گوێچكەكانم قسە دەكەن ..منیش گوێیان لێ‌ دەگرم

 

حەیدەرعەبدوڕەحمان

Haeder Abdulrahman

به شى دووه م

تەكنیك :

لە بەر ئەوەی فۆرم هەمیشە لە شانۆگەرییەكانی كارۆخ جێگەی بایەخ پێدانە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە تەكنیك بكاتە كرۆكی فۆرم ، بە تایبەت لە تەكنیكی دیكۆردا، كە پێی وایە دیكۆر نابێت ببێتە پێكهاتەیەكی چەسپاوو مردوو، بەڵكو دەبێت ببێتە پارچەیەكی زیندوو لە جەستەی شانۆدا

دیكۆر لەو بەرهەمەدا پێكهاتەیەكە بە بەردەوامی لە گۆڕان دایەو بۆ هەر دیمەنێك بە شێوەیەكی تۆماتیكی دیكۆر دەگۆڕێت، بەو شێوەیەی وەك باگ راوند ببێتە تەواو كەری وێنە، وەك دیكۆری منارەو مزگەوتەكە لە كاتی نوێژ كردن و دیكۆری سك پڕ بوونی ژنە داعشەكان لە كاتی گێڕانەوەی بە سەرهاتەكانی ژنەكە لە ژێر دەستی داعشەكاندا، دیكۆری ئاوارەكان و چەند وێنەیەكی تری ئەو دیكۆرانە، كە لەگەڵ روداوەكاندا دروست بێت و ون بێت.

بەڵام كە مادام دەرهێنەر بە تەكنیك دەسەڵاتی تۆماتیكی گۆڕینی دیكۆری هەیە، نەدەبوا قەوارەی سەندوقەكان فۆرمێكی تەقلیدی وەربگرێت و بەو زەخامەتیە دەركەوێت كە سەرتاسەری شانۆكە داگیر بكات، وێڕای ئەوەی مادام سەندوقەكان دەگەڕانەوە بۆ سەردەمی پێشووی كاراكتەرەكان، ئەگەر سیمایێكی كلاسیكی هەبوایە گونجاو تر دەردەكەوت .

جگە لە دیكۆری بگۆڕ، دەرهێنەر تەكنیكێكی جوانی بۆ دروست كردنی هەڵم دروست كردووە كە لە كۆتایی نمایشەكەدا بە دەستی كاراكتەرە ژنەكە پەخش دەكرێت و تێكەڵ بە موزیك و ریتمێكی تراژیدی دەبێت و لە سەر شانۆو لە ناو هۆڵەكەدا بڵاو دەبێتەوە

سەما :

سەما دەكەوێتە چوارچیوەی سینۆگرافیای شانۆیی و ئاوێزانی موزیك و ریتمێكی بڵًنتر لە ریتمی گشتی شانۆ دەبێت ، بزووتنەوەی ئەكتەرو رەنگ ورووناكی و موزیك هارمۆنیایەك لە ستاتیكای شانۆیی دروست دەكەن كە تێیدا دەرهێنەر كۆمەڵێ‌ ئامانجی گرنگ بە دەست بێنێت لەوانە :

1.دەرهێنەر ئەتمۆسفیرێكی سیحراوی لە سەر شانۆدا دروست دەكات كە هەم جوانییەك بە تەكنیكی نمایش ببەخشێت، هەم پشوویەك بە بینەر بدا، بۆ زاخاو دانەوەی مێشك .

2. ریتمی شانۆ بە شێوەیەك بەرز دەكاتەوە، كە بینەر تێیدا هەست بە زیندوو بوونەوەی بەردەوامی نمایش بكات.

3. سەما ـ بەهێترین كەرەستەیەكی درامیە بۆ بەرجەستە كردنی روداوەكان، بۆیە دەبێتە پارچەیەكی هەرە زیندوو لە نواندن بەڵام بەریتمێكی جیاواز.

كارۆخ ئیبراهیم ـ لە زۆرینەی ئەو سەمایانەی لەشانۆگەریەكانی خۆیدا بەرجەستەیان دەكات، دەف و رووناكی و ئەدای ئەكتەر تێكەڵ بە یەكتر دەكات، بۆ ئەوەی بەو سێ‌ توخمە بتوانێت وروژاندن لای بینەر دروست بكات، بەڵام ئاستی سەركەوتن یا سەرنەكەوتنی دەكەوێتە سەر جۆری راهێنانی دەرهێنەرو توانستی ئەكتەر بۆ سەما

لە چوارچیوەی ئەو بایەخ پێدانەی دەرهێنەر بۆ سەما، ئەگەر بتەوێت جیاوازی لە نێوان سەمای شانۆگەری (كچی شەرەفەدین) لەگەڵ سەمای نمایشی (گوێچكەكانم قسە دەكەن) بكەیت، ئەوە هەست دەكەیت، كاریگەرییەكانی سەمای ( ئیلاف ئیبراهیم) لە كچی شەرەفەدین تا ئێستاش لە مێشكی بینەردا كاڵ نەبۆتەوە، لە گەڵ سەماكەی ( سێبەر) بەراوردییان پێ‌ ناكرێت ، بەڵام دیسان هەر لە كۆتاییدا هەمیشە سەما لای كارۆخ فاكتەرێكی گرنگی چێژە وەك لە دوا نمایشدا دەركەوت .

نواندن :

دەرهێنەر بۆ شانۆگەری ئەمجارەی تەنیا دوو ئەكتەری خستۆتە سەر شانۆ (سێبەر ئیبراهیم و گۆران ساڵح ) كە هەروكییان دوو ئەكتەری تازە پێگەیشتوون لە شانۆدا، سێبەر ـ دەرچووی ئەكادیمیایێكی شانۆیی نیە و شانۆی نەخوێندووە، بەڵام گۆران ـ ئەگەرچی لە بواری گۆرانی گوتن دا ناسراوە، بەڵام دەرچووی شانۆیە .

بێگومان دەرهێنەر لەگەڵ دوو ئەكتەری تازە پێگەیشتووی نا ئەكادیمی، ماندوو تر دەبێت لە ئەكتەرێكی خاوەن ئەزموون و ئەكادیمی، بەڵام ئەوەشییان دەمێنێتەوە سەر دەسەڵاتی دەرهێنەر لە دروست كردنی ئەكتەرو راهێنانی، هەروەها بڕی توانستی جەستەیی ئەكتەرەكە لە رووی ئەداو ئیلقاو و دەنگ .

ئەگەر هەموو ئەو باگ راوندانە لە بەرچاو نەگرین و تەنیا قسە لەسەر ئەو نواندنە بكەین كە هەردوو ئەكتەر لە سەر شانۆدا نیشانیان داین ، ئەوە بە روونی ئەو راستیە دەردەكەوێت كە سێبەر ـ وەك پاڵەوانی یەكەمی شانۆگەریەكە دەردەكەوت ئینجا گۆران، بۆیە زۆر جار بینەر هەستی بەوە دەكرد كە سێبەر بە سەر گۆراندا زاڵە لە نواندندا .

هەمیشە لە كاتی نمایشەكەدا پرسیاری ئەوەم لا دروست دەبوو، كە هۆكار چیە دەرهێنەر لە نێو دەیان ئەكتەری پسپۆرو خاوەن ئەزموون ، پەنا بۆ ئەكتەرێكی بێ‌ ئەزموون ببا، ئایا ئەوە مەترسی نیە بۆ ئەوەی ئەكتەرێكی سەرەكی لە شانۆگەریەكدا ئەگەر لە ئەزموونەكە سەر نەكەوت، ببێتە هۆكار بۆ روخانی شانۆگەریەك و فەشەل پێ‌ هێنانی دەرهێنەرێك لە دوا ئەزموونی دا ؟

من و زۆرێك لە بینەران لە گەڵ خۆیاندا لە نیگەرانی دابووین، لە سەركەوتن یا روخانی نمایشەكە بە هۆی ئەكتەرەوە.

خۆ ناهەق نین چونكە چەند ئەوەندەی تۆ پشت بە سینۆ گرافیاو كەرەستەكانی دیكەی فۆرم بكەیت بۆ جوانكردنی شانۆ، ئەوە نابێتە ئەلتەرناتیف بۆ ئەكتەر كە رۆحی راستەقینەی نمایشە لەسەر شانۆدا .

بەڵام ئاخۆ دەرهێنەر توانی هاوسەنگی ( ئەكتەر) لە گەڵ (سینۆگرافیا ) رابگرێت ؟

رەنگە وەڵامی ئەو پرسیارە لە نێوان هەر یەكێك لە ئێمە جیاوازی هەبێت لەگەڵ ئەوی ترماندا، بەڵام من پێم وایە ئەوەندەی كارۆخ بە سینۆگرافیاوە سەر قاڵ بووە (ئەگەرچی كۆمەڵێ‌ برادەری دەست رەنگین كاری سینۆگرافیایان هەڵًسوڕاندبوو) دەرهێنەر بە قەد سینۆگرافیا ئەو بایەخەی بە ئەكتەر نەداوە، خۆ ئەگەرچی ئامرازەكانی سینۆگرافیا هەمیشە ئامرازی هەڵخەڵەتێنەرن بۆ چاوی بینەر، بەڵام جوانترین سینۆگرافیا لە شانۆدا سینۆگرافیای جەستەی ئەكتەرو ئەدای ئەكتەرە، كەپەیوەستی راستەقینەی بە رۆحی بینەرەوە هەیە نەك چاوی، ئەكتەر دەتوانێت بێ‌ سینۆگرافیاش ئەو بۆشاییەت بۆ پڕ كاتەوە و بەرهەمێك پێشكەش بە بینەر بكات بەپەرۆشەوە لە ئامێزی بگرێت، چونكە سینۆگرافیا بە گشتی ئامرازێكە بۆ خزمەتی ئەكتەرو نمایش ، هەرگیز ناكرێت ئەكتەر بكەیتە ئامراز بۆ تێر كردنی سینۆگرافیا .

بەڵام باشترین حاڵەتی بژاردە لەو نێوانەدا ئەوەیە كە دەرهێنەر هاوسەنگییە هونەرییەكان وەك یەك رابگرێت و بایەخی سەرەكی بەتوخمە بنەڕەتیەكانی وەك ئەكتەرو تێكست بێت ( وەك پەیكەری بونیاتی شانۆیی) ئینجا توخمە لاوەكییەكانی دیكەی جوان كردن و كارتێكردن و وروژاندن و چێژ وەرگرتن ..

لەو پێو دانگەشەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دواوە و شانۆگەری ( كچی شەرەفەدین ) بەبیر خۆمان بێنینەوە، ئەوە هەست بە جیاوازی ئەوە دەكەیت كە ئەكتەر لەوێ‌ داینەمۆی نمایش بوو، ئینجا سینۆگرافیا ، بەڵام لەو نمایشەی ( گوێچكەكانم قسە دەكەن) بە پێچەوانەی هاوكێشەكەی ترە، بۆیە بینەر هەست بەوە دەكات كە كارۆخ نەیتوانیووە لە كچی شەرەفەدین تێپەڕێنێ‌، یا شتێ‌ پێشكەش بكات لە ئاستی ئەو دابێت لە هەموو رووەكانەوە، هۆكارەكەشی دەگەڕیتەوە بۆ ئەو خاڵانەی لە بەشی یەكەمدا ئاماژەمان پێدا .

ئەگەر وەك ئەكتەرێكی تازە پێگەیشتووی كەم ئەزموون تەماشای (سێبەر ئیبراهیم ) بكەیت، ئەوە ناتوانین نكۆڵی لەوەدا بكەین كە لە ئاست ئەو تەمەنە كورتەی لە شانۆدا هەیەتی ، توانی بەرگەی ئەو ئەركە قورسە بگرێت و بە بوێرییەوە رۆڵەكەی خۆی راپەڕێنێ‌، بەڵام هەست بە جیاوازییەكی ئەوتۆ ناكەین لە رووی بەرجەستە كردنی ئەو چەند كاراكتەرانەی كە ئەو دەبوا بۆ هەر یەك لەوان جیاوازییەك لە فۆرمی نواندن دروست كات لەگەڵ ئەوی تریاندا، بەڵكو هەر سێ‌ كاراكتەر لە یەك دەچوون ...

گۆران ساڵح : خۆی لە ئەزموونێكی سەخت داوە، رەنگە ئەو ئەزموونە نە بۆ خۆی نە بۆ بەرهەمەكەی كارۆخ ئیبراهیم جێگەی متمانە نەبووەو جۆرێك لە سەركێشی تێدا بووە، چونكە ئەوە هەقیقەتێكە كە گۆران ناتوانێت ببێت بە ئەكتەر.

تصویر ممکن است موارد زیر را شامل شود: ‏۱ نفر‏