لۆرانس ئۆلیڤیە .. بلیمەتترین ئەكتەری سەدەی بیستەم حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman
لۆرانس ئۆلیڤیە .. بلیمەتترین ئەكتەری سەدەی بیستەم
لۆرانس ئۆلیفیەی ئەكتەرو دەرهێنەری شانۆیی 1907ـ 1989 ناودارترین ئەكتەری جیهانیی سەدەی بیستەمە بە تێكڕایی كە توانیویەتی بە درێژایی 60 ساڵ چ وەك ئەكتەر چ وەك دەرهێنەر لە سینەماو شانۆدا كار بكات و گرنگترین و ناودارترین شاكارە تراژیدییەكانی شكسپیر زیندوو بكاتەوە.
(سبنسرتریس) گوتەنی : لۆرانس بلیمەترین ئەكتەرە لە سەرتاپای جیهانیی ئینگلیزی دا ،یەكەم دەرهێنەری هونەریی بووە لە بەریتانیادا و كە توانیویەتی وێنەیەكی كۆپی كراوی شكسپیری نوێ بێت ،بەرهەمی ئەو هەموو بەخششە گەورانەیئەوە بووەكە دوانزە جار بۆ خەڵاتی ئۆسكار پاڵێوراوە،دوو جارانیش خەڵاتی ئۆسكاری بە دەست هێناوە ، وەك باشترین ئەكتەرو باشترین دەرهێنەر و باشترین بەرهەم هێن، لە فیلمی هنری پێنجەم ،هەروەها خەڵاتی شێری زێڕین و خەڵاتی ئۆسكار لە فیلمی هاملێت وبە سەدان خەڵاتی بەهاداری تری شانۆیی و سینەمایی .
لۆرانس بەرجەستەی چەندین رۆڵ و كاراكتەری جیا جیای كردووە، لە 120 شانۆگەری دا رۆڵی سەرەكی بینیووە ، لەوانە : ریتشاردی سێیەم ،ماكبیس،رۆمیۆ،هاملیت ، ئۆتیللۆ،لالۆڤانیا،جگە لەوەی لە 120 كاری شانۆیی نمایشی كردووە ، لە 60 فیلمیشدا دەركەوتووە، لەوانە فیلمی سپارتاكۆس، هاملێت ، لیر پاشا، هنری پێنجەم ، ئۆتیللۆ ،بازرگانی ڤینیسیا ، فیلمێكی ستانلی كۆبریك و فیلمێكی هیتشكۆك و چەندینی فیلمی تر..لە ئەنجامی ئەو هەموو شاكارە گەورانە پەیمانگای فیلمی ئەمریكی لۆرانس ئۆلیفیەی ناونا : بلیمەتترین ئەكتەر بۆ هەموو سەردەمەكان
(جۆن كۆتریل )لە كتێبە بە ناوبانگەكەی (لۆرانس ئۆلیفیە ) دەڵێت : بۆ ماوەیەكی درێژ لۆرانس ئۆلیفیە بەڕێًوەبەری شانۆی نیشتمانی بووە لە ئینگلتەرا و هەوڵێكی زۆری بۆ پێشخستنی داوە، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشكەوتووی گەلان، بە تایبەت ئەزموونی سۆڤیەتی و پێشكەش كردنی تێكستەكانی چیخەف، وەك شاكاری جیهانیی گەورە.
هەروا دەڵێ : لۆرانس لە هەردوو باڵی شانۆو سینەمادا بە یەكسانی داهێنانی كردووە، هەم بە كاری نواندن وەك ئەكتەر و هەم وەك دەرهێنەر بۆ شانۆو سینەما ، یەكێك لە فاكتەرە هەرە بنەڕەتیەكانی بەردەوام بوون و سەركەوتنی لۆرانس ئۆلیفیە ئەو كەف و كۆڵە بە جۆشە بوو، كە بۆ كاركردن هەیبوو ، هیچ لە دەرفەتەكانی ژیانی لە دەست نەداوە لە پێناو داهێناندا،بە تایبەت بۆ بەرجەستە كردنی شاكارە تراژیدییەكانی شكسپیر كە ئەو بە هۆیەوە لە دەرگایێكی زۆر فرەوانەوە چووە ناو دنیای سینەما .
ئەوەتا (تشارلز لۆتۆن ) لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ كتێبەكەی جۆن كۆتریل ـ دەڵێت : سینەما دەروازەی سەرەكی ئەو ناوداریەتیە جیهانیەی لۆرانس ئۆلیفیەیە، بە تایبەت دوای نمایش كردنی شاكارە تراژیدییەكانی شكسپیری مەزن ..ئەو توانی ئەو ئەشقەی بۆ شانۆ هەیبوو لە سینەماشدا بەرجەستەی بكات ،بۆیە سیمای شانۆیی لە فیلمەكانیدا دیار بوون .
هەروەها دەڵێت : گەورەیی لۆرانس لەوە دابوو كە ئەو توانی شانۆی ئینگلیزی لەو بەرگە كلاسیكیە كۆنە داماڵێ و بەرگێكی نوێ ی لە بەركا، بۆیە سیما هەرە نوێخوازی و ئەزموونە هەرە دەوڵەمەندەكانی شانۆی ئینگلیزی لە سەر دەستی لۆرانس ئۆلیڤیە بوو.
لۆرانس كە كوڕی قەشەیەكی كەنیسەی گەورە بوو،هەموو خولیا بوونێكی خۆی لە سەر شانۆی (ویست ئاند) دەست پێكرد ،كاتێ باوكی لە تەمەنی 5 ساڵی لە گەڵ خۆیدا ئاشمشۆیەتی لە گەڵ شانۆدا پێ كردووە ،لەوێوە ئەشقی شكسپیر بوو، بڕیاری ئەوەی دا هەموو ژیانی بۆ شكسپیر تەرخان بكات ، تا وای لێهات هەموو دنیا لۆرانس ئۆلیفیە بە شكسپیری نوێ ناو بەرێت ، لەوێوە دەستی بەكاری نواندن و دەرهێنانی شانۆیی و سینەمایی كرد ، تا ساڵێك بەر لە ماڵئاوایی كردنی 1989لە سینەماو شانۆ دانەبڕا .
فیفیان لی : ئەو ئەكتەرە ئافرەتە بریتانیەیە كە دۆستایەتیەكی نزیكی لە گەڵ لۆرانس ئۆلیفیە هەبوو ، چەندین كاری شانۆیی و سینەمایی لە گەڵ ئەودا ئەنجام داوە ، وەك لۆرانس خۆی دەڵێ : فیفیان سەرچاوەیەك بوو لە سەرچاوەكانی نواندنم ، كە هەمیشە وزەیەكی نوێ ی پێ دەبەخشیم لە كاتی نمایش كردندا ، دواتر ئەو سۆزە قوڵەی لە شانۆدا لۆرانس و فیفیانی لێك نزیك دەكردەوە ، هەر ئەو سۆزە بوو كە وای كرد پرۆسەی هاوسەرگیری لە گەڵ یەكدا ئەنجام بدەن و بۆ ماوەی 20 ساڵ درێژە بەو پرۆسەیە بدەن ، كە پڕ بوو لە خۆشەویستی و داهێنان .
