دەسا بڕۆ، عاشقانە بڕۆ...

چەند ساڵێکە لە زیندان بەر بوومە. خووم داوەتە فەلسەفە و چەندان و چەندان جار بە تامەزرۆییەوە کتێبەکانى ئەفلاتوون و کانت و هیگڵم خوێندوونەتەوە. ڕێگەیان بۆ کردوومەتەوە تا بگەڕێمەوە نێو دونیاى ئەرستۆکراتییەکانى ڕووسیا؛ هەمان ئەو لە سەدا دەیەى کە دەتووانن بنووسن و بخوێننەوە، هەروەها دەشڵێن کەیفیان بە کتێبەکانم دێت. لە بەرەبەرى چلوپێنج ساڵیدام و لە ئاستانەى دەرگەدا پیرى دەبینم. لەم ڕۆژانەدا زۆر هەناسەتەنگ دەبم، وەلێ دکتۆرەکان دەڵێن شتێکى ئەوتۆ نییە و لانیکەم بیست ساڵى دیکەش دەژیم. ئایا بەر لە مردن شتێکى تازە لە ژیانەوە فێر دەبم؟ جا من بیر لە هەموو ئەم ساڵانە دەکەمەوە؛ لەو ساڵانەى کە لەبەردەممدان.

ئێمە هەرگیز لە کتوپڕێکدا فێرى هیچ شتێک نابین، گەیشتنە ئاگایی لە چرکەیەکدا، چەندان ڕۆژ و مانگ و ساڵ ژیانى ڕاستگۆیانەى لەپشتەوەیە. بۆ ئاشکراکردنى حەقیقەت، ئێمە گشتمان بە هەموو نەزانیی خۆمانەوە دەست پێ دەکەین و ئەگەر واشى بۆ دەچن کە بەو هەموو نەزانییەى خۆتانەوە زوو دەستتان بە حەقیقەت ڕاگەیشتووە، ئەرخەیان بن کە چاک دەرکتان پێ نەکردووە.

دونیاى ئێمە تەنیا بە شەیداییەکى ڕاستەقینە بۆ حەقیقەت ڕزگارى دەبێت. چەندان جار لە خۆمم پرسیوە ئایا بە لەبەرچاوگرتنى ئەو هەموو نادادپەروەرى و ئازار و شەڕەنگێزییەى کە دەیبینین، دونیا هەمان ئەو دۆزەخە نییە کە باس دەکرێت و ئێمەش لەوە تۆقیوین پاش مردن تێى بچین؟ ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت کە لە ناخى دڵى خۆمانەوە دەزانین ئەوەى کە ڕۆیشتووە، لەم دۆزەخە نەجاتى بووە. ئەم دونیایە بۆ ئێمە هەر وا بە دۆزەخى دەمێنێتەوە تا ئەو ڕۆژەى کە دڵەکانمان لە دۆزەخیبوون دەکەون. دۆزەخ چییە؟ من دایمە بڕوام وا بووە کە دۆزەخ هیچ شتێکى تر نییە جگە لە بێتوانیی ئێمە لە خۆشویستنى ئەوانى دیکە و جیهان. ئەگەر لە دڵ و جیهانى خۆتدا ئەوینێک بەدى ناکەیت، ئەگەر چێژ و حەیرانی لەبەرانبەر جوانی لە تۆدا مردووە، ئەوا دواجار توانیوتە دۆزەخ بەدەست بهێنیت، یان لەوانەشە دواجار ئەو تۆى بەدەست هێنابێت! گرنگ نییە کە بڕوات بە هەماهەنگى و یاساى مەزنى جیهان هەیە یان نا، تەنیا ئاوڕ لە دڵت بدەوە، جا بزانە دڵت هێشتا دەتوانێت تەژی ببێت لە چێژ و مەستی بەو تازەگەڵایەى کە بەهاران بەسەر چڵى ڕووتەوە دەردێ و بە ئاسمانى شین یان بە بینینى ئەو باڵندە بچکۆلەیەى کە بەسەر درەختى حەوشەکەتەوە هێلانەى کردووە؟

عەشق ئەو گەنجینە بەنرخەیە کە لەڕێیەوە دەتوانیت هەموو جیهان بەریتەوە، جا نەک هەر بە تەنیا خۆت، گشت مرۆڤایەتى لە تاوانەکانی داماڵیت و ئازادی بکەیت. دەسا بڕۆ، عاشقانە بڕۆ بێ ئەوەى تەنانەت بۆ چرکەساتێکیش ترست لێ بنیشێت.

فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی

بەهارى ساڵى ١٨٦٥

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرچاوە: برنامە کتاب باز – نامەهاى داستایفسکى – بخش چهارم

وەرگێڕانى: کــەیـوان هـــەورامــى

تصویر ممکن است موارد زیر را شامل شود: ‏‏۱ نفر‏، ‏‏ریش‏‏‏