شەهرەزاد كێ یە ؟ حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman

شەهرەزاد كێ یە ؟
شەهرەزاد ـ ئەو زنجیرە رۆمانسیە ئێرانیەیە كە لە لە 28 ئەلقەدا لە كەشو هەوایێكی سیاسی چڕدا دەخولێتەوە و لەو ماوەی دواییدا وەك چۆن لە چەندین كەناڵی تردا دۆبلاژ كرا ، بە هەمان شێوەش لای ئێمەش لە كەناڵی كور سات دا نمایش كراو ژمارەیەكی زۆر لە بینەران لە گەڵ زنجیرەكەدا ژیان ..
پاڵەوانی زنجیرەكە (ترانە عەلی دوستی ) رۆڵی شەهرەزادی بینیووە كە یەكێكە لە سرنج راكێشترین كەسایەتیەكانی زنجیرەكە،رەنگە زۆرێك لە بینەران كەوتبنە ژێر كاریگەری رۆڵی ئەو كەسایەتیەو پرسیاری ئەوە بكەن، شەهرەزاد كێیە ؟
بەڵێ ئەو كەسایەتیە دیارەی شەهرەزاد ترانە عەلی دوستی، كەپاڵەوانی سەرەكی ئەوزنجیرەیە، لە دایك بووی ساڵی 1984 ی تارانە، جگە لەوەی ئەكتەرە كاری وەرگێرأنیش دەكات ،لە ساڵی 2011 بۆتە هاوسەری عەلی مەنسوور و كچێكیشی لێی هەیە .
ترانە ـ یەكەم كاری سینەمایی لە فیلمێكی دەرهێنەری ئێرانی ( رەسول سەدر عاملی) بوو بە ناونیشانی ( من ترانەی 15 ساڵیم ) كە ئەو كات ترانە لەو تەمەنە دابوو كە چووە ناو دنیای دراماو سینەما ، دواتر دوای ئەو فیلمە ترانە ناوداریەتێكی زۆری پەیدا كردو زۆر لە بەرهەم هێنەرو دەرهێنەرانی ئێران تواناو دەسەڵاتی هونەری ئەو هونەرمەندەیان بۆ دەركەوت و لە زۆر لە كارەكانی خۆیاندا بەشدارییان پێ كرد، ئەوەبوو،لە دەیەها فیلم و زنجیرەی درامیدا دەستی بەكار كردن كرد، لەو كاروانەشدا چەندین خەڵاتی گەورەی پێ بەخشراوە ،لەچەندین فیلمی سینەمایی بەشداری كردووە لەوانە : (شاری جوان 20013ـ دوا چوارشەممەی ساڵ 2005ـ كەنعان 2007ـ شیرین 2008ـ گومان 3008ـ لەوەوە بۆ من 2008ـ ژیان بە چاوێكی قوچاوەوە 2009ـ نهینی دەشتاییەكانی تاران 2009 ـ ئەوەی خوا حەز بكات 2010 ـ كۆتایی شەقامی هەشتەم 2011 ـ میواندارییەكی سادە 2011 ـ ئاسمانی شین 2012 ـ ژیانی هاوبەشی مەحموودو هاوسەرەكەی 2012ـ دایكە دڵ گەورەكە 2014 ـ پشووی تەواو 2014ـ فرۆشیار 2015.
ترانە ـ تا ئێستا چەندین خەڵاتی بە نرخی ناوخۆیی و دەرەكی لە فیستیڤاڵە نێو دەوڵەتیەكانی سینەما وەرگرتووە ،لەوانەش:
خەڵاتی ملوانكەی بلوری لە فیستیڤاڵی فەجر وەك باشترین ئەكتەر ، خەڵاتی باشترین ئەكتەر لە لایەن سەندیكای رەخنەگران و نووسەرانی سینەمای ئێرانی ، ٍباشترین ئەكتەر لە فیستیڤاڵی (لۆكارنۆ ) ی سویسرا لە فیلمی من ترانەی 15 ساڵیم ، پاڵاوتنی بۆ فیستیڤاڵی كان لە فیلمی فرۆشیار ، و چەندین خەڵاتی تری نێو دەوڵەتی و ئێرانی
فیلمی (پیاوە فرۆشیارەكە ) لە دەرهێنانی گەورە دەرهێنەری ئێرانی (ئەسغەر فەرهادی ) لە ئۆسكاری ئەمساڵدا خەڵاتی ئۆسكاری بۆ باشترین فیلمی بیانی پێ بەخشرا،بەڵام دەرهێنەرەكەی و هەردوو پاڵەوانی فیلمەكە شەهاب حوسەینی كە خەڵاتی باشترین ئەكتەری فیستیڤاڵی بەركەوت و ترانە عەلید وستی ئامادەی وەرگرتنی خەڵاتەكە نەبوون ، وەك ناڕەزاییەك دژی بڕیارەكەی سەرۆك دۆنالد ترامپ بە قەدەغە كردنی فیزە بۆحەوت وڵاتی ئیسلامی لەوانەش ئێران ، بەڵام ئەسغەر فەرهادی لە بری ئامادە بوونی خۆی نامەیەكی بۆ ئامادە بووانی ئاهەنگی ئۆسكار ناردو تێیدا گوتی : نیگەرانم كە ئەمشەو لەو ئاهەنگە خۆشەدا لە گەڵتان نیم ،نەهاتنم ریز گرتنە لە هەست و نەستی گەلەكەم و شەش وڵاتی دیكە بە هۆی رێز لێنەنانیان بە بڕیارێكی نا مرۆیی ،كە رێگەیان لێ دەگرێ بێنە ئەو وڵاتە.
فیلمەكەی فەرهادی باس لە دوو هاوسەر دەكات كە كار لە شانۆگەریەكەی ئارسەر میللەر (مردنی فرۆشیارێك ) دەكات
هەر ئەو فیلمە لە فیستیڤاڵی (كان ) سینەمایی بەشداری كردووەو دوو خەڵاتی بە دەست هێناوە ، یەكێكییان خەڵاتی باشترین دەرهێنەرو دووەمیان خەڵاتی باشترین ئەكتەر بۆ شەهاب حوسەینی
زنجیرەی شەهرزاد كە یەكێكە لە گەورەترین بەرهەمە هونەرییەكانی ئێران ، باس لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابووردوو دەكەن ، خەڵك زۆر بە پەرۆشەوە لە چاوەڕوانی بەرهەمێكی وا دابوون كە لە سەر ئەركی كەرتی تایبەتی و دوور لەو فیلمە نا حكومیانە بوون كە هەندێ ویستی تایبەتی دەسەڵاتیان بە سەردا دەسەپێز
دەزگای سانسۆری دراما لە ئێران رەزامەندی نیشاندا لە سەر نمایش كردنی زنجیرەكە دوای ئەوەی فیلمەكە دیمەن بە دیمەن پشكێندرا ، ئەگەرچی زنجیرەكە باس لە سەردەمی واقیعی تاڵی ئێران دەكات لە سەردەمی شا ، بەڵام لە زۆر گۆشەوە رەنگدانەوەیەكی ئەمڕۆی ئێرانیش نیشان دەدات .
زنجیرەكە لە دەرهێنانی حەسەن فەتحی و سیناریۆی هاوبەشە لە گەڵ نووسەری شانۆیی نەجمە سامینی و سەربوردەی خۆشەویستیەكی تێدا بەرجەستە كراوە دوای كودەتاكەی 1953ی ئێران ،كە تێیدا لە ژێر زەبرو زەنگ كۆتایی بە دەسەڵاتی سەرەك وەزیرانی هەڵبژێردراوی ئەو كاتە (محەمەد مسەدەق) هێندرا،خۆشەویستیەكەی تێدا پارچە پارچە كرا .
چیرۆكی زنجیرەكە باس لە كچە قوتابیەكی زانكۆ لە كولێژی پزیشك ( شەهرەزاد) و فەرهادی رۆژنامە نووس دەكات كە لە كافتریای نادری بە یەك دەگەن،كە سەنتەری كۆبوونەوەی رۆشنبیران و هونەرمەندانە، فەرهاد جگە لەوەی رۆژنامەكەی دادەخرێ، بەهۆی لایەنگیری بۆ مسەدەق دەستگیریش دەكرێت ،هەرچی شەهرەزادیشە ناچار بە هاوسەرگیری دەكرێت و دەبێت بە بووكی دووەمی بزغ ئاغا،كە خاوەن دەسەڵاتێكی گەورەیەو نزیكە لە دەستوپێوەندەكانی شا، بەڵام ئەو هاوسەرگیرییە بە هیچ شێوەیەك كار ناكاتە سەر خۆشەویستی نێوان خۆی و فەرهادو لێك دابڕانیان .
بوزورغ ئاغا كەسایەتیەكی بیرۆقراتیە ، سەرۆكی مافیایێكە ،لە كودوتاكەی 1953 دا رۆڵێكی گەورەی هەبوو دژی محەمەد موسەدەقی ،لەو كاتەی كە فەرهادو شەهرەزادی ئەڤینداری سەرقاڵی هاوسەرگیری دەبن ،لەناو رووداوە گەرمەكانی ئەوكاتە فەرهادی رۆژنامەنووس دەگیرێ و فرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێ ،بوزوغ ئاغا لەو كاتەدا دەسەڵاتی خۆی بەكاردێنێ بۆ رزگاركردنی فەرهاد بە مەرجی دەست هەڵگرتنی لە شەهرەزادو شوو كردنی شەهرەزاد بە قوبادی زاوای،كە خاوەنی ژنێكی ترە بە ناو شیرین ،ئەم چیرۆكە بنەمای ململانێ و رووداوەكانی ئەو بەسەرهاتەن ، وێڕای بەرجەستە كردنی هەلومەرجە ئاڵۆزە سیاسییەكانی ئەو سەردەمە.
زنجیرەكە 28 ئەلقەیە، نزیكەی 200 هونەرمەند رۆڵی تیا دەبینن،لەوانە عەلی ناسیریان ،تارانە ئەلی دوستی،مستەفا زەمانی، شەهاب حوسینی ، بارینازئازادیار، غەزال شاكیری ،
زۆرترین رووداوەكانی زنجیرەكە ئەو سەركوتكردنەوە گەورانەی سەردەمی شا دەردەكەون كە دەرهەق بە رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران دەكرێت لە رووی زەوت كردنی ئازادی بیرورا،رەخنەگری سینەمایی ئێرانی دەڵێت : گێڕانەوەی راستگۆیانەی رووداوەكانی رابووردوو بەو شێوازە وروژێنەرە وای كردووە كە ئەو زنجیرەیە ببێتە میلۆدرامایێكی كاریگەرو سرنج راكێش لە بەرجەستە كردنی بەشێك لە مێژووی نوێ ی ئێران.
هەروەها دەڵێت : هەندێ شت هەن لە بەرهەمە تەلەفزیۆنیەكانی دەوڵەتدا نین ، وەك نمایش كردنی ئامێرە موزكییەكان و گۆرانی ئافرەتان،بەڵام هەموو ئەو شتە قەدەغە كراوانە لە شەهرەزاد ئاسایین ، بەرهەم هێنانی كاری درامیش لە دەرەوەی دەزگای تەلەفزیۆنی حكومی ، كارێكی نوێیە و شایەستەی لێكۆڵینەوەن .
زنجیرەكە هەر تەنها ریسوای سیاسەتی پێشووی سەردەمی شا ناكات بەڵكو تیشك دەخاتە زۆر لەو داب و نەریت و هەڵەی ئەو كات ،كە كاتیان بە سەر چووە كەچی هەر لە ژیانی ئێرانییەكاندا ماون
چاوپۆشینیش لە زۆر هێڵی سوور لە زنجیرەكەدا نیشانەی نەرمی نواندنێكی تازەیە لە سانسۆری ئێرانی دا .
محمە مەد رەزای دەرهێنەر دەڵێت : كۆمێدیاو زۆر لە دیاردە كۆمەڵایەتیەكان وەك ئایدز و پەیوەندی نا شەرعی سۆزداری،جێگەی مشتومڕێكی زۆر بوون،كە هەرگیز لە دەست سانسۆری تەلەفزیۆنی رزگاریان نەدەبوو،بەڵام لە شەهرزاد هەموو ئەو دیاردانە بوونەتە كارێكی ئاسایی و زنجیرەكە لە بازاڕدا رەواجێكی باشی هەبوو،ئەگەر سانسۆری ئێرانی بەم شێوەیە نەرمی بنوێنێ ئەوە بەرهەمی زێتر لەو شێوەیە دروست دەبێت و بازاڕی درامای ئێرانیش گەرمتر دەبێتلە ئێران و دەرەوەی ئێرانیش ، بۆیە زۆربەی بیرو راكان دەڵێن : زنجیرەی شەهرەزاد باشترین زنجیرەیەكی رۆمانسییە لە كەشو هەوای سیاسی ئێراندا .