گروه تئاتر کوچک بوکان - بەیاننامەی لێژنەی بەڕێوەبەری یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی
بەیاننامەی لێژنەی بەڕێوەبەری یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی
هەرجۆره باسێک له سەر چەمکێک به ناوی شانۆی کوردی ئەگەر قایل به بوونی وەها چەمکێک بین، گرێ دراوه به پرسی زمانەوه و بێ گومان زمان له شانۆدا له پانتای شانۆنامەدا خۆ دەردەخا و کەوابوو باسی شانۆی کوردی به بێ هاتنه ئارای باسی شانۆنامەی کوردی هەندێ ئەستەم دەنوێنێ.
پتر له بیست ساڵه پرسی شانۆی کوردی لای ئێمه به شێوەیەکی جیدی هاتۆته ئارا و ئەمڕۆکه دەیان گرووپی شانۆیی هەن که له فێستیڤاڵەکان یاخۆ له نواندنه گشتییەکاندا شانۆ به زمانی کوردی پێشکەش دەکەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش تا ئێستا شانۆنامه چ لای شانۆکاران و چ لای نووسەران و ئەدیبان وەک شتێکی گرینگ چاوی لێ نەکراوه و ناتوانین باس له ڕەوتێکی شانۆننامهنووسیی لای خۆمان بکەین و زۆرینەی گرووپەکان یان پشتیان بەستووه به دەقه بیانی یان فارسییەکان و یان دەقی کارگایی که هەر له سەر تەمرین بەدی دێن، نەک به دەقێک که وەک بەرهەمێکی سەربەخۆی ئەدەبی که دواتر وەک شانۆ پێشکەش دەکرێ.
فستیواڵی شانۆنامەنووسیی کوردی له وەها دۆخێکدا و به پێی وەها پێداویستییەک بەدی هاتووه. فێستیڤاڵێک که دەبوو زۆر زووتر لەوانه دەستی پێ کردبایه تا شانۆی کوردی ببێته خاوەن شوناسی تایبەتی خۆی، بەڵام ئێستاش درەنگ نەبووه و دەبوو ئەم ڕەوته له شوێنێک و له جێیەکەوه سەر هەڵبدا و خۆشحاڵین که شاری بۆکان بووه مەکۆ و کانگای ئەم بزاڤه؛ شارێک که هەر له کۆنەوه به شاری چیرۆک ناسرابوو و ڕەنگه له شێوەکانی گێڕانەوەدا چیرۆک نزیکترین شێوه به شانۆنامه بێت.
بۆ بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵه تەنگ و چەڵەمه ئێجگار زۆر بوو له ئاستەنگی ئابووری و ماڵییەوه بگرە تا دەیان بەردی که دەهات یان دەیانخسته سەر رێمان، بەڵام چون ئەم پێداویستییه گرینگەمان هەست پێ کردبوو کۆڵمان نەدا و فێستیڤاڵ تا ئێره گەیشت. هەرچەن وەک یەکەمین خول به دڵنیاییەوه کەم و کوڕی زۆره که ئێمه سینگمان ئاوەڵایه بۆ بیستنی ڕاوبۆچوون و ڕەخنەی دۆستان بەڵام هەر ئەوەی تا ئێره هاتووه به له خۆبردوویی و حەولێکی زۆری ئەم لێژنەیه و هەڤاڵانی ئێمه بووه. ئێمه پێمان وایه ئەم فێستیڤاڵه کاتێک کاریگەریی خۆی نیشان دەدا که چەندین خول دوابەدوای یەک بەڕێوه بچێ. هەربۆیه له ئێستاوه قۆڵ هەڵدەماڵین بۆ دووهەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی و داوا له هەموو کاربەدەستان و نووسەران و هونەرمەندان و هۆگرانی هونەری کوردی دەکەین وەک هەمێشه لەم رێگه دژوارەدا پشتیوانمان بن.
لێژنەی بەڕێوەبەری یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی
١١ی گەلاوێژی 1397 بۆکان
