دروست كردنی بینەر لە شانۆی كوردی دا حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman
دروست كردنی بینەر لە شانۆی كوردی دا
حەیدەرعەبدوڕەحمان
پرسیارێكی گرنگم هەبوو بۆ هەموو شانۆكارانی كوردستان، ویستم بپرسم ئاخۆ هۆی چیە نمایشێكی شانۆیی كوردی زێتر لە 2500 بینەری هەبێت و بۆ ماوەی 18 رۆژ لە نمایش كردندا بەردەوام بێت و هۆڵی شانۆیی جمەی بێت لەبینەران، كەچی نمایشی تریش هەبێ بینەر بۆ تەنیا جارێكیش سەلیقەی بینینی نەبێ و و بیەوێت وەك چۆلەكەیەكی هەناسە لێ بڕاو لە قەفەزدا پەنجەرەیەك بدۆزێتەوەو بفڕێت و خۆی رزگار بكات ؟
ئایا ئەو بەردەوام بوونەی بە زیندوو راگرتنی شانۆ، یاخود فاكتەرەكانی مردنی شانۆ لەدەسەڵاتی كێ دایە، یان كێ لێی بەرپرسیارە ؟
بَێگومان بەپلەی یەكەم دەرهێنەرە كە پێشەنگی كارە و شادەماری خوێنی شانۆو بە زیندوو راگرتن، یان كوشتنی شانۆیە.
دەرهێنەر ئەو كەسە ساحیرە لێزانەیە كە هەموو ئامرازەكانی گەمەی شانۆیی بەكار دێنێ، بۆ ئەوەی بینەر بخاتە ژێر كاریگەرییەكانی نمایش ..
دەرهێنەر لەشانۆدا دوو جەمسەری گرنگی بە دەستەوەیە، یەكێكیان بە هاوسەنگ راگرتنی ریتمی نمایشە لە رێگەی پیرفۆرمانسی ئەكتەرو سینۆگرافیای شانۆیی .
دووهەمیان: بەهاوسەنگ راگرتنی چێژی بینەرە بۆ وەرگرتن و دانەپچڕان لەبەردەوام بوونی وەرگرتنی ئەو چێژە، ئەگەر هەر كاتێ ئەو دوو جەمسەرە بەیەك ئاراستەو بەیەك ئاست لەریتم وەرگرتن نەڕۆیشتن ، ئەوە ریتمی هاوسەنگ راگرتنی نمایش لەنگ دەبێت و مەودای نێوان نمایش و بینەر دەڕوخێ و زۆر بە خێرایی نمایش دەمرێت، ئیدی هیچ دەسەڵاتێك بەدەست دەرهێنەرەوە نامێنێ بۆ ئەوەی شانۆیەكی مردوو لە سەر شانۆ زیندوو بكاتەوە .
بەڵام دەكرێ بپرسین ئاخۆ سەرچاوە بنەڕەتیەكانی راگرتنی ریتمی نمایش و سەرچاوەكانی وروژاندنی بینەر لەكوێ دایە ؟
پیرفۆرمانسی ئەكتەر
بَێگومان لەكۆی گشتی نمایشدا نواندن و ئەكتەر، كرۆكی بەزیندوو راگرتنی نمایشن كەدەتوانن بە پێرفۆرمانسی ئەكتەر و بەرجەستە كردنی جەستە، ئەكتەر ببێتە سەرچاوەی سەرنج راكیشانی بینەرو وروژاندنی …
هەر كات ئەكتەر توانی ببێتە نیگار كێشێكی سەركەوتوو لە رەسم كردنی فۆرمی ناوەوەو دەرەوەی كاراكتەر بە تایبەت لە رووی بەرجەستە كردنی حاڵەتە سایكۆلۆژییەكانی ، ئەوە دەتوانێت تایبەتمەندییەكی جیاواز لە كاراكتەرەكانی دیكە دروست بكات و وەك ئەكتەر كاریگەری ئەكتیفی هەبێت لە راگرتنی ریتمی نمایش و وروژاندنی بینەر بە هەموو هەستە جیاوازییەكانییەوە ..
كاریگەرییەكانی سینۆگرافیا لەسەر بینەر
بەڵام جگە لەئەكتەر دەرهێنەر زۆر كارتی دیكەی بەدەستەوەیە بۆ وروژاندنی بینەرو كەوتنە ژێر كاریگەری سیحری شانۆ، بەتایبەت ئەو كارتانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بەچاوی بینەرەوە هەیە، لەوانەش (سینۆگرافیا) بەتایبەت (تەكنیكی شانۆیی) كە دەتوانێت بەهێما و رووناكی چاوی بینەر تێر بكات لەجوانی، لەو تەكنیكەدا دەرهێنەر فاكتەرە وروژێنەرەكانی وەك بەكارهێنانی رووناكی، بۆ تاریك و روون كردنی فەزای شانۆو دروست كردنی ئەتمۆسفیری شانۆیی و بەكارهێنانی رەنگ بۆ بەرجەستە كردنی وێنەی شانۆیی بەكار بێنێ.
هەمیشە سینۆگرافیا بەرەگەزەكانی دیكۆرو رووناكی و جلوبەرگ و تەكنیكەكانی دیكەی شانۆ دەبنە پێكهاتەیەكی هەمە لایەنە لەستاتیكای شانۆیی و دروست كردنی توخمەكانی كاریگەر بوونی بینەر .
وروژاندنی سایكۆلۆژی :
لەپاڵ ئامرازە شانۆییەكانی دیكەی دەرهێنەر بۆ فێڵی چاوو تێر كردنی، دەرهێنەر چەند ئامرازێكی سایكۆلۆژی دیكەی بەدەستەوەیە، كە راستەوخۆ پەیوەندییان بەهزرو دەروونی بینەرەوە هەیە و دەبن بە فاكتەرێكی كاریگەر بۆ وروژاندنی بینەر لەناخەوە، لەوانەش بەكارهێنانی موزیك، كارتێكەرە دەنگیەكان.
ریتم:
هەموو ئەو تەوژمانە بەیەك ئاست و بە یەك ئاراستە روو لەهەست و بیرو ئەندێشەی بینەر دەكەن، بۆ ئەوەیە بینەر تابوتێك نەبێت لەهۆڵی شانۆدا داندرابێت، بەڵكو پارچەیەكی هەرە زیندووی جەستەی ئەو شانۆیە بێت
كاردانەوەی بینەر بۆ سەر نمایش
كەواتە دەرهێنەر چەند ئەوەندەی كار بۆ دروست بوونی ئەكتەر و پێكهێنانی ئامرازەكانی دیكەی شانۆ دەكات، ئەوەندەش بۆ دروست كردنی بینەر، هەركاتێك بینەر بوو لەپرۆسەی شانۆییدا لەزەهنی دەرهێنەردا غائیب بوو، ئەوە بزانە نمایش چارەنووسێكی رەشی دەبێت .
بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت، چەند ئەوەندەی نمایش كاردانەوەی بەسەر هزرو ئەندێشەو حاڵەتی فسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی بینەرەوە هەیە، ئەوەندەش بینەر كاردانەوەی لەسەر شانۆكارەكانەوە هەیە لە سەر شانۆدا، هەمیشە ئەكتەرەكان بەشێك لەوزەو خوێنی پیرفۆرمانسی خۆیان لەبینەرەوە وەردەگرن، بۆیە كاری شانۆیی هەمیشە پرۆسەیەكی دوو لایەنەیە لەنێوان نمایش و بینەردا و ناتوانن پێكهاتەی شانۆیی تاك تاكەیی پێك بێنن .
بە كولتوور كردنی شانۆ
ئەو تیۆرە لەپیشەسازی درست كردنی بینەردا لەلایەن دەرهێنەرەوە هەر تەنها گرەنتیەك نیە بۆ سەركەوتنی نمایش و بەجێمانی ئاسەوارەكانی نمایش بۆ ماوەی دوورو درێژ لەسەر پانتایی هزری بینەردا، بەڵكو دەبێتە تیۆرێكش بۆ پەروەردە كردنی بینەرو بەكولتوور بوونی شانۆ لەرووە كۆمەڵایەتیەكەوە، چونكە هەمیشەپرۆسە شانۆییە زیندووەكانن دەبنە هاندەر بۆ گەڵاڵە بوونی ئەو كولتوورەو بەرز بوونەوەی قەوارەی هوشیاری شانۆیی، پرۆسە مردووەكانیشن دەبنە مایەی تێكشكاندنی كولتوورە شانۆییەكان لەكۆمەڵگادا .
پەروەردە كردنی بینەر
كەواتە نمایش ئاراستەیەكی پەروەردەیی شانۆییشی هەیە، كە هەمیشە بینەر وەك نموونەیەكی بچووكی كۆمەڵگا وەری دەگرێت و بەسەر كۆمەڵگادا پەخشی دەكات، ئەگەر نمایش توانی بینەر لەئەزموونی خۆی دا رازی بكات و بیخاتە ژێر كاریگەرییەكانی، پەیوەندی شانۆ لەگەڵ بینەردا بەهێز دەكات و بینەر ناچاری ئەوە دەكات، وەك پێداویستیەكی ژیانی رۆژانەی، پێویستی بەشانۆ بێت و بە دوای شانۆدا بگەڕێت، ئەگەریش نمایش ئامانجی راستەقینەی بۆ بینەر نەبوو، بەڵكو بینەر بكات بەوەسیلە بۆ گەیشتن بەكۆمەڵێ بەرژەوەندی تایبەتی، بینەریش نەیتوانی جوگرافیای خۆی لەنمایشدا بدۆزێتەوە، ئەوە بینەر شانۆ بەزەرورەت نازانێ و پێی وا دەبێت كە بوون و نەبوونی شانۆ بۆ ئەو وەك یەكە، بەمەش پرۆسەی بەكولتوور بوونی شانۆ پَێویستی بەزەمەنێكی تر دەبێت بۆ خۆ دروست كردنەوەی دوای روخان كەواتە نمایش رۆڵی سەرەكی هەیە لەچارەنووسی شانۆو بەكولتوور بوونی شانۆو بەكولتوور نەبوونی..
بینەرو مەعریفەی شانۆیی
لەپاڵ ئەو تیۆرانەی لەرووی پەروەردەی شانۆیی و بەكولتوور بوونی شاانۆ لەكۆمەڵگادا وروژاندمان لە هەمان كاتدا نمایش كاریگەری هەیە لەسەر هوشیاریی و مەعریفەی شانۆیی بینەر ..هەمیشە بینەر سەرچاوەكانی هزرو مەعریفەی خۆی لەشانۆدا وەردەگرێت، لەشانۆوە بینەر دەبێتە كەسێكی خاوەن خەیاڵی جوان، لەوێ راستەوخۆ چێژ وەردەگرێ، لەوێ دووچاری شۆك بوون دەبێت و تەزوو بەجەستەی دادێ، بەنهێنی فرمێسك دەڕێژێ، بەنهێنی دەگری ..ئەو تەفاعولاتە راستەوخۆیانە بینەر دەگۆڕن بۆ ئینسانێكی تر، ئەوە نەبێت پێش هاتن بۆناو هۆڵە شانۆییەكە هەبوو ..كەواتە ئەگەر نمایش بەو شێوە موگناتیسیە كار لەمێشك و هەست و ناخی بینەر بكات و بیكات بە ئینسانێكی تر، بینەر ناچاری ئەوە دەبێت لەژێر گوشاری ئەو هەموو فاكتەرە وروژێنەرانە بەدوای نهێنیەكانی ئەو وروژاندنادا بگەڕێ و ببێت بە كەسێكی هوشیارو خاوەن مەعریفەیەكی شانۆیی .
