بیتەر برۆك

بە دوای شكسپیردا دەگەڕێت

 

حەیدەرعەبدوڕەحمان

Haeder Abdulrahman

كاتێ‌ تیپی شانۆیی شكسپیری پادشایی ساڵی 1970 شانۆگەری ( خەونی شەوی نیوەی هاوین ) ی لە دەرهێنانی بیتەر برۆكی لە لەندەن نمایش كرد،ئەم نمایشە بوو بە خاڵێكی وەرچەرخانی نوێ‌ لە مێژووی ئەو تیپە، چونكە برۆك لەم ئەزموونگەرییە نوێیەی دا سەراپای فۆرمە تەقلیدییەكانی جارانی لە نمایش كردنی شانۆگەرییەكانی شكسپیردا تیكشكاند

ئەوەبوو بۆ یەكەمجار كاراكتەرەكانی شكسپیر راستەوخۆ جەماوەرییان دەدواند،لە رێگەی بەرجەستە كردنی جەستەی ئەكتەر و دروست كردنی پردێكی پتەوەی پەیوەندی لە گەڵ بینەردا

سینۆگرافیا لە شانۆگەری ( خەونی شەوی نیوەی هاوین) بریتی بوو لە سەندوقێكی شەش پاڵۆی رەنگ سپی ،لە گەڵ دوو دەرگا لە پشتەوەە ،لە بری دارستان و دروست كردنی كەشو هەوای رۆمانسی،وەك ئەو شێوازەی جاران بۆ دەرهێنانی ئەم شانۆگەرییە پیادە دەكرا.

برۆك لەو شانۆگەرییەدا ئاشقەكانی كردە كەسانی زۆر ئاسایی و سادە لەوانەی كە لە ژیانی ئاسایی رۆژانەی خۆماندا دەیانبینین ،بۆیە بینەر لە رووی بەرجەستە كردنی هەردوو كەسایەتی تەتیاناو ئاوبیرۆن دووچاری سەرسوڕمان بوو ، برۆك ئەوانی كردبوو بە هاوچەشنی پەهلەوان بازو و یاری كەرانی سێرك ،بەمەش بینەر روو بە رووی سپرایتێكی سیحراوی بوو،چونكە جاران شتی وای لە دەرهێنەرانی دیكەدا نەبینی بوو،بە تایبەت لە سەر شانۆی پادشایی (سترافۆرد) شوێنی لە دایك بوونی شكسپیر .

بەم نمایشەتیپی شانۆیی شكسپیری پادشایی بوو بە خاوەنی پلەو پایەكی بەرزی جیهانیی و ناوبانگی ئەو تیپە زێتر لە جاران پەرەی سەند،كاتێكیش كە شانۆگەریەكەی بیتەر برۆك لە سەر شانۆی ( بیلی روز ) لە برودوای نمایش كرا،لە پڕێكا و لە كاتی نمایش كردنی شانۆگەریەكە كارەبا بڕاو چڕە دوكەڵێك سەراپای هۆڵەكەی داپۆشی ، سەرەتا بینەران وا هەستیان كرد ، كە روداوێك لە ناو هۆڵە شانۆییەكەدا رووی داوە،بەڵام دواتر بۆیان دەركەوت كە نەخێر ئەو چڕە دوكەڵە دیمەنێكە لە دیمەنەكانی ئەو شانۆگەرییە،بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە كە بینەران پێش ئەوەش بزانن كە ئەو روداوە دیمەنێكی شانۆگەریەكەیە هیچ لەوان نەیانتوانی وێڕای ئەگەری مەترسی كورسیەكانی خۆیان بە جێ‌ نەهێشت ، بەڵكو لە چاوەڕوانی دامانەوە،بەو هیوایەی تەواوی شانۆگەریەكە ببینن.

ئەو سەركەوتنە گەورەیە بۆ ئەو تیپە شتێكی چاوەڕوان نەكراو نەبوو بۆ تیپی شكسپیری پادشایی ،ئەو شۆڕشە ئەزموونگەرییەی ئەو تیپە بە خۆیەوەی بینی لە دایك بووی رێكەوتێك نەبوو، بەڵكو سەرەنجامی كۆمەڵێ‌ ئەزموونی نوێ‌ و توێژینەوەو بەدوادا گەڕان بوو،لە كرۆكی هونەری نواندندا .

برۆك یەكێك بوو لەو شانۆكارانەی كە بە ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆی لە شەستەكانەوە توانی لە گەڵ كۆمەڵێ‌ ئەكتەری بە توانستی گەنج لەو تیپەدا دەست پێ‌ بكات،ئەو كات برۆك لە ژێر كاریگەری ئەنتۆنی ئارتۆو كرۆتۆفسكی كاری دەكرد، ستایلی كاركردنیشی پشتی بە هونەری ئیرتجالی و ئیبتیكاریەوە دەبەست، كە ئەكتەر داهینەری بوو، بە هاوبەشی لە گەڵ بینەردا لە چوارچیوەی تەقسێك دا هاوشێوەی شانۆیی (توندو تیژی ) بە تایبەت ئەو كارانەی بیتەر هۆل، لە سەرەتای كارەكانی تیپی شكسپیر پێشكەشی دەكردن .

كاتێ‌ بیتەر هۆل ساڵی 1960 تیپی شكسپیری پادشایی دامەزراند، كۆمەڵێ‌ ئەكتەری بە تواناو بوێری لە دەوری خۆیدا كۆكردەوە،ئەگەرچی لەو كاتەدا بە دەیان تیپی شانۆیی هەبوون،بەڵام بیتەر باشترین ئەكتەرە بە توانستەكانی بۆ تیپەكەی خۆی راكێشا و هەوڵی ئەوەی دا رێكخستنێك لە گەڵ حكومەتدا بكات بۆ پشتگیری دارایی و بەردەوام بوونی تیپەكەی، بۆ ئەوەی خۆی دوورە پەرێز رابگرێت لە شانۆی بازرگانی كە هەندێك بۆ پەیدا كردنی سەرمایە بۆ تیپ هەوڵیان بۆ دەدا،لە لایێكی دیكەوە بۆ یەكەم جار بیتەر هۆل هەوڵی دروست كردنی شانۆی نەتەوەیی دا،بەمەش بیتەر بووە خاوەنی یەكەم دەست پێشخەری بۆ دروست كردنی شانۆی دامەزراوەیی لە بەریتانیادا .

بیتەر هۆل هەوڵێكی زۆری دا بۆ پتەوكردنی بنەماكانی شانۆی شكسپیری پادشایی لە رێگەی پێشكەش كردنی كۆمەڵێ‌ بەرهەمی نایاب ، ئەگەرچی زۆر لە رەخنەگران پێیان وایە كە دەستپێكی راستەقینەی ئەو تیپە لە گەڵ پێشكەش كردنی شانۆگەری ( لیر پاشا ) ی شكسپیر بووە ساڵی 1962 لە لایەن بیتەر برۆكەوە ، پێشتریش لە گەڵ شانۆگەری خەونی نیوەشەوەی هاوین بە هەمان شێوە بیتەر برۆك هەوڵی ئەوەی داوە كە بینەر ئاوێتەی نمایشی شانۆیی بكات بۆ ئەوەی ببێت بە پارچەیەك لە جەستەی شانۆدا،هەمیشەش بیتەر بایەخی بە دیكۆری زۆر سادە داوەو كە لە چەند پارچە تەنەكەیەكی لاكێشەیی تێپەڕی نەكردووە و هێمای سێ‌ پیاوە دەسەڵاتدارەكان بووە لای ئەو .

لە ژێر ئەو سێ‌ پارچە تەنەكەیەدا گوزارشتیان لە هەڵچوونی خۆیان دەكرد،لە ژێرباو باراندا ، بە جولەی جەستەیی .

ماوەیەك بوو تیپەكە بڕیاری دا هەموو ئەو شاكارە جوانانەی لە سترافۆرد پێشكەشییان دەكرد ، دەیانگواستەوە بۆ لەندەن،بۆ ئەوەی زۆرترین بینەر شانۆگەریەكانیان ببینێ‌،ئەوەبوو تیپەكە لە ساڵانی 1963و 1964و لە ژێر چاودێری بیتەر هۆڵ گەیشتە پۆپەی سەركەوتن،لە 400ەمین ساڵیادی شكسپیریش تیپەكە زۆرترین بەرهەمەكانی شكسپیری بەو بۆنەیەوە لە سترتفۆرد نمایش كرد،لەوانەش شانۆگەرییەكانی (ریچاردی دووەم ،هنری چوارەم و هنری پێنجەم و چەند شانۆگەرییەكی تر،هەموو ئەو شاكارە نایابانەی شكسپیر بە هاوشێوەی دەستپێكێكی نوێ‌ ی داهێنان بوو بۆ بیتەر هۆل،بۆ دواندنی بینەرێكی نوێ‌ ی شانۆ،ئەو هەمیشە بۆ ئەوە كاری دەكرد كە بینەر بوروژێنێ‌ و هانی بدات پرسیاری لا دروست بێت و خۆی بە دوای وەڵامەكەی دا بگەڕێت ، هەروەها بیتەر هەمیشە جەختی لەوە دەكردەوە كە ناشێت شكسپیر بە زیندوویەتی نیشان بدەین ئەگەر نەگەڕێینەوە بۆ رابووردوو لە گەڵ ئەو رووداوانەدا بەراوردییان پێ‌ نەكەین كە ئێستاكە لە دەورو بەرماندا روو دەدەن .

شانۆ بۆ بینەرێكی نوێ‌

لە گەڵ شانۆگەری هاملێت ـ تیپەكە هەوڵی ئەوەی دا كە بینەرێكی تایبەت بە خۆی دروست بكات ، بینەرێك لە نەوەی نوێ‌ ،هەنگاوی یەكەمیش ئەوەبوو بیتەر هۆل ساڵی 1976 یانەیەكی دروست كرد كە زێتر لە 40 هەزار ئەندام بگرێتە خۆی،كە زۆربەیان گەنج بوون،نەوەی كۆنیش چونكە بە شێوازێكی سادە شانۆگەریەكانی شكسپیریان دەبینی،ئەوانیش لەو تیپە نزیك بوونەوە ، ئەمە وای كرد كە ژمارەی هەوادارانی تیپەكە رۆژ لە دوای رۆژ لە پەرەسەندن دابێت،هەر لەو كاتەدا تیپەكە گۆڤارێكی هونەریی دەركرد بە ناوی ( فلۆرش ) كەبە شێوازێكی سادە ئاماژەی بە گرنگترین كارو چالاكییەكانی تیپەكە دەكرد .

دواتر تیپەكە لە سەر خواستی ژمارەیەكی زۆر لە هەوادارانی ئەو تیپە هەوڵی ئەوەی دا كە هەر تەنها خۆی بە بەرهەمەكانی شكسپیر نەبەستێتەوە ، بەڵكو چەندین شانۆگەری دیكەی لە بەرهەمەكانی نووسەرانی وەك : دورینمات ،بنتەر ، برێخت ، بیكیت ،ئارابال ، ئەبسن ،سترانبیرگ ،ئالبی ، ستوبارد ،پێشكەش كرد ، هەروا بۆ ئەم مەبەستە ساڵی 1974 شانۆیێكی تری دروست كرد بۆ پیچشكەش كردنی بەرهەمە ئەدەبیە نوێكان و ناویان نا شوێنێكی تر بۆ شانۆ ، كە بریتی بوو لە فەزایێكی شانۆیی كراوە ، بۆ پێشكەش كردنی كارە ئەزموونگەرییەكان ، هەروا ساڵی 1977 شانۆیێكی تری لە شاری لەندەن دروست كرد بە ناوی (زی ویر هاوس ) بۆ نمایش كردنی هەندێ‌ لە شاكارەكانی شكسپیر و نووسەرە هاوچاخەكانی تر، بەفۆرمێكی ئەزمونگەرییانە .

كاتێكیش كە دەرهێنەری لاو ( ترفورنن ) ساڵی 1968 ئەركی بەرپرسیاریەتی هەڵسوڕاندنی تیپەكەی گرتە ئەستۆی خۆی، بۆ ماوەی سێ‌ ساڵان توانی ئەو تیپە لە ئاستێكی باڵادا نیشان بدات و وای لێ‌ هات لە كۆتایی شەستەكاندا ژمارەی هەوادارانی ئەو تیپە لە ملیۆن هەوادار زیاتر تێپەڕێنێ‌ ،لە رووی جیهانیشەوە تیپەكە بوو بە خاوەنی زێتر لە پەنجا بڕوانامەی رێز لێنان .

ترفۆرنن ـ هەمیشە پێداگری لەوە دەكردەوە كە پێویستە ئەكتەرەكان بچنە ناواخنی شكسپیرو بە چاوێكی كراوەوە ئاشنا بە جیهانی شكسپیر ببن ، دوور لە كاریگەر بوون بە تیڕوانینە كۆنە تەقلیدییەكانی رابووردوو لە رووی تێگەیشتن لە بەرهەمەكانی شكسپیر .

دواتر بیتەر برۆك بە نمایش كردنی شانۆیی (خەونی شەوی نیوەی هاوین ) هوشیارییەكی نوێ‌ ی بۆ دەرهێنەرە نوێكانی ئەو تیپە تەقاندەوە .

شانۆگەری كۆریۆلانوس لە ئەوروپا

یەكێك لە شاكارە هەرە بە پیزەكانی تیپ لە كۆتایی حەفتاكان شانۆگەری ( كریۆلانوس ) ی شكسپیر بوو لە دەرهێنانی تیری هاندس بوو كە بوو بە مایەی رەزامەندی و سرنج راكێشانی بینەران لە لەندەن و زۆر لە شارەكانی ئەوروپا ، لە ساڵی 1979 ش تیپەكە درێژترین گەشتی هونەریی خۆی ئەنجامدا، ئەوەبوو شانۆگەری كۆریۆ لانۆس و لە لە میونیخ و زیوریخ و ڤیەنناو ئەمستردام و برۆكسل و هامبۆرگ و بەرلین نمایش كرد ، لە هەموو ئەو شارانەدا ئەو تیپە زۆر بە گەرمییەوە و لە ناو چەپڵە رێزانی بینەرەوە پێشوازییان لی كرا ، ئەوە جگە لەوەی كە بە سەدان بینەر نەیتوانی پلیتی بینینی شانۆگەریەكەیان دەست كەوێت ، شەڕو شۆڕێكی زۆریش لە سەر پلیت لە نێوان هەوادارانی ئەو تیپەدا دروست ببێت .

كۆریۆ لانوس ئەو جەنگاوەرەیە كە لە گۆڕەپانی شەڕدا دەگەرێتەوە ، نایەوێت جلەكانی خۆی لە بەر كاتەوە لە ترسی ئەوەی نەبادا خەڵكەكە برینەكانی ببینێ‌ و وەك سەرۆكی خۆیان هەڵی نەبژێرن ، هەندێ‌ لە دەرهێنەران ـ كۆریۆلانوس وەك پیشەوایێكی فاشی و هەندێ‌ جاریش وەك قارەمانێكی نەتەوەیی بەرجەستە دەكەن ، بەڵام تیری هاندس كۆریۆلانوس ی وەك كاراكتەرێكی خاوەن بیرو باوەڕێكی نتەوەیی و كەسایەتیەكی ئازاە چاو نەترس نیشان دابوو ..جگە لە ئەو گەورە دەرهێنەرانەی وەك بیتەر برۆك و تیری هاندس و دەیان دەرهێنەری تر ئەو تیپەیان لە مێژووی بەریتانیادا بە زیندوویەتی هێشتەوە ، كە لە رابووردوو ئێستاشدا بەرهەمەكانی شكسپیری بە زیندوویەتی بۆ هەموو سەردەمەكاندا راگرتووە ، لە گەڵ تێپەڕبوونی زەمەنیش بەردەوام ئەو بەرهەمانەلە نوێ‌ بوونەوەدان

تصویر ممکن است موارد زیر را شامل شود: ‏‏۱ نفر‏، ‏‏فضای باز‏‏‏