بەهای روخسار لە دراماو سینەمادا

حەیدەرعەبدوڕەحمان

Haeder Abdulrahman

بەرهەمهێنەرە جیهانییەكانی بواری دراماو سینەما بایەخێكی تایبەتی دەدەن بە روخساری ئەكتەر و بە توخمێك لە توخمەكانی خەسڵەتەكانی ئەكتەری دادەنێن، لەوانەش كۆمپانیاكانی هۆلیود و كۆریی و ئوسترالی و ئەرجەنتینی و چەندین وڵاتی دیكە، كە بۆیان دەركەوتووە روخساری سرنج راكێش رەنگدانەوەی ئەرێنیانەی خۆی هەیە بەسەر بڕی تەماشاكاران و گەرم و گوڕی پەنجەرەی هۆڵی سینەماكان و شاشەی تەلەفزیۆنەكان، چونكە كامێرا دەسەڵاتێكی سیحراوی هەیە لە بەرجەستە بوون و دەرخستنی شێوە، كە زۆر جاران هەندێ‌ جۆری بینەر دەكەوێتە ژێركاریگەری شێوەو و هەست دەكات كەپێویستیان بە تێڕامان و هەڵمژینی جوانیی شێوە هەیە، بە راددەیەك زۆر جاران ئەو روخسارو شێوانە كاریگەرییەكانیان ئەوەندە قوولەَ بەسەر بینەردا، بێ‌ ئەوەی هەست بە خۆی بكات فریو دەدرێت، بۆیە هەستە جیا جیاكانی ئەوەندە بە ناخ شێوەدا روو دەچن، كەمتر بوار بۆ ناوەرۆك و ئەقڵ بە جێ‌ دیڵن كە بەرەو شیكردنەوەو لێكدانەوەیەكی لۆژیكی پێهكهاتە درامیەكان و رووداوەكان قوڵ ببنەوە، ئەوانەی هەموو پشت بەستنێكیان بە شێوەو روخسارە لە كارە درامییەكاندا هەموو ئەو فاكتەرە جۆراو جۆرانە بەكار دەهێنن كە بینەری پێ‌ چەواشە دەكرێ ، بە تایبەت بینەری گەنج و بینەری خێزان كە زۆرێك لەوان لە دەرەنجامی بۆشاییەكی زۆر لە ژیانی رۆژانەیاندا بەردەوام دەبن لە بەسەركردنەوەی هەندێ‌ لەو زنجیرە دوورو درێژانە كە زۆربەیان لە بازنەیەكی داخراودا دەسوڕێنەوە و بریتین لە تەنها موغازەلات و نیشاندانی شێوەی هەڵخەڵەتێنەری ئەوتۆ كە زۆرێك لە بینەران خەیاڵی خۆیانیان لە سەر بونیات دەنێن .

زۆر ئەكتەر هەن، جوانیەكانیان بونەتە فاكتەر بۆ ئەوەی پەلكێشی دنیای سینەماو دراما بكرێن و لە ماوەیەكی كورتدا ببن بە ئەستێرە،بێ‌ ئەوەی ئەوان رۆژێ‌ لە رۆژان لە خەونیشا بڕوایان بەوە هەبووبێ‌ كە دەبن بەو ناوە رەونەقدارانەی بواری سینەماو دراما، ئەوەتا سەرچاوەی هەرە بە پێزی دراما توركییەكان رووخسارە كە لای ئەوان لە سەرووی هەموو پێكهاتەكانی دیكەی دراما هەژمار دەكرێت ،هەموو پێكهاتەكان بە تێكڕایی لەوانەش سیناریۆ و وێنە گرتن و دەرهێنان لە پێناو بەرجەستە بوونی جوانییەكانە كە ئامانجی سەرەكی كارە درامییەكانی ئەوانن .. كرۆكی راستەقینەی روخساری جوانیش لای لاوەكانە كە لە هەموو كارە درامییەكاندا تەوەری بنەڕەتی دراماكانن و بینەر زۆرینەی كاتیان لە گەڵدا بە سەر دەبات ..

بەڵام بەرجەستە كردنی روخساری جوانیی بۆ كاری درامی مەرج نیە تەنها لە بازنەی پرسی لاوەكی و رووكەشی بە ناو خۆشەویستی بخولێتەوە كە زۆر جاران بە تایبەت لە دراما توركییەكاندا بێزەوەرو ئێكسپایەر دەبێت و لە چمكی پیرۆزی خۆشەویستی كەم دەكەنەوە، لە بری ئەوەی وەك ( یوسفی راستگۆ ) ی ئێرانیەكان و ( گەوهەری كۆشكی )ی كۆرییەكان گەورەو پیرۆزی بكەن، دەكرێت پرسی خۆشەویستی بكرێتە بنەڕەت،بەڵام بەو ئاراستەیەی كە خۆشەویستی تێیدا جوانترو پیرۆزتر بێت لە مانا پیرۆزەكەی خۆی، خەڵكی لە پەنای ئەو جۆرە خۆشەویستیە پڕ لە گوزارشتانە، هەست بە گەورەیی مرۆڤ بكات، نەك خۆشەویستی بكرێتە كەرەستەیەكی بازرگانی و دەرهاوێشتەیەكی ژەهراوی كۆمەڵگایێكی فاسید ی شیرازە پچڕاو ..

لە زنجیرە درامای (گەوهەری كۆشك) و(سۆناتای زستان) كە دوو زنجیرە درامای كۆرین و بەشێكی زۆر لە كیشوەرەكانی جیهانیان هەژاندووە و لە گەڵ هەموو كۆمەڵگایێكدا دەگونجێن تیایاندا بایەخێكی زۆر بە روخسار دراوە، بەڵام ئەو روخسارە بۆ كۆمەڵێ‌ چمكی مرۆیی پیرۆز بەرجەستە كراوە، بۆیە روخسارەكانیان جوانتر كردووە لە خۆی .

ئێمە لە سینەماو درامای كوردی نوێ‌ دا دا ئارەزووی ئەوەمان هەبووە كە روخساری جوان بەرجەستە بكەین،بەڵام لە سنوورێكی دیاری كراودا ماوینەتەوە،هەر بۆ نموونە رەنگە روخسار لە زنجیرە درامای ( مەمی ئالان ) ی ناسر حەسەن، كۆڵەگەیەك بووبن بۆ نەڕوخانی زنجیرەكە،ئەگەر روخسارو وێنە گرتن نەبوونایە خوا بزانێ‌ زنجیرەكە بە كام هەڵدێردا دەكەوت،لە زنجیرە درامای ( گەردەلوول ) جەلیل زەنگەنە زۆر بە وردبینی و هەستییارییەوە هەڵسوو كەوت لەگەڵ هەندێ‌ روخساردا دەكات، لەوانەش پاڵەوانانی زنجیرەكە، بۆیە لایەنێكی زنجیرەكەی لە دەست پووكانەوە رزگار كرد، جەلیل زەنگەنە دروست كەری كەسایەتی و روخسارێكی وەك وەنەوشە و باران بوو، كە ناودارییەكی زۆری بۆ پەیدا كردن و خەڵكی دووچاری بە دوا دا گەڕانیان بوون، بەڵام مەرج نیە ئەو روخسارانە وەك خۆیان بمێننەوە، زۆر جوینەوەو دووبارە كردنەوەیان لە بەرهەمی بازرگانی كرچو كاڵدا دەبێتە هۆی سوانی روخسارو لە دەست دانی پەرۆشی بینین بۆ ئەو روخسارانە، بۆیە زۆر لە ئەكتەرە جیهانییەكان هەوڵی پاراستنی هاوسەنگی دەدەن لە خۆ نیشاندان و دەركەوتن، هەر بۆ نموونە ئایا پەرۆشی بینەر بۆ روخساری ( وەنەوشە) دوای پێشكەش كردنی بەرنامەو دەركەوتنی هەفتانەی،بەو شێوازە لاوازە وەك پەرۆشی جارانی بینەرە دوای نمایش كردنی گەردەلوول ؟

ناوازەیی زۆر لە روخسارە درامیە كان، بەتایبەت ئەوانەی ناتوانن كاریگەرییەك لە هزری بینەردا بە جێ‌ بێڵن، روخساری كاتین كە بۆ ماوەیەك لە هەستی بینەردا دەمێننەوە پاشان لە گەڵ تێپەڕبوونی زەمەن زۆر بە ئاسانی كاڵ دەبنەوە،چونكە دوای ئەوەی كاریگەرییە لەسەر هەڵنیشتووەكانی سەر هەست و سۆزی بینەر نامێنن، وێنەكانیش لە خەیاڵدا كاڵ دەبنەوەو لە بار دەچن، هەندێ‌ لە دەرهێنەرە درامیەكانی ئێمە بە دەست گرفت و قەیرانی روخسارەوە دەناڵێنن، ناچاری ئەوە دەبن كە روخسارە سواوەكان وەك بنێشتە خۆشە لەهەموو بەرهەمێكا دووبارە بكەنەوە،خەڵك ئەوەندە لە دەست ئەو روخسارانە بێزار بووە بەرهەمەكان لەهەر چ ئاستێك دابن بینەر قەبوڵیان ناكات و نایەوێت جارێكی دیكە بیانبێنێتەوە، بەتایبەت ئەو درامایانەی لە سنووری شاری هەولێر تۆمار دەكرێن، كەچی لە هەندێ‌ شوێنی دیكەدا دەرهێنەرەكان لەبەر ئەوەی كێشەی روخساریان نیە، زێدە رۆیی لە روخساری ئافرەتدا دەكەن .

هەندێ‌ لەو روخسارانە شوێنی خۆیان بۆ پڕكردنەوەی كەسایەتیەكانیان وەك پێویست پڕ كردۆتەوە و توانییوویانە وێنەی داهێنەرانەی جوان لە هزرو خەیاڵی بینەردا دروست بكەن، بەڵام هەندێكی دیكە توانای گوزارشت كردن و داهێنانیان نیە، بۆیە تەنها وەك وێنەیەكی مۆمیا كراو دەبیندرێن كە ناتوانن هیچ خرپەو سروشێك بە بینەر ببەخشن، بۆیە روخسار تەنها لە پێناو روخساردا زۆر جاران پارچەیەك لە جەستەی دراما ئیفلیج دەكات، لە هەمان كاتدا ئەو زۆری و بۆریە لە روخساردا زۆر جاران تیشك لەپاڵەوانی سەرەكی دراماش دەدزێ‌ و وای لێ‌ دەكات ، دیقەتی بینەر بكەوێتە سەر چەند خاڵێك و پەرت و بڵاویان دەكاتەوە، بەمەش لە كەسایەتی پاڵەوانی سەرەكی لاواز دەكەن، بێ‌ ئەوەی ئەو تیشك وەرگرتنە لە پاڵەوانی سەرەكی خزمەت بە كەسایەتیەكانی دیكە بكات، كەواتە نەبوونی رێ‌ وشوێن بۆ روخسارە بە زۆر زێدە كراوەكان لەرووی هاوكێشەی هونەرییەوە ، وەك كەموو كوڕی و بۆشایی نەبوونی روخسارە وایە لە درامادا .

تصویر ممکن است موارد زیر را شامل شود: ‏۱ نفر‏