كەسێك لەم دیو دەرگاوە رەخنەی هەیە حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman
كەسێك لەم دیو دەرگاوە رەخنەی هەیە
فەلسەفەی نمایش
كاتێ بێدەنگی باڵی بە سەر هۆڵێكدا دادەكێشێ و هەناسەكانت لە خۆت دەبڕی بۆ ئەوەی بچیتە نێو رووداوو دیمەنەكانی مۆنۆدرامای (كەسێك لە دەرگا دەدات) لە نووسینی (بەڕێز مەجید) و دەرهێنانی (مەریوان عومەر )و نواندنی (سەرگوڵ حسێًن) لە دنیایێكی گەورەی پڕ لە تراژیدیادا تەنیا ژوورێكی تاریك دەبینی كە لە زیندانێكی بچووك دەچێت ،دەرگاكانی بە زنجیر قفڵ دراون ، گوریس وەك هێمایەك بۆ كۆت و پێوەندەكانی بنیادەم ، ژوورەكەی تەنیووە ،جۆلانەیەك بۆ لاواندنەوەی ئازارەكانی رۆحی ئافرەتێكی جەزرەبە دراو بە كۆمەڵێ كولتووری كۆمەڵایەتی دوا كەوتوو ، كە ئازادی و مافی مرۆیی و ژیان بە تێكڕاییی دەخاتە نێو زیندانێكی تاریك و نووتەك ،لەو لاشەوە فیلمێكی سینەمایی ، شریتێك لەو رابووردووە تاڵەلە ژێر ئاوێنەیەكدا دەبیندرێت ،كە رۆژانی رابووردووی ئەو كیژۆڵە بەد بەختەی تێدا تۆمار كراوە ...
چیرۆكی ئەو ژنەی كە هەر لە منداڵییەوە ، ترسی خەتەنەو ستەمە بێ رەحمەكانی دایك و باوكێكی دڵ رەق ، منداڵێك دروست دەكەن ،لێواو لێو لە ترس و دڵە راوكێ و رارایی ، منداڵێكی هەڵاتوو لە خۆزگە منداڵیەكان و نەفرەت كردوو لە گەورەیی..ئەو یاسا كۆمەڵایەتیانەی لە دەست پێكی ئەو ژیانەی لای ئەو هێشتا لە دایك نەببوو، كاتێ یاخی بوونی ئەویان بۆ هاوسەرگیری كردن لە گەڵ نێرینەیەكی رۆبۆت ئاسا بە ناو عەبدوولرەحمان لە بار بردو چارەنووسییان خستە نێو شەڕواڵی ئەو نیرینەیەو دوای ئەوەی هەتكییان كردوو بە زۆر كچیێتیان لێ سەند.. ئینجا تەڵاقیان دا ..ئەوەندەش بەس نەبوو، ویستیان بۆ جارێكی تر ئەو كەرەستە بازاڕیییە بە عەبدولڕەحمانێكی تریش بفرۆشن ..
ئیدی هیوایەك نەما لە پێناوی دا بژیت ، ئەوە نەبێت ، لەو زیندانە تاریك و نوتەكە زنجیر دارە ، بێ هیوا بژیت و دەرگا لە هیچ كەسێك نەكاتەوە لەو بەنی ئادەمانەی خەونەكانیان هەڵوەراند ..لە وێدا روو بە رووی دایكی و باوكی و ئەو هاوسەرە رۆبۆت ئاسایە بێتەوە كە ئەویان بەو رۆژە تاریكە گەیاند.. لەوێدا تووشی هیستریایەك بێت ،بیەوێت بە قومە قوڵەكانی جگەرە سارێژی برینە بە سۆكانی بكات ، بیەوێت بە جۆلانەیەك ئارامی بە رۆحی داخ كراوی خۆی ببەخشێت ...بەڵام ئەو لە دوا ساتدا، ئەو بڕوایەی لا دروست دەبێت كە ئەو شایەنی ئەوە نیە خۆی رادەستی ئەو كۆتاییە تاڵە بكات ، بۆیە لەو واقیعە تاڵە یاخی دەبێت زنجیرو كۆتو پێوەندو گوریسەكان دەپچڕێنێ و ئەو شریتە پڕ لە مەرگەساتانەی رابووردووی بە دەستی خۆی دەسوتێنێ و روو لە ژیانێكی نوێ دەكات.زكە ئەو ژنە دەستەپاچەیە نەبێت ببێتە قوربانی ئەو دەردە كوشندە كۆمەڵایەتیانە ، بەڵكو ئەو یاخی دەبێت و باروكەكەی فڕێ دەدا بە فۆرمێكی ترو ئەقڵێكی تر ژیان دەست پێدەكاتەوە ..بۆ ئەوەی بە هەمووان بڵێ هەرگیز ژیانتان رادەستی واقعێك مەكەن كە وەك هەر كاڵایەكی بازاڕی سەوداتان پێ بكا ، بەڵكو دەبێت وەك مرۆڤ دەستەپاچە نەبن و رووبە رووی ئەو واقیعە تاڵە ببنەوە ، بۆ ئەوەی بۆ نەوەكانی داهاتووتان ژیانێكی نوێ بۆ خۆیان دروست كەن .
فۆرم :
بۆ بەرجەستە كردنی ئەو تێكستە مۆنۆدرامیەو گەیاندنی فەلسەفەو گوتاری نمایش ، دەرهێنەر كۆمەڵێ ئامرازی بە دەستەوەیە كە لە سەرووی هەموویانەوە ئەكتەرە ، ئینجا سینۆگرافیاو كارلێ تێكردنەكانی دیكەی نمایش ..ئەو هەوڵی ئەوەی داوە تێكستەكە بخاتە نێو فۆرمێكی سادە ،كە بریتیە لە دیكۆرێكی ساكار ، كە رەنگی رەش وەك هێمایەك بۆ ژوورێك لە شێوەی زیندانە ، بە سەری دا زاڵە ، جۆلانەیەك لە لای راستی شانۆ، بۆ دروست كردنی ئەكشن و راگرتنی هاوسەنگی ریتمی شانۆ، پەتێك كە جلی دایكی پێوەیە لە فەزای شانۆوە بۆخوارەوە ، ئەوی تریان بۆ باوكی و یەكێكیش بۆ هاوسەرەكەی ، لە لای دواوەی چەپی شانۆ بەكرەیەكی سینەمایی و شریتی فیلمێك بۆ گێڕانەوەی رابووردوو، لە گەڵ ئاوێنەیك ، لە ناوەڕاستی شانۆشدا تەختەیەكی پێچاو پێچ بۆ شەوی بووك و زاوایی داندراوە .
بەڵام دەرهێنەر بۆ دروست كردنی وێنە، ئامرازەكانی بە زیندوویی رنەاگرتووەو ئەو بوارەی نە ڕەخساندووە كە كاراكتەرەكانی باگ راوندو ئامادەیی خۆیان هەبێت لە سەر شانۆ ، بەڵام ئەكتەر كە بەرپرسی یەكەمە لە بەرجەستە كردنی ئەو كاراكتەرانەو بە زیندوو راگرتنیان ، ئەوە دەبێ بڵێین كە ئەدای ئەكتەر بۆ بەرجەستە كردنی كاراكتەرەكان جگە لە دایكی نەبێت ، بۆ باوكی و هاوسەرەكەی لاواز بوو، ئامرازە سینۆگرافیەكانیش یاریدەیان نەدا بۆ وێناكردنی ئەو كاراكتەرانە بە شێوەیەكی سرنج راكێش . .
دەرهێنەر هەموو پشت بەستنێكی بە ئەكتەرە ، راستە كە ئەكتەر كرۆكی سەرەكی نمایشە ، بەڵام كاتێك دەتوانین یاریدەی ئەكتەر بدەین بۆ ئەوەی وێنەیەكی جوانتر لە خۆی لە سەر شانۆدا نیشان بدات ،كە سینۆگرافیایێكی زیندوو بۆ ئەتمۆسفیری شانۆ دروست بكەیت و بۆ بە زینددوو راگرتنی شانۆش هاوسەنگی هەبێت ، بەڵام ئەوەتا ئامرازەكانی سینۆگرافیا لە رووناكی و موزیكدا نەیان توانی وەك پێویست رۆڵی كارای خۆیان بۆ بەرجەستە كردنی دیوی ناوەوەی ئەكتەردا ببینن،لە كاتێكا تایبەتمەندی نمایشەكە ، لە رووی دەروونییەوە پێویستیەكی زۆری بە موزیك و رەنگ و رووناكی هەبوو.
دەرهێنەر دەست كورت بوو لە دروست كردنی وێنەی درامی ،نمایشەكە جگە لە چەند وێنەیەك نەبێت ، وەك شەوی بە زاوا بوونەكە،باگ راوندی هاوسەرەكەی لە ژێر پەردە سینەماییەكە ، هیچ وێنەیەكی دیكەی ئەوتۆی تێدا نەبوو كە لە زاكیرەی بینەردا بمینێتەوە ، ئەمە لە كاتێكا دەرفەتی زۆر هەبوون بۆ دروست كردنی وێنە و پڕ كر دنەوەی بۆشاییەكان .
لە رووی پێكهاتەی درامییەوە نمایشەكە كراوە بە دوو پارچە :
پارچەی یەكەمی نمایشەكە بریتیە لە دەستپێك تا ئەو شوێنەی ئافرەتەكە بڕیاری یاخی بوون دەدات .
پارچەی دووەم لە یاخی بوونەكەوە یە تا كۆتایی .. هیچ هاوسەنگیەك لە ریتم و ئاستی درامی لە نێوان ئەو دوو بەشەدا نیە ، ئەوەتا لە پارچەی دووەمدا دەرهێنەر زۆربە سادەیی و سەرپێییانە پارچەی دووەم بەڕێ دەكا ، ئافرەتە باكورەكەی سەری فرَێ دەدا ، زنجیرو گوریسەكان دەپچڕێنێ ،شریتەكە دەسوتێنێ ، بێ ئەوەی هیچ كردەیەك ، یان وێنەیەكی درامی ببینی ، ئافرەتەكە لە شانۆ دەچێتە دەرەوە بە ریمێكی مردوو ، وەك ئەوەی هێشتا نمایشەكە كۆتایی نەهاتبێت ..
ئەو رادەست كردنە درامیە لاوازە ، دەستە پاچەیی دەرهێنەر دەگەیەنێت لە دروست كردنی كۆتاییەكی هێمادار كە بینەر لە گەڵ خۆیدا دوا گوتارو فەلسەفەی نمایش لە دەرهێنەر وەرگرێت و بە چەند لەحزەیەكی وروژێنەرو لە تۆپی ریتمدا نمایش بە جێ بێڵێ ..
ئەكتەر :
سەرگوڵ حسێن ـ ئەكتەرێكی لەش و لار سووكە بۆیە بۆ بەرجەستە كردنی كاراكتەری سەرەكی لە مۆنۆدرامادا توانستی لە سەر پێ وەستان و ئەدای باشی هەیەلە شانۆدا، لە نمایشی كەسێك لە دەرگا دەدات ، لە پارچەی یەكەمدا توانستێكی باشی نیشان داین، لە هەندێ دیمەندا بوێرانە زۆر كۆتو پێوەندی شكاند لەوانەش لە دیمەنی بە زاوا بوونەكە ، لە دیمەنی جگەرە كێشانەكە زۆر رۆمانسیانە دەر دەكەوت ،ئەو پێویستی بە هاوكاری زیاتری دەرهێنەر هەبوو ، بۆ ئەوەی زێتر لەوەندە توانستی ئەو قۆرخ بكرایە و سوودی زێتری لێ بینیبوا .
