حەیدەرعەبدوڕەحمان

Haeder Abdulrahman

چیخەف: من ژنێكم دەوێ‌ وەك مانگ وابێت و هەموو شەوێ‌ بەسەر سەرمەوە نەبێت

بە سەرو ریشە ماش و برنجییەكەیەوە هەمیشە جێگەی سرنج راكێشانی ئافرەتان بو، ئەگەر یەكێكیش لەوان لێی پرسیبوایە ( ئەرێ‌ كابرا تۆ بە تەمای ژن هێنان نیت ؟) شەرم دای دەگرت و رەنگی زەرد هەڵدەگەڕا، دەیویست هەر چۆنێ‌ بێت خۆی لە تەنگەتاویەكە رزگار بكات و بە كورتی وەڵامی دەدایەوە و دەیگوت ئەی قابیلە بە تەما نەبم ؟حەتمەن بە تەمام ..كەچی راستیەكەی وا نەبوو، ئەوەندە بیری لەو پرسە نەدەكردەوە، چونكە ئەو دوچاری نەخۆشییەكی كوشندە ببوو ، ئامادە نەبوو ئەو خەمانەی خۆی لە گەڵ هیچ كەسێكی تر دابەش بكات،ئەوەتا كاتێ‌ تەمەنی دەگاتە سی و پێنج ساڵی ، لە 1897 لە نامەیەكیدا بۆ هاوڕێ‌ ی رۆژنامە نووسی (ئەلكسی سۆفۆرین ) باس لە هاوسەری نموونەیی دەكات و دەنووسێت :

تۆ داوای ئەوە لەمن دەكەیت ژن بێنم ،باشە ژن دێنم وەك تۆ ئارەزووی دەكەیت ،بەڵام منیش مەرجی خۆم هەیە بۆ هاوسەرگیریی، من ژنێكم دەوێ‌ وەك مانگ وابێت و هەموو شەوێ‌ بەسەر سەرمەوە نەبێت ..

لە زۆر شوێنی تردا نا بە دڵی خۆی بۆ نزیك بوونەوە لە ئافرەت و ژن نیشان داوە ، تا ئەو راددەیەی نەفرەت لە هەموویان بكات و دەڵێت : دنیا جوانە ..بەڵام شتێ‌ هەیە بێژەوەری كردووە ئەویش ئێمەین..

ئەو وا خولقابوو هەمیشە چێژ لە بە تەنیا بوون و سەربەخۆ بوونی خۆی وەربگرێت ..تا ئەو كاتەی بۆ یەكەمجار ئاشنا بە ئەكتەری بە رەچەڵەك ئەڵمانی (ئۆلجا لیۆناردۆفنا كنیبر ) بوو ، كە وەك ئەكتەرێكی سەرەكی بەشداری لە دوا بەرهەمی شانۆیی ئەودا كرد،بۆ یەكەم جار لە ئافرەت ئاڵا،ئەو ئافرەتە تەمەنی دەساڵان لە چیخەف بچووكتر بوو،بەڵام چیخەف خۆی لە دەست ئەو تەنیاییەی خۆی رزگار كردو بە نهێنی هاوسەرگیری لە گەڵدائەنجام دا ..

لەو كاتەی كە پەیوەندی ئەڤینداری لە گەڵیدا هەبوو،لە دوو شانۆگەریدا رۆڵی تایبەتی بۆ ئەو دیاری كرد ، لە شانۆیی لالۆ ڤانیا ـ رۆڵی ئەلینای بۆ دانا ، لە سێ‌ خوشكەكانیش رۆڵی (ماشا )

بەڵام بەر لە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری نامەیەكی بۆ نووسیووەو دەڵێت : زۆر لەو پرۆسە تەقلیدیانەی هاوسەرگیری و هەڵگرتنی شووشە شامپانیاو زەردەخەنەی درۆزنانە دەترسم .

لە ماوەی هاوسەرگیریشی دا،ئەو بە هۆی ئەو نەخۆشیەی دووچاری ببوو، ئەوەندە لە گەڵ ئۆلجا بە یەكەوە نەبوون، بە هۆی سەرماو سۆڵەوە چیخەف بەرگەی نەدەگرت لە مۆسكۆ بژی و ئۆلجاش هیچ رۆڵێكی لە نمایشەكانی رەت نەدەكردەوە بە هۆی نەخۆشی هاوسەرەكەیەوە، بۆیە دابڕانی زۆریان هاتە رێ‌، ئەگەرچی هاوسەرگیری كردبوو، بەڵام زۆربەی كاتەكان بە تەنیایی و نووسینی تێكستی شانۆگەریەكانی بە سەر دەبرد،لە نامەیەكی تردا بۆ ئۆلجا دەڵێت :

بە درێژایی تەمەنی هاوسەرگیریمان قەت رەخنەم لە تۆو نواندنەكانت نەگرتووە، بە پێچەوانەوە دڵحۆش بوومە بەوەی تۆ بە دوای گەیشتن بە ئامانجەكانت دا دەگەڕیَِ ی ، هەر وەك بە گوناهباریشت نازانم كە ناتوانی بەرگەی سەرما بگری و لە گەڵمدا بژی ، بەڵام ئێمە هەردووكمان نموونەیەكی جوانی هاوسەرایەتی نیشان دەدەین كە هیچمان رێگر نین لە بەردەم ئەوی ترماندا بۆ كار كردن، ئەگەر پێكەوەش ناژین ئەمە گوناهی تۆ و گوناهی من نیە، ئەمە گوناهی قەدەرە كە میكرۆبێكی كوشندەی لە جەستەی مندا چاندووە و تۆی خۆشەویستی بۆ هونەریشی لە دڵی تۆدا.

ئەو چەند ساڵەی لە گەڵ ئۆلجا بوو ،رۆژانێكی ساردو سڕ بوون، لە چەندین بۆنەدا چیخەف ئەو ساردو سڕیەی نێوانیانی بە نامە باس كردووە، ئەوەتا دەڵێت : حاڵەتی تەندروستیم باش نیە و لە پیرەمێردێكی بە ساڵاچوو دەچم ، ئەمەش مانای ئەوەیە كە تۆ مێردێكت دەست نەكەوت، بەڵكو پیرەمێردێكی بە ساڵا چوو ..

ئۆلیجا ی هاوسەریشی لە هەموو كەسێ‌ زێتر ئاشنا بە چیخەف ببوو ، بۆیە ئەو دەرلابارەی چیخەف دەڵێت : ئەو هەموو كەسێكی خۆش دەویست بەوانەی باشن و ئەوانەش خراپ و پڕ لە هەڵەن ..هەموو ئارەزووەكی نووسین بوو، هەمیشە بە دوای شوێنێكی ئارامدا دەگەڕا بۆ ئەوەی لە كێشەو ئاژاوەكان دوورە پەرێز بێت و بنووسێت ..

ئۆلجای هاوسەری كە پێنج ساڵی هاوسەری لە گەڵ چیخەف دا بە سەر برد، بە هۆی كارە شانۆییەكانی لە شانۆی مۆسكۆ،چیخەف بە هۆی سەرماو نەخۆشی لە یاڵتا هەردوكییان لە تەنیایی دا دەژیان، بەڵام هەرگیز ئەو لێك دابڕانە لە خۆشەویستی نێوان ئەو دوو هاوسەرەی نەگۆڕێ‌، دوای ماڵئاوایی كردنی چیخەفیش، بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو لە سەر نووسینی یاداشتەكانی لە گەڵ چیخەف دا .

ئەوەتا لە 19 ی ئۆگستۆسی 1904 لە یاداشتێكی دا دەنووسێت: ئازیزەكەم لە كۆتاییدا توانای ئەوەم پەیدا كرد كە نامە بۆ تۆ بنووسم، من ئێستا هەست دەكەم زۆر لێمەوە نزیكی، ئەگەرچی زۆر لێتەوە دوورم،من ئێستا نازانم تۆ لە كوێ‌ ی،زۆر چاوەڕوانی ئەو رۆژە بووم كە رۆژێك بێت و بتوانم بۆ تۆ بنووسم .

ئەمڕۆ چوومە مۆسكۆو سەردانی گۆڕەكەتم كرد ، بەڵام هەرگیز ناتوانم باوەڕ بەوە بێنم كە تۆ لە ناو زیندووەكاندا نەمابیت ..

من ئێستا زۆر بە پەرۆشی ئەوەم بۆت بنووسم ،بۆ ئەوەی هەموو شتێكت بۆ باس بكەم ،دوای ماڵئاوایی كردن و ئەو چركەیەی دڵت لە لێدان كەوت .

من ئێستا وا هەست دەكەم كە تۆ هێشتا لە ژیاندا ماوی و لە شوێنێكا چاوەڕوانی ئەو نامەیەم دەكەی ..بەڵام تازانم ئەو شوێنە كوێیە .

ئۆلگا لیۆناردۆفناكنییر (1968) كە هاوسەری چیخەف بووەو لە گلاسۆف ـ روسیا لە بنەماڵەیەكی لە رەشەڵەك ئەڵمانی لە دایك بووە، یەكێك بووە لەو 39 كەسانەی بە دامەزرێنەری شانۆی مۆسكۆ دادەندرێن،بە لای ستانسلافسكییەوە یەكێك بووە لە باشترین ئەكتەرانی ئەو شانۆیە.

بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1898 لە گەڵ چیخەف یەكتریان ناسی، كاتێ‌ لە نمایشی باڵندەی دەریا رۆڵی سەرەكی بینی،پاشان لە شانۆیی (سێ‌ خوشكەكان ) رۆڵی ماشاو ساڵی 1917 لە شانۆی مۆسكۆ بەشداری شانۆیی باغی گێڵاسی كرد.

لە ئەنجامی ئەو رۆڵە كاریگەرانەی ئۆلگا لە شانۆی رووسیدا بینی ، چەندین خەڵاتی رێز لێنانی پێ‌ بەخشراوە، لەوانە خەڵاتی نازناوی ( هونەرمەندی گەل لە روسیا )

لە 22ی ئاداری 1959 ماڵئاوایی لە دنیادا كردووە.

ئەوەی وای كردووە چیخەف هۆگری ئۆلگا بێت، تەنیا نواندنەكەی بووە، كە نەك هەر لای چیخەف بە تەنها بەڵكو لای ستانسلافسكیش بە هەمان شێوە.

ئەو دوو هاوسەرە كارەكانیان لە سەرووی رۆتینیاتی ژیانی هاوسەریەتی داناوە ، ئەو ئامانجانەی هەیان بووە بۆ خزمەتی شانۆ(چیخەف بە نووسین و ئۆلگا بە نواندن) بە لایانەوە گرنگتر بووە لە هەر كۆتو پێوەندێكی تر كە ببێتە مایەی سارد بوونەوە لە كارەكانیان ، چیخەف لە چەندین نامەدا ئەو حەماسە جوانەی ئۆلگای بۆ نواندن بە بەرزی نرخاندووە ، وەك ئۆلگاش بە هەمان شێوە هەمیشە هەموو ئازادییەكی بە چیخەف بە خشیووە و هەموو هەەلو مەرجێكی بۆ رەخساندووە بۆ بەردەوام بوون لە نووسین، چونكە ئۆلگا بە هۆی دەقەكانی چیخەف بوو بە ناسراوترین ئەكتەرو خاوەنی زۆرترین هەوادار، بۆیە ئەگەرچی ئۆلگا خۆی وەك ئەكتەر توانستێكی گەورەی هەبوو لە نواندن دا بەڵام چیخەف یاریدەدەرێكی باش بوو بۆ بەرەو پێشەوە چوونی.

تصویر ممکن است موارد زیر را شامل شود: ‏‏۲‏ نفر‏