سینەما.. هونەری حەوتەمە یا هونەری یەكەم ؟

 

حەیدەرعەبدوڕەحمان

Haeder Abdulrahman

زۆر جاران گوێ‌ بیستی زاراوەی هونەری حەوتەم دەبین كە لە لایەن زۆر لە رەخنەگرو نووسەرە سینما كارەكان لە ئەدەبیاتی سینەمادا بە كار دەهێندرێت،بەڵام زۆرانیش هەن تا ئێستا درك بەوە ناكەن كە بۆ بە سینەما گوتراوە هونەری حەوتەم و یاخود ئەو شەش هونەرەی تر چین كە پێش هونەری سینەما دێن ؟

سەرچاوەی رەسەنی شوێنی سەر هەڵدانی ئەو زاراوەیە ئەگریكییەكانن كە هونەرییان بۆ شەش خانە پۆلین كردووە،رەواجترین هونەریش لە لای ئەواندا تەلارسازی و موزیك بوون،ئینجا شەش هونەری تری،وەك نیگارو پەیكەرو شیعرو سەما ..

یەكەم كەس كە زاراوەی هونەری حەوتەمی بەكارهێنا رەخنەگری سینەمایی فرەنسی بە رەچەڵەك ئیتاڵی (ریتشیوتو كانودو) بوو، ئەو خۆی لە هۆكاری دروست كردنی ئەو زاراوەیە دەدوێ‌ و دەڵێ‌: تەلارسازی و موزیك لە گەورەترین هونەرەكانی ئەگریك بوون ئینجا تەواوكەرەكانی لە نیگارو پەیكەرو شیعرو سەما ..كە بە درێژایی هەموو سەردەمەكاندا كۆرالێكی شەش ریتمی پێك دەهێنن لە زانستی جوانیدا .

بەڵام كۆنۆدۆ پێی وایە كە سینەما هەموو ئەو شەش هونەرانە دەگرێتە خۆی، بۆیە شایەستەی ئەوەیە ئەو زاراوەیەی بە باڵا ببڕێت، نەك هەر لە بەر ئەوەی وەك پۆلین لە دوای ئەو هونەرانەوە هاتووە، بەڵكو زێتر لە بەر ئەوەی هونەرێكە و هەموو هونەرەكانی دیكە لە ئامێز دەگرێت .

سینەما لە جیهانیی نوێ‌ دا هەر تەنها بریتی نیە لە هونەرێك بۆ كات بەسەر بردن ، بەڵكو كۆمەڵێك ئامانجی گرنگ بە دی دێنێ‌ ، لەوانە ئامانجە ئاببووری و بازرگانی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیریی ، بەڵام لە رەهەندی هەرە گرنگ ئامانجە ئابوورییەكانن.

هەندێ‌ لە وڵاتانی جیهان بەشێكی زۆری ئابووری وڵاتەكانیان لە سەر سینەما وەستاوە ، وەك كۆرین جۆنی مامۆستای زانكۆ لە واشنتۆن دەڵێت : سینەما بۆ ئێمە بۆتە ئەلتەرناتیفی پیترۆل و ئەو داهاتەی لە وڵاتی ئێمەدا لە ئەمریكا بە دەست دێت ، داهاتەكەی لە داهاتی پیترۆل كەمتر نیە، هەر ئەو داهاتە سرنج راكێشەیە وای كردووە كە بە دەیان كۆمپانیای زەبەللاحی سینەما لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشبڕكێ‌ بكەن لە سەر بە دەست هێنانی زۆرترین داهات ، ئەو ژمارە تازانەی لە داهاتدا بە دەست دێن لە بواری سینەمادا ژمارەی بێ‌ وێنەن لە مێژوودا ، بۆیە كۆمپانیا بازرگانیەكان بەردەوامن لە نەخشە دانان بۆ راكێشانی زۆرترین بینەر بۆ پەنجەرەكانی سینەما .

هەر كۆرین جۆنی مامۆستای زانكۆ دەست نیشانی كردووە، كە كۆمپانیاكان بەر لە بەرهەم هێنانی هەر فغیلمێك پرۆسەی بە بازاڕ كردن لە بەرچاو دەگرن، بۆ بازاڕ كردنیش،ئەو توخمانەی بینەر لە پەنجەرەی سینەما نزیك دەكەنەوە،لەوانە:

1ـ ئارەزووی بینەرـ ئایا بینەری ئەمریكی و ئەوروپی ئارەزووی چ فۆرمێكی سینەما دەكات، كلاسیكی ، رۆمانسی،كۆمێدی ، ئەكشن ، خەیاڵی زانستی ، بە پێی ئەزموونەكانی رابووردوو لە رووی توێژینەوەو راپرسی دەركەوتووە ، كە بە پێی سەردەمی زانستی و تەكنەلۆژی ئەمڕۆكە كە بە سەردەمی تەكنەلۆژیاو خێرا ناونراوە ، زۆرینەی بینەرانی ئەمریكی و ئەوروپی بایەخ بە تەكنەلۆژیا دەدەن لە سینەمادا،فیلمی ئەكشن و خەیاڵی زانستی شوێنێكی دیارو بەرچاوی داگیر كردووە ، وەك فیلمەكانی شەڕی ئەستێرەكان،هاری پۆتەر،تایتانیك ، كە هەریەك لەو فیلمانە داهاتیان لە دەروبەری دوو ملیار دۆلار بووە .

2ـ ئەستێرەكان ـ ناوو ناوداریەتی ئەكتەرەكانی سینەما كاریگەریەكی زۆریان بە سەر بڕی داهاتی فیلمەكان هەیە،بۆیە كرێ‌ ی بەشدارە كردنی ئەو ئەكتەرانە رۆژ لە دوای رۆژ لە بەرز بوونەوە دایە، هەر بۆ نموونەش كرێ‌ ی بەشداری كردنی ئەكتەرانی وەك براد بیت، كینت وینسلت ، توم كرۆز ، نیكول كیدمان گەیشتۆتە 500 ملیۆن دۆلار ..چونكە ئەوان لەوە دڵنیان كە بەشداری كردنی ئەوان لەو فیلمانەدا چ كاریگەرییەكیان هەیە بە سەر بەرز بوونەوەی داهاتی فیلمەكان .

3ـ خەڵاتی فیستیڤاڵە سینەماییەكان : ئەو فیلمانەی كە لە فیستیڤاڵی ئۆسكارو كانی سینەمایی خەڵاتی گران بەها بە دەست دێنن، هەمیشە جێگەی بایەخی كۆمپانیاكانن بۆ كڕین ،بۆیە ئەو كۆمپانیانە بە نرخی خەیاڵی ئەو فیلمانە دەكڕن، كە دەزانن لە ماوەی چەند رۆژێكدا سەرمایەی خۆیان بە دەست دێنن،لە هەمان كاتیشدا قازانجێكی گەورە دەكەن .

4ـ دەرهێنەر : هەندێ‌ لەو دەرهێنەرانەی كە خاوەنی زۆرترین خەڵاتی سینەمایی و ناودارترین فیلمی سینەمایین ناوو ناوداریەتیان لە جیهانی بازرگانی سینەمادا قورسایی خۆیان هەیە لە بازاڕی فیلم دا، لە هەمان كاتیشدا كۆمپانیا بەرهەم هێنەرەكان هەمیشە پەنا بۆ ئەو دەرهێنەرانە دەبەن ، لە بەر ئەوەی ناوو ناوداریەتیان گرێنتی سەركەوتنیان پێ‌ دەدەن ، لە هەمان كاتیشدا ئەزموونەكانی رابووردوویان دەبێتە بنەما بۆ كاری جوانترو پیَِشكەوتووتر .

5 ـ فیلمەكانی ئەكشن پێویستی زۆری بە شارەزاو زانایانی بواری تەكنیكی و فیڵی چاوو شارەزای تەقەمەنی سینەمایی و ئارایشت و بەكارهێنەرانی پێشكەوتووی كۆمپیۆتەرە ، كە لەو فیلمانەدا هونەرەكانیان دەتوانێ‌ دوا پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا لەو فیلمانەدا بەرجەستە بكەن .

6 ـ سیناریۆی ئەو جۆرە فیلمانە جیاوازییەكی زۆری لە گەڵ سیناریۆی فیلمەكانی تر هەیە و پسپۆری تایبەت بە سیناریۆی فیلمی ئەكشن هەن ، كە خاوەنی زانیاری و ئەزموونی تەكنەلۆژین ، لە سینەمادا دەتوانن فێڵێكی زۆر بۆ چاوی بینەر دروست بكەن و بینەر بگوازنەوە بۆ حاڵەتێكی دەروونی تایبەت و سەرسام بوون بە دیمەنەكان .

7 ـ ئارایشت ـ یەكێكە لە جومگە هەرە بنەڕەتیەكانی فیلمی ئەكشن و خەیالًَی زانستی ، كە بە هۆیەوە دەتواندرێ‌ وێنەی ئاژەڵی زەبەللاح و سیمای ترسناك و چەندین فۆرمی جیاواز دروست بكەن ، كە دەتوانن ئەو ئەتمۆسفیرە بۆ بینەر دروست بكەن كە كاریگەری بە سەر بینەردا بە جێ‌ بێڵن .

ئەگریكییەكان شانۆیان نەخستۆتە چوارچیوەی ئەو شەش هونەرە، ئەگەرچی شانۆ بە درێژایی هەموو زەمەنەكان حزوری خۆی هەبووە و بینەرێكی زۆریشی بە دەوری خۆیدا گڵ داوەتەوە ،

ریتشیوتو كانودو-ی رەخنەگر كە ساڵی 1879 لە ئیتاڵیا گەورە بووە و لە فرەنسا ژیاوە ، تا ساڵی 1923 هەر لەو وڵاتەدا كۆچی دوایی كردووە، لە زێتر لە 15 گۆڤارو رۆژنامەی سینەماییدا دا دەستەی نووسەران بووە, بە دەیان توێژینەوەی زانستی هەیە لەمەڕ شانۆو سینەما ، ساڵی 1923 گۆڤاری هونەری حەوتەمی دەركردووە،

لە دوای ماڵئاوایی كردنی تێكرای نووسینە سینەماییەكانی لەتوێ‌ ی كتێبێكدا چاپ كران بە ناوی (كارگەی وێنە)

زۆر لە هەوادارانی سینەما دەپرسن ئاخۆ پێناسەی سینەما چیە ؟ رەخنەگرە سینەمایییەكان دەڵێن ئەگەرچی تا ئَێستا پێناسەیەكی رەهاو جێَگیر نیە بۆ سینەما بەڵام ئێمە پێمان وایە هونەری حەوتەم سینەمایە،هەندێكی تر دەڵێن سینەما كۆمەڵە هونەرێكە لە توێ‌ ی سینەمادا و دەروازەیەكە بۆ بینینی ستاتیكای خەیاڵ، كەچی هەندێكی تر پێیان وایە كە سینەما پیشە و پیشەسازییەكی داهێنەرانەیە، كە پشت بە ئامرازو ئامێرو تەكنیك دەبەستێت ... بە دەیان پێناسەی تر، بەڵام لە هەموویان بە پێزتر پێناسەی هونەری حەوتەمە كە ئەمڕۆكە بۆتە ناونیشانی هونەریی سسینەما لە هەموو جیهاندا .

هەندێ‌ لە رەخنەگرە هاوچاخەكانی ئەو سەردەمەش دەڵین بۆچوونێكی هەڵەیە ئێمە ئەمڕۆكە سینەما لە پلەی حەوتەم پۆلین بكەین لە كاتێكا سینەما ئەمڕۆكە پانتاییەكی بەرفرەوانی لە ژیانی كۆمەڵگای مەدەنی داگیر كردووە و بۆتە پارچەیەك لە ژیانی، ناكرێت بە هیچ شێوەیەك سەردەمی ئەگرێك و سەردەمی نوێ‌ بە یەك سەنگ هەڵبسەنێینین لە رووی بەهای سینەماو پلەی پۆلین كردنی .. ئێستا سینەما لە پێشەوەی هەموو ئەو هونەرانەیە كە لە سەردەمی خۆیدا پێش سینەما كەوتبوون و رەنگە ئەمڕۆكە سینەما بە پلەی یەكەم بێت نەك حەوتەم ، ٍ

Titanic2.jpg

 

تایتانیک چگونه ساخته شد؟/ ناگفته هایی جالب از تایتانیک!!