خوداحافیز" و ئومێدیکی گەش بە داھاتوو

حەمەسوار عه زیز

 

 

 

رووبەرێکی تر کە دەرھێنەر ھەوڵدەدات جیھانبینی خۆی تیاییدا زەقبکاتەوە، جەستەی نمایشە، دەرھێنەر بۆ وێناکردنی ھەردوو کارەکتەری نوسەرو ژنەکەی، کە دوو کارەکتەری بنەڕەتین لە ئاراستەکردنی رووداوەکان و دەستنیشانکردنی کۆتایی چیڕۆکەکان، پەنای بردۆتە بەر خەیاڵی سێبەر، ھەردوو کارەکتەر لەنێو چوارگۆشەیەک وەک دوو سێبەر دەردەکەون و دیالۆگ دەکەن و چارەنووسی کارەکتەرەکان تاوتوێدەکەن و دەینوسنەوە، بێگومان بەجیاوازی ئاراستەی بیرکردنەوەی ھەردوو کارەکتەرەکە، کە یەکێکیان ھەوڵدەدات وەک دەسەڵات ھەموو ھەڵبژاردەی مرۆڤەکان بسرَیتەوەو خۆی لەجیاتی ھەمووان بیر بکاتەوەو بڕیاڕ بدات، ئەویتریش کە ژنەکەیە بەو بیرکردنەوە دۆگمایە رازی نییەو دەیەوێت مرۆڤەکان خۆیان خاوەنی چیڕۆکی خۆیان بن و خۆشیان بڕیار لە چارەنووس و داھاتوو و خۆشی و ناخۆشییەکانیان بدەن، خۆشەویستی و جیابوونەوە زادەی ناخی راستەقینەی خۆیان بێت و لە دەرەوە بەسەریاندا فەرز نەکرێت، ھەڵبژاردنی کارەکتەری ژنیش بۆ ئەوەی ئەدای ئەو وەزیفەیە بکات، ھەڵگری ئەو بیرە یاخییەیە کە بەدرێژایی مێژوو ژن ھەڵیگرتووەو ھەمیشە لە سەنگەری یاخیبوون و بەرەنگاربوونەوەی باوەکان و سەپێنراوەکان بووە.

دەرھێنەر کە ئەم دیالۆَگە دەخاتە نێو فۆرمی خەیاڵی سێبەرەوە، جگە لەو جوانی و ئێستاتیکایەی کە بە جەستەی نمایشی دەبەخشێت، رەھەندەکانی ئەو دیالۆگە دەبەستێتەوە بەو رەھەندە غەیبییانەی کە چارەنووس دەنوسنەوەو لەژوورە تاریکەکان بڕیار لەسەر بوون و نەبوون دەدەن، ئەم رەھەندەش دەرگای لێکدانەوەو تەئویڵ زیاتر واڵا دەکات و دەبێتە پریاسکەیەک کە ھەموو دەسەڵاتە بینراو و غەیبییەکان تیاییدا کۆدەکاتەوە.

رووبەرێکی تر لەم نمایشە کە دەسەڵاتی دەرھێنەر تیاییدا باڵا دەکات، داڕشتنی فۆرمێکی جیاوازە بۆ کارەکتەری (جاوید)، جاوید ئەو مرۆڤەی کە دەیەوێت سەفەر بکات و بڕوات بۆ ئوستڕالیا، دەرھێنەر کاتێ ئەو کارەکتەرە لە فۆرمی (دراگ کوین= ئەو ئەکتەرە کوڕەی کە وەک کچ لەنێو نمایشدا ئەدا دەکات) وێنادەکات، ئەم فۆرمە کە فۆڕمێکی کۆمیدی نزیک بە گرۆتێسکەو زۆر کاریگەرە لە وێناکردنی ئەو کارەکتەرە و ئەو بارە ھزرییەی کە لەو دیمەنە نمایش ھەڵیدەگرێت، راستە ئەو فۆرمە بۆ شانۆ فۆرمێکی تازە نییەو لە چەندین نمایشی تر کاری لەسەر کراوەو بەکاربراوە،بەڵام بەکاربردنی ئەم فۆرمە بۆ ئەو کارەکتەرە لە دوو ڕووەوە بە ئەرێنی بەسەر نمایشدا شکایەوە، رووی یەکەم وەک پانتایی توانی لیڤڵی چێژ بینین لە نمایشەکە بەرز بکاتەوەو ئەو دیمەنە جیاواز لە دیمەنەکانی تر وێنا بکرێت و بینەر ئاسوودە بکات لەڕێگەی پێشکەشکردنی ریتمێکی جیاوازو فۆرمێکی جیاواز لە دیمەنەکانی پێشووتر، لە ھەمانکات دەروازەو رووبەرێکی گرنگ بوو بۆ ئەکتەر کە فۆرمێکی تری جیاواز تاقیبکاتەوە، (محەمەد کەمال) وەک ئەکتەر لە دیمەنی پێشووتر لە ئەدا کردنی رۆڵی (پارێزەر) بەشێوەیەکی زۆر نایاب ئەدای ئەو کارەکتەرە دەکات کە کارەکتەرێکی زۆر جیددیە، دوای ئەوە لەچاو تروکانێک بەبەرچاوی بینەرەوە جلی پارێزەر دادەکەنێت و رۆڵی کەسێکی (کورَێکی ژنانی= ئەو کوڕانەی کە ھۆرمۆنی کچێتی تیایاندا باڵایە) بەشێوازێکی زۆر نایاب ئەدا دەکات کە ھەموومان تووشی سەرسوڕمان دەکات بەو توانا بەرزەی کە لە ئەداکردنی کۆمیدی ئەو کارەکتەرە نیشانی دەدات، بەشێوەیەک ئەگەر محەمەد بە بەرچاوی بینەرەوە خۆی نەگۆڕیبایە، رەنگە زەحمەت بوو ئەو ئەکتەرە بناسینەوە کە پێش چەند دەقیقەیەک رۆڵی پارێزەرێکی زۆر جیددی ئەدا دەکرد، ئەم وێنەیەش ئاماژەیەکی گرنگە بەو توانا و بەھرە ناوازەیەی کە گەنجانی ئەم دەڤەرە ھەیانەو ئەگەر دەرفەتیان ھەبێت دەتوانن داھێنانی گەورە بکەن.

رووێکی تر لە تەوزیفی ئەو دیمەنە ئەوەیە ئەم فۆرمە تەفسیری جیاواز دەبەخشێت بە چەمکی سەفەر، سەفەر وەک چەمک بۆ کۆمەڵێک ئامانج بەکاردەبرێت، وەک خوێندن و مەعریفەو ئاشنابوون بە کەڵتووری جیاواز، گەڕان بەدوای کار و ئارامی، یا لە کورتترین پێناسەیدا دەتوانین بڵێین گەڕانە بەدوای باشتر، بەڵام وێناکردنی ئەم دیمەنە بەمشێوەیە پێماندەڵێت کە ئێمە چۆن لەسەفەر گەیشتووین، سەفەر لای ئێمە بۆچییە و چۆن دەکرێت، ئەم تەئویڵکردنە لە چەمکی سەفەر کە لە تێکستەکەی نوسەر بەو شێوە زەقە نەھاتووەو زادەی خەیاڵی دەرھێنەرە، یەکێکە لەو رووبەرە جیاوازانەی کە دەرھێنەر بەسەر نمایشدا دەیکاتەوەو دەتوانێت ئەو ئامانجە بپێکێت، ھاوتاو تەریب لەگەڵ ئەو واقیعەی نێو کۆمەڵگای کوردی و ئەو دەرھاوێشتە ئەرێنی و نەرێنییانەی کە چەمکی سەفەر بەسەر کۆمەڵگی کوردییدا دروستیکردووە، لەم گۆشەوە دەرھێنەر سەفەر وەک واقیعێکی سەپاوی نێو کۆمەڵگەی ئێمە دەخاتە ژێر دونیابینی دەیان پرسیاری ترەوە کە بینەر ناچار دەکەن بەدوای وەڵامەکانیان بگەڕێت.

لەڕووی نواندن و ئەدای ئەکتەرەوە ئەم شانۆییە رووبەرێکی گرنگ بوو بۆ دەرکەوتنی کۆمەڵێک کوڕو کچی گەرمیان کە توانیان ئومێدیکی گەورەمان پێببەخشن کە کاروانی شانۆ بەردەوامی دەبێت و کۆمەڵێک بەھرەی ھونەری گەورە لەو ناوچەیە ھەیە ئەگەر پەروەردە بکرێن و دەستیان بگیرێت و بەشێوەیەکی راست و تەندروست ئاراستە بکرێن، لە ماوەیەکی نزیکدا دەبن بە ئەکتەری درەوشاوەو دەتوانن تەختەی شانۆکانمان پڕ بکەن لە داھێنان و جوانی، بە مەرجێک ئەم ئەزموونە وەک سەرەتایەک پاڵنەرێک بێت بۆ ئەوەی زیاتر کار لەسەر خۆیان بکەن و زیاتر بخوێننەوەو زیاتر نمایشی شانۆیی ببینن و مەشق لەسەر جەستەو بەکاربردن و ئامادەکردنی ھەست و نەست بکەن و بتوانن جەستەیەکی ئامادە دروستبکەن کە وەڵامدانەوەی فیزیکی و ناوەکی بۆ حاڵەتە جیاوازەکان ھەبێت و ھەمیشە ھەوڵبدەن تێگەیشتن و جیھانبینی خۆیان بۆ کارەکتەرو فەزای تێکستە شانۆییەکان ھەبێت و بڕوایان بەوە بێت کە دەتوانن ئیزافەی خۆیان ھەبێت بۆ ئەو کارەکتەرەو ھەمیشە چاویان لە دەمی دەرھێنەر نەبێت کە پێیان بڵێت چی بکەن و چۆن رەفتار بکەن، گرنگە ئەکتەر بڕوای بەوە ھەبێت کە دەیکات و بەقەناعەتەوە بیکات و بەسەری فەڕز نەکرابێت و چێژ لە کردنی وەربگرێت و بە ئاسانی و راستگۆیی، دوور لە موبالەغەو زیادەڕۆیی و ھاتوھاوار تیاییدا کاربکات.

بەبڕوای ھەموو ئەکتەرەکانی ئەم نمایشە بە ھەندێک جیاوازی و تایبەتمەندییەوە، کە من نامەوێت یەکە یەکە باسیان بکەم چونکە ئەوان تا ئێستا خوێندکارن و لە قۆناغی پێگەیشتن دان، تاڕادەیەکی زۆر باش توانیان قەناعەت بە بینەر بکەن و تەباو تەریب بن بە فەزای گشتی نمایشەکەو سەنگ و قوڕسایی ئیجابیان بە نمایشەکە بەخشیبوو، ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە کە ئەکتەرە کچەکان لەم نمایشە ئامادەییەکی باش و پەسەندییان ھەبوو لەنێو کەشی نمایشەکەو توانیان بەشێکی زۆری ئەو وەزیفە ئەدا بکەن کە وەک ئەکتەر لێیان چاوەڕوان بووین و مژدەیەکی دڵخۆشکەربوون کە ئیتر کۆمەڵێک خاتونی بەتوانا دەتوانن برەو بەو کاروانە شانۆییە بدەن کە لە گەرمیان دەسیپێکردووە.

سەرنجی کۆتاییم لەسەر نمایشەکە ئەوەیە، ئەو سەرەتایەی کە ئەکتەرەکان تیاییداخۆیان پێشکەش دەکەن و ناوی کارەکتەرەکانیان ئاشکرا دەکەن، لەم نمایشە ھیچ ئەرزشێکی نییەو پێویست نییە، چونکە فۆرمی گشتی نمایشەکە ناتەبایە بەو سەرەتایەو جۆرێک لە بەرکەوتن دروستدەکات کە دەکرێت بە لابردنی ئەم حاڵەتە چارەسەر بکرێت و کێشەی تیا نەکەوێت، راستە دەرھێنەر دەیەوێت لەرێگەی ئەم سەرەتایەوە ئیھامی بینەر بشکێنێت و وەک کارێکی شانۆیی لێی بڕوانێت و بیری لێبکاتەوە، بەڵام من پێموایە تەکنیکی نوسینەوەی ئەو تێکستە خۆی بەشێوەیەکی شاراوە ئەو وەزیفەیە ئەدا دەکات و دەھێنەر پێویستی بەو سەرەتایە نییە تا ئەو چەمکە دووپاتبکاتەوە.

کۆتایی