به ر له فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتی شانۆ لە هەوليَر

حەیدەرعەبدوڕەحمان

Haeder Abdulrahman

زۆر جاران لە ساڵانی رابووردوودا دروشمی گەورەمان بە ناوی فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتی شانۆ بەرز كردۆتەوە، لەپێناو رێكلام و خۆهەڵكێشان، كەچی لە ناوەرۆكدا تواناو دەسەڵاتی هەڵگرتنی ئەو دروشمانەمان نەبووە، ئیدی نەك هەر تەنها دووچاری شكست خواردن و بێ‌ ئومێدی بووینە، بگرە دەرفەتێكیشمان لە دەست داوە كە ئێمە زۆر بۆی بە پەرۆش بووین.

كێشەی گەورەی ئێمە لەوە دایە، ئەگەر بمانەوێت خزمەت بە بزاڤی شانۆیی بكەین و بە جدی هەوڵی زیندوو كردنەوەی شانۆ بدەین لەو شارەدا، پێویستە نەخشەو پلانێكی ئەوتۆمان هەبێت بمانگەیەنێتە رێگە چارەی گونجاو بۆ گۆڕانكاری و هەنگاو نان بۆ بونیاتنانی شانۆیەكی جاد، واز لە دروشم و خۆ هەَلخەڵەتاندنی خۆمان بێنین و بەرژەوەندییە تایبەت و لاوەكییەكان بەلاوە بنێین و بیر لە بەرژوەندییە باڵاكانی شانۆی كوردی بكەینەوە .

هەموو كەس ئەو راستییە دەزانێت كە دەسەڵاتی ئێمە بۆ شانۆ لەو شارەدا دەسەڵاتێكی دیاری كراوە ، ئێمە جگە لە فیستییڤاڵێكی مۆنۆدرامای شكست خواردوو نەبێت لە ساڵانی رابووردوو هیچمان بۆ شانۆ پێ‌ نەكراوە، تەنانەت نەمان توانییووە ساڵێ‌ جارێك نمایشێكی شانۆیی پێشكەش بكەین، نەمانتوانیووە وۆرك شۆپێك ، كۆرێك، سیمینارێك بۆ شانۆ ئەنجام بدەین، ئیدی چۆن دەتوانین فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتی بۆ شانۆ ئەنجام بدەین ؟!

بەڵێ‌ ئێمە دەتوانین بەپینەو پەڕۆ شتێكی كاتی بۆ میدیا بكەین، بەڵام ناتوانین واقیعی شانۆ لەو شارەدا بەو شێوەیە بگۆڕین، ئێمە پێویستیمان بەو خەمخۆرانەی شانۆ هەیە، كە ئایندەی شانۆیان بەلاوە گرنگترە لە هەموو شتێكی تر، پێویستیمان بە گۆڕینی خوێنی شانۆو ئەوانە هەیە كە ئامانجە پیرۆزەكان دەخەنە سەرووی هەموو شتێكەوە، ئیدی لە بری ئەوەی بیر لە ئەنجامدانی فیستیڤاڵی بەناو نێو دەوڵەتی بكەینەوە، با بیر لە فیستیڤاڵێكی نێو نەتەوەیی بكەینەوە، بۆ ئەوەی بینەری ئێمە ئاشنا بە شانۆی كوردی بێت لە دیار بەكرو لە مەریوان و سنەو قامشلو، بەراوردێك لە نێو ئاستی شانۆ بكات لەو پارچانەی كوردستان،بینەر نامۆ نەبێت بە شانۆی نەتەوەكەی خۆی ،لە هەمان كاتیشدا ئاراستەیەك دروست بكەین بەرەو دروست بوونی شانۆیەكی نەتەوەیی، كە ئێمە لەو ساتەدا لە هەموو كاتێك زێتر پێویستیمان بە نزیك بوونەوەی یەكتر هەیە، شانۆ بكەین بە فاكتەرێكی سیاسی و پەیامێكی نێو نەتەوەیی یەكگرتوو، شانۆ لەو جۆرە فیستیڤاڵەدا گوتاری بە هێزی خۆی دەبێت، كە بەهێزتر بێت لە هەر كارتێكی دیكەی سیاسی نێو نەتەوەیی ..

ئێمە تا لە گۆشە نیگا تەسكەكانەوە، بڕوانینە شانۆ، هەمیشە شانۆ بچووك دەكەینەوەو لە وەزیفە راستەقینەكانی دایدەچۆڕێنین، وا تێ‌ دەگەم سەردەمی داچۆڕاندن و بێ‌ نرخ كردن و موزایەدە كردنیش بە شانۆ كاتی بە سەر چووە،بەسە ئیدی با ئەو شارە دێرینە گەورەیە، چیدیكە خامۆش و وێڕان نەكەین لە شانۆ، چیدیكە ئەو جەماوەرە تینووەی شانۆ كە ساڵانێك بوو دەرگاو پەنجەرەی شانۆكانیان دەشكاند بۆ بینینی نمایشێك دڵ ساردو بێ‌ هیوایان نەكەین .

وا نیشان مەدەن ئەو شارە دەسەڵاتی شانۆی نیە، خەمخۆری كەمە، نەخێر، بڕۆن متمانە بەوانە ببەخشنەوە كە لە داخی بێ‌ شانۆیی و دابڕان لە ئەشقی شانۆییان، شاریان بە جێ‌ هێشت، ئەو لاوانە بگەڕێننەوە سەر تەختەی شانۆ كە پشتییان لە شانۆ كردوو، روویان لە كەناڵی دیكە كرد، بۆشاییەكانی ژیانیانی پێ‌ پڕكەنەوە

كێشەی ئێمە لای هەندێ‌، نەبوونی كادیری شانۆیی نیە، بەقەد ئەوەندەی كێشەی گەورە بودجەیە بۆ شانۆ، بودجەیەك كە لە بری ئەوەی تەكانێك بەو هەلو مەرجە تەنگەتاوەی شانۆ بدات و تینوویەتی خەڵك لە قەیرانی شانۆیی بشكێنێ‌، چەند وزەو دەسەڵاتێكی نوێ‌ ی شانۆ بێنێتە پێشەوە، بەڵكو زێتر دووچاری بێ‌ هیواییمان دەكات، چونكە دڵنیابن كە ئەو بودجەیە نەما، شانۆش نامێنێ‌ .

نازانم لە چ وڵاتێكی دنیا هەیە، شانۆكاران، تیپە شانۆییەكان،دەستەو ئەژنۆ بوەستن و لە چاوەڕوانی بودجە دابن ؟ لە وڵاتانی دنیا گەڕێ‌، لەنێو هەمان واقیع و هەمان هەلو مەرجی نیشتمانی خۆماندا، بۆ دەبێت شار هەبێت لە ماوەی سێ‌ مانگدا دوو نمایشی شانۆیی پێشكەش بكات و بیست رۆژ نمایش بەردەوام بێت و بە هەزاران بینەریش لە هەموو كوردستان رووی تێ‌ بكەن، بۆ ئەوەی لە نمایشی ئەوان بێبەش نەبن، بێ‌ ئەوەی بودجەشی هەبێت ! بۆ ناچن لێیان بپرسن ئەرێ‌ چەندتان بودجە لە حكومەت وەرگرت ؟ هەموو ئەوانە نیشانەی ئەوەن كە ئامانجی راستەقینەی ئێمە پێشخستنی شانۆو دروست بوونی بنەماكانی شانۆ و بە زیندوو راگرتنی شانۆ نیە، بەڵكو شانۆ وەك هەر دەزگایێكی دیكەی حكومەتی لیَِ هاتووە، وەك شارەوانی و تاپۆ ...وەك ئەوان لە چاوەڕوانی هاتنی موچەن، شانۆی ئێمەش چاوەڕوانی هاتنی بودجەیە .

كە دەڵێم با ئێمە بۆ خاتری زیندوو كردنەوەی شانۆ واز لە دروشمی فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتی بێنین و جەختە لەسەر چاكردنەوەی ئەو هەلو مەرجە سەقەتەی خۆمان بكەینەوە، ئەوەیە ئەگەر سبەینێ‌ فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتی ساز كراو، میوانەكانتان هێناو لە ناو قەفەزی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی شانۆتان تان پەستین، نەتوانێ‌ لە نێو تەسكو تریسكی هۆڵ و جەنجاڵی بینەران هەناسە بدات، ئەوكات ئەو میوانە بەڕێزە ناڵێ‌ ئەرێ‌ كاكە ئەگەر ئێوە كە هۆڵێكتان بۆ شانۆ نیە ، چۆن فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتی بۆ شانۆ ساز دەكەن ؟

توضیحات عکس در دسترس نیست.