ماکبێس حەمەسوار عەزیز بەشی دووەم: لێدی ماکبێس:
ماکبێس
حەمەسوار عەزیز
بەشی دووەم:
لێدی ماکبێس:
لێدی ماکبێس یەکێکە لە گرنگترین ئەو کارەکتەرە شکسپیریانەی کە پێگەیەی درامی گەورەی ھەیەو کارەکتەرێکی گرنگی شانۆیی ماکبێسە، ئەم کارەکتەرە لەڕووی درامییەوە ھاوتاو ھاوشانی ماکبێسەو بۆتە بەشێک لە کەلەپووری شکسپیرو وەک نمونەی ژنێکی پاوانخواز و فریودەرو دەسەڵاتخواز و شەڕانگێز ئاماژەی بۆ دەکرێت، ئەم کارەکتەرە تەواو پێچەوانەی کارەکتەری ماکبێسە، لێدی ھیچ جۆرە ئیعتبارێکی بۆ شەڕەف و شکۆمەندی نییەو ھەموو فاکتەرێک بە حەڵال دەزانێت بۆ بەدەستھێنانی ئاوات و خەونەکانی، تەنانەت خۆشەویستییەکەی بۆ ماکبێس جگە لە فاکتەرێکی فشار بۆسەر ماکبێس بۆ ئەوەی تاوانی کوشتنی پادشا ئەنجام بدات، ھیچ جۆرە سۆزو موحیبەتێکی ئادەمیانەی تیادا ناخوێندرێتەوە.
ئەوەی گرنگە لەم شانۆییە ئەوەیە کە شکسپیر کاری لەسەر یەک ھێلی درامی سەرەکی کردووەو ھیچ جۆرە ھێلی لاوەکی و چیرۆکی لاوەکی بۆ ھێلە سەرەکییەکە دروستنەکردووە، ماکبێس کارەکتەری سەرەکی و دروستکەری سەرەکی رووداوەو ھەموو کارەکتەرەکانیش لە بازنەی وجودی ماکبێس بوونیان ھەیەو چیرۆکی تایبەتییان نییە، تەنانەت لێدی ماکبێس بوونی لەم شانۆییە پەیوەستە بە بوونی کارەکتەری ماکبێسەوە، ئەگەرچی لێدی کارەکتەرێکی زۆر گرنگە و لەڕووی بونیادو کاریگەرییەوە ھاوتای ماکبێسە چونکە یەکەم ھەنگاوی بەپیاوکوژکردنی ماکبێس لەلای لێدی دەستپێدەکات، بەڵام لەگەل ئەوەش لێدی وەک کارەکتەرێک لە رووبەرێکی جیاواز لە ماکبێس ھیچ جۆرە رەھەندو فەزایەکی وەرنەگرتووەو چیرۆکێکی جیاوازی نییە تا روونبێتەوە بۆ ئەو ژنە ئەوەندە تامەزرۆی دەسەڵات و شاژنبوونە، تەنانەت کاتێ بە ماکبێس دەڵێت ئەگەر پادشا لە خەودا شێوەی باوکی ئەوی نەبووایە بەدەستی خۆی دەیکوشت، ئێمە نازانین کاریگەری کارەکتەری باوک لە ژیانی لێدی چییە، ئایا باوکێکی میھرەبان و خۆشەویست بووە بۆیە لێدی دەستی ناچێتە کوشتنی پادشا چونکە لە خەودا شێوەی باوکی دەکات، یا باوکی شەڕانگێزو خراپەکارو تووندوتیژ بووەو لێدی لە کاتی خەویشدا ناتوانێت جورئەتی کوشتنی بکات، ئەمانە ھەموو وادەکەن کارەکتەری لێدی زۆر بە ناڕوونی و ھەڵگری شڕۆڤەو لێکدانەوەی جیاواز بمێنێتەوە، تەنانەت دوای کوشتنی پادشا ئێمە تێناگەین بۆ لێدی ھەمیشە ھەست بەو پەلە خوێنانە دەکات کە ھەست دەکات بەسەر دەستییەوەن لێی نابێتەوە، ئایا ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لێدی پێش ئەم تاوانە ژنێکی خراپەکارو تاوانکار نەبووە، بۆیە ئێستا ناتوانێت لەگەل ھەستەوەری تاوانبار بوون بژیێت و ھەمیشە ھەست بەوە دەکات پەلە خوێنێک بەسەر دەستەکانیەوەیە، ئەم ھەستەوەرە بۆ ماکبێس کارێکی ئاساییە، بەڵام بۆ لێدی کە ھەر لە سەرەتاوە وەک کارەکتەرێکی شەڕانگێزو خراپەکار دەردەکەوێت، ئەم ھەستکردنە مایەی تێڕامان و دروستکردنی چەندین پرسیاری جۆراو جۆرە کە شکسپیر وەک نووسەرێک بەھیچ شێوەیەک یارمەتیمان نادات لێکدانەوەی بۆ بکەین، بەڵکو ئەم کارە بۆ خەیاڵکردن و شڕۆڤەکردن و لێکدانەوەی جیاوازو تەبای ئێمە بەجێماوە.
گرنگە لێرەدا تێبگەین ئەو ھەستکردنەی لێدی بەو پەلە خوێنانە تەواو جیاوازە لەو ھەستەی دوای کوشتنی دەنکان لای ماکبێس دروست دەبێت، ماکبێس دەزانێت بە کوشتنی دەنکان دەرگای جەھەنەمی کردەوەو ئەو پیاوکوژەی نێو ناخی ئازاد کرد کە لە دیمەنەکانی پێش کوشتنی دەنکان ھەمیشە لەبیری ئەوەدایە رێگە بە ئازادبوونی ئەو بکوژەی ناخی نەدات، بەو واتایەی کوشتنی دەنکان لای ماکبێس سەرەتای بە ئاگابوونی پاڵەوانە لەو کەوتنە تراژیدییەی کە پاڵەوان لەم تێکستە تیاییدا دەکەوێت، کەوتنێک ئیتر ھیچ دەروازەیەک بۆ ھەڵسانەوەی ھەڵنەگرتووە، بەڵام ترسی لێدی لەو پەلە خوێنانەی سەردەستی ترسە لە سزا، ئەو دەیەوێت ئەو پەلە خوێنانە لەسەر دەستی پاکبکاتەوە بۆ ئەوەی لە سزا دەرباز بێت، لێرەدا روونە لێدی ترسێکی گەورەی لە سزادان ھەیە، رەنگە ئەم ترسەش پەیوەست بێت بەو یادەوەرییانەی باوک کە لێدی ھەڵیگرتووە، بۆیە لێرەدا بەو قەناعەتە دەگەین کە پەیوەندی نێوان لێدی و باوک پەیوەندی خۆشەویستی نەبووە، بەڵکو پەیوەندییەکە لەسەر ترس و سزا بونیادنراوە، بۆیە لێدی لە خەویشدا جورئەتی کوشتنی باوکی نییە، چونکە ترسێکی زۆری لە سزا ھەیە، کە رەنگە ئەم ترسە ئەو یادەوەرییە سەختە بێت کە لێدی لە مناڵیەوە ھەڵیگرتووە، بۆیە لەم شانۆییە لێدی پێشئەوەی بکەوێتە بەر مەڕحەمەتی سزادان و تۆڵە کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت و جورئەتی ئەوەی نییە چاوەڕێی سزای تاوانەکەی بکات و رووبەڕووی سزادان بێتەوە.
خاڵێکی تر کە دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم، جۆری ئەو پەیوەندییەیە کە لێدی و ماکبێس بەیەکەوە گرێدەدات، ئەگەر بەووردی دیقەت بدەین دەبینین لێدی بە تەواوی کۆنتڕۆڵی کارەکتەری ماکبێسی کردووەو دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی بیجولێنێت، ماکبێس بەرامبەر لێدی ئەو سوارچاکە قارەمانە نییە کە توانای تۆقاندنی دوژمنی ھەیەو حیکمەت و دانایی بردنەوەی شەڕەکانی بەدەستەوەیە، پەیوەندی ماکبێس بە لێدی لەوە ترازاوە کە پەیوەندی نێوان ژن و مێردێک بێت، لێدی بۆ ماکبێس زیاتر لە ژنێک و زیاتر لە خۆشەویستێکە، ماکبێس وەک دایک و ژنێکی پیرۆز تەماشای لێدی دەکات و ناتوانێت ویست و ئارەزووەکانی فەرامۆش بکات، لە بەرامبەردا لێدی زۆر زیرەکانە ئەو ئیحساسەی ماکبێس بەکار دەبات و دەزانێت چۆن و لەچ کاتێکدا ھەستی پیاوەتی و ئازایەتی و بەرژەوەندیخوازی تیاییدا بجولێنێت، لێدی ژنێکی ئاسایی نییە، ئەو بە ئاسانی دەتوانێت ھەم پادشاو ھەمیش ماکبێس لە خشتە ببات، پادشا ئەوەندە بڕوای بە دڵسۆزی و ئەمەکداری لێدی ھەیە، کار دەگاتە ئەوەی شەوی پێش کوژران و تیرۆرکردنی، لە بەرامبەر میوانداری و ئەمەکدارییە ساختەکەی لێدی، بە ئەلماسێکی گرانبەھا لەلایەن پادشاوە خەڵات بکرێت، بەڵام لێدی لەو جۆرە ژنانەیە کە ھیچ جۆرە چاکەو بەخشندەییەک ناتوانێت دوودڵی و رارایی لادروست بکات و بەھیچ شێوەیەک ئەم ھەڵوێستە جوامێرانەی پادشا ناتوانن لە ویست و عەزیمەتی کوشتنی پادشا دوودڵی بکەن.
بەشێوەیەکی گشتی کارەکتەری لێدی لەم شانۆییە ئەو شەیتان و بکوژە ترسناکەیە کە لەناوەوەی کارەکتەری ماکبێس ژیان دەکات و ھەمیشە بەدوای دەرفەتی ئەوە دەگەڕێت کە کارابکرێت و جلەوی پاوانخوازی و تەماعکارییەکانی ماکبێس بگرێتە دەست، ماکبێس ھەمیشە لە خەمی ئەوەدایە کە رێگری لە کارابوونی ئەو ئەھریمەنە بکوژە بکات، ھەربۆیە ھەمیشە دیالۆگی ماکبێس لەگەل لێدی، ھاوتا و ھاوتەریبی ئەو دیالۆگەیە کە ماکبێس لە مۆنۆلۆگەکان لەگەل خۆی ئەنجامی دەدات، بەڵام بەھۆی پێشبینی جادووکەرەکان بۆ داھاتووی ماکبێس، ئیتر ئەو کارەکتەرە (لێدی) پانتاییەکی زیاتر لە دەروون و بیرکردنەوەی ماکبێس داگیر دەکات و ماکبێس ناچاردەکات دەست بۆ کوشتنی پادشا ببات و تەسلیمی ئیڕادەی ئەو ئەھریمەنە بێت کە لێدی نوێنەرایەتی دەکات وەک کارەکتەرێکی پەنھانی نێو بیرکردنەوەی ماکبێس.
ماویەتی


