گەمەی دەسەڵات و دروست کردنی پاڵەوان لە شانۆی گرێکییەوە بۆ شانۆی هاوچەرخی جیهانی ، ئەنوەر قادر رەشید
بەراوردێک لە نێوان ئەنتیگۆنای سۆفۆکلیس و ژان ئانۆی و برێخت لە دوا ژمارەی گۆڤاری رامان بڵاو بووەتەوە
مقارنة بین انتگونا سوفوکلیس و جان انوی و بریخت، منشورة فی اخر عدد من مجلة رامان
گەمەی دەسەڵات و دروست کردنی پاڵەوان لە شانۆی گرێکییەوە بۆ شانۆی هاوچەرخی جیهانی ، ئەنتیگۆنە بە نموونە!
ئەنوەر قادر رەشید
کاتێ مێژووناسێک بیەوێ توێژینەوە لەسەر سیستمی حوکمڕانی یان پێگەی سەربازی وڵاتێک بکات، ناچارە پەنا بەرێت بۆ سەرچاوە مێژووییەکانی ئەو سەردەمە، کە دەشزانێ زوربەی سەرچاوەکان لەخشتەبردن و چەواشەکاریان تیادایە، چونکە زوربەی زۆریان لە کۆشکی دەسەڵات و بە خواستی دەسەڵات نوسراونەتەوە، بۆیە زوربەی جار بە ئومێدی هەڵێنجانی راستیەکان پەنا بۆ یادەوەری کەسە ناسراوەکان و گەڕیدەکان دەبەن و دەیانکەنە بنەمای توێژینەوەکەیان، بەڵام کاتێ بتەوێ مێژووی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی قۆناغێکی دیاری کراو بکەیتە سەر باس، ئەوە ناچاریت پەنا بۆ زانست و هونەر و ئەدەبی زارەکی و نوسراوی قۆناغەکە بەریت کە بە بەراوردی بەرهەمەکان و پێگەی بەرهەمهێنەرەکانیان، دەتوانی وێنایەکی زۆر نزیک لە واقیعی قۆناغەکە بنەخشێنی و بیکەیتە سەرەداوێک بۆ کردنەوەی زوربەی ئاڵۆزیەکان.
یەکێک لە لایەنە هەستیارەکانی توێژینەوە، ئەوەیە زاراوەکان لە خشتەمان نەبەن و بە پێی قۆناغ و سەردەمەکەی خۆی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، بۆ نموونە زاراوەی دیموکراسی لای گریکیەکان سەری هەڵداوە، بەڵام کام سیستەمی دیموکراسی، ئایا بەو مانا دیموکراسیەیە کە ئیمڕۆ راڤەی لەسەر دەکرێ؟
بە دڵنیاییەوە نەخێر،
هەر بۆ نموونە لە ئەتیکادا چوارسەد هەزار کەس ژیاون، بەڵام کۆیلە و بیانی بۆیان نەبوە دەنگ بدەن و لەو چوارسەدهەزار کەسە تەنیا چل هەزاریان بە هاوڵاتی ئەژمار کراون و بۆیان هەبووە بەشداری هەڵبژاردن بکەن. بۆیە دەبێ زۆر بە ئاگاداریەوە مامەڵە لەگەڵ هەر بابەتێک، بەپێی قۆناغ و باوەڕی سەردەمەکەی بکرێ، لە کاتێکدا باس لە دەقێکی گریکی کۆن بکەین دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین، کە
(ئەو بابەتانەی تراژیدیای یۆنانی ئەوانە بوون کە یۆنانیەکان باوەڕیان پێی بووە، بەوەی کە بنەمای شانۆ ئایینە، بۆیە هەرگیز بەبیری شاعیرە شانۆییەکانی یۆناندا نەهاتووە، کە بابەتی شانۆنامەکانیان بەدەر لە مەودای خواوەند و پاڵەوانە ئەفسوناویەکان بنووسن)١.
پێویستە بەر لەوەی باس لە شانۆنامەی ئەنتیگۆنەی سۆفۆکلیس بکەین، بگەڕێینەوە بۆ سەر میتۆلۆژیای کۆمەڵگەی گرێکی و بزانین ئایا کەڵە نووسەرەکانیش بە یەک نەفەس و بەهەمان هەڵوێست شاکارەکانیان نووسیوە و هەمان بیر و بۆچونیان هەبووە یان جیاوازییان هەبووە؟
ئێمە بەگەڕانەوەمان بۆ نمایشەکانی گرێک دەتوانین لەڕێی کارەکتەری شانۆگەریەکانەوە، دیدی کۆمەڵگەی گرێکی بۆ کردارەکان بەدی بهێنین
(ئیفلاتون و ئەریستۆ سێ بابەتە شیعریەکانیان بە پێی شێوازی نواندنیان لەیەکتر جیا کردووەتەوە، شیعری گۆرانی {خودی شاعیرەکەیە} لە شیعری مەلحەمیدا شاعیر خۆی بەشێکی وەک حیکایەتخوان دەگێڕێتەوە و رێدەدا بە کارەکتەرەکانیشی لە بەشێکیاندا بە دیالۆگ بەشداری بکەن (گێڕانەوەی تێکەڵ)، بەڵام لە شانۆگەریدا شاعیر لەپشت کارەکتەرەکانیەوە خۆی دەشارێتەوە)٢.
کەواتە لەو روانگەیەوە دەتوانین لەڕێی کارەکتەرەکانەوە لێکۆڵینەوە لە سەرجەمی بەرهەمەکە بکەین.
بۆ ئەوەی پێشوەخت رای خۆمان لەسەر کارەکتەری ئەنتیگۆنە نەدەین، دەبێ سەرەتا بزانین ئایا ئەو کارەکتەرە ئاڵای یاخیبوونی هەڵکردووە؟
ئەگەر وایە یاخیبوونەکەی بەرامبەر کێ بووە و لەپێناوی چیدا بووە؟
ئایا بۆ گۆڕانکاری سیستمێک بووە یان هەڵوێستێکی سۆزداری و کتوپڕە؟.
بۆ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دیسانەوە پێویست بەوە دەکات بزانین یاخی بوون لە میتۆلۆژیای گرێکیدا کێ دەگرێتەوە و چۆن باسی لێوە کراوە، ئێمە لێرەدا دوو نموونەی زۆر دیاری گرێکیمان لەبەر دەستایە، کە یارمەتیمان دەدەن بۆ تێگەیشتن لە کرۆکی یاخی بوون.
(پرۆمثیۆس لە دابەشکردنی قوربانیەکاندا، چەوری و ئێسکەکان بۆ زیۆس (خواوەندی خواوەندەکان) دادەنێ و گۆشتە جوانەکەشی بەسەر مرۆڤدا دابەش دەکات، بۆیە زیۆس ئاگر لە مرۆڤ دەسێنێتەوە و رۆشنایی لە مێشکیان دەبڕێ، ئەو کارەش وا لە پرۆمثیۆس دەکات لە زیۆس یاخی بێ و بە هاوکاری ئەتینا ئاگر بۆ مرۆڤ بدزێ، بۆیە سزا سەختەکەی بەسەردا دەسەپێنرێ و دەوترێ سی ساڵ و دەوترێ هەزار ساڵ و تا دەگاتە سی هەزار ساڵ، ماوەکە هەرچەندێک بێت، پرۆمثیۆس بە تاشەبەردێکی سەر چیای قەوقازەوە دەبەسترێتەوە و باڵندەیەکی گۆشت خۆر جگەری دەخوا و دیسانەوە جگەری بۆ دروست دەبێتەوە و باڵندەکە دەیخواتەوە....)٣ .
لە نموونەیەکی تردا سیزیفمان هەیە، کە لە میتۆلۆژیای گرێکیدا بە شازادەیەکی کەڵەکەباز و بێ مۆراڵ ناو دەبرێ و کاتێک فێل لە (تاناتوس) خواوەندی مەرگ دەکات و مەرگ دەبەستێتەوە و نهێنی داوێن پیسی زیۆسی خواوەند دەدرکێنێ، قینی زیۆس هەڵدەسێنێ و دەکرێتە ئامانجی ئەو رقە و سزاکەی لای خواوەندەکانەوە ئەوەیە، دەنێررێ بۆ دنیای ژێرەوە و دەبێ بەردەوام تاشەبەردێک بەسەر کێوێکدا سەر بخات و بەردەوام تاشەبەردەکە تلۆر بێتەوە و سەری بخاتەوە.
کەواتە یاخیبوون لەلای گرێکەکان تەنیا بەرەنگار بوونەوەی خواوەندەکانە، بەڵام ئایا ئەنتیگۆنە بەرامبەر خواستی خواوەندەکان وەستایەوە؟
یان بەرگری لە یاسا نەنوسراوەکانی خواوەندەکان دەکرد و بەرەنگاری یاسای کریۆن بووەوە؟
ئەی کە وایە بۆ بەو چارەنووسە تاڵ و ستەمکاریە دەگات؟.
ئەنتیگۆنە بەرگری لە یاساکانی ئاسمان دەکات و هەر لە سەرەتای شانۆنامەکەوە بە "ئیسمینی" خوشکی دەڵێ (تۆ بژی و بەرەنگاری پیرۆزترین یاسای ئاسمان بەرەوە)٤،
دیارە یاسا ئاسمانیەکەش وەک پێشتر ئەنتیگۆنە ئاماژەی بۆ دەکات (رێز گرتن لە مردووە، بە ناشتنی)، کەواتە دەتوانین بڵێین ئەم لە یاسایەک یاخی دەبێت کە کریۆن دایناوە و دژی خواستی ئاسمانە.
کەواتە بۆ ئەو نەهامەتیەی ئۆدیب بە کوشتنی باوکی و مارەکردنی دایکی چ تاوانێکی کردووە، کە دەبێ سەرجەمی خانەوادەکەیان بەر نەفرەتی خواوەندەکان بکەون، لەکاتێکدا کە بەر لە دایک بوونی ئەو چارەنووسەی دیاری کراوە و بێ ئەوەی خۆی پێی بزانێ ئەو تاوانە ئەنجام دەدا، ئاشکرایە کە ئەمەشیان باوەڕی گریکیەکانە بە قەدەر، قەدەر رەنگ دەڕێژێ و هەر قەدەریش سزاکەی دیاری دەکات، ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە دەوترێ یۆربێدسیش شانۆنامەی ئەنتیگۆنای نووسیوە (لە شانۆنامەی ئافرەتە فینقیەکان)دا، بەڵام وەک زوربەی بەرهەمەکانی تری لەناوچوون، گوایە ئەنتیگۆنە لە کۆتاییدا بەهۆی دیۆنیسی خواوەندەوە رزگار دەکرێ و لەگەڵ هایمۆن زەماوەند دەکەن، ئەمەش زۆر رێی تێ دەچێ، چونکە لای یۆربێدسێکی کۆڕە جوتیار، مرۆڤ بەهای زۆرە و بۆ سەلماندنی ئەوەش شانۆگەری (ئەفجینا لە ئۆلیس) مان هەیە کە ئەفجینا رزگاری دەبێ لەوەی بکرێ بەقوربانی (ئەگەر لەڕێی خواوەندەکانیشەوە بێت).
کەواتە ئەنتیگۆنە لە ئەنجامی تاوانێکەوە لە دایک بووە و پاش ئەوەی ئۆدیبی (باوک و برا) چاوی خۆی هەڵدەکۆڵێ، ئەم دەبێتە رۆشنایی چاوەکانی و دەستی دەگرێ، بەو مانایەی قەدەر ئەنتیگۆنە دەخاتە ئەو گێژاوەوە و باجی ئەو نەفرەتەش دەدا کە تاوانی کەسی تیادا نیە.
سەرەتای روداوەکە بەوە دەست پێ دەکات، دوای فەرمانڕەوایی ئۆدیب هەردوو کوڕەکەی (لەهەمان کاتدا براشیانە) رێدەکەون لەسەر ئەوەی هەر یەکەیان ساڵێک فەرمانڕەوایی بکات و پێشەکی ئیتۆکلیس ببێتە فەرمانڕەوا، بەڵام ئەم پاش کۆتایی ساڵەکە واز لە کورسی حوکم ناهێنێ و پۆلینیکسی برا بچووکیش پەنا بۆ دوژمنان دەبات و هێرش دەکاتە سەر شاری تیبە و لە جەنگا هەردو برا دەکوژرێن، کریۆنیش کە خاڵیانە دەبێتە فەرمانڕەواو بڕیار دەدا تەرمی ئیتۆکلیس بە مەراسیمی شاهانە و شایستە بنێژرێ، بەڵام فەرمان دەدا کە تەرمی پۆلینیکس نەنێژرێ و بکرێتە خۆراکی باڵندەکان، لێرەوە ئەنتیگۆنەی خوشکەزا و دەزگیرانی هایمۆنی کوڕی کریۆن بەرەنگاری فەرمانەکە دەبێتەوە و بە ئەرکی خۆی دەزانێ تەرمی براکەی بشارێتەوە، لە لایەکەوە وەک سۆزی خوشک و برایەتی و لەلایەکی تریشەوە وەک داکۆکی کردن لە یاساکانی ئاسمان بە شاردنەوە و رێز گرتن لە جەستەی مردوو.
پاش ئەوەی بەرەنگاری فەرمانی کریۆن دەبێتەوە و تەرمی پۆلینیکس دەشارێتەوە، کریۆن فەرمان بە مردنی لە ئەشکەوتێکی چۆڵەوانیدا دەدا، هایمۆنی دەسگیرانی ئەنتیگۆنە هەوڵ دەدا کریۆنی باوکی لە خۆشەویستەکەی خۆش بێت، بەڵام کریۆن سوورە لەسەر بڕیارەکەی تا لە ئەنجامی پێشبینیەکانی تیریسیاس
(نابینایەکە و پێشبینی دواڕۆژ و چارەنووس دەکات)
بەو کارەساتەی بە کوشتنی ئەنتیگۆنە بەسەر خۆی و وڵاتەکەدا دێ و بە ئامۆژگاری کۆرسیش لە بڕیارەکەی پەشیمان دەبێتەوە و دەچێ تەرمەکە بنێژێ، بەڵام تازە کار لەکار ترازاوە و ئەنتیگۆنە خۆی خنکاندووە، کە کریۆن بەدەنگ ناڵەی هایمۆنی کوڕیەوە دەچێ، هایمۆن پەلاماری باوکی دەدا و ئەو دەتوانێ خۆی لەشمشێرەکەی بپارێزێ، ئینجا رووی شمشێرەکەی دەکاتە خۆی و خۆی دەکوژێ، کە یۆروداکی هاوسەریشی بە مەرگی کۆڕەکەی دەزانێ خۆی دەکوژێ و لە کۆتاییدا بەو ئامۆژگاریەی کۆرس کۆتایی پێ دێ کە دەڵێن
(بەشی بنەڕەتی و تاجی بەختەوەری، دانایی و مەزن راگرتنی خواوەندە، ئەوە ئەو یاسایەیە کە بەگەورەیی فێری دەبین)٥.
لێرەوە دەبینین کە ئەنتیگۆنە داکۆکیکەرە لە باو، لە یاسای ئاسمان، لە بیروباوەڕی گرێکیەکان، نەک یاخی لە باو، بەڵکو یاخی لە فەرمانی مرۆڤ کاتێک بە پێچەوانەی یاساکانی ئاسمانەوەیە، ئەو دەیەوێ لەگەڵ مردوەکاندا لەگەڵ دایک و باوک و براکانیدا ئاسودە بێ، وەک چۆن بە ئیسمینی خوشکی دەڵێ
(کاتێکی کەممان لەبەردەستدایە زیندوەکان بەختەوەر بکەین، بەڵام هەموو نەمریمان هەیە بۆ خۆشەویستی مردوەکانمان)٦.
ئەمە لە میتۆلۆژیای گرێکیدا وا هاتووە و سۆفۆکلیسیش وا هۆنیویەتێوە، ئەم شانۆنامەیە لەلایەن دەیان نووسەری قۆناغەکانی کلاسیکی نوێی فەرەنسی و نووسەرە ناودارەکانی جیهان نوسراوەتەوە و لە راسینەوە بۆ ژان کۆکتۆ و ژان ئانۆی (Jean Anouilh) و بێرتۆلت برێخت (Bertolt Brecht)و دەیان نووسەری تر.
ئێمە لەم دەرفەتەدا هەوڵ دەدەین بەپێی تونا بەراوردێک لە نێو دەقە ستانداردەکەی سۆفۆکلیس و دوو نووسەری یەک قۆناغ لە کۆتایی ساڵانی سەدەی بیستەم، بە دو دیدی جیاواز ، ژان ئانۆی کە ئەنتیگۆنای لە ساڵی 1942 دا نووسیوە، ئەو کاتەی فەرەنسا لەژێر چنگی ئەڵمانیای نازیدا بووە، بۆیە بابەتەکەی بەو ئاڕاستەیەدا بردووە ببێتە دەقێکی بەرگری و بەرەنگار بوونەوەی داگیرکەر. لەگەڵ ئەنتیگۆنای برێخت کە ١٩٤٦ نوسراوە و پاشان ١٩٤٨ داڕێژراوەتەوە، بۆ بەرەنگار بوونەوەی بیری نازیزم و ترسیش لە سەرهەڵدان و دەسپێکی قۆناغی نوێ.
لەم شێوازی تێکستانەدا کارەکتەر و رووداو کاریگەری تەواویان بەسەر یەکترییەوە هەیە، کارەکتەر روداو دروست دەکات و رووداویش کارەکتەر دەگۆڕێ، بۆیە هەر لەو روانگەیەوە ئانۆی و برێختیش گۆڕانکاریان لە هەندێ کارەکتەردا کردووە تا لەگەڵ مەبەستی خۆیاندا بیگونجێنن و کاریگەریشی لەسەر رووداوە کلاسیکیەکە نەبێ.
کارەکتەرەکانی سۆفۆکلیس دیارن و کارەکتەری سەرەکین، بەڵام دەبینین ئانۆی دایەنی بۆ زیاد کردووە، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە هەموو ئەکتەرەکانی داناوە و لەڕێی پێشکەشکارێک (حیکایەتخوانێک) ەوە کارەکتەرەکانمان پێ دەناسێنێ، بەو شێوازەی کە خۆی دایناوە بۆ نموونە
(ئەنتیگۆنە، کچێکی لاوازی ناشیرینی پەراوێز خراو و خۆ پشتگوێ خستووە، بەڵام ئیسمین جوان و نازدار و قەشەنگ پۆشە، ژیانی بە جوانپۆشی و ئارایشت و سەما بەسەر دەبات)٧.
ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە، کە کریۆن لای ئانۆی بەر لەوەی کوڕانی ئۆدیب بکوژرێن و ببێتە حاکمی تیبە، ئارەزووی موزیک و خوێندنەوە و کۆکردنەوەی ئەنتیکی هەبووە، بەو مانایەی خاوەن رۆشنبیریەکی باشە، بەڵام هایمۆنی کوڕی هەڵەشە و بڕیاردەری خێرایە
(ئەو لاوەی لەگەڵ ئیسمینی سوروسپی دەدوێ هایمۆنی کوڕی کریۆن و دەستگیرانی ئەنتیگۆنەیە ئارەزوی بۆ یاری و سەما بەلای ئیسمینیدا رایدەکێشێ، ئارەزوی بۆ بەختەوەری و سەرکەوتن،شانازی بە خۆوە کردن)٨، لەلایەکی ترەوە حیکایەتخوان باسی سێ پاسەوانەکە (لای سۆفۆکلیس یەک پاسەوانە) دەکات (لە کۆتاییدا ئەو سێ پیاوە بە دەموچاوی سورەوە، کە کڵاوەکانیان بەروپشت لەسەر کردوە و یاری وەرەق دەکەن، پاسەوانن، ئەوان لە شەڕانگێزەکان نین، ئەوان هاوسەر و منداڵیان هەیە و وەک هەموو خەڵکانی تر خەمی بچوکیان هەیە،....، ئەمان بۆنی سیر و پێستیان لێدێ.......،ئەوان خەڵکی لاوەکین و لە خۆیان و لە عەدالەت رازین، ئەوان لەژێر سایەی کریۆندا عەدالەت جێبەجێ دەکەن، تا فەرمانڕەوایەکی شەرعی دێت و فەرمانیان پێ دەکات کریۆن زیندانی بکەن)٩.
ئەمە ئاماژەیەکی راستەوخۆیە بۆ سوپای وڵاتان کە تەنیا فەرمانی فەرمانڕەوا جێبەجێ دەکەن و گوێ نادەن بەوەی کێ لەسەر هەقە و کێ زۆردارە، ئەمان ئەرکی سەرشانیان راپەڕاندنی فەرمانەکانە.
لێرەوە دەبینین ئانۆی گرنگترین کارەکتەری پشتگوێ خستوە کە (تیریسیاس) ی نا بینایە ئەو نابینایەی لای سۆفۆکلیس کاردانەوەی زۆری لەسەر کریۆن هەیە، بە تایبەت لە پێشبینی کردنی دواڕۆژ و چارەنووس، کە دەبێتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی پەشیمان بوونەوەی کریۆن لە بڕیارەکەی
(لەماوەیەکی نزیکدا ماڵەکەت پڕ دەبێ لە شیوەنی ژن و پیاو، هەموو شارەکانیش قینت لێ هەڵدەگرن، کاتێ سەگ و ئاژەڵە کێویەکان مەرگیان پیشان دەدەن و باڵندەکان بە خوێنی بۆگەنەوە، پیرۆزیەکانیان لەکەدار دەکەن)١٠.
لەلایەکی ترەوە زیاد کردنی کارەکتەری (دایەن) کە دەلالەتی پەروەردەی شاهانە و مۆراڵی پاراستنی حورمەتی شازادە ئافرەتەکانە و دەبێ پارێزگاریان لێ بکرێ، کە لەراستیدا بەسەرهاتی ئۆدیب لە سەرەتای چارەنووسی پڕ مەینەتی خانەوادەکەیە ئەوە دەسەلمێنی، کە قەدەر زەلکاوی بێ مۆراڵی و لەهەمان کاتدا خوێناوی، سەرجەم خانەوادەکە دەسەلمێنێ. تەکنیکی نووسینی ئەنتیگۆنە لای ئانۆی، جیاوازیەکی زۆری لەگەڵ سۆفۆکلیس هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەوڵیداوە لە روبەرە کلاسیکیەکەدا بیهێڵێتەوە و بەهۆی گۆڕانکاری لە کارەکتەرەکاندا رای خۆی بسەپێنێ، بەتایبەتیش لەو بەرهەمەدا کە بابەتێکی تێروتەسەلە بۆ بەرەنگار بوونەوە و رسوا کردنی جەنگ.
بەکارهێنانی حیکایەتخوان لە کاتێکدا کە هەموو ئەکتەرەکان پێش نمایش لەسەر شانۆن و پێمان دەڵێن کە ئەمانە ئەکتەرن و رۆڵی کارەکتەرەکان دەبینن، بۆ کاتی نووسینی تێکستەکە لە سەرەتای ساڵانی چلی سەدەی رابوردوەوە بە داهێنان ئەژمار دەکرێ لە کاتێکدا، کە ئامادەیی هەموو کارەکتەرەکان شێوازێکی کلاسیکی پێ دەبەخشێتەوە، بە تایبەت ئەوێک کە لە چوارچێوەی سێ یەکەی کلاسیک (کردار و کات و شوێن) لای نەداوە و هەوڵیداوە لە بەرگێکی سەردەمانەدا هەمان شاکار بنووسێتەوە، ئەم لە جێی کۆرسی گرێکی بە ناساندنی کارەکتەرەکان حیکایەتخوانی بەکار هێناوە.
لەگەڵ دەسپێکی روداو و هەواڵی شاردنەوەی تەرمەکە کۆرس دێتەوە ئاراوە، کۆرس بە دیالۆژێکی دورودرێژ، باسێکی سەردەمیانەی دراما و تراژیدیامان بۆ دەکا
(گرنگی تراژیدیا ئەوەیە کە دەزانین هیچ ئومێدێک نیە، ئەو ئومێدە چەپەڵە، ئێمە وەک جرج خراوینەتە تەڵەوە)١١.
دەبینین لە کاتی دەستگیرکردنی ئەنتیگۆنە و هێنانی بۆ لای کریۆن و لە میانەی گفتوگۆیەکەیاندا، جیاوازی ئانۆی لەگەڵ سۆفۆکلیس دەردەکەوێت، کریۆن وەک فەرمانڕەوایەک فەرمانی دەرکردووە بە مەرگی هەر کەسێک کە جەستەی پۆلینیکس بشارێتەوە، بەڵام کاتێ دەبینێ ئەو ئەنتیگۆنەیەی خوشکەزا و دەسگیرانی هایمۆنی کوڕیەتی و یەکێکە لە خۆشەویستەکانی
(من بە دڕندە دەزانیت، ئێدەگەم، وادەزانی من زۆر بازاڕی و بێ بەهام، بەڵام من لەگەڵ رەفتارە ناجۆرەکانیشتدا، هەر زۆرم خۆشدەوێیت، لەیادیشت نەچێ کە من یەکەم بووکەشووشەم بە دیاری دایتێ)١٢،
لێرەوە دەبینین سۆز و خۆشەویستی زاڵە بەسەر کریۆندا و وەک ئەو کارەکتەرەی ئانۆیش رەنگی بۆ رشتوە (رۆشنبیرە) دەیەوێ خۆی لەو تەڵەیە بپارێزێ و ئەنتیگۆنە بنێرێتەوە ماڵەوە و پاسەوانەکان لەناوبەرێ و مەسەلەکە دیزەبەدەرخۆنە بکات، بەڵام لەگەڵ سووربوونی ئەنتیگۆنە لەسەر شاردنەوەی تەرمەکە و بەرەنگار بوونەوەی فەرمانەکان، کریۆن ناچار دەبێ حوکمی مردنی بەسەردا بسەپێنێ.
کریۆن گاڵتەی بە تەرم شاردنەوە و رۆحی سەرگەردان و وردە ویردی پیاوانی ئایینی دێت، بەلای ئەوەوە بڕیارەکە تەنیا بۆ چاوترساندنی بەرهەڵستکارانە و هیچی تر، پۆلینیکس وەک خیانەتکار لەقەڵەم دراوە بۆیە دەبێ
(بەپێی باوەڕی خەڵکی تیبە سزا بدرێ).
مەسەلەکە لای ئەم سیاسیە (نامەوێ رێگا بدەم لەمەسەلەیەکی سیاسیدا بمریت، تۆ لەوە زیاتر دەهێنیت، چونکە تارمایی ئەو پۆلینیکسەی بۆی دەلاوێنیتەوە و ئەو جەستەیەی لە نێوانی پاسەوانەکاندا بۆگەن دەکات و ئەو کارەساتەی ئاگری تێبەرداوی، تەنیا مەسەلەیەکی سیاسیە)١٣.
کریۆن لە دوا هەوڵیدا بۆ رزگار کردنی ئەنتیگۆنە وێنەی هەردوو براکەی لا ناشیرین دەکا، پێشەکی بەبیری دەهێنێتەوە کە بە منداڵی بوکەشووشەکانیان شکاندوە و گاڵتەیان پێ کردووە و جگەرەیان کێشاوە و بەردەوام بە سەرخۆشی لە باڕەکان گەڕاونەتەوە و (کاتێ باوکت نەیویست پارەیەکی زۆری بداتێ کە دۆڕاندبووی دەستی لە باوکت وەشاند و قسەی ناشیرینی پێ وت)١٤، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو چەندجارێک رایسپاردووە ئۆدیبی باوکی بکوژن.
پاشان دەکەوێتە باسی ئیتۆکلیس، کە وەک پاڵەوان مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و تەرمەکەی بە سرود و تاجەگوڵینە و مەراسیمی شاهانە بەڕێ کراوە، ئەویش هەر خائین و پیلانگێڕ بووە بەڵام پۆلینیکس بەر لەو بە ئەنجامی گەیاندوە، کریۆنیش بۆ جێگیر کردنی کورسی دەسەڵات پێویستی بە پاڵەوانێک بووە بەرامبەر خائینێک
(پێویستم بوو یەکێکیان بکەم بە پاڵەوان، بۆیە داوام کرد لەناو ئەوانی تردا بگەڕێن بەدوای تەرمەکانیاندا و کە دۆزرانەوە بۆ یەکەمجار لە ژیانیاندا دەستیان لە ملی یەکتردا بوو، لەیەک کاتدا یەکتریان پێکابوو، ئەوەندە ئەسپ و عەرەبانە بەسەریاندا رۆیشتبوون، فلیقابوونەوە، ئەنتیگۆنە، نەئەناسرانەوە و لێک جیا نەدەکرانەوە، بۆیە فەرمانمدا بە کۆکردنەوەی ئەو تەرمەی کەمتر تێکچووە بە مەراسیمی نەتەوەیی بنێژرێ و فەرمانم دەرکرد ئەویتریان لەجێی خۆی بهێڵرێتەوە تا بۆگەن دەکات، تەنانەت نەشمدەزانی کامیانەو دڵنیاشت دەکەمەوە هەردوکیان لای من وەک یەکن)١٥،
لێرەدا دەتوانێ ئەنتیگۆنە پەشیمان بکاتەوە و بیر لە خۆ رزگار کردن بکاتەوە، تا ئەو کاتەی کریۆن باسی بەختەوەری دەکات، ئەنتیگۆنە هەست دەکات بەختەوەری لەدەستداوە، پاش ئەو کارەساتە ناکرێ بەختەوەر بێت و وەک ئۆدیبی باوکیشی گاڵتەی بەو ئومێدە چەپەڵە دێ کە دەبێتە رێگر لە تەواو کردنی هەر کارێک، بۆیە دەگەڕێتەوە سەر عینادی خۆی و دەسبەرداری شاردنەوەی تەرمەکە نابێ و کریۆن ناچار دەکات فەرمانی مردنی بەسەردا بسەپێنێ.
ئەو دەیەوێ کەس پێ نەزانێ و مەسەلەکە چارەسەر بکات، بەڵام بە سوربوونی ئەنتیگۆنە بۆ مردنی هیچ دەرفەتێکی پێ نادا لەو مردنە رزگاری بکات.
ئیدی لێرەوە وەک روداوە سەرەکیەکە دەڕوا تەنیا ئەوە نەبی، کە لای سۆفۆکلیس تەرمی هایمۆن دەهێنرێت و تەرمی یۆریداکی شاژنی لە خوێنا گەوزاندا دەبینرێ، بەڵام لای ئانۆی تەنیا باس دەکرێن و ناهێنرێنە سەر شانۆ.
ئانۆی هەوڵی داوە شانۆنامەیەکی سەردەم بە چێژی کلاسیک بنووسێت، هەر بۆیە لەپاڵ گۆڕانکاری پێگەو کارەکتەری بەشدار بواندا، هەر سێ یەکەی کلاسیک (کردار و کات و شوێن)ی پەیڕەو کردوە و دیالۆگیشی وەک سۆفۆکلیس هێناوەتەوە، کە لە هیچ کاتێکدا لە سێ کارەکتەر زیاتر بەشداری ناکەن، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەو هێرشەی دەکرێتە سەر (تیبە) هێمای داگیرکردنی پاریسە لەلایەن سوپای نازی ئەڵمانیەوە و وشەی (نەء) لەلایەن ئەنتیگۆنەوە وتەی گەلی فەرەنسیە بۆ داگیرکەران.
ئەم شانۆگەریە لەساڵی 1942 لە پاریس پێشکەش کراوە و نازیەکان لەو روانگەیەوە رێگەیان پێداوە نمایش بکرێ، کە کریۆنی دەسەڵاتدار خاوەنی لۆژیکی تایبەتی خۆیەتی و پاساوی ستەمکاریەکانێتی و سەقامگیری کورسی دەسەڵاتە، دیارە ئەمەش تەفسیرێکە بۆ ئەو بابەتەی، کە دەکرێ لە چەندین لایەنەوە کاری لەسەر بکرێ، چونکە مەسەلەی دەسەڵات و ستەمکاری و بەرگری و بەرەنگار بوونەوە لە خەسڵەتەکانی مرۆڤن و باسکردنیان بۆ هەر قۆناغ و سەردەمێک دەشێت.
بۆیە دەبینین هەمان بابەت لای برێخت لە گۆشەنیگایەکی ترەوە دادەڕێژرێ و ئەگەر لای ئانۆی هەوڵدان بێ بۆ داگیر کردنی تیبە، ئەوە لای برێخت هەوڵی کریۆنە بۆ داگیر کردنی شاری ئارگۆس بۆ دەست بەسەرا گرتنی سامان و ئاسنەکەیان.
لای برێخت ئاسەواری روداو هەمان ئاسەوارە بەڵام خودی روداو بەو شێوازەیە کە برێخت مەبەستێتی بە کۆلۆنیاڵ کردنی شاری ئارگۆس بەمەبەستی دەست بەسەرا گرتنی سامانیان، کە ئەمە زۆر لە فیکری نازیزم نزیکی دەکاتەوە و مەبەستی برێخت (وەک بەرهەڵستکارێکی سەرسەختی راسیزم) دەپێکێ.
برێخت هاتووە سیستمێک شەرمەزار بکات، کە کریۆنەکان پەروەردە دەکەن، هەر بۆیە لە جێی کۆرس، ئەنجومەنی پیرانی داناوە، کە دەبنە دینامۆی شێتگیری کریۆن و لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا (لەژێر پەردەی نیشتمان پەروەریەوە) پاساوی یاسایی بۆ کردارەکانی کریۆن دەهێننەوە.
بۆ بەستنەوەی ئەنتیگۆنە بە روداوێکی سەردەمەوە، پێشەکیەکی زۆر جوانی وەک دیمەنێکی دەسپێک نووسیوە، دوو ئافرەت لە بەرەبەیاندا پاش خۆ حەشاردان لە بۆمبارانی هێزی هاوپەیمانی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، لە گەڕانەوەیاندا بۆ ماڵەوە دەبینن دەرگای ماڵ لەسەرپشتە، پاشان جانتایەک دەبینن کە نان و چەوری تیادایە، لەوێوە دەزانن کە براکەیان لەبەرەی جەنگەوە گەڕاوەتەوە، پرسیار لەخۆیان دەکەن، دەبێ لەکام بەرەی جەنگدا بێ؟ کە گوێیان لە هاواری دەرەوە دەبێت دەبینن براکەیان بە گوریسی قەساب هەڵواسراوە، ئافرەتی دوەمیان دەچێ چەقۆ بەرێ و لاشەکەی داگرێ
(لەمیانەی باسی روداوەکەدا بۆمان دەردەکەوێ کە براکەیان نەیویستوە بەشێک بێ لە سوپای نازی و بە زۆر براوە بۆ بەرەکانی جەنگ، بۆیە پاشان لە بەرەکانی جەنگەوە هەڵدێ)
کە دەگەنە بەردەرگا ئەفسەرێکی گستابۆ (سوپای ئاسایشی نهێنی نازیەکان) بەرەوڕوویان دەبێتەوە و پرسیاریان لێ دەکات، ئەم خائینی وڵات فرۆشە بۆ لەبەر دەرگای ئێوەدا بوو؟
دیارە ئێوە دەیناسن، خۆشکی یەکەم وەڵام دەداتەوە و دەڵێ: (نەخێر ئێمە ئەو پیاوە ناناسین)١٦.
لەم دیمەنە کورتەی پێشەکیەوە بۆمان دەردەکەوێ کە مرۆڤی سەدەی بیستەم چەند سەرکوت کراوە و چۆن بە ئاسانی چۆکی پێ دادەدرێ، چونکە لەلایەکەوە سەرکوت کردنەکە بە سیستمە و رژێمێک پێی هەڵدەستێ کە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێرراوە و خەڵکانێکی زۆریش نەک تەنیا دوای کەوتوون، بەڵکو زۆر سەرسەختانە بەرگری لێ دەکەن و ئەوی لەگەڵیان نەبێ دەیخەنە خانەی دوژمنەوە، لە لایەکی تریشەوە ئەگەر ئەنتیگۆنەی سۆفۆکلیس بەرگری لە پیرۆزی یاسای ئاسمان دەکات و دەیەوێ لەگەڵ مردواندا نەمر بێت، بۆیە بە ئیسمین دەڵێ (وا بکە کە بە باشی دەزانیت، من ئەو دەنێژم و ئەگەر لە پێناویشیدا بمرم هەر خۆشە، من پێم خۆشە لەگەڵ خۆشەویستەکانم ئارام بگرم)١٧.
ئەوە لای برێخت و لە سەدەی بیستەمدا جێی گومانە، دەڵێین جێی گومان، چونکە خوشکی یەکەم دەڵێ ئەو کابرایە ناناسین و هەڵوێستی دووەمیان نادیار دەمێنێتەوە، ئەمەش وەک تەکنیکی کاری برێخت بەجێ دەمێنێ بۆ وەرگر.
پاش ئەو پێشەکیە دەچێتە سەر روداوی بنەڕەتی کە ئەنتیگۆنەیە، برێخت بەرهەڵستی ئەنتیگۆنە و روبەڕوبوونەوەی کریۆنی وەک دەقە کلاسیکیەکە هێشتوەتەوە، بەڵام گۆڕانکاری لە هۆکاری جەنگەکە و ئاوەژوو کردنەوەی لە دەوری پۆلینیکسدا کردووە، لێرە کریۆن بە بڕیاری خۆی و پشتگیری ئەنجومەنی پیران هێرش دەکاتە سەر شاری ئارگۆس بۆ دەست بەسەرا گرتنی کانی ئاسن، بە مانای کریۆن داگیر کەرە، هەر لەسەرەتادا بیرۆکەکە روون دەبێتەوە، کاتێ ئەنتیگۆنە بە ئیسمینی خوشکی دەڵێ (کارەسات ماوە خواوەندی زەمین بەسەر ئێمەی نەهێنێ؟ ئیتۆکلیس و پۆلینیکسی برامان لە جەنگێکی درێژخایەنی خوێناویدا مردن، ئیتۆکلیس دوای کریۆنی ستەمکار کەوت و لە هەڕەتی لاویدا گلا، پۆلینیکسی برا بچووک بە ئازارەوە دەیناڵاند،کە براکەی بینی لەژێر ناڵی ئەسپەکاندا، لە جەنگ هەڵهات، هەڵهاتوو بە خێرایی روبار و کەناری بڕی و تا بەر دەروازەکانی (تیبە) نەوەستا، لەوێشدا کریۆن قامچیەکانی لەسەر پشتی خەڵک بوو دەیناردن بۆ بەرەکانی جەنگ، هەر لەوێدا ئەوی گرت و پارچە پارچەی کرد)١٨.
ئەمە سەرەتای چوونە ناو بابەتەکەیە، بەو مانایەی کریۆن لای برێخت داگیرکەرەو پۆلینیکسیش خیانەتکار نیە، بەڵکو لەو جەنگە نەگریسە هەڵهاتوە، کە کریۆن هەڵیگیرساندوە و بە ناوی نیشتمانەوە کە ئەنجومەنی پیران لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا پشتگیریان لێ کردووە (کریۆن بە پەلە لەبەرەکانی جەنگەوە هاتوە و سەرکەوتنی هێناوە، ئێمەی ئەنجومەنی پیرانی بانگ کردوەتە ئەم جێیە، دەیەوێ دەسکەوتەکان دابەش بکات و گەڕانەوەی جەنگاوەرەکان رابگەیەنێت)١٩.
بەلای ئەمانەوە گرنگ نیە چەند خوێن رژاوە و چەند کەس کوژراون و کێ کوژراوە، ئەوەی لای ئەمان گرنگە دەسکەوتی جەنگ و رەزامەندی کریۆنە.
لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا برێخت باوەڕ و ئەرکەکانی ئەنتیگۆنەکەی سۆفۆکلیسی هێشتوەتەوە بەو نیازەی، کە چێژە کلاسیکیەکەی بمێنێتەوە، ئەوەتا لەگەڵ کریۆن دەدوێ و جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی بە یاسای خواوەندەکانەوە دەکات (گرنگ نیە پێشوەخت بمرم، مردن باشترە لەم ژیانە پڕ چەرمەسەریەی خەڵکی لێرە تیا دەژین، خواوەند رازی نابێ جەستەی مردوو بە پارچەکراوی لە چۆڵەوانیدا فڕێدرێ و گڵی بەسەرەوە نەبێ، ئەگەر وابزانی لەوان ناترسم و لە تۆ دەترسم، ئەوە مێشکت لەدەستداوە)٢٠.
کەواتە مەبەستی سەرەکی برێخت رسواکردنی جەنگە لە هەر کوێیەک و بۆ هەر مەبەستێک بێت، نیشتمان پەروەری ئەوە نیە لە پێناو کەسێکدا خۆت بدەیت بە کوشت
(مردنی لە پێناوی تۆدا جیاوازە، لە مردنی بۆ وڵاتەکەی)٢١، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هیچ ستەمکارێک ناتوانێ بە تەنیا دەسەڵات بگرێتە دەست ئەگەر پشتگیری و داکۆکی کردنی خەڵک نەبێ، ئەوەتا ئەنتیگۆنە رووی دەمی لە ئەنجومەنی پیرانە و پێیان دەڵێ دوێنێ براکەم و ئیمڕۆ من و سبەی نۆرەی ئێوەش دێت، بەر لەوەی نۆبەتان بێت هەڵوێست وەرگرن، بەڵام ئەنجومەنێک لەسەر خوانی کریۆن بلەوەڕێ چۆن بەرەنگاری دەبێتەوە و چۆن خۆی لە ترس و بەرژەوەندیش قوتار دەکات. راستە ئەوان بە سۆز لەگەڵ ئەنتیگۆنەن بەڵام بێ هەڵوێستن، هەر ئەوان نین کە پشتی تێ دەکەن، بەڵکو زۆرینەی دانیشتوانی تیبە شەرابی سەرکەوتن دەنۆشن، پاشان برێختیش هەمان ئەنجامی ئەنتیگۆنەی سۆفۆکلیسی هێناوەتەوە و کۆتایی پێ هێناوە.
لێرەوە دەبینین هەر دەسەڵاتێکی ستەمکار پێویستی بە پاڵەوانە (ئەگەر خۆشی دایانتاشێ) بۆ هاندانی خەڵکی و پێویستی بە خائینیشە (لە دیدی خۆیەوە) بۆ چاوترسێنی دۆست و دوژمن، بۆیە بە ئاشکرا لە هەرسێ دەقدا (بە شێوازی جیاواز و لەدیدی جیاوازەوە) ئەو مەسەلەیە هەڵوێستەی لەسەر کراوە.
ئانۆی و برێخت بەتەواوی پابەندی بنەماکانی تراژیدیای گرێکی بوون و بەدەر لە پێشەکیەکەی برێخت، دەبینین لە دیالۆگدا لە سێ کارەکتەر زیاتر پێکەوە نادوێن، هەر چۆن ئەوە بە داهێنانی سۆفۆکلیس دادەنری لە دوو کەسایەتیەوە کردوویە بە سێ، هەروەها یەکەی (کردار و کات و شوێن) بە تەواوی رەچاو کراوە، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو رووداوە سەرەکیەکەش هەر هەمان روداوە، بەڵام شیوازی جەنگ و پێناسەی خائین و پاڵەوان لەمیانەی بنیادنانی کەسایەتیەکانەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و خراوەتە خزمەتی دید و بۆچوونی نووسەرەکەی، چونکە لە راستیدا شانۆنامەی ئەنتیگۆنە زەمینەیەکی شیاوە بۆ دەربڕینی رای جیاواز لە بوونی بەرگری و بەرەنگار بوونەوە و کورسی دەسەڵات و زۆڵم و ستەم، کە ئەوانە هەموو لە خەسڵەتی مرۆڤن و بەردەوام و لە هەموو قۆناغێکی مێژوودا بوونیان هەیە و دوبارە دەبنەوە، بۆیە دەبنە بابەتی بە برەو بۆ هەر بەرهەمێکی ئەدەبی و هونەری و نەمری تۆمار دەکەن.