گۆدۆ یا دەروێش...بەرھەمی شانۆکارە گەنجەکانی شاری دھۆک لە ھەژدەمین ڤیستیڤاڵی شانۆی کوردی لە سەقز.
گۆدۆ یا دەروێش...
بەدبەختە ئەو میللەتەی چاوەڕوانی قارەمان بێت
حەمەسوار عەزیز
لە فەزایەکی بەتاڵ و پانتاییەکی بۆشدا، کۆمەڵێک شانۆکار خەریکن خۆیان بۆ پێشکەشکردنی نمایشێکی شانۆیی ئامادە دەکەن، لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون کە تێکستەکەی ساموێل بیکێت (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆ) نمایش بکەن، بەڵام کێشەی ئەوەیان ھەیە کە بە باشی لە تێکستەکە تێناگەن و نازانن گۆدۆ کێیەو بۆ دەبێ چاوەڕوانی بکەن، بۆیە ناوە ناوە پێشنیاری ئەوە دەکەن با لە جیاتی گۆدۆ، خەج و سیامەند یا داستانی دەروێشی عەبدی نمایش بکەن.
لەم بەرکەوتنە نووسەری ئەم تێکستە ھەوڵدەدات پرسێکی زۆر گرنگ شڕۆڤە بکات و قسە لەسەر ماھیەت و وەزیفەی شانۆ بکات، کەینونەی شانۆ چییەو دەبێ چۆن کاری تیا بکەین و ئامانج لە نمایشکردنی شانۆنامەیەکی وەک ئەوەی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆ چییە، لە ھەمانکاتدا تێگەیشتنی ئێمە بۆ فەلسەفەی پووچگەرایی و ئەبسۆرد چییەو ئایا ئەو تێگەیشتنە دەبێتە فریادڕەسمان بۆ دروستکردنی نمایشێکی شانۆیی کە تیاییدا بتوانین وەزیفەی ترانسپۆتەرمان نەبێت و نمایشەکە ببێتە ڕۆچوونێک بەنێو واقیع و کەڵتووری ئێمەو گوزارشت لە ئێمەش بکات، نووسەر لە سەرەتادا زۆر دژی ئەوەیە کە ئێمە کار لەنێو نمایشێکی شانۆیی بکەین کە ھیچ کۆنتاکێکی بە مێژوو و ئێرەو ئێستای ئێمە نییە، تەنانەت ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە چۆن گۆدۆ پێشکەش بکەین و نەزانین گۆدۆ کێیە، تێگەیشتنی ئێمەش بۆ شانۆی ئەبسۆرد و پووچگەرایی ئەوەیە کە ھەموو شتەکان سەراوژوور بکەین .
ئەم ڕەخنەگرتنەو ڕوانینەی نووسەر دوو دەرھاوێشتەی ھەیە، دەرھاوێشتەی یەکەم ئەوەیە کە شانۆ پڕۆسەیەکی کەڵتووری کۆمەڵایەتییەو دەبێ یەکانگیری لەگەل کۆمەڵگا و دەرھاوێشتە جیاوازەکانی ھەبێت و ئەرکی شانۆکار ئەوە نییە تەنھا ئەزموونێک یا فۆرمێکی شانۆیی بگوازێتەوە بێ ئەوەی بتوانێت لە ژینگەی ئەو فۆرمە شانۆییە بگات و بەراووردی بکات بە ژینگەی کۆمەڵگەی کوردی و چۆن بتوانێت ئەو ھزرو ڕوانینانەی نێو نمایشەکە بکاتە دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەی ئێرەو ئێستای کۆمەڵگەکەی خۆی ، لە کاتێکدا ئەو کۆمەڵگەو کەڵتوورەی کە ئەو فۆرمە شانۆییەی بەرھەمھێناوە، تەواو جیاوازو نامۆیە بە کۆمەڵگەی ئێمە، بۆیە پێشنیاری ئەوە دەکات کە کار لەنێو کەڵتوورو مێژووی خۆمان بکەین و فۆرمێکی شانۆیی بەرھەم بێنین کە زادەی کۆمەڵگەو بیرکردنەوەو ڕوانینی تاکی کورد بێت و بتوانێت بەرکەوتن و لێکەوتەی لەگەل دروست بکات، لە ھەمانکاتدا لەنێو تێکستەکە، ڕوانگەی دووەمیش دەخاتە بەرچاو کاتێ کار لەنێو تێکستێکی نامۆ دەکەین چۆن بتوانین لە کردارێکی دراماتۆگی ئەو تێکستە بکەینە ئاوێنەیەک بۆ وێناکردن و بەرجەستەکردنی ئێستاو ئێرەی کۆمەڵگەی کوردی.
نووسەرو دەرھێنەر لەم نمایشە لەسەر (قارەمان) ھەڵوێستە دەکەن، ئایا کۆمەڵگا پێویستی بە قارەمانە، بۆیە چاوەڕوانی گۆدۆیەک دەکات کە ڕزگاری بکات، ئەو قارەمانە کێیەو چۆنەو دەتوانێت چیمان پێشکەش بکات، ئایا کەوتنی قارەمانەکانی کۆمەڵگەی کوردی نیشانەیەکی پرسیار ناخاتە سەر چەمکی چاوەڕوانی قارەمان؟
"چەند بەدبەختە ئەو میللەتەی کە چاوەڕوانی قارەمان بێت"، ئەگەر ھەڵە نەبم ئەو ڕستەیە برێخت وتوویەتی وەکو پرسیارم کرد، بەڵام ڕێک گوزارشت لە واقیعی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی دەکات، ئەو کۆمەڵگەیەی لە جیاتی سەرکردە ھەمیشە سەرۆک بەرھەم دەھێنێت و دەستێکی دیکەی شەقوەشێن زیاد دەکات بۆ داپڵۆسین و تووڕھەڵدانی خەونەکانی.
دەرھێنەر لەم نمایشە فەزا ڕووتدەکاتەوە لە ھەر کەرەستەیەکی شانۆیی بۆ بەرجەستەکردنی نمایشەکەی، تەنھا دارێکی ئاوەژوو نەبێت، وەک ئەوەی پەیامێکمان پێبدات کە ئێرە خاکێکی بەیارەو ھیچ ھزرێکی ڕەسەن و خۆماڵی تیا چرۆی نەکردووە، تەنھا دارێکی ئاوەژوو کە گوزارشتی تێگەیشتنی ناتەواوی ئێمەیە بۆ ھەموو ئەو ھزرو چەمک و سیاسەتانەی کە لە دەرەوەی ئێمە ڕوودەدەن، ھەرچەندە ئەم ڕووتکردنەویە بۆ فەزای ئەو جۆرە تەختەیەی شانۆ نەگەنجاوەو بۆشایی گەورە دروست دەکات کە ئەکتەر ناتوانێت پڕیبکاتەوە، بۆیە جەستەی نمایشەکە گونجاو نەبوو بۆ ئەو ھۆڵە گەورەیەو دەبوو جوگرافیای نمایش بچووکبکرێتەوە، ڕەنگە ھەر ئەوەش وایکردبێت کە دەرھێنەر پێڵاوی بۆڵبەرین بخاتە پێی ئەکتەرەکانی تا لە کاتی جوولەدا زۆرترین فەزای نمایش پڕبکەنەوە، من پێموایە دەبوو دەرھێنەر چارەی تری بۆ ئەو فەزا فراوانە ھەبووایە کە بە قازانجی نمایشەکەی نەبوو.
مەنزومەی جوولەش جۆرێک لە ھەڕەمەکی پێوە دیارە پێویستی بە جیددیەتی زیاتر ھەیە لەڕووی رێکخستن و ھەڵگەڕانەوەی ئەدای ئەکتەر لە کارەکتەرێکەوە بۆ کارەکتەرێکی تر، ئەو مەنزومەیە زیاد لە پێویست دەبێتە قسەی سادەو ھەوڵدان بۆ ڕازیکردنی بینەر، بەر جۆرێک لە ئازادکردنی ڕەھای ئەکتەر دەکەوێت لە جوولەو کارو کاردانەوە، جوولەی درامی و بونیاتنەر، لەو کاتە بەرجەستە دەبێت کە وەک وەک سروتێک ئەکتەرەکان لە بەشێوەیکی بازنەیی لە چواردەوری دارەکە دەخولێنەوە، ئەم کردارە ڕیتمئامێزە جگە لەو ئاماژەو مانایەی کە بە گوتاری نمایشی دەبەخشێت و پێماندەڵێت ھەمیشە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تیاییدا دەستمان پێکردووەو لە بازنەیەکی داخراو دەسوڕێینەوەو مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوەو ناتوانین تێیپەڕێنین، جۆرێک لە جوانی و ڕیتم دەبەخشێتە نمایشەکەو لەو ھەڕەمەکییە دەربازی دەکات و نمایشەکە لە فۆرمێکی میللی پەرتەوازە دەباتە ەنێو فۆرمێکی شانۆیی ڕێکخراو کە دەتوانێت گوتارێکی جەستەیی بخاتە خزمەت گوتاری بیسراوی نمایش، ئەمە جگە لەوەی پشت بەستن بە کۆمیدیا بۆ تەنزگرتن و گاڵتەکردن بەو جۆرە بیرکردنەوە پووچگەراییە، کە بەشێکە لە تێگەیشتنی کۆمەڵگەی کوردی بۆ فەلسەفەیی پووچگەرایی، لە ھەمانکاتتدا گاڵتەکردنە بەو ڕوانینەی کە پێیوایە قارەمانێک دەتوانێت لە غەیبەوە بێتە دەرەوەو ڕزگارمان بکات و کێشەکانمان چارە بکات، ئێمەش تەنھا دوعاو پاڕانەوەو ملکەچیمان لەسەرەو ھیچی تر.
چاوەڕوانی کورد بۆ قارەمانێک کە خەونەکانی بێنێتە دی زۆر پووچترە لە چاوەڕوانی ڤلادیمێر و ئیستراگۆن بۆ گۆدۆ، قارەمانەکان لە ئاسمان دانابەزن وەک ئەوەی لە کۆتایی نمایشەکە بەشێوەیەکی سوریالیانە وێنای ئەو قارەمانە دەکرێت و بەدوو دەستی پڕی ڕوناکی سپیەوە دێتە سەرشانۆو ھەردوو فریشتەی خێرو شەڕی لە ھەردوو لای خۆی کۆکردۆتەوە ، ئەم کۆتاییە شانۆییە تەواو ناکۆکە لەگەل گوتاری ھزری و لۆژیکی نمایش، دەرھێنەر لە دوو دەقیقەدا ھەموو ئەو بینا ھزریانەی ڕوخاند کە نمایشەکەی لەسەر بونیات کردبوو و تەسلیمی ئەوە بوو قارەمانێک دێت و دەتوانێت رەِش و سپی و چاکەو شەڕ کۆبکاتەوە.
ئێمە بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی تەندروست دروست بکەین دەبێ سەرەتا ئەو واقیعە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە بگۆڕین کە ھەمیشە قارەمانی ساختەمان بۆ بەرھەم دەھێنێت، لە جیاتی سەرکردەو ڕێنیشاندەر، سەرۆک و پادشاو کوێخامان و شێخ و بەگمان بۆ دروست دەکات، تورکێک یا فارسێک یا عەرەبێک، دەبێتە کارەکتەری سەرەکی لە یاریگەکەمان، بوونی ئەم قارەمانە ساختانە بە تەواوی تەریبە لەگەل دەرھاوێشتە ھزری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێمەو خەون بینین بە زیاتر لەمە جگە لە سەراب و بێھوودەیی شتێکی تر نییە.
کارکردنی دەرھێنەر لەنێو ئەو فۆرمە شانۆییە کە فەزا بەتاڵدەکاتەوەو ھەموو چاوەکان دەخاتە سەر ئەکتەرو توانای ئەکتەر لە دامەزراندنی فەزا، وادەکات ئامادەیی ئەکتەر بەھێز بێت، بۆیە ئەکتەر لەو نمایشە دەتوانێت بە ئازادییەکی ڕەھاو لە ڕێگەی جولەو جەستەو ئاماژەو ئەو فۆرمە شێوەکارییانەی کە بەرھەمی دەھێنێت، فۆرمێکی شانۆیی داستانی پێشکەش بکات و نمایشەکە بباتە نێو ڕووبەری یارییەکی بەشانۆکراو کە تیاییدا بینەر دەخاتە بەر ئەگەری بیرکردنەوەو بەشدارییەکی عەقڵانی لەو دیالۆگ و بەرکەوتنانەی کە لەسەر شانۆ ڕوو دەدەن، نمایشەکە ئەگەرچی لە فۆرمێکی زۆر سادە پێشکەش دەکرێت و ھەندێجار ئەو سادەگۆییە جۆرێک لە ھەڕەمەکی بەرھەم دێنێت و زیان بە کوالێتی و بەھای ھونەری نمایش دەگەیەنێت، بەڵام بەسەریەکەوە نمایشێکی ڕاستگۆیە و ھەوڵدەدات بە ڕاستگۆیی پرسەکان بخاتە بەردەم بینەرو ئەو واقیعە ناتەندروستەی نێو کۆمەڵگەی کوردی بخاتە بەرباس و شرۆِڤەکردن.
بەکاربردنی ئامێری مۆسیقای کوردی و لاوک و دەنگبێژی و ئەو سەماو سروتە کوردییانەی کە بەشێکی نمایشەکەی پێکھێناوە، فاکتەرێکی گرنگی دروستکردنی شوناس و چێژە لە نێو نمایش، ئەم دارشتنە دیدەییە کە دەبێتە بەشێک لە جەستەی نمایش، بە تەواوی تەبایە لەگەل ئەو کەرەستە شانۆییانەی کە دەرھێنەر بۆ بە ئێرەو ئێستاکردنی نمایش بەکاری دەبات، ئەمە جگە لەوەی سادەکردنەوەی فەزای نمایش لەڕووی بەکاربردنی سینۆگرافیاوە، فاکتەرێک بوو بۆ ئەو پیادەکردنی ئەو یارییە شانۆییەی کە نمایشی لەسەر دامەزراوە.
لە کۆتاییدا ئەم نمایشە دەیەوێت لە نێو سادەیی و فۆرمێکی ئاساندا، گوتارێکی سیاسی کۆمەڵایەتی و کەڵتووری گرنگ و قوڵ ئاراستەی بینەر بکات و لەگەل خۆی بیبات بۆ نێو ڕووبەری ھەموو ئەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی کۆمەڵکەی کوردی دەبێتەوە، کۆمەڵگەیەکی پەرتەوازە کە تەنھا بیر لە چاوەڕوانی و دروستکردنی قارەمان دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئەو قارەمانە دەبێت ببێتە قارەمانێکی دەستەجەمعی و لەنێو مێژوو و قوربانیدان و بیرکردنەوەی خۆمان و تیاماندا چەکەرە بکات.
نمایشی (دەروێش یا گۆدۆ)
نووسینی: ھەڵکەت ئیدریس
دەرھێنانی :حەمرین جەمیل
بەرھەمی شانۆکارە گەنجەکانی شاری دھۆک لە ھەژدەمین ڤیستیڤاڵی شانۆی کوردی لە سەقز.



