شانۆی شەقامی ئێمە لە دووڕیانێکی دژواردا
بەشی سێیەم:
"دیالۆگی شانۆیی و شانۆیەکی بێ خەیاڵ"
حەمەسوار عەزیز

 


لە بەشی پێشو ئاماژەمان بە سەرھەڵدانی جۆرێکی نامۆ لە نمایشی شانۆیی لەنێو شەقام و پاڕکەکانی ئێمەدا لە ژێر ئەدرەسی شانۆی شەقام، کە بەداخەوە زۆرێک لە فیستیڤاڵە شانۆییەکانی ئێمە لە کوردستان و عێراق پڕن لەم تەرزە نمایشە، من ھەرچەند سەیری ئەو نمایشانە دەکەم ناتوانم رێگە بەخۆم بدەم پێشگری شانۆ بخەمە پێش کارەکەیان و بە شانۆی شەقام ناوزەدیان بکەم، من پێموایە ئەم نمایشانە دەکرێت پێیان بووترێت دیالۆگی شەقام یا گفتوگۆی شەقام یا ھەر ناوێکی تر بە مەرجێک وشەی شانۆی پێوە نەبێت، تەنانەت ناتوانم خۆم قەناعەت بەوە بکەم کە ئەم نمایشانە بە نمایشی شەقام یا پێرفۆرمانسی شەقام ناو ببەم، چونکە خودی پێرفۆرمانس ھونەرێکی گرنگەو بەشێوازی جیاواز کار دەکات بۆ ئەوەی شەقامەکان بکاتە سەکۆی کۆمەڵێک داھێنانی ھونەری و جەستەیی بینراو و بیستراو، کە تیاییدا نمایشکار کارێکی تایبەت پێشکەش دەکات کە لە توانای کەسانی ئاساییدا نییە، بۆیە ئەوەی لە شەقام نمایش دەکرێت لەژێر ئەدرەسی پێرفۆرمانس و نمایشی شەقام، ئەگەر شانۆی شەقامیش نەبێت، کارێکی ھونەری و جوانکارییەو دەچێتە خانەی داھێنان و دروستکردنی فۆرم و ستایلی تازە بۆ کۆنتاکتکردن لەگەل بینەر و سەرسامکردنی بینەر بەو توانا ھونەرییە داھێنەرەی کە لای نمایشکارەوە نیشاندەدرێت و لەبڕی ئەوەش نمایشکار بڕێک پارەی لە بینەری ئەو شوێنە دەستدەکەوێت.
لێرەدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ھەندێک لەونمایشانەی کە لێرەو لەوێ بەناوی شانۆی شەقام پێشکەشدەکرێت و داماڵراون لە ھەر رەگەزێکی جیاواز کە کاری ھونەری لە کاری ئاسایی رۆژانەی خەڵک جیادەکاتەوە، وەک خەیاڵ و دیدگای جیاوازو فۆرمی ناباو و تەرحی چاوەڕواننەکراو و دروستکردن و داھێنانی رێگای تازە بۆ گەیاندن و بەرجەستەکردنی ھزرێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی یا فەرھەنگی یا ھەر بابەتێکی تر، بەپێچەوانەوەی ھەموو ئەمانەوە نمایشەکان لەوە تێناپەڕێت کە دیمەنی دووبارەو سەدبارەی ژیانەو رەنگە لەو ساتەی کە نمایشەکەی تیادا پێشکەش دەکرێت، سەدان لەو دیمەنە ژیانییانە بەشێوەیەکی راستەقینەو لە جوگرافیای جیاواز رووبدەن ، کەواتە وەزیفەی ھونەرمەند لە کوێی ئەو ھاوکێشە ھونەرییە جێگە دەگرێت کە کارێکی شانۆیی لە دیمەنێکی کۆپیکراوی ژیانی ئاسایی مرۆڤ جیادەکاتەوە.
پرسیاری گەورە ئەوەیە ئەگەر ئەو نمایشانەی کە دیمەنێکی ئاسایی یا رووداوێکی رۆژانەی ژیان دەکەن بە نمایشێکی شانۆی شەقام و وەک خۆی و لە سیاقی ریتمی ئاسایی خۆی وێنای دەکەنەوە، چ ئیزافەیەک پێشکەش دەکەن، بۆ بەم کارە بووترێت شانۆ، ئایا وێناکردنەوەی ئەم دیمەنە پێویستی بە چ ھونەرێکی داھێنەرانە ھەیە تا ئەو ھونەرمەندە پێشکەشی بکات لەژێر ئەدرەسی ھونەری شانۆ، ئەو دیمەنانە لە رووبەرەکە گەورەکەی ژیان روودەدەن و ئێمەش بەریان دەکەوین و دەیانبینین بەشێوەیەکی زۆر راستگۆتر و روونتر لەوەی کە کەسێک باناوی شانۆکار ھەوڵی کۆپیکردنی بدات، لەم کاتەشدا ئەگەر دوو دیمەنی ھاوشێوەی یەکتر بەراورد بکەین کە یەکێک لە رووبەرە راستەقینەکەی ژیاندایەو ئەویتر ھاوشێوەو کۆپی ئەوە بەڵام بەناوی شانۆ پێشکەش دەکرێت، ئەوە بێگومان وەکو بینەر بێ دوو دڵی ئەوەی یەکەم و راستەقینەکە ھەڵدەبژێرین و ئەوەی دووەمیش کاڵایەکی ساختەیە و بازاری لەسەر ناکەین.
کارەساتێکی گەورەیە کە ھونەرمەند شانۆ بکات و خەیاڵی نەبێت، دیدگاو تێڕوانینی جیاوازی نەبێت، خوێندنەوەی قوڵ و درککردن بە پشتی رووداوەکان و رووی دووەم و سێیەمی وێنەو فۆرمە باوەکانی نەبێت، ھونەرمەند بۆیە پێیدەووترێت ھونەرمەند و داھێنەر چونکە دەتوانێت فۆرمێک و ھارمۆنییەک پێشکەش بکات کە لە توانای من و تۆ و کەسانی ئاساییدا نییە، دەتوانێت شۆکمان بکات، تووشی سەرسوڕمان و ھەڵوێستەمان بکات، لەگەل ھونەرکەی بمانبات و بمانھێنتەوە، مەستمان بکات و بەھۆش خۆشمان بێنیتەوە، دەتوانێت تووڕەمان بکات و بمانخاتە گریان و پێکەنین و ناچاری ھەڵوەستەو بیرکردنەوەو تێڕامان و قوڵبوونەوەمان بکات، دەتوانێت حەزی گەڕان و پشکنین و لێکدانەوەو ھەڵوەشاندنەوەو بیناکردنەوە لە دەروونمان سەوز بکات و وامان لێبکات بە مانا رووکەشەکان قایل نەبین و بەدوای دەیان ماناو لێکدانەوەی تازە بکەوین، دەتوانێ وامان لێبکات بپرسین و بترسین و بڕیار بدەین و پاشگەز ببینەوەو پێداگری بکەین و رووبەڕووی خۆمان و کۆمەڵگاو ھەموو گەردوون ببینەوە، دەتوانێت بمانکات بە کەسێکی تر، کارەکتەرێکی نێو نمایشەکەی، ئەو تاکە کەسە کە دەتوانێت وامانلێبکات دڵنیا نەبین لە کارەکتەری خۆمان، ئەرێ ئێمە ھەمان ئەو کەسەین کە پێش نمایشەکە لێرە بووین، ھونەرمەند دەتوانێ ئەمەو زیاتر لەمە بکات، بەڵام کاتێ دەتوانێ ئەمە بکات کە ھونەرمەند بێت، جیھانبینی و خەیاڵ و ھزرو داھێنانی ھەبێت و بتوانێت ژیان لە فۆرمێکی تر دابڕێژێتەوە، بتوانێت دیالۆگ لەگەل ھەست و نەست و یادەوەری و ئەندیشەمان بکات، ئەو جادووکەر نییەو دەتوانێت جادوومان لێبکات، ئەو کەسێکە دەتوانێت لە نەبوونەوە، بوون و داھێنان دروست بکات.
دروستکردنی نمایشێکی شانۆیی شەقام بەوە مەیسەر نابێت دوو یا سێ ئەکتەر بخەیتە ناو رووبەرێک و باسی بابەتێک یا کێشەیەکی رۆژانەی خەڵک بکەن و دەست بکەن بە نەسیحەت و خوتبەدان بەرامبەر بینەر، نەسیحەت و وەعزو خوتبەدان وەزیفەی ئەکتەری شەقام نییە، خەڵک بۆ ئەوە نەوەستاوە بەدیارتەوە تا پێی بڵێی ئەوە راستە و ئەوە راست نییە، تۆ دەتوانیت بە ھونەرەکەت وا لە بینەر بکەیت کە درک بەوە بکات کە دەبێ چی بکات و چی نەکات، بەڵام کاتێ ھونەرت پێ نەبوو ناچار دەبێ رووبکەیتە رووبەرێکی تر، رووبەری نەسیحەت و نەسیحەتکاری و کوێخوایی بەسەر بینەرەوە، لەوەش نامۆتر، رووبەری ھات و ھاوارو ھوتاف و شیعارات و بڕوخێ و بژی.
لە بەشی دواتر زیاتر لەسەر ئەو رووبەرەش دەوەستم.
تێبینی: وێنەکان نمونەی ئەو تەرزە نمایشانە نین کە لەم بەشەدا ناویان ھاتووە.

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏