ماکبێس
حەمەسوار عەزیز
بەشی سێیەم:
ئامادەکردنی تێکست:


ھەموو دەرھێنەرێک مافی ئەوەی ھەیە کە تێکستی نمایشەکەی بەو شێوەیە دابڕێژێتەوە کە تەبا بێت لەگەل ئەو جیھانبینی و دیدگا ھونەرییەی کە تیاییدا جەستەی نمایش و فەلسەفەی نمایش دادەڕێژێتەوە، دەرھێنەر ئازادە ئەو دیمەن و کارەکتەرو دیالۆگانە لاببات کە خزمەت بە دیدگای ئەو ناکەن و ئیزافەیەک نابن بۆ ئەو فۆرمە ھونەرییە، بەڵام گرنگترین بونیاد لەمکارە ئەوەیە کە دەرھێنەر ئەم کارە بە ئاگاییەکی زۆرەوە بکات و گۆڕانکاری و ئیزافەو لابردن و بونیادنانەوە لەسەر بنەمایەکی ھزری و مەعریفی و دیدگایەکی ھونەری و جوانکاری ئەنجامبدات، پێوەری سەرەکیش لەم کردارە سەخت و دژوارە، خەلقکردنی خوێندنەوەو تەفسیری جیاوازو ھاوچەرخە کە بتوانێت لەنێو گوتارێکی لۆژێکی و سەردەمییدا جارێکی تر بونیادی تێکست و فەلسەفەکەی بە بونیادی ئێستایی نمایش ببەستێتەوە.
مامۆستا رەزا عوسمان وەک دەرھێنەرو ئامادەکاری تێکست، کۆمەڵێک دەسکاری گرنگ و بنەڕەتی لە تێکستەکەی شکسپیر کردووەو ھەوڵیداوە سوود لەو رووبەرانە وەرگرێت کە تەبایە لەگەل ئەو فۆرمە شانۆییەی کە نمایشەکەی لەسەر بونیاد دەنێت، تێکستی نمایش بەشێوەیەکی بەرچاو بەر کرداری قرتاندن و کورتکردنەوەو لابردنی زۆر کەوتووە، تەنانەت زۆرێک لە کارەکتەرەکانی ئەم تێکستە وەک جەستەو ئامادەیی فیزیکی لابراون و بوونیان نییە، لەنێوان زیاد لە سی کارەکتەرلە تێکستەکەی شکسپیر، تەنھا چوار کارەکتەر لەنێو تێکستەکەی دەرھێنەر ماونەتەوە، کارەکتەرەکانیش بریتین لە ھەریەک لە (ماکبێس، لێدی، مەکداف و "سێ جادوکەرەکە_ئەمانە لەڕووی درامییەوە بە یەک کارەکتەر ئەژمار دەکرێن")، دەرھێنەر ئامادەیی جەستەیی زۆرینەی کارەکتەرەکانی بە زەروور نەزانیوەو ھەوڵیداوە تەنھا وەک کارەکتەری ئەودیو پەردە دەربکەون و بەشێوەی مەجازی مامەڵەی لەگەل کردوون.
من پێموایە دەرھێنەر لە لابردنی زۆرێک لەم کارەکتەرانە رووبەڕووی کێشەی گەورە نەبۆتەوە، بەتایبەتیش کە ھەوڵیداوە زوومی سەرەکی بخاتە سەر ھەردوو کارەکتەری ماکبێس و لێدی لە لایەک و لە لایەکەی تریش کارەکتەری ھەرسێ جادوکەرەکە، کە دەرھێنەر لە رووبەرێکی ھزری تازەو ھاوچەرخ مامەڵەی لەگەل کردوون و تەوزیف و بونیادی جیاوازو تەبای پێبەخشیوون، بەڵام کێشەی گەورەی نمایش پەیوەستە بە ئامادەیی ھەندێ کارەکتەر کە دەرھێنەر نەیتوانیوە پێناسەو بونیادی درامیی روونیان پێببەخشێت، بۆ نمونە کارەکتەری (ماکداف_سەرکار ستار) کە لەدوایین دیمەنی نمایشەکە دەردەکەوێت، کارەکتەرێکی بێ رەھەندو نەناسراوەو بینەر ناتوانێت لە قوڵایی ئەم کارەکتەرە تێبگات و پەیوەندی ئەم کارەکتەرە بە ماکبێس و رووداوە درامییەکان لێکبداتەوە، لەبەر ئەوەی کورتکردنەوەی ئامادەیی ئەم کارەکتەرە لە دیمەنی کۆتایی بێ ئەوەی قۆناغەکانی گەشەسەندنی درامی ئەم کارەکتەرە بەر بینەر بکەوێت، ناتوانێت ئەو پێگەیەی ھەبێت کە لە تێکستەکە ھاتووەو بەتایبەتی کە بوونی ئەم کارەکتەرە بەدیھێنانی یەکێک لەو دوو مەرجەیە کە جادوکەرەکان کۆتایی ماکبێسیان پێی بەستۆتەوە.
من پێموایە کاتێ دەرھێنەر بیری لە ئامادەکردنی ئەم تێکستە کردۆتەوە، ھزری لای ئەوە بووە کە ئەم نمایشە بۆ قوتابیانی کۆلیژی ھونەرەو ئەوانیش زۆرینەیان تێکستەکەی شکسپیریان خوێندۆتەوەو کارەکتەرەکان و رووداوە درامییەکان دەناسنەوەو دەتوانن ئەو رووداوانە بە یەکەوە ببەستنەوە، ئەمەش ھەلەیەکی گەورەیە لە ئامادەکردنی ھەر تێکستێکی شانۆییدا، دەرھێنەر کاتێ تێکستێک ئامادە دەکات، نابێ بیر لەوە بکاتەوە کە ئاخۆ بینەر بەم کارەکتەرو رووداوە ئاشنایەو زانیاری ھەیەو دەتوانێت بەیەکەوەیان ببەستێتەوە، زۆر پێویستە بونیادی درامی نمایش بەشێوەیەکی روون و بێ گرێ بێت و رووداوەکان یەکتری تەواو بکەن و ھێلی درامی لەنێو یەکەیەکی لۆژیکی تەریب لەگەل بونیادی تێکست و نمایشەکە یەکبگرێتەوەو بینەر بتوانێت کارەکتەرەکان بناسێتەوەو تەوزیفی درامییان لەنێو نمایشەکە دیار و بەرچاو بێت، بەڵام زۆرجار بە ھۆی قرتاندن و کورتکردنەوەو لابردنی ھەندێ دیالۆگ و رووداو و دیمەن و کارەکتەر، بەشێک لە رووداوەکان بە ناڕوونی دەمێننەوەو ھەندێک لە کارەکتەرەکانیش خەسڵەت و سیما لە دەست دەدەن و وەک (دەخیل) لەنێو نمایشەکە دەردەکەون و زیان بە بونیادی نمایش دەگەیەنن.
من پێموایە لەم نمایشە دەرھێنەر بەھیچ شێوەیەک پێویستی بە کارەکتەری ماکداف نەبوو بۆ ئەوەی وێنای کۆتایی ماکبێس بکات، وەک ئەوەی چۆن زۆرینەی کردە درامییەکانی ئەم نمایشەی بەشێوەیەکی فەنتازی و گێڕانەوەی وێنەیی لەرێگەی بەکاربردنی سینۆگرافیا و دەنگ و رەنگ و موزیک وێناکرد، دەکرا کۆتایی نمایشەکەش رێگە بە دەرکەوتنی کارەکتەری ماکداف نەدات وەک ئەوەی چەندین کارەکتەری گرنگی نێو ئەم تێکستە بێ ئەوەی ئامادەیی جەستەییان ھەبێت، لەرووی درامییەوە کارەکتەری ئامادەبوون، بۆیە لاوازترین خاڵی ئامادەکردنی ئەم تێکستە ئەو کۆتاییە بوو کە لە خودی تێکستە شکسپیرییەکە ھاتووە، دەرھێنەر دەبوو لە بیری ئەوە بووایە کە کۆتاییەکەی تەسلیمی ئەو دیمەنە نەشازە نەکردبایە کە بەتەواوی ناتەباو نەشاز بوو بە فۆرمی گشتی نمایش، لەبەر ئەوەی زۆرینەی رەەھای فۆرمی دیدەیی نمایش لەسەر فەنتازیاو خەیاڵکردن و وێناکردنی ناباو و جوانکاری بونیادنرابوو، داڕشتنەوەی ئەم دیمەنەی کۆتایی بەم فۆرمە کلاسیکییە تەقلیدییە وەک سۆلۆیەکی نەشاز کۆتایی بەو سەمفۆنییە ھونەرییە ناوازەیە ھێنا.
زۆرجار دەرھێنەر بە مەبەست ریزبەندی رووداو و بەریەکەوتنی کارەکتەر ھەڵدەوەشێنێتەوەو ھەوڵدەدات فۆرمی تر و بونیادی تریان پێببەخشێت، ئەمەش پرسێکە پەیوەستە بەو دیگایە ھونەرییەی کە دەرھێنەر بۆ جەستەو ھزری فەلسەفی نمایش ھەیەتی، بەو مانایەی دەرھێنەر ھەوڵدەدات بونیادی ئاسایی تێکست ھەڵبوەشێنێتەوەو بونیادی تازەو خوێندنەوەی تازەی لێ بەرھەم بێنێت، ئەمکارەش ھەروا ئاسان و سادە نییەو دەبێ دەرھێنەر پاساوی لۆژیکی و جوانبینی بۆ ئەو تێکشکاندن و بونیاتناوەیە ھەبێت و ھزرو وینای تازەی بەرزو باڵای لەسەر بونیاد بنێت، بێگومان ئەم نمایشە قرتاندن و لابردنی بۆ ئەو مەبەستە نەکردووەو چونکە ھەموو رووداوەکان بەڕیزبەندی ئاسایی خۆیان دێن و کارەکتەرەکان وەک کارەکتەری شکسپیری نێو تێکست مامەڵە کراون، ھەموو کورترکردنەوەکانیش لەم تێکستە دەچێتە رووبەری تەرکیز خستنە سەر کارەکتەری ماکبێس لە ھەردوو رووی ناوەوەو دەرەوەو لەنێو جەستەیەکی سینۆگرافی ناتەباو جیاوازدا کە جۆرێک لە ھارمۆنیوتی وێنەیی و مۆسیقی بە نمایش بەخشیبوو.
لایەنێکی تر کە من پێموایە دەرھێنەر روناکی پێویستی نەخستۆتە سەر، ئەویش پرسی پێشبینیکردنی جادوکەرەکانە بۆ کۆتایی ماکبێس، ئەم پرسە یەکێکە لە بۆمبە تەوقیتکراوەکانی نێو ئەم تێکستەو شکسپیر زۆر بە زیرەکانە بەکاری بردوون، بەڵام دەرھێنەر وەک پێویست بایەخی بەم ھاوکێشەیە نەداوە، پێشبینیکردنی جادوکەرەکان بۆ ماکبێس زۆر ھەڵخەڵەتێنەرو فریودەرە، نوسەر یاری بە عەقڵی ئەو ستەمکارانە دەکات کە پێیانوایە لە ئەماندان، بەڵام ھەمیشە دەردەکەوێت ئەو ئەمانە زۆر ساختەو ھەڵەشەیەو زوو بەزوویی دەتوێتەوە، زۆرێک لە دیکتاتۆرەکانی ئەم سەردەمە پشتئەستوور بوون بە سوپای زەبەلاح و دەزگای ھەواڵگری تۆقێنەر، بەڵام خۆشیان نەیانزانی کاتی لێقەومان و بەرەنگاربوونەوە ئەمانە لە کوێدا توانەوەو وونبوون، یا زۆرێکیان پێیانوابوو، بوونی زلھێزی گەورە لە پشتیان ھەمیشە دەروازەی ئەمان و مانەوەیە، بەڵام بەخۆشیان نەیانزانی ئەم ھێزانە چۆن لە مامەڵەیەکی تردا دەیانفرۆشن و کەرەستەی تازە دەخەنە شوێنیان، بۆیە پشتبەستنی ماکبێس بەو پێشبینییەی جادوکەرەکان کە ووتیان تۆ دەمێنیتەوە تا دارستانی بێرنام بەرەو قەڵا جولە دەکات و ھیچ کەسێکیش ناتوانێت تۆ لەناو ببات کە لەدامێنی ژنێک کەوتبێتەوە، یەکێک لەو رووبەرە گرنگانەی ئەم تێکستەیە کە بەداخەوە ئەو بایەخە گرنگەی وەرنەگرت لە نەخشەی نمایشدا.
ماویەتی

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏