بە کورتی سەبارەت بە تیۆرە شانۆییەکەى -ئەنتۆنین ئاڕتۆ- ئا: داستان بەرزان
بە کورتی سەبارەت بە تیۆرە شانۆییەکەى -ئەنتۆنین ئاڕتۆ-
ئا: داستان بەرزان
ئەنتۆنین ئاڕتۆ لە چەند دێرێکدا
*شاعیر و شانۆنامەنوس و سینەماکارێکى فەرەنسییە.
*ساڵی 1896لە مارسیلیە لەدایکبووە.
*کاریگەرییەکى زۆری بەسەر ئەدەبیاتى فەڕەنسی و ئەدەبیاتى جیهانییەوەجێهێشتووە.
*لەتەمەنى گەنجیدا بەهۆی بیرکردنەوەوە توشی نەخۆشی مێشک بووە.
*هەر لە تەمەنى گەنجیدا دەبرێتە نەخۆشخانەى دەروونى، پاشان دێتە دەرەوەو توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت.
*لە لوتکەى داهێنان و لەتەمەنێکى کورتدا ساڵی 1948لە شارى (ئێڤرى) کۆچی دوایی کردووە.
ئاڕتۆ و سوریالیزم
ئاڕتۆ لە کۆتاییەکانى ساڵی 1943بۆ 1926یەکێک بوو لە ڕابەرانى بزوتنەوەى سوریالیزم، بەڵام لەبەر ئاراستەبوونى ئەندێن پرۆتۆن و هاوڕێکانى بەرەوە مارکسیزم و پارتى کۆمۆنیستى فەڕەنسا، لەو بزوتنەوەیە جیابووەوە، سوریالیزمى بە بزوتنەوەیەکى بێ ئاکام لە قەڵەمدا و پێی وابوو ئەم جوڵانەوەیە تەنیا لە بوارى وێژەدا کارى خۆی کردووە.
ئارتۆ سوریالیزمێک بوو کە نەیدەتوانى وەکو ئەوەى خۆی دەیەوێت لەناو سوریالیزمدا بە تەنیا شۆڕش بەرپا بکات، باوەڕی وابوو هەوڵدانى سوریالیزمەکان بۆ ناساندنى مارکسیزم و پارتى کۆمۆنیستى فەڕەنسایی خۆی لە خۆیدا ڕەتکردنەوەى سوریالیزمە، چونکە ئەو خوازیارى شۆڕشێکى قوڵترو بە تواناتربوو وەک لە شۆڕشی مارکسیستى، ئەو شۆڕشەى ئەو مەبەستى بوو شۆڕش و هەراسانى ڕۆحییە، نەک شۆڕشی کۆمەڵایەتى، وە ئارتۆ پێی وابوو شۆڕش و سیاسەت شانۆ قۆرخ دەکەن، هاوکات دژی شانۆی سیاسی بوو، ئەگەرچی دژى ئەو شۆرشە نەبوو کە بە ئاشتى و لەلایەن خەڵکییەوە بەرپا دەکرێت، هەر لەبەر ئەمەش بوو وازى لە سوریالیزم هێنا، بەڵام ئەم وازهینانەش ناکاتە ئەوەى لە نێوان ئارتۆو سوریالیزمدا ڕوخسارى هاوبەش نەبێت کە بریتین لەمانە:
1-نەفرەتکردن لە کۆمەڵگاى بەڵێندەر و دەستکردو ترسنۆک.
2- خواستى ئاوەژووکردنەوەى مرۆڤ و جیهان.
3- بێزارى لە ئەدەبی خۆشگوزەرانى کە دەبێتە مایەى سەرگەرمکردنى مرۆڤ و لە خشتە بردنى.
4- ئارەزوکردن بۆ ڕۆژهەڵات و ئەو سەرزەمینەى کە ڕۆحییەتى نوێی ژیان بەرجەستە دەکات.
5- دوور کەوتنەوەى لە بیرمەندى زیادەڕۆی ڕۆژئاوا.
6-نەفرەتکردن لە سانسۆری ئەقڵ و ئەخلاق و هونەرو ئەدەب.
دەرهێنەر لە شانۆکەى ئارتۆدا
دەرهێنەر لە تیۆرە شانۆییەکەى ئارتۆدا پلە پایەى لە نوسەر بڵندترە، لەبەر ئەوەى دەرهێنەر جارێکیتر دەق زیندوو دەکاتەوە و دەتوانێت دەق لە مردن و فەنابوون ڕزگار بکات، لەبەر ئەوە دەرهێنەر کەشی تەختەى شانۆ ڕێکدەخات و لە پشت زمانى وشەکانەوە زمانێکى نوێ دەخوڵقێنێت، بەسود وەرگرتن لە ئاوازى ئاخافتن و سەماو ئاماژەو ئەندازیاریی دیکۆر و ڕووناکى، هەر لەم ڕێگەیەوە دەرهێنەر شیعرێک دەخوڵقێنێ کە سەروکارى لەگەڵ ڕۆح و هەستى بینەردایە.
بەم شێوەیە نمایش لە سینەما و میوزیکاڵ و سێرک ڕزگارى دەبێت و لە ڕێگەى زمانى جەستەوە حەقیقەتى قوڵبوونەوەى خۆی دەدۆزێتەوە و ناچار نییە بە دەربڕینى ئەو شتانەى کە پێشتر ئاشنایان بووە، بەڵکو شانۆ بەهۆی دەرهێنەرەوە دەبێتە جیهانى ئاشکراکردنى نادیارو نهێنى و نەناسراوەکان.
میتافیزیک لە میتۆدە شانۆییەکەى ئارتۆدا
ئارتۆ لەو بڕوایەدایە کە ئەو ناوەخنە ڕەسەنەى شانۆ، لە سنوردارییەکانى زمان ڕزگارى ببێت و هیچ سنورێک لە نێوان هەست و وشەدا نەمێنێتەوە، ئەمە هەمان ئەو مانایەیە، کە ئارتۆ سەبارەت بە میتافیزیک گوزارشتى لێدەکات، کەواتە میتافیزیک لاى ئارتۆ جیاوازە لەو چەمکەى لە چوارچێوەى فەلسەفەى ڕۆژئاوادا هەیە، کە بریتییە لە سەرجەم شتە نادیار و نەناسراوەکان و سەرجەمى ئەو شتانەى کە عەقڵی مرۆڤ تواناى پەى پێبردنیانى نییە.
ئارتۆ ئەم میتافیزیکەى پێ قبوڵ نییە، بە باوەڕی ئارتۆ میتافیزیک بنەڕەتێکى فیزیکى هەیەو چەمکێکى هەست پێنەکراوو نادیار نییە، میتافیزیک سەرچاوەى یەکگرتنى چەمکە دابڕاوەکان و پەیوەستەکانە، هەر لەوەشەوە ئارتۆ دەگاتە ئەو بڕوایەى کە جەستەى مرۆڤ لە پانتایی شانۆدا مەودا فیزکییەکەى خۆی دەدۆزێتەوە.
چەمکى شانۆی توندوتیژیی
ئەو شانۆیەى بە شانۆی توندوتیژیی ناسراوە، شونێک نییە بۆ مەترسی و ئازار و خوێن ڕشتن و توندوتیژیی ئەخلاق و دەروونى مرۆڤ، بەڵکو شانۆی ژیانە و ژیانیش پڕ لە بێڕەحمى و توندو تیژییە، ئاڕتۆ دەڵێت: توندو تیژیی چەمکێکى میتافیزیکییە، کەواتە ئاڕتۆ ئەم دونیایە بە لاوەکى دەبینێت و ماددەو پەیکەرى مرۆ بە چەپەڵ لە قەڵەم دەدات، پێی وایە لە ژیاندا باڵێکى شەڕ لە ئارادایەو بەرپەرچدانەوەى ئەو باڵە لاى ئارتۆیە کە ئەویش شانۆی توندوتیژییە، لەوێشدا پێکدادانەکە پڕ لە مەترسی و دڵڕەقییە. ئەم شانۆیە مرۆڤى خستۆتە پانتایی جەنگێکى مەزنەوە، بەڵام لە پشت ئەو جەنگەوە مرۆڤێکى نوێ بە جەستەیەکى پاکەوە دێتە دونیاوە، کەواتە هاوکات دەبێت وێرانکەر و بونیانەر و خوڵقێنەر بێت.
ئاڕتۆ لە نوسینێکى بەناوبانگ لە کتێبی (شانۆو هاوتاکەى)دا لە ژێرناوى شانۆی توندو تیژیدا دەچێتە جەنگى شانۆی باوى ئەو دەمەو ڕۆشنبیری پەڕاگەندەو هەڵوەشاوەى ژیان و لەو میانەدا باوەڕی وایە کە دەبێت بنەڕەتى پەیوەندى نێوان ژیان و ڕۆشنبیریی بتەو بکرێت.
بە باوەڕی ئاڕتۆ ڕۆژئاوا بە تەنیا نوسینى بە پیرۆز داناوە کە ئەمەش جۆرێک لە گۆشەگیریی ئەقڵانییەو مرۆڤى لە هێزە دەرونییەکانى ژیان دوورخستۆتەوە، پێی وابوو مرۆڤى ڕۆژئاوایی مرۆڤێکى دوولەتە، لە بەشێکیاندا دەترسێ و دەلەرزێ لە بەشێکیشیاندا بیر دەکاتەوە و بەهۆی ئەو دوو کەرتییەوە ئازار دەچێژێت.
توندو تیژیی لاى ئارتۆ هێزێکە بۆ هەڵکۆڵینى ناوەوەى مرۆڤ و هەولێکە بۆ گەیشتن بە ڕەسەنى پێگەردى مرۆڤ.
تاعون لە شانۆکەى ئاڕتۆدا
ئەو دەمەى تاعون بڵاودەبێتەوە دەبێتە هۆی مەترسی و بارگرژی نانەوە، خەڵکى بە جۆرێک پەرێشان دەبن حورمەتى هیچ بەهاو نەریتێک ناگرن، ئەوکات(نمایش)سەرهەڵدەدات و دەستەڵات دەگرێتە دەست.
لە سەردەمى تاعوندا وەکو ئەوەى لە شانۆدا ڕوودەدات، ژیان دەگاتە لوتکەو ئەوپەڕی بێڕەحمى سەرهەڵدەدات و سەرجەم داب و نەریتەکانى کۆمەڵگا وێران دەبن، لەو کاتەدا تاعون یاخود نمایش دەبێتە پێگەى گشتگیریی ژیان، هەر لەو میانەیەشدا سەرجەمى ئەو هێزانەى کە نمایش ڕزگاریان دەکات گوناهى تاعون و نمایش نییە، بەڵکو ئەمە ژیان خۆیەتى، شانۆ نەبۆتە هۆی قەیران و ئاڵۆزى بەڵکو شانۆ ئەو دۆخەى زیندووکردۆتەوە، لەبەر ئەوەى قەیران و ئاڵۆزیی لە ناوەخنى ژیاندا خۆیان حەشارداوە.
کارى شانۆ لە هەموو سەردەمەکاندا داماڵینى دەمامکەکان و ئاشکراکردنى نهێنییەکانى ژیانە، شانۆ پێگەى یەکلایی کردنەوەى گرفتەکانە، هەرگیزیش بە تەواوەتى گرفتەکان یەکلایی ناکاتەوە، چونکە ئەگەر بێت و تەواوى گرفتەکان یەکلایی بکاتەوە و کۆتاییان پێ بێنێت، کەوتە خۆشی کۆتایی پێدێت.
بینەر لە شانۆى ئاڕتۆدا
ئاڕتۆ پێی وایە دەبێت مەوداى نێوان تەختەى شانۆ بینەران نەمێنێت، ئەمەش پێچەوانەى شانۆی سوننەتى ڕۆژئاوایە، کە بینەر تێیدا کەسێکى هەڵچوو شایەتحاڵی ڕووداوەکانە و ئاوێتەبوون لە نێوان بینەران و ئەکتەرەکاندا ڕوونادات، بەڵام لە شانۆکەى ئاڕتۆدا بینەر هاوبەش و شەریکى گەمەکەیە، هەر ئەو گەمەیەش بینەر دووچارى دڵەڕوکێ و قەلەقی دەکات.
هەر ئەمەشە ئارتۆ داوا دەکات سنورى توندى نێوان تەختەى شانۆ و هۆڵی نمایش نەهێڵرێت و شێوازێکى دیکە ببەخشرێتە پانتایی نمایش، تاکو بینەر ببێتە بەشێک لە پرۆسە شانۆییەکەو لەگەڵ هەر بارێکى نمایشدا ئەمیش گوزارشت و بیرو ڕامانى هەبێت، کە ئەمەش یەکێکە لە سیما گرنگ و دیارەکانى هونەرى هاوچەرخ.
سەرچاوەکان:
- مەلەفی تایبەت بە ئەنتۆنین ئاڕتۆ. گۆڤارى شانۆکار
-شانۆو تاعون، ئەنتۆنین ئاڕتۆ/ و/ مستەفا قەسیم گۆڤارى شانۆ ژمارە (7)
- کۆتایی هێنان بە شاکارەکان ئەنتۆنین ئاڕتۆ و/ مستەفا قەسیم گۆڤارى شانۆ ژمارە(2)
- کتێبی گیرفان ئەنتۆنین ئاڕتۆو شانۆی توندو تیژیی جەلال ستارى
و/ پێشڕەو حسێن.
.........
وێنەکە: دیمەنێک لە شانۆی جیهانییەوە.