۆچوونانە دەبیستین و لەدایک دەبن؟!

ئەم پرسە پێویستی بە ھەڵوەستەو شرۆڤەکردن ھەیە؛ تا بزانین لە کوێوەو لەچ لۆژیکێکەوە سەرچاوەیان گرتووە!؟

ئایا ئەم تێڕوانینە نەرێنییە (نێگەتیف) بۆخۆی پارێزگاری کردن نییە لە سەلەفییەت و دۆگمابوون لەشانۆدا ؟! تۆ بڵێی ئەم کلتوری ڕەتکردنەوەیە بۆ خۆی فۆبیای لەدەستدانی دەسەڵات و پێگەکانی دانەرو ڕێژیسیور نەبێت، وەک لەشانۆی ئیمپرۆدا ھەیە؟!

دڵنیاین کە ئەم وابەستە بوون و نەرسیس بوون و خۆ بەڕاست زانینە ، فرەڕەنگی و فرەدەنگی و جیاوازبوون ناکوژێت ؟!

پێموایە ئەم بەشانۆ نەزانین و ڕەتکردنەوە ڕەھایە ، بۆخۆی ڕەنگدانەوەی ئەو کلتورە داخراوو عەقڵیەتەیە دۆگماو ستەمکارەیە کە لەگەڵ وێنەکانی تاک پێشەواو تا ڕابەرو تاک خولقێنەردا یەک دەگرێتەوە.

بەم تێگەیەش بێت شانۆکەشمان ھەمان ڕەنگدانەوەی دۆخە سیاسییەکەیە.

جا فۆکۆ واتەنی: " تادەسەڵاتی تاک خولقینەر لەم جیھانەدا کەم نەکەینەوەو ، لەبری تاکە خولقێنەر، فرە خولقێنەر جێگەی نەگرێتەوە ، ھەمیشە لە مەترسیدا دەبین."

ھەندێک لە بۆچونی ئەو شانۆکارانە وایە کە ئەم شێوازە شانۆییە ، لەڕووی سەرجەم پێکھاتە شانۆییەکەوە کەم و کوڕی ھەیەو ناتەواوە ؛ چونکە گرنگی بە تێکست و ھونەری دەرھێنان و جلوبەرگ و دیکۆرو ڕوناکییەکی سروش بەخش و وەھم ھێنەر و پڕ لەفانتازیا نادات و نابنە بەشێک لەپێکھاتە سەرەکییەکانی گوتارە شانۆییەکە.

ھەندێکی تر لەشانۆکاران دەڵێن شانۆییەکی ئاست نزم و سەرپێیەو بەجۆرێک لەجۆرەکانیش زۆر سادەگۆو بێ ئیستاتیکای ھونەرییە.

ھەروەھا پێیاوایە لە شانۆی ئیمپرۆدا چێژ لەڕۆژانی پرۆڤەو نەڕەنەڕی ئەکتەرو دەرھێنەرو سروش و ڕیچواڵی کاتەکانی پرۆڤە نابینرێت.

زۆرجاریش جەخت لەوەش دەکەنەوە کە گوتارو پەیامەکەشی ھەڕەمەکی و خۆزایی و ڕووکەشانەیەو ھەڵگری مانای قوڵی فەڵسەفی و سایکۆلۆژی وبونگەرایی و ...ھتد نییە.

بەبانوی ئەوەی ئیمپرۆیەو پلان و ڕێکخستن و ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەئارادا نییە.

واتە چاککردن و لابردن و زیادکردن و ڕێکخستنی تێدا نییە لەڕوی ناوەڕۆک و فۆرمی ھونەرییەوە .

چونکە پشت دەبەستێتە سەر چرکە ساتی گەرماوگەرم و خۆزایی .

ھەندێکی تر دەڵێن ئەم شێوازە شانۆییە بەزمانی ئەدەبی بەرزو فەڵسەفی نەڕازێنراوەتەوە ، بەڵکو بەزمانی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی نمایش دەکرێت .

ئەمەش ئەو ئەفسون و ئەتمۆسفێرە شانۆییە دەکوژێت وەک لە شانۆی کلاسیک و ڕیالتیتدا بوونی ھەیە؛ بەکورتییەکەی بێ ئەفسون و بێ وەھم دروستکردن و بێ فەنتازیایە.

بۆیە ھەندێکیان زیاتر لەمەش تێدەپەڕێنن و دەڵێن ئەم شێوازە زیاتر لە بەرنامەیەکی خۆش بەسەربردن و شۆیەک دەچێت ، وەک لە نمایشی شانۆیی. زیاتر بەرەو ھەزەلیەت و کۆمیک دەچێت.

لێرەدا یەکێک لەو پرسیارە گرنگانەی کە ڕاستەوخۆ دێتە بەردەممان ئەوەیە : ئایا ئێمە پێویستیمان بەشانۆیەک نییە کەزیاتر لەخەڵکی ئاسایی نزیکبێت و ھەڵقوڵاوی ڕاستەوخۆی ئەوانبێت لەڕووی چیرۆک و کێشەو شوێن و کارەکتەرو زمانەوە؟!

ئەمەش دەمانخاتە سەر ئەوەی کەقسە لەسەر ئامادە بوون و ڕۆڵی بینەر بکەین لەشانۆی ئیمپرۆدا.

بێ گومان لەم شانۆیەدا بینەر توخمێکی گرنگ و پێکھێنەرێکی سەرەکی و دروستکەری نمایشە ، بە پێچەوانەی بینەری شانۆی ئاساییەوە ئەم بەشدارە لەدیاریکردنی چیرۆک و شوێن وکەسێتی و گەرموگوڕی لەڕەوتی نمایشەکەدا .

بەکورتی بینەر لەشانۆی ئیمپرۆدا سەرچاوەی وزەو دیاریکردن و بەخشینی کەسێتی و چیرۆک و شوێنە ، ئەمەش ھۆیەکە بۆ ئەوەی کەشانۆی ئیمپرۆ لەھەموو ڕویەکەوە شانۆی خەڵکی بێت.

یەکێکی تر لەگریمانەکانی ئێمە ئەوەیە، کە ئایا ھۆی ئەم جۆرە بڕیاردانانە ئەوە نییە کە کۆمەڵگەی کوردی ، کۆمەڵگەیەکی داخراوو نەریتییەو پەیوەستە بەچوارچێوە باوو نەگۆڕەکانەوە ؟!

ئایا ئەو پرسیارەمان لەخۆمان کردووە کە بۆچی نامانەوێت بکرێنەوە بەسەر دنیای ڕەنگاو ڕەنگی ترو ئایدیای نوێ تردا، بۆچی ئەزمونی نوێ تر تاقی نەکەینەوە !؟

بۆ دەبێت ھەر لەخولگەی خۆ دوبارە کردنەوەدا خول بخۆین و وزەکانمان خەرج بکەین و بەھەدەری بدەین !؟

ھۆی چییە ھێندە ھۆگری باو و باوباسین و تابێت وەک کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرو بەرخۆر نقوم دەبین !؟

ئەی باشە تاچەند ئەمانە پەیوەندیدارو پەیوەستن بەوسیستمە باوکسالاری Patriarchy و توتاليتاريەوە ، کەکۆی کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیریی و ھونەرییەکانمان بەڕێوە دەبات.

بڕوادارم بەوەوی کەناکرێت ھەر بەتەنھا لەو گۆشەنیگا بچوک و داخراوو پەراوێز نشینیەوە گشتاندن بکەین و بڕیاری کۆنکرێتی و ڕەھا بەسەر شانۆیەکدا بدەین ، کە بەرھەمی کۆمەڵگەی ئازادو دیموکراسییە. شانۆی ئیمپرۆ شانۆیەکی کراوەو ئازادەو مرۆڤی ئازادیش کاری تێدا دەکات .

ئەم شانۆیە بینەرو ئیمپرۆڤیساتۆرەکانیشی لەنێو پانتاییەکی واڵای پڕ لە ئازادیداو بەوپەڕی خۆ ئازادکردنیشەوە نمایش دروست دەکەن و پێکەوە چێژ وەردەگرن و مەعریفە بەرھەم دێنن .

نەک بینەر تەنھا لەتاریکیدا نقوم بکەن و جگە لە تەماشاکردن ھیچ ڕۆڵێکی تری پێ نەسپێرن ، وەک لەشانۆی باودا دەیبینین ، کە زیاتر مرۆڤی نەریتی و مێگەلیزم بەرھەم دێنێت.

لەکۆتایدا دەڵێم شانۆی ئیمپرۆ شانۆیەکی ھەنوکەیی و ئەمڕۆییەو ھێندەی شانۆ باوەکان مەسرەفگەرا نییە . واتە شانۆیەکە ھەم لەکات و ھەم لەخەرجی و ھەم لەستاڤی زۆر دەست دەگرێتەوەو پارەیەکی زۆرو کاتێکی زۆرمان بۆ دەگەڕێنێتەوەو بەکەمترین ستاڤیش نمایش دروست دەکرێت و ئەنجام دەدرێت .

کەدەڵێین مەسرەفگەرا نییە ، واتە پارەی دیکۆری زەبەلاح و جلوبەرگی جۆراو جۆری گرانبەھا و گرێبەستی دەرھێنەرو پاراستنی مافی نوسەرو وەرگێڕو زۆرێکی تر لە دیزاینەرو دانەرانی میوزیک و جێبەجێکارانی ھونەری و خەرجی زۆری ڕۆژان و کاتی پرۆڤە نادات و خەرج ناکات. ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگ و ئەرێنییە ؛ ھەروەھا لەڕوی پەیام و گوتاریشەوە زووترو ئاسانتر دەگاتە خەڵکی و بینەران.

ئیتر بۆ دەبێت ئەم شانۆیەمان لا شانۆ نەبێت و ڕەتیبکەینەوە.

بۆچی شانۆی ئیمپرۆ ، شانۆیەکی قبوڵکراو نییە؟!

بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە ، پێویستمان بە ڕامانێکە وردە لەکۆمەڵگەکانی ڕۆژھەلاتی ناوێن بەگشتی و کۆمەڵگەی کوردی بەتایبەتی .

چونکە زۆرجار ئەم کۆمەڵانە بەکۆمەڵگەیەکی ئاینی و سۆزگەراو غەیبانی و وەھمگەراو ئەفسونگەرا پێناسە دەکرێن .

ھەر بۆیە لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا ڕۆڵی خورافەو فاڵچی و دەروێش و شێخ و مەلا زۆر زیاترو کاریگەرترە لەڕۆڵی مامۆستاو پزیشک و دەرونناسان و زانستکاران .

بەکورتی ڕۆڵی فاڵ و خورافە زۆر زیاترە لەڕۆڵی زانست و پەروەردەو فێرکردنی مۆدێرن .

ھەر فاکتەری ئەمەشە لەکۆمەڵگەیەکی وادا ڕۆڵی شێخێک و فاڵچییەک زۆر زیاتر بێت لەڕۆڵی پزیشکێک، وەیاخود ڕۆڵی پزیشکێکی دەرونی نیو ھێندەی پزیشکێکی جوانکاری ڕۆڵ و گرنگی نەبێت لەکۆمەڵگەدا.

ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە کۆمەڵگەی لەم چەشنە لە نێۆ پرۆسەی بەرخۆری لاکەوت و فۆرمگەراییدا نقوم بووە.

واتە تاکەکانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە ئەوەندەی گرنگی بەفۆرمی دەرەکی و بۆدی خۆیان و زەخرەفەکاری کەرەستەکانی ژیانی ڕۆژانەیان دەدەن ، نیو ھێندە گرنگی بە ڕۆشنبیری و عەقڵ و ھۆشیاری خۆیان نادەن .ئەمەش سەرەتای داخزان و ئەو داڕمانە گەورەیەیە کە کۆمەڵگە بەرەو خەرەندی لێکترازان و ھەڵوەشان و ون بوون دەبات.

بەشێوەیکی تریش دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی ئێمە ھێشتا قۆناغی فیوداڵی و کشتوکاڵیشی تێنەپەڕاندووەو نەبۆتە کۆمەڵگەیەکی پیشەسازی و بەرھەمھێن.

ھێشتا لەسنورو جێکەوتەکانی شێخ و ئاغاو تاک پێشەواو سەرۆکدا دەخولێتەوە.

ئەمانەی باسمکردن بەدوورن لە ڕەھەندو خەسڵەتەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن وکراوەو ئازاد.

بەڵکو ڕەنگوڕووی دیاری کۆمەڵگەی سەرەتایین .

لەکۆمەڵگە سەرەتاییەکانیشدا ھێندە بەژانری شیعرەوە سەرقاڵن ، نیو ھێندە بەژانرەکانی ڕۆمان و شانۆو چیرۆک و ڕەخنەوە سەرقاڵنین.

بەمانایەکی تر ھێشتا ئەو کۆمەڵگەیانە کێشەی سۆزداری و نەستیان تێنەپەڕاندووە،تا شیعر تێبپەڕێنن .

زۆرێک لەلێکۆڵەرو توێژەران پێیان وایە شیعر بەرھەمی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانە.

چونکە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان کۆمەڵگەی عەقڵانی نین و دەناڵێنن بەدەست لایەنی سۆزداری وکێشە نەستیەکانی تاکە کەسەوە. واتە گرفتە باڵاکانی تاک لەو کۆمەڵگە سەرەتاییانەدا ، بریتیە لەکێشە تاکە کەسی وەک دەردە دڵی ڕۆمانسیەت و سۆزداریی.

ھەر بۆیە لەو کۆمەڵگەیانەدا شیعر زۆر بڵاوەو زوربەشیان دەبنە شاعیرو خەریکی لاواندنەوەو کڕوزانەوەی خۆشەویستین .

ئەمەش بەکۆمەڵگەی داخراوی مۆنۆلۆگی و سۆزگەراو ئەندێشەگەرا پێناسە دەکرێت.

یاخود کۆمەڵگەی چەپێنراوو سەر کوتکراو لەڕووی پەیوەندی سێکسی و سۆزدارییەوە .

بەژمارە کەمن ئەوانەی لەنێو کومەڵگەی کوردیدا، شیعر وەک بەرھەمی ھۆشمەندی و عەقڵگەرا کارپێدەکەن و دەناسێنن.

کەدەڵێین کۆمەڵگەی کوردی ،کۆمەڵگەی شیعرەو ھێشتا ھێشتا بەتەواوی نەپەڕیوەتەوە بۆ کۆمەڵگەی دیالۆگی و عەقڵگەرایی ؛ واتە ھێشتا نەپەڕیوەتەوە بۆ ژانرو کەناڵەکانی تری وەک ڕەخنەو فەلسەفەو شانۆو ڕۆمان و..ھتد. چونکە ژانرەکانی شانۆو چیرۆک و..ھتد، بەگشتی پشت بە دیالۆگ و کەسێتی و ڕوداوو شوێنکات دەبەستێت.

واتە پشت بەلۆژیکی عەقڵانی و ئەرگۆمێنت دەبەستێت.

ئەمەش دەمانگەێنێتە ئەوەی کە بڵێین : گەرچی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەی کوردی پڕە لەڕوداوو تراژیدیاو چیرۆک ، کەچی تێکستی ناوازەو داھێنراو لەئاست زۆرو زەبەندی ڕوداوو کارەسات و تراژیدیاکانیدا بەرھەم نەھاتووە.

ھەر بۆیە شانۆکاری کوردیش بەلای ئەو شانۆیەدا زیاتر دەڕوات و ھۆگریەتی ، کەزیاتر ڕۆمانسیەت و ئەفسون و وەھم و فەنتازیا دروست دەکات ، نەک شانۆیەک کار لەسەر بەئاگاھێنانەوەو خەبەرکردنەوەی بینەر بکات. یاخود پرسیاری عەقڵانی دروست بکات.

ھەر بۆیەش شانۆی ئیمپرۆ ھێشتا وەک شانۆیەکی نامۆو تەریک و نەبان لێی دەڕوانرێت ، نەک وەک شانۆیەکی زیندوو چالاکی ھەنوکە.