ماکبێس
حەمەسوار عەزیز
بەشی پێنجەم*:

 


ئەدای ئەکتەر :
"با وشەکانت گونجاو بێت لەگەل جولە، جولەشت ھاوتای وشە بێت، ھەستەوەرەکانیشت نۆرمال بێت و نەرمی و رەوانیت پێ ببەخشێت"، شکسپیر، شانۆیی ھاملێت.
ئەگەر بەووردی لەم چەند وشەیەی شکسپیر ووردبینەوە کە وەک رێنمایی لەسەر زمانی ھاملێت ھاتووە بۆ ئەو ئەکتەرانەی کە داوایان لێدەکات دیمەنی کوشتنی باوکی ھاملێت لەبەردەم پادشا و شاژن نمایش بکەن، تێدەگەین کە ئەم پیاوە چۆن بیری کردۆتەوە، یەکەم سەرنجیش لەسەر ئەم ووشانە ئەوەیە کە ئەو پیاوە بیرکردنەوەیەکی مۆدێرنی ھەبووەو بەتەواوی دژە کلاسیک بووە، ئەم ووشانە رەتکردنەوەیەکی راستەوخۆی ئەو تێگەیشتنە کلاسیکییەیە کە پێشتر بۆ فۆرمی شانۆو شێوازی ئەداکردنی ئەکتەر لە سەرتەختە باو بووە، شکسپیر بە ھەموو شێوەیەک دژی ئەو زەخرەفەو فەخفەخەیە بووە کە شانۆی کلاسیک پشتی پێ بەستووە کە ھەمیشە فۆرمی نمایش و ئەدای ئەکتەر جۆرێک لە فەخامەت و رەزانەت و زەخرەفەکاری تیادا بەرجەستە کراوە، شکسپیر بە جۆرێکی تر بیریکردۆتەوە، ئەو بیری لە ژیان و سادەیی و عەفەویەت و وێنە راستەقینەکان کردۆتەوە، بۆیە کاتی خۆی کەوتۆتە بەر شالاوی رەخنەو تۆمەتبار کراوە بەوەەی شانۆی سادەکردۆتەوەو ھەیبەت و فۆرمە زەخرەفییەکانی وەلا ناوە.
ئەم وشانەی شکسپیر بە تەواوی ھەموو ئەو بۆچوون و تێگەیشتنانە رەتدەکەنەوە کە گوایە شانۆی شکسپیر شانۆیەکی شاھانەیەو پشت بە فۆرمێکی قەبەو زەخرەفەدار دەبەستێت و دیکۆرو سینۆگرافیاو ئەکتەر لەم شانۆییە بەشێوەیەکی تایبەت دەردەکەوێت و دیکۆرو فەزا بە کوتلەی گەورەو بریقەدارو فەخم پڕدەکرێتەوەو ئەکتەریش لە ئەداکردنی کارەکتەر جۆرێک لە باڵابوون و ھەڵکشانی بونیادی ھەیە کە وەک مرۆڤی ئاسایی دەرناکەون و ھەمیشە کارەکتەرەکان قورسایی زیاتریان لە مرۆڤی ئاسایی ھەیەو لە جولە و کردارو ئەدایان جۆرێک لە سەنگینی و ویقاری تایبەت ھەیە، ئەم بۆچوونە بە تەوای ھەلەیەو لە دواترین نمایشی ھاملێتی پیتەر بڕۆک، دەرھێنەر ھەموو ئەمانە بەلاوە دەنێت و نمایشی ھاملێت لەنێو فەزایەکی زۆر سادەو راستەقینە پێشکەش دەکات کە تیاییدا ھەم کارەکتەر و ھەم شوێن و رووبەری نمایش، لە فەزایەکی سادەی ژیانئاسا کورتدەکاتەوەو ھەموو فەخامەت و زەخرەفەکارییەکان فڕێدەدات و کارەکتەرەکان و فەزای ژیانکردن لە فۆرمێکی سادەو ئاسانی پڕ عەفەویەت و راستگۆیی و ئینسانی نیشاندەدات.
لەم نمایشەدا رەزا عوسمان وەک دەرھێنەر زۆر ھەوڵیداوە ماکبێس لە فۆرمێکی مۆدێرن و ئێستایی نمایش بکات، بەڵام بەھۆی پابەندبوونی بە ھەندێ جیھانبینی تایبەتی نادروست بە دونیای شکسپیر، کەوتۆتە نێوان دوو بەرداش، یەکەمیان ئەوەیە کە جۆرێک لە فەخامەت و زەخرەفەکاری بە فۆرمی نمایش ببەخشێت و ماکبێس و لێدی لە فۆرمێکی شاھانەو سەروو مرۆڤی سادە وێنا بکات، دووەمیان گرێدانەوەی ماکبێسە بە سەردەمی ئێستاو ئێرەو بە واقیعی سیاسی و ئەو ھێزانەی کە چارەنووس دەنووسنەوەو یاری بە بڕیارو داھاتووی کیان و میللەتەکان دەکەن، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە لە نواندندا وێنەکە بەشێوەیەکی تر کەوتۆتەوەو ئەدای (ھاوبیر حوسێن_ماکبێس و تەلار ھیرانی_لێدی)، بەشێوەیەکی تر داڕێژراوە و ئەم دوو ئەکتەرە داھێنەرە توانیویانە نمایشەکە دەرباز بکەن لەو فۆرمە زەخرەفەکارییەی کە سینۆگرافیاو فەزا تیاییدا چەقیوە.
ھاوبیر یەکێکە لە باشترین ئەو ئەکتەرە شانۆییانەی کە لەم ماوەیەی دوایی زۆر بە لێھاتوویی توانیویەتی ناوی خۆی وەک توانایەکی درەوشاوە لە فەزای شانۆی کوردی تۆمار بکات، ئەم نمایشەش کە بەلای منەوە یەکێکە لە باشترین ئەو کارەکتەرانەی کە ھاوبێر ئەدایکردووەو توانیویەتی تواناو داھێنانی خۆی تیا بەرجەستە بکات و فۆرمێکی ناوازەی ئەدای ئەم کارەکتەرە پێشکەش بکات، کارەکتەری ماکبێس یەکێکە لە دوژارترین کارەکتەرەکانی شکسپیرو پڕە لە ھەستەوەرو ھەڵچوون و بیرکردنەوەو تێڕامانی مرۆڤایەتی سادەو ئالۆز، رووبەرێکی زۆر باشە بۆ تەقاندنەوەی توانا شاراوەکانی ئەکتەرو بەکاربردنی ھەموو ھەستەوەرەکان و نەست و یادەوەری و ھەڵچوون و داچوونە سایکۆلۆژییەکان، ھاوبیر لەم نمایشە زۆر بەتوانایی بەبێ زیادەڕۆیی و ھەڵچوونی زیاد و ھاوارو قیژەقیژ، دەتوانێت لە ناخەوە بەر کارەکتەری ماکبێس بکەوێت و ھەڵچوون و ھەستەوەرەکانی ئەم کارەکتەرە لەنێو نەست و بیرکردنەوەو زەھنییەتی بینا بکات و دواتر تەرجەمەیەکی دیدەیی بۆ بکات و لە سیماو فۆرم و جولەو کارو کردەوەو تێڕامانەکانی رەنگ بداتەوە، لە کۆمەڵێک دیمەنی تایبەتدا بینەر لەگەل خۆی دەبات بۆ قوڵایی ئەو ھەستە دژوارەی کە ئەم کارەکتەرەی داگیر کردووە، بەتایبەتی لە ھەردوو دیمەنی پێش و پاش کوشتنی دەنکان، جۆرێک لە عەفەوییەت و راستگۆیی بێ روتووش لە ئەدای ھاوبیر ھەیە کە وامانلێدەکات ھەموومان وەک بینەر تەماس و بەرکەوتنێکی راستەقینەو ئاسان و رەوانمان لەگەل ئەو بارە سایکۆلۆژییەی ئەکتەر ھەبێت و بە شێنەیی ھەست بە ھەناسەدان و بیرکردنەوەو حەسرەتەکانی بکەین، وامانلێدەکات وەک کارەکتەرەکە بکەوێنە نێو بازنەی دژواری بڕیارو بڕیارنەدان، شەھامەت و بوودەڵەیی، شکۆمەندی و زەلیلی، شەڕەف و خیانەتکاری، سوارچاکی و پیاوکوژی، ھەموو ئەم (دوانە) درامیانە بەشێوەیەکی زۆر راستگۆو راستەقینە لە ئەدای ھاوبیر بەرجەستە دەبێت و وادەکات ئەدای ئەم ئەکتەرە ببێتە سەنگی مەحەکی دروستکردنی فەزای دەروونی و درامی نمایش.
ھاوتا لەگەل ھاوبیر حوسێن، ئەدای تەلار ھیرانی لە کارەکتەری لێدی رووێکی تری جوانی ئەم نمایشەیە، تەلار یەکێکە لەو ئەکتەرە پڕ ئەزموون و توانادارانەی کە رووبەرێکی دیارو بەرچاویان لە نەخشەی شانۆی ئێمە بەرکەوتووەو خاوەنی سیماو پێگەی خۆیەتی لەسەر شانۆو بوونی تەلار لە ھەر نمایشێکی شانۆیی ئیزافەیەکی جۆری گرنگە بۆ ئەو نمایشەو دەتوانێت ووزەو ھاندان بە ئەکتەرەکانی نێو نمایشەکە ببەخشێت.
تەلار جگە لەوەی توانای باشی لە تێگەیشتن و ھەرسکردنی کارەکتەر ھەیە، یەکێکە لەو خانمانەی کە زۆر بەووردی لە رووبەری کارەکتەرەکەی دەکۆڵێتەوەو ھەوڵدەدات دوای دیراسەکردن و خوێندنەوەی زۆر، دیدگاو جیھانبینی تایبەتی خۆی ھەبێت بۆ ئەو کارەکتەرەو لەکاتی بەرھەمھێنانی فۆرمی کارەکتەریش، چاوەڕوانی ئەوە ناکات دەرھێنەر یا دراماتۆرگ ئەو فۆرمەی بۆ دیاریبکات، ئەو پێیخۆشە خۆی ئەو فۆرمە دابھێنێت و تیاییدا قاڵبێتەوەو ئەوانی تر تەنھا روتوشکاری بۆ بکەن.
لەم نمایشە تەلار وەک ئەکتەر بەر کارەکتەرێکی تری دژوار و سەخت دەکەوێت کە شڕۆڤەکاران لێکدانەوەو خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ ئەو کارەکتەرە کردووەو بەشێوەی جیاواز لە پاڵنەرەکانی ئەو کارەکتەرە دواون و تاوتوێیانکردووە، تەلاریش بەدەر لەمانە ھەوڵیداوە فۆرمێکی تایبەتی پێ ببەخشێت کە بەبڕوای من تا رادەیەکی زۆر باش پێکاویەتی و توانیویەتی ئامادەییەکی بەھێزی ھەبێت و وەک کارەکتەرێکی سەرەکی دروستکردنی رووداو، سێبەری گەورەی بەسەر نمایشەوە ھەبێت، بەڵام دوو فاکتەر سەرەکی لەم ئەداکردنەی تەلار زۆر کاریگەر بوون، یەکێکیان بە ئیجابی و ئەرێنی بەسەر نمایش کەوتۆتەوەو ئەویتر بە سەلبی و نەرێنی، فاکتەری یەکەم تەمەنی تەلار کە گەورەترە لە ھاوبێر، فاکتەرێکی ئیجابی نێو نمایشەو وادەکات کارەکتەری لێدی بەقەد ئەوەندەی وەک کارەکتەری ھاوسەرو خۆشەویست دەربکەوێت، زیاتر و نزیکتر وەک کارەکتەری دایک دەردەکەوێت، ئەمەش خاڵی بەھێزی ئەداکردنە لەم نمایشە، چونکە بەھۆی ئەوەی لێدی نەزۆکەو مناڵی نابێت، ھەمیشە دیدگای بۆ ماکبێس زیاتر دیگایەکی دایکانەیە، بۆیە زۆرینەی ھاندان و لێپرسینەوەکانی زیاتر دەچێتە فۆرمی بەرکەوتنی دایکێک لەگەل کوڕەکەی نەوەکو خۆشەویست و ھاوسەرێک لەگەل ھاوسەرەکەی، ماکبێسیس بەھۆی ئەو ململانێ دژوارەی نێو ناخی زیاتر پێویستی بە ئارامی و گەرمی باوەشی دایکێکە تا ھاوسەرێک، بۆیە بەپیرۆزکردنی لێدی لای ماکبێس زیاتر لە روانگەی ئەوەیە کە ھەستەوەری دایکایەتی بەھێزترە لە ھەستەوەری ھاوسەری، ھەر بۆیەش ماکبێس دەستەمۆی لێدییەو ناتوانێت لە فەرمانەکانی رابکات.
فاکتەری دووەم کە بەنەرێنی بەسەر نمایش کەوتۆتەوە، جەستەی تەلارە، ئەم تۆزە قەڵەوییەی تەلار خزمەتی ئەداکردنی ئەم کارەکتەری نەکردووە، ئەم جەستەیە ھەمیشە وامانلێدەکات لێدی لە فۆرمێکی خۆماڵی ببینین و تەریب نەبێت لەگەل ئەو فۆرمە جیھانییەی ھاوبیر کە بە کارەکتەری ماکبێسی بەخشیووە، رەنگە ئەم جەستەیە کاریگەری نەرێنی کردبێتە سەر خودی ئەداو جولەو ھەناسەدانی ئەکتەر، بۆیە ھەندێکجار جۆرێک لە ھەستەوەری دەرەکی زاڵ دەبێت بەسەر ئەو ھەستەوەرە ناوەکییانەی کە پێویستە ئەکتەر لەم فۆرمە شانۆییە تیاییدا بگیڕسێتەوە، ئەمەش وادەکات لە ھەندێ دیمەندا ئەو ھاوسەنگییە ئەدایی یە وەک پێویست بونیاد نەنرێت و جۆرێک لە ترازان لە ھارمۆنیەتی ئەدای ھەردوو پاڵەوان ببینرێت.(کۆتایی)
*بەداوای لێبووردنەوە بە ھۆی ھەندێ کێشەی تایبەتی خۆمەوە ئەم بەشەی نوسینەکەم دواکەوت.

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏