دەربارەی ئەدەب

نووسینی/ عوسمان ئەحمەد

سەرنووسەری/ گۆڤاری نووسین ‌ ‌

ڕەخنەی ئەدەب

 

ئەدەب لە سەرەتای دەرکەوتنی شارستانییەتەوە هاتۆتە بوون و ڕۆڵی هەبووە لە بەرەو پێشبردنی شارستانییەت، یەکەم نووسینێک کە مرۆڤ نووسیبێتی بەدەقی ئەدەبی ئەژمار دەکرێت و ( شیعر) یش یەکەم ژانری ئەدەبییە، هەر بەم پێیە شیعر مێژوویەکی زیاتر لە( ٣٠٠٠) ساڵی هەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شیعری سۆمەری، کە داستانی( گەلگامێش) یەکەم داستانە شیعری سۆمەرییەکانە. بەدرێژایی مێژوو شیعر ژانرێکی سەرەکی ئەدب بووە، لەگەڵ دەرکەوتنی شارستانییەتی یۆنانی و گەشانەوەی ئەم شارستانییەتە لە سەدەی پێنجەم و چوارەمی پ.ز جۆرێکی تر دەقی ئەدەبی دەرکەوت کە( شانۆنامەیە) نووسەرانی دەقی شانۆی یۆنانی دێرین وەکو ( یۆرپێدس، سۆفۆکلیس، ئەسخیلۆس، ئەریستۆفانیس) شاکاری ئەدەبی گەورەیان داهێنا. تراژیدیاو کۆمیدیا دوو جۆری داهێنانی ئەدەبی سەردەمەکەی خۆیان بوون. لە سەدەی چوارەمی پ.ز یەکەم جار لایەن ئەفلاتوون ( ٤٢٨ - ٣٤٧ ) لێکۆڵینەوە و دواتر هەڵسەنگاندنی بۆ شیعرەکانی ( هۆمیرۆس و شاعیرە هاودمەکان و دواتری) کردووە، پاشان لەلایەن ئەرستۆ ( ٣٨٤ - ٣٢٢ پ.ز) کتێبێک بەناوی ( هونەری شیعر) دانرا کە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن بوو بۆ دەقە ئەدەبییەکانی ئەو سەردەمە ( شیعر، تراژیدیا، کۆمیدیا).

لەسەدەکانی ناوەڕاست و سەرەتای دەستپێکردنی ڕێنیسانسدا لە ئەوروپا، دەقێکی ئەدەب وەک( کۆمیدیای خواوەندەکان) ی دانتی بە یەکێک لەسەرەتاکانی دەستپێکردنی ڕێنسانس دادەنرێت.

دیارە ئەدەب پەیوەندیدارە بە گەشەکردنەکانی فکر و فەلسەفەوە، ئەمەش لە مێژووی ئەدەب و فەلسەفەدا دەردەکەوێت، بۆ نموونە، سەردەمی قۆناغەکانی بارۆک و کلاسیزم و پۆست کلاسیزم، سیمبۆلیزم، ڕۆمانسیت، ڕیالیزم لە ئەدەبی فەڕەنسیدا هەموو ئەم ڕێبازە ئەدەبییانە هەماهەنگ بوون لەگەڵ فەلسەفەی سەردەمەکانی خۆیاندا. ئەگەر سەیری مێژووی ئەدەب بە گشتی بکەین دەبینین زۆربەی کات ڕێبازە فکری و فەلسەفییەکان لەگەڵ ئەدەبدا کارلێکیان هەبووە. بیرۆکەی ئەدەب بابەتێکی سەرەکی لێکۆڵینەوەیە، چونکە ئەدەب پرسیار دەکات دەربارەی مرۆڤ و ڕێگەکانی پەیوەندیکردنی نێوان مرۆڤەکان، ئەمە میراتی ڕێنسانسە بۆ ئێمە کە یەکێکە لە دۆزینەوەی دووبارەی بیرۆکەکان لە کلاسیکی ڕابردوو دا.

لێکۆلینەوەی ئەدەب لەسەردەمی ڕێنسانسدا لەلایەن فیلۆلۆژیستەکانەوە شێوەیەکی تایبەتی پێدرا، فیلۆلۆژیستەکان بەشێوەیەکی سەرەکی ئارەزوومەند بوون بۆ ئەوەی چییان دەربارەی سروشتی زمان هەیە پێمان بڵێن، ئەمەش لەلایەن ڕەوانبێژەکان(ڕیتۆریکییەکان) لێیکۆڵدراوەتەوە، چونکە ئەمە هونەری زمانپاراوی ڕازیکردنە، دیارە ئەم بابەتە لەلایەن فەیلەسوفەکانی ئاکاریشەوە لێیکۆڵدراوەتەوە، هەندێ جار ئەم فەیلەسوفانە ئارەزوومەند بوون ئەم لێکۆلینەوەیە لەناو ئەدەبدا بکەن چونکە ئەمە پشتیوانی دەکات لە ڕێنیشاندانی مرۆڤ، ئەوەی لەلایەن مێژوونووسەکانەوە لێیکۆڵدراوەتەوە تۆمارکردنی ڕابردوو دەگرێتە خۆ، ئەمەش لەلایەن لێکۆڵەرەکانەوە پەیوەستکراوە، لێکۆڵینەوەی لە وردی و ڕاستی دەقەکان لە کلاسیکدا، هەندێ جار زانینی ئەو دۆخەی دانەرەکان تیایاندا نووسیووە، ئەم بابەتە ئێستا پێی دەوترێت ڕەخنەی ئەدەبی. ڕەخنەی ئەدەبی وەک بەشێکی سەرەکی پەیوەندیدارە بە ئەدەبەوە دامەزراوە ئەمەش بەهۆی لێکۆلینەوەی ئەکادیمی ئەدەبەوە. لە دوای ڕێنسانس و ڕۆشنگەری کاتێک ڕەخنەی ئەدەبی پراکتیک کرا جەختی کردووە لەسەر دەستەواژەکانی وەک(( دانەر )) ، (( کاراکتەر)) ، ((ڕۆمان)) چونکە ئەمانه سروشتپێوەری لایەنی ئەدەبن. جیا لە دەقە ئەدەبییەکانی پێشتر( شیعر، شانۆنامە) لەسەردەمی مۆدێرندا دەقێکی تر پەیدابوو کە ئەویش ( ڕۆمان) بوو. ڕۆمان دەقێکی ئەدەبی تازەی بوو کە گوزارشتی لە داهێنانێکی نوێ کرد و دنیای تازەی سەردەمی مۆدێرنەی وەسفکرد، هەروەها ئەدگار و ژیانی مرۆڤی لەناو ژینگەی ئەم دنیا تازەیە دا شیکردۆتەوە، وەک تیۆریستی ئەدەبی و فەیلەسوفی هەنگاری( جۆرج لۆکاش) دەڵێت: لەگەڵ دەرکەوتنی قۆناغی سەرمایەداری ڕۆمانیش دەرکەوت. لەسەردەمی مۆدێرنەدا ڕۆمان وەک دەقێکی ئەدەبی تازە پەیدابوو، دواتریش ( چیرۆک و کورتە چیرۆک) پەیدا بوون، لەگەڵ پەیدابوونی ئەم دەقانەدا ڕەخنەی ئەدەبی فراوانبوون و گۆڕانی بەخۆوە بینی. ڕەخنەی ئەدەبی سەرقاڵی خوێندنەوە و ڕاڤەکردنی تایبەتمەندی دەقە ئەدەبییەکانی( ڕۆمان، چیرۆک، کورتەچیرۆک، شیعر) بوو.

هەر بۆیە ڕەخنەی ئەدەبی وەک بەشێک لەئەدەب دیاریکراوە. ئەم ئاڕاستە کردنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی بووەتە چالاکییەکی کارا و دیاری لە لێکۆڵینەوەی ئەدەیبدا، ئەمەش لەلایەن ڕەخنەگرە پسپۆڕەکانەوە دیاریکراوە و لە شێوەی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە دا پەخش و بڵاوبۆتەوە. لەگەڵ بەرەوپیش چوونی دنیای مۆدێرن و داهێنانی نوێ لە دەقە ئەدەبییەکاندا بە تایبەتی ( ڕۆمان و چیرۆک)٠

دەستەواژەی ڕەخنەی کاتێک گرنگیەکی بەرچاوی بەدەستهێنا کە یەکیەتییەکی لە زمانی ئینگلیزیدا دروست کرد لە لێکۆڵینەوەی دەقە ئەدەبییەکان لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزەدەیەمدا، دیارە ڕەخنەی ئەدەبی لەناو ڕێگە جۆرا و جۆرەکاندا بەکار هات و لە سەدەی بیستەمدا گەشەی کرد، شاعیر و ڕەخنەگری ئینگلیزی سەدەی نۆزدەیەم( ماتیۆ ئارنۆڵد) دەستی کرد بە بەکارهێنانی دەستەواژەی( ڕەخنە) و جەختی لەسەر کردەوە، ئەمەش لە وتارێکدا بەناوی( بنەمای ڕەخنە لە سەردەمی ئێستاماندا) کە لە ساڵی ( ١٨٦٧) .ز نووسی. دوای ئەویش ڕەخنەگری سەدەی بیستەم ( I. A ڕیچاردز) دەستەواژەی ( ڕەخنەی پراکتیکی) بەکارهێنا، ئەم دەستەواژەیە هەڵسەنگاندنێکی چالاکی هەبوو لە لێکۆڵینەوەی تایبەتمەندی زمانی ئینگلیزی و ئەدەبدا.

جیا لەمانەش لە سەدەی بیستەمدا ڕەخنەگری بەناوبانگ ( F. R لێڤیس) ڕەخنەی دیاریکردووە و ناساندویەتی. هەروەها ( T.S ئەلیوت) گرنگی داوە بە ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەی ئەدەبی نووسیوە.

ڕەخنە چەترێکی زۆر فراوانە، دەستەواژەیەکە ڕێگە جۆرا و جۆرەکان و دەستەواژەکان دەربارەی ئەدەب دەگرێتەوە، هەروەها لە چالاکی ڕەخنەگرتن و توێژینەوەی ئەکادیمی ڕەخنە بەکاردێت، ڕەخنەی ئەدەبی ئێستا هاوشانە لەگەڵ تیۆری ئەدەبی کە ئەمانە گرنگترین بەشی ئەدەبن و هەنوکە لە دونیا دا گرنگیان پێدەدرێت، بۆیە لەم پێشەکییە کورتەدا بەهەمان شێوەی ڕەخنەی ئەدەبی ئاماژەیەکی زۆر کورت دەدەین بە تیۆری ئەدەبی. لە دیاریکردنی ئەو بوارەی پێی دەوترێت تیۆری ئەدەبی لەوانەیە ئەدەب پێناسەیەکی تایبەتی خۆ بۆ هەبێت. دیارە دەستەواژەی( ئەدەب) هەر لە زووەوە لەناو ڕێگەکاندا بەکارهاتووە، وەک ( ڕۆجەر ویبستەر) لێکۆڵەری ئەدەب دەڵێت: پێویستە بەکارهێنانی تیۆری ئەدەبی نەبێتە چەمکێکی گرفتئامێز. دەستەواژەی تیۆر پێگەیەکی تایبەتی هەیە لەناو لێکۆڵینەوەی بابەتەکان لە هەریەک لە زانستەکانی( فیزیا و کیمیا) هەروەها ڕۆڵێکی دیاریکراوی هەیە لە کۆمەڵناسی و فەلسەفەدا. هەندێ جار هەبووە تیۆر پەراوێز خراوە و تەنانەت بێبایەخیش کراوە. لێکۆڵینەوەی میژوو زۆر جار لە تیۆرەوە کلاوە.

دیارە ئەدەب لە توێژینەوەی و هەڵسەنگاندندا تیۆری لە خۆگرتووە، تیۆری ئەدەب یاخود تیۆرە ئەدەبییەکان دەتوانن ڕێگەی جۆراوجۆر لە پێناسەکردنی ئەدەبدا بخەنە ڕوو، ڕەنگە هەر پێناسەیەک جۆرە هەوڵدانێکی تیۆری بێت، پێناسەی تیۆرەکان جیاوازن. ئەوکەسەی وەک وتەبێژ لێدوانی لەسەر ئەدەب داوە و تیۆریزەی کردووە پێی دەوترێت( تیۆریستی ئەدەبی) تیۆری ئەدەبی وێنەی ئەدەب دەکێشێت، هەندێ جار دەتوانین لە ئەنجامی ململانێی هەڵوێستەکانەوە جیاواز نێوان تیۆرە ئەدەبییەکان بدۆزینەوە. تیۆری ئەدەبی، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە پێویستە چۆن لێکۆڵینەوە لە ئەدەب بکرێت، هەروەها لە چییەتی ئەدەب دەکۆڵێتەوە، فەیلەسوفی بونگەرا ( ژان پۆل سارتەر) کتێبێکی هەیە لەسەر چییەتی ئەدەب بەناوی ( ئەدەب چی یە) لێرە دا دەتوانین جیاوازییەک لە نێوان تیۆری ئەدەبی ڕەخنەی ئەدەبی ببینین. ئەگەر سەیری ڕەخنەی بکەین زیاتر گرنگی دەدات بە خوێندنەوەو ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردنی دەقەکان لەمەوە ئەدەب دیاری دەکرێت. بەڵام تیۆری ئەدەبی زیاتر بە دوو ئەرک هەڵدەسێت، یەکەم: پێوانەیەکمان بۆ دەستەبەر دەکات بۆ دیاریکردنی ئەدەب لە شوێندا، هەروەها زانیاری ئەم پێوانەیەمان دەداتێ لە کردەی ڕەخنەییدا. دووەم: پێویستە تیۆری ئەدەبی زانیاریمان بداتێ دەربارەی میتۆدەکان و ڕێسای کارکردن کە پڕۆسەی ڕەخنەی ئەدەبیدا بەکاردەهێنین، بۆ ئەوەی تەنها پرسیاری دەق نەکەین واتا تەنها لە دەق نەکۆڵینەوە بەڵکو ڕێگەکانی ناو دەقیش بخوێنینەوە و شڕۆڤەیان بکەین، لەم ڕاڤەکردنەدا پێویستە جیاوازی پێک بهێنین لە شێوازو جۆری ڕەخنەکاندا. ئەوەی لەتیۆری ئەدەبیدا زۆر گرنگی پێدەدرێت، ئەم پرسیارانەیە ئەدەب چی یە؟ تیۆر چی یە؟ ئەمە لە کاتێکدایە، ئەم دوو لایەنە لە ژێر( تیۆری ئەدەبی) خەمڵێنراون.

هەندێ جار تیۆریستەکان گفتوگۆیان لەسەر تیۆری ڕەخنەیی کردووە لەبری تیۆری ئەدەبی، دیارە ئەم دووانە تەبایی و گونجاوییەکی زۆریان هەیە و شوێنیان هەیە لە لێکۆلینەوە ئەدەبییەکاندا، لە هەمان کاتدا ئەم دوو بوارەی تیۆر هاوبەشی تایبەتیان نییە لە هەمان ئەو ڕێگەیەی ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ئەدەبی هەیانە جیاناکرێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا هەریەک لەمانە پەیوەندیدارن بەیەکەوە. ڕۆجەر ویبستەر لە کتێبی( لێکۆڵینەوەیەک دەبارەی تیۆری ئەدەبی) بە هێڵکارییەکی جوان پەیوەندی نێوان ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ئەدەبی درخستووە بەم شێوەیە:

ڕەخنەی ئەدەبی

دەقی ئەدەب

تیۆری ڕەخنەیی/ تیۆری ئەدەبی

وەک ئاماژەمان پێدا تیۆری ئەدەبی و ڕەخنەی ‌ئەدەبی دوو بواری گرنگی ئەدەبن که لە دنیادا زیاتر گرنگیان پێدەدرێت. ئەگەر سەیرێکی ئەدەبیاتی کوردی بکەین دەبینین زۆر خاڵییە لەم دوو بوارە، جگە لەمەش جگە لە هەندێ شیعری شاعیرە کلاسیکییەکان تا ئێستا ئەدەبیاتی کوردی دەقێکی ئەدەبی مەزنی بەرهەم نەهێناوە، لەگەڵ ئەمەشدا خاوەنی ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ئەدەبی نین، ئەوەی لەم بوارە دا دەیبینین و بەداخەوە هەندێ جار ناوی ڕەخنەی ئەدەبی لێدەنرێت، یاخود پێداهەڵدانی نووسەرە یان لە هەندێ ڕق و کینەی شەخسییەوە قسە لەسەر نووسەر دەکرێت، هەندێ جار ئەمە لەلایەن حیزبی دەسەڵاتەوە بۆ گەورە کردن یا بچووککردنەوەی نوووسەرێک دەکرێت، دیاره ئەمەش زۆر دوورە لە ڕەخنەی ئەدەبی. هەر چەند نەتوانراوه ڕەخنەی ئەدەبی لەناو ئەدەبی کوریدا بنووسرێت و دەقێکی ڕەخنەیی وا بوونی نییە بەڵام دەتوانرێ لە ڕێی چەند کتێبێکی بەپێز دەربارەی ڕەخنەی ئەدەبی تیۆری ئەدەبی دەلاقەیەک بکرێتەوە بۆ دەرباز بوون لەم پەڕپوتییەی ئەدەبی کوردی تێیدایە. کاتێک خوێنەری کوردی سەرچاوەی دەربارەی ئەدەب و لایەنەکانی ئەدەب لەبەردەستدا بێت، ئەوکات خوێنەرێکی کارا و وریا دروست دەبێت و ناتوانرێت، کەسانێکی ئاست نزم گەورە بکرێن و ناویان بنرێت شاعیری گەورە و پێیان بوترێت نووسینەکانیان لەئاستی جیهانیدان؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە دەقێکی وا بەهێزمان نییە کە ئاوەها نووسەرەکەی گەورە بکرێت؟؟ ئەوەی دەیبینین ناو گەورە کردن و هەندێ جار دەرکردنی کتێبی قەبە و گەورەیە، بەڵام ئەمانە واتای ئەوە نین کە ئەدیب و شاعیری گەورەمان هەیە، هایدگەری فەیلەسوف و بیرمەند دەڵێت( گرنگ نییە قەبارەی کتێبەکان چەند گەورەن و چەند زۆریان لێدەفرۆشرێت، گرنگ ئەوەیە ناوەڕۆکی کتێبەکان چییان تێدایە)، لە ڕاستیدا لە دونیای ڕۆشنبیری کوردیدا خوێنەرێکی زۆر ناشارەزا و داماومان هەیە، کە پێچەوانەی قسەکەی هایدگەر کتێبی قەبە و گەورەی زۆر لا گەورە کراوه، ئەمەش وایکردووە چەند کەسێکی ئاست نزمی لێببێتە نووسەر و شاعیری گەورە، بەڵام ئەوەی لە ئەدەبی کوریدا دەیبینین ناوی گەورە کراوە لەلایەن حیزبی دەسەڵات بەڵام ناوەڕۆکدا دێی وێرانە. لە ئێستا دا زۆر پێویستمان بە تیۆری ئەدەبی و ڕەخنەی ئەدەبی هەیە بۆ ئەوەی هەنگاو بنێین بۆ دەربازکردنی ئەدەبی کوردی لەم دۆخە پەڕپوتەی، لەمەشدا وەرگێران ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، چونکە سەرچاوەی دەخاتە بەردەستی خوێنەری کوردی و مەودای بیرکردنەوەی فراوان دەکات. لەم پێناوەدا ساڵی (٢٠٠٦) زیاتر لە نیوەی کتێبی ( سەرەتا یەک دەربارەی لێکۆڵینەوەی تیۆری ئەدەبی، دانانی: روجەر ویستەر کە پێشتر ئاماژەم پێداوە) کرد بە کوردی، بەڵام کاتێک زانیم بەڕێزێک ئەو کتیبە وەردەگێڕێت من وازم لێهێنا.

سەرچاوەکان :

1 AN INTRODUCTION TO LITERARY CRITICISM BY: RICHARD DUTTON

2 STUDYING LITERARY THEORY BY: ROGER WEBSTER

3 Histoire de la literature en france Par : Michel echelard