ڕووتبوونەوە لە نمایشی (مرۆڤم بینی بێ جل)

حەمەسوار عەزیز

داریۆفۆی ئیتالی یەکێکە لە گرنگترین ئەو نوسەرە شانۆییانەی کە ھەمیشە توانیویەتی گوتارێکی تایبەت لە شانۆکەی پێشکەش بکات، شانۆییەک کە بەتەواوی زادەی کۆمەڵگاو پەیوەندییە دژوارەکانی نێو کۆمەڵگایە و لە ھەناوییدا چەکەرە دەکات، ئەو لە پاڵ ئەوەی کە ھونەرێکی مۆدێرن و جیاواز پێشکەش دەکات، چێژیش دەکاتە بنەمایەکی سەرەکی پەیوەندی ھونەر بە وەرگرەوە، چونکە چێژ نزیکترین کەناڵی گەیشتنە بە بینەرو دەتوانرێت یەکانگیری نێوان نمایش و وەرگر دروست بکات.

لەم تێکستە شانۆییەی کە دەرھێنەر (گۆران عەدنان) ھەڵیبژاردووە، داریۆفۆ بەشێوەیەکی تایبەت کار لەسەر ڕووتکردنەوەی کۆمەڵگاو ئەو سیستمە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیانە دەکات کە بوون بە بارێکی سەختەوە بەسەر ژیانککردنی تاک و مرۆڤیان لە خەسڵەت و سیمای ڕاستەقینەی خۆی داماڵیووەو وەک کەرەستەیەک و شێوەو فۆرمی کەرەستەکە مامەڵەی لەگەل دەکەن، داریۆفۆ دێت ئەو سیما و فۆرمە ساختەو دروستکراوە دادەماڵێت و مرۆڤەکان و سیستمەکان دەخاتە بەردەم ڕووتبوونەوەیکی ھزری و بونیادی کە تیاییدا ئەو تەباییە ساختەو درۆزنانەی نێوان سیماو ناوەڕۆک کەشف دەکات و پەیوەندی ڕاستەقینەی نێوان ناوەوەو دەرەوەی مرۆڤ دادەڕێژیتەوەو پێگەی ھەر مرۆڤێک و دەسەڵاتێک دەخاتە نێو ڕووبەری خۆی و نیشانی دەدات، ئەو سیستمە سەرمادارییەو کۆڵەگەکانی ڕووتدەکاتەوە و دەیانخاتە نێو تەنەکەی خۆڵ و خاشاکەوەو بەو شێوەیەی کە تەریبە لەگەل ئەو ڕۆلە ئابووری و سیاسیەی کە ئەو سیستمە دەیگێڕێت لە پیادەکردنی کۆمەڵگایەکی ناتەندروست کە تیاییدا بەھای مرۆڤەکان بە بەھای شێوەو فۆرم و سەرمایەکانیان پێوانە دەکرێت، بەمشێوەیە ھەوڵدەدات پێگەو پەیوەندی مرۆڤەکان لەسەر بنەمای مرۆڤبوون و خزمەتی زیاتری مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا دابڕێژێتەوە، ئەو ژینگەپارێزەی کە ھەموو شەوێک پاشماوەی قێزەوەنی ئەو کۆمەڵگایە پاکدەکاتەوە، دەکاتە سەردەستەی کۆمەڵگاو بڕیاردەر بەسەر چارەنووس و لە واقیعە شانۆییەکە بەرزیدەکاتەوە بەسەر ئەو لایەنانەی تر کە لە ڕێگەی دەسەڵات و سەرمایەو پێگەو شێوە ساختەکەیانەوە، کۆمەڵگا دەکەنە ڕووبەری بەدەستھێنانی بەرژەوەندی زیاتر و چێژی زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر، ئەم واقیعەش گریمانەکردنێکی گرۆتێسکی نوسەرە بۆ واقیع و دوورە لە واقیعی ڕاستەقینە.

ئەم کارکردنە گرۆتێسکییەی داریۆفۆ لەسەر کۆمەڵگاو کارکردن لەسەر کۆکردنەوەی دژەکان و ئاوێتەبوونیان لەنێو فۆرمێکی ناباودا کە وادەکات مرۆڤەکان و چینە باڵادەستەکان لەو پێگە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ساختەیە دابماڵێت کە تەریب نییە لەگەل پێگەی خۆڕسک و ڕاستەقینەو ئەو شایستەییەی مرۆڤەکان لە ڕێگەی بیرکردنەوەو ڕەفتارو بەھاکان بەدەستی دێنن، ئەمەش یەکێکە لە خەسڵەتە دیارەکانی شانۆی داریۆفۆ و تیاییدا ھەوڵدەدات ڕووە نەبینراوەکەی کۆمەڵگا و دەسەڵات و پەیوەندییەکان و سیستمەکان وێنا بکات و لە فۆرمێًکی تەنزئامێزی بچوککراودا دایانبڕێژێتەوە.

گۆران عەدنان وەکو دەرھێنەر ھەوڵیداوە ئەو بیرکردنەوەیەی داریۆفۆ بباتە نێو ڕیتم وجەستەی نمایش و نمایشەکە لەو فۆرمە ڕیالیستییە باوە بترازێنێت و شێوازێکی سەروو واقیعی پێ ببەخشێت و کارەکتەرەکان لەو ڕەھەندە واقیعییە دەرباز بکات و بیانبات بۆ نێو فۆرمێکی بەشانۆکراوی ھونەری کە تیاییدا موبالەغەو زیادەڕۆیی دەبێتە فۆرمی سەرەکی کارەکتەرو پەیوەندییەکانیان لە دونیای واقیعی دەترازێت و دەبێتە بەشێک لە دونیای گریمانەکراوی نوسەرو دەرھێنەر بۆ واقیع، ئەم کارکردنە کە فۆرمی بەشانۆکردن تیاییدا شوێنی لاسایی کردنەوەو بەرجەستەی ریالیستی دەگرێتەوە، نمایش بە تەواوی لە تێگەیشتنە باوانە دادەماڵێت و وەک گریمانەیەکی ئێستاتیکی کاری لەسەر دەکات، بەمشێوەیەش کارەکتەر لە ڕەھەندە نەرێتگەراییەکانی بەتاڵدەکاتەوەو بەرەو دونیای کاریکاتۆر و کارەکتەری گریمانەکراو ھەنگاو ھەڵدەگرێت.

ئەم فۆرمە شانۆییە پێویستی بە ئەکتەری بە ئاگاو وشیار ھەیە بۆ ئەوەی لەنێو مەنزومەی ئەداکردندا جۆرێک لە تەریبوون بە فۆرم و بونیادی نمایشەکە پیادە بکات و بەتەواوی دووربکەوێتەوە لەو فۆرم و شێوازە بەرجەستەکردنەی کە واقیعی سایکۆلۆژی تیاییدا باڵادەستە، ئەکتەر لەنێو ڕووبەری یاریکردن و ئەداکردن جۆرێک لە ئەدای تەقدیمی دەرەکی پێشکەش دەکات و فۆرمی ئەدا دەباتە نێو ئەو ڕووبەرە گرۆتێسکییە کە تیاییدا کاردانەوەو بەرجەستەکردنی ئەکتەر بەشێوەیەکی ناباو و جیاواز لە پێشبینیکراو دەردەکەوێت و شۆک بۆ بینەر دروست دەکات، ئەم ئەدا کۆمیدییە تەنزئامێزە کە جۆرێکە لە گاڵتەکردن بەو سیستمە و شەرمەزارکردنیەتی کە ھەمیشە مرۆڤەکان لەڕێگەی دەسەڵات و پێگەی ئابووری و شێوەو فۆرمەوە ڕیزبەند دەکەن، داریۆفۆ ئەو واقیعە لەنێوان واقیعێکی ناباوی بەشانۆکراو ڕووتدەکاتەوەو مرۆڤەکان دەباتەوە سەر مەعدەن و خامەی ڕاستەقینەی خۆیان و بەو شێوەیەو بەبێ ھیچ ماکیاژو داپۆشینێک وێنایان دەکات و ڕووتیان دەکاتەوە، ڕووتبوونەوەیەکی ناوەکی و بابەتی کە زیاتر پەیوەستە بە ڕووتبوونەوەکی ھزری و عەقڵی نەوەکو ڕووتبوونەوەیەکی جەستەیی و دەرەکی.

ئەکتەر لەم نمایشە ھۆکارێکی گرنگی پیادەکردن و بونیاتنانی جەستەی نمایشەو توانیویەتی لەڕێگەی مامەڵەی دروستی لەگەل فۆرمی نمایشەکە ئەو دونیا گریمانەکراوە پێشکەش بکات و مەودای جوانکاری نمایش باڵاتر و فراوانتر بکات و چێژێکی زۆر بە بینەرو وەرگر ببەخشێت، بەتایبەت کە بەشێک لە ئەکتەرەکانی ئەم نمایشە توانایەکی زەینی و ھەستی بەھێزیان ھەیەو دەتوانن ھارمۆنیای مەنزومەی ئەدا تەریب و تەبا بکەنەوە لەگەل دونیای بابەتی تێکستەکەی داریۆفۆ و ئەو ڕوانیینە ڕەخنەییەی کە داریۆفۆ لە ڕێگەی تەنزو بچووککردنەوە سیستمەکانی تیادا ڕووتدەکاتەوە، ئەمەش وادەکات جۆرێک لە یەکانگیری لەنێوان بابەت و فۆرم و جەستەی نمایش بێتە کایەوە.

لەم فۆرمە شانۆییە کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە توانای ئەکتەرو قاڵبوونەوەی لەنێو ئەو فۆرمە سەروو ڕیالیستییە دەبەستێت، ئەکتەر دەخاتە نێو پەیوەندییەکی جیاواز لەگەل کارەکتەرو ھەموو پەیوەندییە ھەستییەکانی نێوان کارەکتەرو ئەکتەر دادەڕێژێتەوەو ئەکتەر دەباتە نێو دونیای کاردانەوەو بەرجەستەکردنێکی ناتەبا بۆ ئەو حاڵەت و فۆرمە باوانەی کە ڕەنگە لە واقیع بەریبکەوین، لێرەدا ئەکتەر دەستەمۆی ئەو پەیوەندییە ھەستییە نابێت کە لەگەل کارەکتەر کۆیدەکاتەوە، بەڵکو فۆرمێکی تری جیاوازی ئەو پەیوەندییە دروست دەکات کە بونیادەکەی ڕەخنەگرتن و گاڵتەکردنە بەو پەیوەندییە ساختەیەی نێوان مرۆڤەکان، ئەمەش دەروازەیەکی گرنگی نمایشە بەسەر کۆمیدیایەکی ڕٍەخنەیی جیاواز کە چێژێکی تایبەت بە وەرگر دەبەخشێت و بەڕاشکاوی ڕووبەڕووی ئەو واقیعەی خۆی دەکاتەوە.

لەم نمایشە ئەدای ئەکتەر وەک مەنزومە دەچێتە نێو ئەو فۆرمە شانۆییەو بەشێوەیەکی باش لەنێو ئەو سێکتەرە کار دەکەن، ھەرچەندە ھەندێجار بەھۆی جۆرێک لە زیادەڕۆیی لە بەرجەستەکردن، سنووری ئەو فۆرمە دەچێتە نێو کۆمیدیای بازاڕی و پێویستی بە کۆنتڕۆلکردن و چڕکرنەوە ھەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەدای ئەکتەر لەم نمایشە بە جیاوازی تواناو ئەزموونی ئەکتەرەکان، خاڵێکی گەشی نمایشەو ئەکتەر وەزیفە ھونەری و درامییەکەی خۆی بەرجەستە دەکات و چێژ بە وەرگر دەبەخشێت، چونکە لەم تەرزە نمایشەو ئەم گاڵتەجاڕییە بەرجەستەکراوە، دەچێتە نێو ڕووبەری گوتاری بابەتی و ئێستاتیکی نمایش و بەشێکی ئەو بونیادەی کە نوسەر لە پاشخانی شانۆی مۆلێر و کۆمیدیای دیلارتی ئیتالی بۆی ماوەتەوە.

تێبینی: ئەم بابەتە تایبەت بۆ بوڵتەنی هەژدەمین ڤیستیڤاڵی شانۆی کوردی لە سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسراوە.