ماکبێس حەمەسوار عەزیز بەشی یەکەم: ماکبێس خەوی کوشت:
ماکبێس
حەمەسوار عەزیز
بەشی یەکەم:
ماکبێس خەوی کوشت:
یەکێک لە گرنگترین بنەما ھزری و فەلسەفیەکانی تێکستی ماکبێس کە نووسەری گەورەی ئینگلیزی ولیەم شکسپیر نوسیەتی، ئەوەیە کە تاوان سوودی نییە، تاوان مرۆڤ بە مەبەست ناگەیەنێت، بەتایبەتیش ئەگەر کەسی تاوانکار نەجیبزادەو سوارچاک بێت، ماکبێس سەرکردەیەکی جەنگی قارەمان و ئازاو لێھاتووە و یەکێکە لە سوارچاکەکانی پادشای سکۆتڵاند، ئەم سوارچاکە پێگەو پایەکی زۆر بەرزو مەزنی لای پادشای وڵات پادشا (دەنکان) ھەیە، پاشئەوەی لە شەرَێکی گەورەدا ئینگلیزەکان دەبەزێنێت، ئینگلیزەکان دوژمنە ھەمیشەیی و بەردەوامەکەی سکۆتڵاند، لە رێگای گەڕانەوەی تووشی سێ ژنە جادووکەر دەبێت و مزگێنی ئەوەی پێدەدەن کە دەبێتە میری کۆدەرو لە داھاتووشدا دەبێتە پادشای وڵات.
ماکبێس بۆ ئەوەی ئەو ھەواڵە خۆشە بە ژنەکەی لێدی ماکبێس بدات، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە نامەیەک بۆ لێدی دەنووسێت و تیاییدا ھەواڵی سەرکەوتنی شەڕو پێشبینی بوون بە میری کۆدەرو پادشای داھاتووی وڵات بە لێدی دەگەیەنێت، لێدیش زووتر ھەوەسی ئەوەی ھەبووە ببێتە شاژن، پاش ئەم نامەیە ئیتر کەلەکەی ئەوە دەکەوێتە سەری کە پیلانێک بۆ کوشتنی پادشا دەنکان دابنێت و ماکبێس ببێ بە پادشا و خۆشی بە شاژن، ئیتر لەژێر فشاری لێدی، ماکبێس پادشا دەکوژێت و دواتر خوێن خوێنی زیاترو کوشتن کوشتنی زۆرتر بەدوای خۆییدا دێنێت و تا بە کوشتنی ماکبێس خۆی چیرۆکەکە تەواو دەبێت.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ماکبێس بە کوشتنی پادشا دەنکان تووشی ئەو گێژاوە دەروونییە سەختە دەبێت، ماکبێس ئەو شەڕکەرەی کە دەیان و سەدان کەسی بەزەبری شمشێرەکەی کوشتووەو ھەمیشە خوێن لە شمشێرەکەی دەچۆڕێت، بۆچی بە کوشتنی پادشا ھەموو کیان و بونیادی دەکەوێتە لەرزین و گومان، یەکەم رستەش دوای کوشتنی دەنکان مێشک و کاسەی پڕ دەکات ئەوەیە کە "ماکبێس خەوی کوشت، ئیتر نابێت ماکبێس بنووێت"، ئەم رستەیە ھەڵگری فەلسەفەی بنەڕەتی ئەم تێکستەیەو ھەموو تێکستەکە وەک بونیادی ھزری و فەلسەفی و درامی لەسەر ئەو رستەیە بونیادنراوە، ماکبێس خەوی کوشت.
ماکبێس لەم تێکستە پیاوکوژێکی ئاسایی و تاوانبارێکی قێزەوەن نییە، ماکبێس سوارچاکێکە شانازی بە سوارچاکی خۆی دەکات، یەکێک لە سیماکانی سوارچاکی لەو سەردەمەش شەڕەفمەندی و شکۆمەندی بووە، سوارچاک نەوەکو دۆستەکەی و ھاوپەیمانەکەی، تەنانەت شەڕەف و شکۆ رێگەی پێنادەن دوژمنەکەشی لە کاتی خەودا بکوژێت، سوارچاک ھەمیشە دەرفەت بە دوژمنەکەی دەدات تا ھەلی ھاوتای ھەبێت و بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، تەنانەت ئەو کاتەی دوژمنەکەی چەکی پێ نییە، شەڕی لەگەل ناکات و نایکوژێت تا چەکێکی شەڕکردنی پێنەبێت تا دەرفەتی تەواوی بەگریکردنی ھەبێت و شەڕەفمەندانە شەڕبکات، ئەم جۆرە شەڕە سوارچاک ناکاتە پیاوکوژ و کوشتنێکە کە شکۆو سەربەرزی پێگەی سوارچاک دەپارێزێت.
ماکبێس نەوەکو ھەر سوارچاکێکی ئاسایی نییە بەڵکو قارەمانێکی نمونەیی جەنگەو شەڕەفی ئەوەی ھەیە کە بەرگری لە وڵاتەکەی دەکات و دوژمنانی وڵاتەکەی تێکدەشکێنێت، لەمەش زیاتر جێگەی متمانەو باوەڕی پادشای وڵاتە کە پێزانینی زۆری بۆ قارەمانێتی ماکبێس ھەیەو پێش ئەوەی بگاتەوە ناوشار ھەواڵی بەرزکردنەوەی پێگەو پایەی پێدەگات کە پادشا کردویەتی بە میری کۆدەر، ئەم پێگەیەش گەورەترین پێگەیە لە دوای پادشایەتی، ھەر بۆیە بۆ سوارچاکێکی وەک ماکبێس ئەگەرچی حەزو خەونی دەسەڵات و پێگەو پایەی ھەیە، بەڵام کوشتنی پادشا دەنکان بەمشێوەیە و لەخەودا، لە ماڵەکەی خۆشیدا، تاوانێکی قێزەونی گەورەیەو ھەرگیز شایستەی پێگەی سوارچاکێک نییە، بە تایبەتیش کە پادشا دووجار متمانەی بە ماکبێس ھەیە، جارێک وەک سەرکردەیەکی قارەمانی جەنگ و فەرماندەی لەشکر، جارێکیش وەک خزمێکی نزیکی ماکبێس، کە ئامادەیە شەو لە ماڵەکەی ئەودا دوور لە چاوی پاسەوانەکان بخەوێت.
کەواتە ململانێ و بەرکەوتنی ماکبێس لە دیمەنی پێش کوشتنی پادشا و دیمەنی دوای کوشتنی پادشا، پەیوەست نییە بە کوشتن و خوێنڕشتن وەک پرۆسەیەک، بەڵکو ململانێەکە لەنێو ناخی ماکبێسدایە، لەنێوان شەڕەف و خیانەت، سوارچاکی و بوودەڵەیی، ماکبێس نایەوێت وەک بوودەڵەیەک خەڵک بکوژێت تەنانەت ئەگەر ئەو کوشتنە دەروازەی سەرکەوتنە سەر تەختی پادشایەتی بێت، ئەو خەونەی کە دوای مژدەبەخشینی جادووکەرەکان لای ماکبێس گەورەتر و نزیکتر دەبێت، بۆیە ماکبێس لە دیمەنی پێش کوشتنی پادشا، شەڕی گەورەی ئەوەیە کە ئەو پیاوکوژەی نێو ناخی دەستەمۆ بکات و نەھێلێت لە ماڵەکەی ئەودا زەفەر بە پادشا ببات، بەڵام خۆشەویستی ماکبێس بۆ لێدی و خەونی بوون بە پادشایی، وادەکات لە خشتەببرێت و دوای ئارەزووی ئەو کوشتنە قێزەونە بکەوێت، ئەو کوشتنەی کە لەیەکەم خەنجەر وەشاندندا، پەشیمانی ناخی دەخوات و دەیەوێت لێی رابکات، بۆیە کاتێ دوای کوشتنەکە گوێی لە دەنگی زەنگی کڵیساکان دەبێت، ھیوای ئەوە دەخوازێت کە ئەو دەنگە پادشا بەخەبەربێنیتەوەو زیندووی بکاتەوە، وەک ئەوەی پادشا نوستوو بێت نەوەکو مردوو، لێرەدا ماکبێس وەک ئەو کەسە وایە کە لە خەوێکی ناخۆش بەئاگاھاتبێت و ھیوادەخوازێت کە ئەوەی روویداوە تەنھا خەوێک بووبێت و ھیچی تر، ئیتر چۆن زەنگەکان ئەویان بە ئاگاھێناوە، ھیوادەخوازێت پادشا دەنکانیش بە ئاگابێنێت، بەڵام وەک دکتۆر فازیل سودانی لە کتێبەکەی(توندوتیژی و فەوزای رێکخراو لە شانۆی شکسپیر) باس دەکات، ھەمیشە پاڵەوانەکانی شکسپیر دوای کارەساتەکان بە ئاگادێن، دوای ئەوەی ھیچ ھەڵبژاردەیەکیان بۆ نەماوەتەوە.
"ماکبێس خەوی کوشت، ماکبێس نابێت بنوێت"، ئیتر ئەم رستەیە دەبێتە مانشێتی ژیانی داھاتووی ماکبێس، لەیەکەم خەنجەروەشاندندا ماکبێس دڵنەوایی و متمانە دەکوژێت و ترس و گومان دروست دەکات، یەکەم دلۆپە خوێنی دەنکان کە بەدەست و پەنجەیەوە دەنووسێت، دەبێتە دەروازەی کردنەوەی دەرگای دۆزەخ بەڕووی ماکبێسدا، ئیتر کارەکتەرێک نامێنێت بە ناوی ماکبێسی سوارچاک، ئەوەی دوای ئەوە دەبینرێت ماکبێسی پیاوکوژو خیانەتکارو ترسنۆکە، ئەو پیاوکوژەی کە ترسی لە خودی سێبەرەکەی خۆی ھەیەو دەیەوێت ھەموو کەسە نزیکەکانی لەناو ببات تا کورسی دەسەڵات بپارێزێت، ئەو کورسییەی کە نرخەکەی ئاگایی و نەخەوتنە، ئیتر شەڕەف و شکۆمەندی و دڵنەوایی بوونی نامێنێت و ترس و خیانەت و بوودەڵەیی و گومان جێگەی دەگرێتەوە، ماکبێس لە سەرکردەیەکی قارەمان و خۆشەویست و جێگەی متمانە، دەگۆڕێت بۆ پادشایەکی خوێنڕێژ و ستەمکارو ترسنۆک، لە کەسێکی ئارام و دڵنیاو خۆشگوزەران، دەبێتە کەسێکی شپڕەزەو شێواو و بەدبەخت، کەسێک کە ھەرگیز ناتوانێت جارێکی تری ئاسوودەیی و دڵنەوایی بەدەستبێنێتەوەو ھەموو ئیمتیازو شکۆمەندییە ساختەکانی پادشایەتی و کورسی دەسەڵات، ناتوانێت ھەستی بوودەڵەیی و ترسنۆکی و نائارامی لەناخیدا بسڕێتەوە، تەنانەت ھیچ جۆرە خۆشەویستی و حەزێکی تیا نامێنێت، بۆیە کاتێ ھەواڵی مردنی لێدی پێڕادەگەیەنن، ھیچ کاردانەوەو حەسرەتێکی نییە، چونکە ئیتر ئەو ناتوانێت کەسی خۆشبووێت و بیر لە چارەنووسی کەسیتر بکاتەوە، ئەگەر نزیکترین و خۆشەویسترین کەسیشی بووبێت، ئەو ھەمیشە رووی لە جادووکەرەکانە ئاخۆ داھاتووی چییە و کێ دەتوانێت لەناوی ببات و کەی لەناو دەچێت، کاتێکیش دەکەوێتە نێو تەلەکەی پێشبینی جادووکەرەکان و پێیدەڵێن کە تۆ دەمێنیتەوە تا دارستانی بێرنام لە شوێنی خۆی دەجولێت و ھیچ کەسێک ناتوانێت تۆ بکوژێت کە لە دامێنی ژنێک کەوتبێتەوە، ئەم دوو پێشبینییە جۆرێک لە بوغرابوون و دڵنەواییەکی ساختەی پێدەبەخشن، چونکە ھەرگیز ناتوانێت وێنای ئەوە بکات کە دارستانی بێرنام جولە بکات و کەسێک ھەبێت کە لە دامێنی ژنێکەوە نەکەوتبێتەوە.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە کە ماکبێس ھیچ کاتێک کەسێکی خاوەن ئیڕادەو ویستی خۆی نییە، بە پێچەوانەوە ھەمیشە ئەم کارەکتەرە لە لایەن ئەوانیترەوە دەجولێندرێت، سەرەتا لە لایەن لێدی و دواتر لە لایەن جادوکەرەکانەوە، ئەم رەھەندەش لە کارەکتەری ماکبێس بەشێوەی بەرچاو لەلایەن دەرھێنەرەوە کاری لەسەر کرابوو کە دواتر لە بەشەکانی تر ھەڵوەستەی لەسەر دەکەم.
ماویەتی

