شانۆنامە من جونەیدم، بەشی۱
کارەکتەرەکان
- جونەید (زاوا)
- نارین (بووک)
- ئەفسەری لێکۆڵینەوە
- سەفوەت بەگ (باوکی نارین)
- ئیحسان (باوکی جونەید)
- دوو پۆلیس
- دایک (دایکی جونەید)
- جەلال
- حەسەن فلفل
- كەڵەشێر
- نەنكە مەنیج
- عزرایل
- کۆڕ (هەموو دیمەنەکان و هاوچەرخەکان دەسازێت)
- (کۆڕەکە هەموو دیمەنەکانی شانۆنامەکە دروست دەکاتەوە و دەگێڕێتەوە و دەیژەنێت)
شانۆنامەکە لەسەر بنەمای ڕێبازی " کۆڕس "ە کە چیرۆکەکە دەگێڕنەوە و هەموو دیمەنەکان دروست دەکەن.
هەر ئەندامێکی کۆڕەکە دیالۆگی خۆی قسە دەکات.
هەر بەشێکی چیرۆکی شانۆیی بەهۆی ڕووناکی و ڕەنگ و سەمای کۆڕەکەوە دەگۆڕێت.
چیرۆکی شانۆیی ڕەنگ و بۆنی کوردی هەیە.
تەوەری چیرۆکەکە و شێوازی گێڕانەوەکە لەسەر بنەمای شانۆنامە کلاسیکییە کان دامەزراوە.
- دیمەن
- دیمەنەکە لە تاریکییەکی تەواودایە:
- : تاریکی ,و ڕووناکیی کاڵ بەئارامی داگیرساوە دەبێت.
- سەحنە پڕ لە خاک و خوڵ بە شێوەی ڕاستەقینە.
- هیچ دیکۆری سازکراوی نییە؛ هەموو دیمەنەکان بە جەستەی ئەکتەران و کۆڕ و کوردیناسیۆن دروست دەکرێن.
- کۆڕەکە لە ڕووناکییەکی کاڵ دا دەچێتە ژوورەوە وەک ئەوەی تەرمی مردوویەکیان هەڵگربێت.
- کۆڕ تەرمی مردوو هەڵدەگرن . پاشان بە دەوری تەرمی مردووەکەدا دەسوڕێنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سمبولیک دەوری ژیان–مەرگ نیشان بدرێت و گۆڕێک ساز ده کەن.
- تەرمی مردوو لە گۆڕ هەڵدەستێتەوە. ڕووناکی: تەنها لەسەر زاوا ،
- زاوا (جونەید): ، لە ناوەڕاستی ڕووناکیی کاڵ، وەک تەرمی مردوو وەستاوە.
کۆڕ: (هەموویان پێکەوە) ئەوە جونەیدە، زاواتازەكەی سەفوەت بەگ
زاوا: من جونەیدم، زاوا تازەكەی سەفوەت بەگ، وا بۆ هەفتەیەك دەچێ لەم گۆڕە تاریكەدام.
كەسێ ناپرسێت تۆ چۆن كوژرای؟
كێ تۆی كوشت؟
(کۆڕ دەچێتە ئەولای شانۆکە و ژووری لێکۆڵینەوەی پۆلیس دروست دەکات)
کۆڕ: (هەموویان پێکەوە): پۆلیسەكان دۆسێیەكیان كردووەتەوە، لێكۆڵینەوە لەگەڵ نارینی سەفوەت بەگ دەكەن.
(دوو پۆلیس یەکێکیان دانیشتووە و یەکێکیان وەستاوە، بە سەرلێشێواوی دەرکەوتوون.)
نارین _(بەجلی بووکێنی بە نیگەرانی و سەرلێشێواوی لەسەر کورسی تۆمەتبار دادەنیشێتووە و چەند کاتژمێرێکە وەڵامی پرسیاری لێکۆڵەران و پۆلیس دەداتەوە.)
زاوا::پێیان وایە نارین منی كوشتووە.
کۆڕ: (هەموویان پێکەوە): گوشاری لێ دەكەن دان بەتاوانەكەدابنێ،
زاوا: ئەویش خەریكە بڵێت بەڵێ من جونەیدم كوشتووە.
ئەفسەری لێكۆڵینەوە:(ئەفسەری لێكۆڵینەوە جگەرەیەكی بەلێوەوەیە، رووی لەنارین كردووە و یەك بەدوای یەك پرسیاری لێ دەكات. ):
بۆچی جونەیدت كوشت؟
بەزۆر شووت پێ كردووە؟
حەزت لێ نەبووە؟
پێم بڵێ چەند ساڵە دەیناسی؟
چۆن ناسیت؟
هۆكارێك لەپشت ئەم رووداوەوە هەیە؟
ئەگەر نا كەس نییە لەیەكەم شەوی هاوسەرگیریدا مێردی خۆی بكوژێت! وەڵامم بدەرەوە بۆ كوشتت.
نارین: نا، نەخێر من نەمكوشتووە... كەس هەیە مێردی خۆی لەیەكەم شەوی... نانا....
(ئەفسەری لێكۆڵینەوە دەچێت بەردەم پەنجەرەی ژوورەكە و تاوێك لەئاسمانی دەروانێ و دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی. جگەرەیەكی دیكەی دادەگیرسێند):
باشە ئەوكاتەی جونەید كوژرا، لەماڵەكەدا كەست بەدی نەكرد؟
یەعنی هەستت بە بوونی كەسێك نەكرد؟
كاتژمێر دوانزەی شەو بووە.
دەرگای ماڵ كڵۆم دراوە و تەنها هەردووكتان لەو ماڵەدابوون، ئەی كێ ئەو كارەی كردووە؟!
خۆ ئەبێ كەسێك ئەو كارەی كردبێت؟
تۆ دەتەوێت ماندوومان بكەیت.
لەكاتی كوشتنی جونەیددا، تەنها تۆ لەوێ بووی.
نارین:( دەگری و بیردەكاتەوە چۆن ئەو كارەی كردووە! بۆ خۆشی توشی سەرسوڕمان بووە.):
ئەو پتر لە شەش ساڵ منی خۆشدەویست، هەموو خەونی ئەوە بوو بەمن بگات، ..
کۆڕ: (هەموویان پێکەوە): وابڕیارە ئەمڕۆ سەفوەت بەگیش بانگێشت بكرێت بۆ بنكەی پۆلیس بۆ لێكۆڵینەوە.
زاوا::سەفوەت بەگی باوكی ساڵانێك رێگربوو لە بەردەم هاوسەرگیری ئێمەدا، هۆكارەكەشی ئەوە بوو باوكم و سەفوەت بەگ پێش بیست ساڵ، لە خزمەتی سەربازیدا لەیەك سەربازگەبوون. رۆژێك لەسەر سەرەی خواردن وەرگرتن بووە بەشەڕیان و هێشتا ئەو رقە كاڵ نەبووەتەوە. باوكم دوای كوشتنی من، هاتە سەر گۆڕەكەم و بەگریانەوە گوتی
(کۆڕەکە دەچێتە ئەودیوی شانۆکە و دووبارە گۆڕەکە ئاوەدان دەکاتەوە.)
(ڕووناکی-باوک لەسەر گۆڕ، حەسرەت و نیگەران)
باوک: ها كوڕی بەدبەختم نەمگوت ئەمانە بێشەرەفن و جێی متمانەنین.
(کۆڕەکە دەچێتە ئەودیوی شانۆکە و دووبارە ژووری لێکۆڵینەوە ئاوەدان دەکاتەوە.)
زاوا: ئەوەتا باوكم لەبەردەم ژووری ئەفسەری لێكۆڵینەوەدا وەستاوە و چاوەڕێی هاتنی سەفوەت بەگ دەكات، پێیوایە ئەوەی منی كوشتووە، نارینەبەفیتی سەفوەت بەگی باوكی ئەوكارەی كردوووە. بۆیە هاوار دەكات، دەڵێت.
باوک: ئەفسەری بەرێز ئەگەر تۆڵەم بۆ ناكەیتەوە، خۆم تۆڵەی خۆم دەكەمەوە.
ئەفسەری لێكۆڵینەوە (توڕەبوو و بانگی پۆلیسەكانی كرد.): كوڕەكان وەرن ئیحسان دووربخەنەوە.
نارین:( داماوە، نازانێ چی بڵێت. خەریكە دەبوورێتەوە، بەچاوەتەڕەكانی سەیری ئەفسەری لێكۆڵینەوە دەكات و لەدڵی خۆیدا دەڵێت )
دنگی نارین: من كوشتم، هەر من لەژوورەكەدابووم و كەسی لێ نەبووە. من چەقۆكەم هەڵگرتوو كردم بەسەر دڵیداو كوشتم. من.. من.. من بووم.
زاوا: ئەفسەری لێكۆڵینەوە سووربوو لەسەر ئەوەی كە نارین منی كوشتووە.
بەڵگەشیان ئەوەبوو، كە كێشەیەكی كۆن لەنێوان بنەماڵەی من و ناریندا هەبووە،
من شەش ساڵ نارینم خۆشویستووە.
سەفوەت بەگ و ئیحسان ناڕازی بوون بەو خزمایەتییە و دواجار ناچاربوون لەبەردەم ئەو خۆشەویستییەدا چۆك بدەن و رازی ببن.
کۆڕ: (هەموویان پێکەوە):لێرەدایە ئەفسەری لێكۆڵینەوە گومان لەسەفوەت بەگ دەكات!
کۆڕ۱: سەفوەت بەگ بە رووخسارێكی شێواو و غەمگینەوە تازە وا لەماڵ دەرچووە بەرەو بنكەی پۆلیس دەچێت.
کۆڕ۲:بیر و هۆشی لای ئەو رووداوەیە، توشی سەر سووڕمان بووە، بەردەوام لەخۆی دەپرسێت:
سەفوەت بەگ: نارین جونەیدی خۆشدەویست، بەگوێی منی نەكرد شووی پێكرد، ئەی كەوایە بۆ دەیكوژێت؟
(ڕووناکی لە گۆشەکەی تری دیمەنەکەدا .)
(کۆڕەکە دەچێتە ئەولای شانۆکە. ژووری زاوا، دایکی زاوالە ماتەمینی و لە شۆکدایە بەهۆی ڕووداوی مردنی زاواەوە.)
زاوا:دایكم هێشتا لە ژوورەكەمدا دانیشتووە،
کۆڕ۳:دەگری و لەژێر لێوەوە دەڵێت
دایک: باشە خۆ ئەم خزمایەتییە بەحیساب كۆتایی بەو شەڕەی نێوانمان هێنا بوو، ئەم كچە كە مەعشوقی كوڕەكەم بوو چۆن توانی ئەو كارە بكات؟!
(ژووری لێکۆڵینەوە):
لێكۆڵینەوە بەردەوامە و ئەفسەرەكە بەبێ دەنگی جگەرە دەكێشێ و لە رووخساری نارین دەڕوانێت، چاوەڕێی سەفوەت بەگە.
کۆڕ: (هەموویان پێکەوە) سیحرێك لە شەوی بووكێنی ناریندا
نارین: ( لەبەرانبەر ئەفسەری لێكۆڵینەوە دانیشتووە، فرمێسك لەچاوەكانییەوە دێنە خوار و لەژێر لێوەوە دەڵێت ): من چۆن جونەید دەكوژم؟
ساڵانێك خۆشمویستووە و خەون و خەیاڵم بووە. ئاواتم بووە. لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا رۆژێك نییە نەمدیبێت، ئیتر چۆن دەتوانم بیكوژم؟
ئەی كەوایە كێ كوشتی؟
ئەی ئەوە من نەبووم چەقۆكەم لەسەر دڵی چەقاند؟ نا.. نا من نەبووم كەسێك هات، هات و... خودایە یارمەتیم بدە زاكیرەم شتێكم لێ دەشارێتەوە. سیحرێك لە شەوی بووكێنی مندا هەبووە.
زاوا: لەوكاتەدا سەفوەت بەگ گەیشت، نارین وەك ئەوەی ساڵێك بێت نەیدیبێت، بەهاتنە ژوورەوەی سەفوەت بەگ گەشایەوە، بەرزەپێ هەستا و خۆی هەڵدایە باوەشی باوكییەوە.
(سەفوەت دەچێتە ناو بنکەی پۆلیس و ژووری لێپرسینەوە.)
سەفوەت: ( لەژێر لێوەوە گوتی خودایە ئەم بەدبەختییە چییە؟ بۆ وامان لێ بەسەرهات.
ئەفسەری لێكۆڵینەوە (بانگی پۆلیسەكان دەکات ) كوڕەكان وەرن نارین ببەنەوە بۆ زیندان، فەرموو سەفوەت بەگ دانیشە.
کۆڕ: (هەموویان پێکەوە) ئێوە لەو باوەڕەدان سەفوەت بەگ بەرگەی لێكۆڵینەوە بگرێ
کۆڕ ۱:سەفوەت بەگ كوڕی عوسمان بەگە،
کۆڕ ۲:تەمەنی پەنجا و هەشت ساڵە،
کۆڕ ۳:قژی ماش و برنجییە و پیاوێكی باڵا بەرز و باریكەلەیە،
کۆڕ ٤: كۆلێژی ئابووری تەواوكردووە.
زاوا: لەسەردەمی سەربازیدا لەگەڵ باوكم نێوانیان تێكچووە، لەوكاتەوە حەزی لەباوكم نییە.
(لە لایەکی ترەوە ڕووناکی و جەلال وەستاوە ):
زاوا: جەلالی حاجی كەریم كە هاوڕێی سەربازیی باوكم و سەفوەت بەگ بوو، هەموو جارێك دەیگوت .
جەلال : شەڕەكەیان لەسەر ئەوەبووە كە سەفوەت بەگ خۆی بەخانەدان زانییەوە و بێزی نەهاتووە لەگەڵ هەموو كەسێ قسە بكات، هەموو كەسێكی بەخزمەتكاری خۆی زانیوە و ویستویەتی لەناو سەربازگەدا خزمەت بكرێت. ئیحسان كوڕێكی چەقاوەسوو بووە، تەنانەت لە ئەفسەر و كاربەدەستانی دەوڵەتیش نەترساوە. ئەو شەڕ و رق و كینەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژگارە. سەفوەت بەگ بەزەبری پارە زۆر شتی رایی دەكرد. لەهەموو كەسێك كەمتر خزمەتی سەربازی كرد، بەپارە ماوەكەی كەم كردەوە. ئیحسانیش پتر لە پێنج ساڵ خزمەتی سەربازیی كرد.
(ڕووناکی لەسەر سەفوەت بەگ بە جلی تایبەتەوە وەستاوە)
کۆڕ۱:سەفوەت بەگ زۆرجار قاتی چاكەت و پانتۆڵی لەبەر دەكرد،
کۆڕ۲: هەندێك جار ستارخانی رەشی دەپۆشی و هەر بۆ فیز چاویلكەكەی دەهێنایە سەر نووكی لوتی و زۆر بەكەمی دەستی تەوقكردنی بۆ خەڵك درێژ دەكرد.
کۆڕ۳: ئەگەر كەسێك دەستی بۆ درێژ بكردایە، ئەو بەقورسی دەستی لەگیرفانی دەردەهێنا تا تەوقەی لەگەڵ بكات.
کۆڕ٤: جگەرەی كەسی نەدەكێشا، جگەرەی تایبەتی خۆی هەبوو.
کۆڕ۱: قاتەكانی ماركەبوو،
کۆڕ۲: هیچكات بەریشەوە نەمبینیبوو،
کۆڕ۳: پێڵاوەكانی تایبەت بوون لە ئەوروپاوە بۆیان دەهێنا.
کۆڕ٤: زاواكانی سەفوەت بەگ هەموو كوڕە بازرگان بوون،
زاوا: تەنها من نەبێت. ئەوەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی رازی نەبێت من ببم بەزاوا:ی. سەفوەت بەگ جگە لە من، سێ زاوا:ی دیكەی هەبوون.
کۆڕ۱:هەرسێكیان دەوڵەمەندبوون، كوڕی سێ بازرگانی گەورەبوون لەشارەكەدا.
زاوا: باوكم زۆرجار دەیگوت
باوک: من بۆیە رقم لەسەفوەتە چونكە دەوڵەمەندە و بەپارەوە دەنازێ، لەبەرئەوە حەزناكەم ببیت بەزاوا:ی، تۆ لەناو ئەوانەدا بەكەم سەیردەكرێیت و بەخەفەتەوە دەتكوژن. ئەوانە خوای فیزو تەكەبوورن.
ئەفسەری:( لێكۆڵینەوە جگەرەیەكی پێشكەش دەکات).
سەفوەت بەگ :(جگەرەكەی لی وەرنەگرت، بەفیزێكەوە): من ئەو جگەرانە ناكێشم، جگەرەی تایبەتی خۆم هەیە.
ئەفسەری لێكۆڵینەوە: ئەوە مارلیبۆرۆیە!
سەفوەت بەگ: جا مارلیبۆرۆ كەی جگەرەیە.
ئەفسەرەی لێكۆڵینەوە: لەم جگەرەیە باشتر نییە.
سەفوەت بەگ: هەیە.
ئەفسەری لێكۆڵینەوە: بەهەر حاڵ دەچینە سەر باسەكە. تۆ چی دەزانیت لەبارەی ئەو تاوانەوە؟ كچەكەت شەش ساڵ جونەیدی خۆشویستووە و بەبێ رەزامەندی ئێوە شووی پێكردووەو باشتر بڵێم ئێوە لەناچاریدا رازی بوون. لە شەوی روداوەكەشدا، كە شەوی بووكێنی نارین بووە، كەس لەو ماڵەدا نەبووە، جگە لەبووك و زاوا:. تۆش رقێكی كۆنت لەدڵدایە بەرانبەر بەو بنەماڵەیە. كەوایە تۆ هانی كچەكەتت نەداوە بۆ ئەو كارە؟
سەفوەت بەگ (گڕی دەگرێت،): من؟ بۆ من بێزم دێت باسیان بكەم تا ئەو كارە بكەم! بەجۆرێك بێز لەو بنەماڵەیە دەكەمەوە، كە لەشەوی داواكردندا نەمهێشت دەستم ماچ بكەن، چونكە بێزیان لێ دەكەمەوە. تۆ لەوە دەچێت هێشتا من نەناسیت.
ئەفسەری لێكۆڵینەوە: بەڵێ باشت دەناسم سەفوەت بەگ كوڕی عوسمان بەگ. بەڵام یاسا بۆ هەموو كەسێكە و جیاوازی ناكات. تۆ ئێستا گومان لێكراوی، لەنێوان خۆت و كچەكەتدا یەكێكتان تاوانەكەتان ئەنجامداوە.
سەفوەت بەگ: من ئەو كارەم نەكردووە. كاتی كوشتنی جونەید من لەماڵی خۆم بووم، میوانم هەبوو. نارینیش شتی وا ناكات و شەش ساڵ خۆشیویستووە چۆن كاری وا دەكات!
ئەفسەری لێكۆڵینەوە: ئەی ئەمە كاری كێیە؟ نارین دەڵێت كەس لەو ماڵەدا نەبووە و من و جونەید بووین نارین: نازانم چی روویدا، لەپڕ تەندروستیم تێكچوو، وەك ئەوەی كەسێك هاتبێتە ناومەوە و هانم بدات بۆ كوشتن، كاتێك هۆشم هاتووەتەوە، جونەیدم بینی لەسەر سیسەمەكە كەوتبوو خوێنی لەبەر دەڕۆیشت.
سەفوەت بەگ: بەڕێز ئەو ماڵە خۆیان سەربەگۆبەند و هەرچی و پەرچین. سەرێكیان هەیە و هەزار سەودا. ئەشێ كەسێك هاتبێتە ژوورەوە و كچەكەی منی بەدەرمانێك بێهۆش كردبێت و پاشان ئەو كارەی ئەنجام دابێت، كەسێك كە كێشەی لەگەڵیان هەبێت.
ئەفسەری لێكۆڵینەوە: ئەو كەسە كێیە؟
سەفوەت بەگ: من نازانم! چووزانم ئەوە لەخۆیان بپرسە.. لەبنەماڵەكەی.