«سەگدڵ» لەگەڵ «٥» شرۆڤە. (بەم نزیکانە لە ناوەندى "ئەدیبان"ـەوە)

بەناوبانگترین بەرهەمى تەنزى ڕەخنەیی بۆڵگاکۆف، ڕۆمانى سەگدڵە.

ئەم بەرهەمە بە هیچ شێوەیەک لە سەردەمى ژیانى نووسەردا مۆڵەتى چاپکردنى نەبوو و هەر کەسێکیش کە دەیخوێندەوە، لەتاو ڕاشکاوییە «دژەشۆڕشییەکە»ى، ترسى لێ دەنیشت.

تەنانەت ڕۆژگارى ئێمەش لەنێو بەرهەمە گرنگەکانى بۆڵگاکۆفدا سەگدڵ دواهەمین بەرهەم بوو کە بڵاو کرایەوە، چونکە تا دەیەى ١٩٧٠ و تەنانەت تا سەرەتاکانى دەیەى ١٩٨٠، ئەم کتێبە بە بەرهەمێک دادەنرا کە هەموو پایەکانى دەلەرزاندن و وێناى ناڕاستەقینەى بۆڵگاکۆفى

(کە ڕەخنەگرانى سەردەمى سەرکوتکردن و چەقبەستوویی دروستیان کردبوو و ئەویان بە نووسەرێک لە قەڵەم دەدا کە بە شێوەى تایبەت و ئاڵۆزى خۆى هاوکاریی شۆڕش دەکات)

بە درۆ دەخستەوە. ئەم بەرهەمە ئەمڕۆکەش زیاتر وەک بەرهەمێکى تەواو سیاسى چاوى لێ دەکرێت کە تێیدا، سیماى شاریکۆف، نووسخەى پرۆلیتاریایە؛ وشەى پرۆلیتاریا تەنانەت خودى سەگە «ئێجگار لەبەردڵان»ـەکەش دەترسێنێت و پەستى دەکات؛ پرۆفیسۆر پریابراژێنسکى کە «بۆرژوا»یەکى تەواوە، زۆر زیاتر لە شێڤاندەرى شۆڕشپەسەند و دەستوپێوەندەکەى سۆز و هاوڕایی خوێنەر ڕادەکێشێت؛ پرۆفیسۆر کتێبە شۆڕشگێڕانەکان دەخاتە ئاگرەوە و ڕێکارەکەى خۆى بۆ لەدژوەستانەوەى وێرانى دەخاتە شوێن نوسخەى گشتیی «دابەشکردنى هەموو شتێک»: کەسێک خەریکى کارى نەشتەرگەرى بێت و ئەوى دیکەش پاککردنەوەى عەمبارەکان، نەک بچێت سەرقاڵى گوتنى سروودى شۆڕشگێڕانە بێت.

بۆچوونێکى زۆر هەیە لەسەر ئەوەى کە ئەم کتێبە داشۆرینێکى سیاسییە و تێیدا کەسایەتیی مێژوویی ڕاستەقینە بوونیان هەیە، بەڵام ئەم ڕێدۆزە، سەربارى خەوشدارییەکەى، کەموکورتییەکى دیکەشى هەیە: ڕەخنەگران بە لەبەرچاوگرتنى ڕۆمانى سەگدڵ وەک داشۆرینێکى سیاسى، لە ناوەڕۆکە قووڵە فەلسەفییەکەى بێئاگا دەبوون.

با قسەى خودى بۆڵگاکۆف بهێنینەوە یاد: «... نووسینى داشۆرین بۆ شۆڕش، لەبەر بەرفراوانییە بێڕادەکەى، نەکردەیە.»

(بۆڵگاکۆف ئەم قسەیەى لەبارەى بەرهەمێکى دیکەیەوە کردبوو، واتە دوورگەى ئەرخەوانى).

بە دەربڕینێکى دى، بە بۆچوونى نووسەر، ئەندازەى فرە گەورەى کارەساتەکان، پێویستى بە شێوازگەلى دیکەى هونەرى هەبوو بۆ وێناندن.

بۆڵگاکۆف بە درێژایی ژیانى هونەریی خۆى، سێ جار دەستى دایە بابەتگەلى خەیاڵیی هاوشێوە.

لە چیرۆکەکانى سەگدڵ و هێلکە شوومەکان و شانۆنامەى ئادەم و حەوادا، زانایەک بۆ بەختەوەرکردنى مرۆڤایەتى ڕێکارێک دەدۆزێتەوە

(لە هێلکە شوومەکان و ئادەم و حەوادا لەڕێى پرشنگگەلی سیحرییەوە، هەروەها لە سەگدڵدا لەڕێى گەنجکردنەوە و وێناى دروستکردنى مرۆڤێکى تازە و کامڵەوە).

سێ جار «پیاوانى حکوومەت» دەست لە شێوازى بەکارهێنانى ئەم داهێنانە وەردەدەن و لە هەموو لایەکەوە ویستى چاکە بە کارەسات دەشکێتەوە.

دەکرێت هەرسێ بەرهەمەکە بە دژەنموونەیی (ئانتى یۆتۆپیایی) زانستى–خەیاڵى ناو ببەین.

بۆڵگاکۆف خۆهەڵقورتاندنى خۆسەرانەى مرۆڤەکان لە ڕەوتى «پەرەسەندنى مەزن» و تەوژمە شۆڕگێڕانەکاندا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەفسانەى دروستکردنى مرۆڤى نوێ لە دۆخى کۆمەڵایەتیی تازەدا، لە سیماى شاریکۆف و بە سوودوەرگرتنى لە زەقکردنەوە (گرۆتێسک)ى ڕەخنەیی ڕووى خۆى دەنوێنێت.

ئەو بوونەوەرەى کە تازە هاتووەتە بوون، دێوسیفەت و بێداهاتووە، چونکە هیچ گرێنتییەک بۆ ئەوە لەئارادا نییە کە «بتوانرێت ئەم هیچوپووچە بکرێت بە مرۆڤ.»

بەدەر لەوەش، ئەم بوونەوەرە نەک هەر بە تەنیا بۆ دروستکەرەکەى خۆى، واتە پرۆفیسۆر پریابراژێنسکى، بەڵکە بۆ ئەو سەرمەشقەش کە لەوەوە بیروباوەڕەکانى وەردەگرێت (شێڤاندەر)، جێى مەترسییە، چونکە بە شێوازێکى کوێرانە ڕۆحیەتێکى دژایەتیکەرى هەیە و دەکرێت زۆر بە ئاسانى لە دژى هەر کەسێک ئاراستەى بکەیت. ڕەگەزى خەیاڵى لەم بەرهەمەدا یارمەتیدەرە بۆ ئەزموونکردنێکى ڕاستەقینەى بیروباوەڕەکان.

گێڕانەوەى سەگدڵ لەسەر زارى سێ کەسایەتییەوە ئەنجام دەدرێت:

سەگێکى دڵباش بە ناوى شاریک،

دکتۆر بۆرمێنتاڵ کە شەیداى پرۆفیسۆر و قوتابیی وەفادارى ئەوە

(گێڕانەوەکە هەندێک جار بە تێنووسى یادداشتەکانى ئەو درێژەى پێ دەدرێت)،

هەروەها گێڕەرەوەى هەمووشتزان.

ژیانى نێو ئەپارتمانى «بێحورمەتانە»ى پرۆفیسۆر لە دیدى سەگەکەوە سەیر و ئەقڵنەبڕ دێتە بەرچاو: لێرانەدا داریا پترۆڤناى چێشلێنەر بە چەقۆوە لە موقدا خەریکى کارکردنە و موبەق بۆ سەگەکە دەبێتە بەهەشت و «پیرۆزترینى پیرۆزییەکان»، کەچى هەر ئەم موبەقە بە وەسفى گێڕەرەوە وەک دۆزەخێک نماش دەکرێت: گۆشتەکان بە کردکۆش کوتکوت دەکرێن، ڕیخۆڵەکان دەردەهێنرێن، سەرى پەلەوەرەکان دەبڕرێت و... پرۆفیسۆرى نەشتەگەریش لە هۆدەى نەشتەرگەریدا بە چەقۆ خەریکى سیحرکارییە و لە بوارى گەنجکردنەوەى مرۆڤدا پەرجووگەلى تاوانکارانە دەکات.

هەموو ئەمانە لەلایەن گێڕەرەوەوە تا ئاستى دەنگۆگەلى تۆقێنەر تەشەنا دەسێنن (بۆ نموونە، دەنگۆى «سەگى قسەکەر» و...). لە سەگدڵدا گەلێک لە سیما و ناوەڕۆکەکانى ئەدەبیاتى هاوچەرخ سوودیان لێ وەرگیراوە: بۆ نموونە "با و زریان" و "سەگى بەرەڵا" لە "هۆنراوەى دوازدە"ى ئالێکسى بلۆک، یان شیعرى "من چۆن بوومە سەگ"ى ڤلادیمیر مایاکۆفسکى و کەسانى دیکە.

خاڵگەلێکى زۆریش سەگدڵ بە بەرهەمە سەرەتاییەکانى بۆڵگاکۆفەوە دەبەستنەوە: پشێوى، چارەنووسى کولتوورى، ماڵ، تاوان و سزا لەم بەرهەمەدا ڕەنگدانەوەیەکى تازە بە خۆوە دەبینن. لە بابەتى خستنەبەرباسى هەندێک پرسى فەلسەفی، شێوازى وەسفکردنى تەنزئاسا و ڕەخنەگرانەى سەردەم، سوودوەرگرتن لە زەقکردنەوە (گرۆتێسک) و پێکهاتەى ئاڵۆزى گێڕانەوە لە پەخشاندا، ڕایەڵگەلێک لەنێوان ئەم بەرهەمە و دواهەمین بەرهەمى بۆڵگاکۆف، واتە لەگەڵ مامۆستا و مارگرێتادا بەرچاو دەکەون.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

شرۆڤەکان:

١. بۆڵگاکۆف بە گێڕانەوەى مێرێژینسکایا و کۆرێزۆف

ا. پاسەوانى سپى

ب. سەگدڵ

پ. مامۆستا و مارگرێتا

ت. بۆڵگاکۆفى شانۆنامەنووس. ڕۆژگارى بنەماڵەى تۆربین

٢. بۆڵگاکۆف، مایاکۆفسکى و بەدگۆڕانى کافکایی

٣. لێکدانەوەى ئەدەبیاتى کۆمەڵایەتی–سیاسیی ڕۆمانى سەگدڵ

ا. دەنگى کۆمەڵگە یەک شتە: عەو-عەو-عەو...

ب. چینى خەڵکى؛ نموونەیەکى تاقیگەیی

پ. شوێنکەوتووى کۆمەڵگەى هەژار

ت. ئامانج پاکانە بۆ ڕێکار دەکات

ج. پاش بەدەستهێنانى دەسەڵات

چ. ڕەخنە و ڕووانگە جیاوازەکان لە ئێراندا

٤. سەگى دۆزەخى

٥. ڕۆمانى سەگدڵ و ئەفسانەى ڕمووزنبوون (ئەراکنى و ئەسینا)

توضیحات عکس در دسترس نیست.