ئەو فیلمە سینەماییانەی سیناریۆكانیان لە قورئانی پیرۆزەوە وەرگیراون حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdul
ئەو فیلمە سینەماییانەی سیناریۆكانیان لە قورئانی پیرۆزەوە وەرگیراون
تا ئێستا زۆر لەو فیلمە سینەماییانەی لە رۆژهەڵات و رۆژئاواو ئەمریكاوە دەربارەی ژیانی پێغەمبەرانەوە بەرهەم هێندراون،سیناریۆكانیان لە قورئانی پیرۆزەوە وەرگیراون،لەوانەش فیلمەكانی محەمەد رەسوڵەڵا،موسا،ئەیوب،یەحیا،یوسف،عیسا،ئیبراهیم،حەزرەتی نوح، مەلیك سولەیمان، یونس پێغەمبەرو زۆری تریش
زۆربەی ئەو فیلمانە لە هۆلیۆد و تاران بەرهەم هێندراون ، هەندێكیان بە ئامانجێكی ئایینی و هەندێكی دیكە بە ئامانجی سیاسی و كۆمەڵایەتی .
سینەماو درامای ئێرانی لە سەردەمی ئەمڕۆكەدا بۆتە ركابەرێكی بە هێزی سینەمای جیهانیی ، لە روووی تەوژمی سینەماو درامای توندو تیژو ئەكشن و فیلمی ئەلەكترۆنی و خەیاڵی زانستی ، كە مەوداكانی لە گەڵ پرسە مرۆیی و ئامانجەكانی مرۆڤ ،رۆژ لە دوای رۆژ زێتر تەسكتر دەبێتەوە هەر ئەو رەوتە ئامێرییە توندو تیژەی سینەما لە ئەمریكاو رۆژئاوادا وای كردووە سینەما ببێتە ئامرازێك لە ئامرازەكانی تێكچوونی شیرازە پەروەردەیی و مرۆییەكان و بەجێ هێشتنی ئاسەوارێكی نەگەتیفانە بە سەر كۆمەڵگا ئەمریكی و ئەوروپیەكان و ئەو حاڵەتە دەروونییە ساردانەی كە ئەو كۆمەڵگایانە دووچاری چەندین گرفتی سایكۆلۆژی ئاڵۆز دەبەن،بە پێچەوانەی ئەو رەوتە دراماو سینەمای ئێرانی كە ئامانج دەخاتە سەرووی هەموو بنەماكانی ترەوە و دواتر هەموو دەسەڵاتە هونەرییەكان تەوزیف دەكات بۆ خزمەتی ئەو ئامانجە،كە زۆربەیان پەیوەستن بە گەیاندنی پەیامە پیرۆزەكان بە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە رێگەی دراماو سینەمادا و بەرجەستە كردنی ئەو پەیامە پیرۆزانە وەك خۆی ، دوور لە لەكەدار كردن و شێواندنی،كە زۆر جاران بەرجەستە كردنی ئەو پەیامانە بە شۆڕشێك یان شەڕێكی گەورەو كاریگەری سارد هەژمار دەكرێت دژ بە وانەی دەیانەوێت وێنەیەكی ناشیرین بە باڵای ئەو پەیامە پیرۆزەو پەیامبەرانی بگەیەنن،هەروەها ورۆژاندنی پرسە كۆمەڵایەتییەكان و دەست نیشانكردنی كێشەو ئاریشاكان و دانانی چارەسەری لە بار بۆ ئەو كێشانە ..
فەرەجوڵڵا سلحشور دەرهێنەرێكی سینەماكاری ئێرانیە،لە رێگەی زنجیرە درامای ( یوسفی راستگۆ بوو بە دەرهێنەرێكی جیهانیی، فەرەج ساڵی 1952 ۆلە قەزوینی خۆر ئاوای ئێران لە دایك بووە، زۆربەی كارەكانی ستایلێكی ئایینی دەگرنە خۆیان،لەوانەش ( ئەیوب پێغەمبەر ) و پیاوانی ئەنجلوس .
ئەگەرچی زنجیرە درامای یوسفی راستگۆ بڕی تێچوونی لە نێوان27 تا 30 ملیۆن دۆلاری بۆ مەزەندە كرابوو،كەچی بەو گڵ دانەوەی لە بودجەی فیلمەكە كرا، بەرهەمەكە بە تەنها 7 ملیۆن دۆلار بەرهەم هاتووە،ماوەی بەرهەمهێنانیشی 3 ساڵی خایاندووە،زنجیرەكە بێ بەرابەر لە 110 وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی پەخش كراوە و ویستوومانە فیلمەكە وەك پەیامێكی پیرۆز بە دنیا بگەیەنین،لە رووی هونەرییشەوە هەوڵی ئەوە دراوە كە ئەو كارە گەورەیە ببێتە هۆكار بۆ دوور كەوتنەوە لە زۆر بەرهەمی كرچو كاڵ كە لە هەندێ كەناڵدا پخش دەكرێت .
فەرەجوڵڵا بەرلە ماڵئاوایی كردنی رایگەیاند ئەو سەرقاڵی ئامادە كردنی چەند پرۆژەیەكی هونەرییە كە بە راوێژ لە گەڵ چەندین لایەنی پەیوەست دار بە ئەنجامیان دەگەیەنێت لەوانە فیلمێك لەمەڕ موسا پێغەمبەر د. خ ـ كە تێیدا 80 ساڵ لە زەمەنی پێش هاتنی موسا پێغەمبەر لە وڵاتی میسر،تا نەغرۆ بوونی فیرعەون،رووداوەكانی ئەو سەردەمەشی لە سەرچاوە مێژووییەكانەوە وەردەگرێ، سیناریۆی ئەو شاكارە تا راددەیەك جێ بە جێ كرا ,كە یەكێك بوو لەو كارانەی ماندوو بوونێكی ئیجگار زۆری دەویست وا پیشبینی دەكرا كە بە پێنج ساڵ تەواو بێت، 72 ئەلقەی دەگرتە خۆی،وا چاوەڕوان دەكرا لە ناوەڕاستی ساڵی نوێ دا دەست بە وێنەگرتنی بكرێت،وەك سلحشور رایگەیاندبوو ئەم بەرهەمە نوێیەی موسا پێغەمبەر( د.خ) بە بیست كەڕەت لە بەرهەمی یوسفی راستگۆ گەورەترە ..
سەرپەرشتیاری گشتی تەلەفزۆیی ئێرانی ـ جەنگیز محەمەدیش لەم بارەیەوە گوتی: هەڵبژاردنی بابەتی موسا پێغەمبەر (د. خ ) لە سەر راسپاردەی ئیمام خامەنەئی بووە،كە پێی وابوو ئەم فیلمە دەبێتە هۆكار بۆ راستكردنەوەی گەلێك لەو راستییانەی پەردە پۆش كراون لەمەڕ ئەو سەردەمەو ئەو پەیامە پیرۆزەی موسا پێغەمبەر هەڵی گرتبوو،هەروەها ئەو دەنگۆ گەورەیەی زنجیرە درامای یوسفی سدیق نایەوە لە جیهاندا وای كرد داوا لە دەرهێنەر فەرەجوڵڵا بكرێ بۆ بەرهەمهێنانی زنجیرە درامای حەزرەتی موسا،بەڵام یەكێك لە ئاستەنگە هەرە گەورەكانی بەردەم دەرهێنەر دۆزینەوەی ئەو ئەكتەرەبووكە كەسایەتی موسا پێغەمبەر بەرجەستە دەكات .هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە لە سەدا نەوەدو پێنج چیرۆك و رووداوەكانی زنجیرەكە لە قورئانی پیرۆزەوە وەرگیراوە،لەوانەش موعجیزاتەكانی حەزرەتی موسا لەوانەی لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێكراوە .
وا بڕیار بوو دوای تەواو كردنی تێكستەكە بخرێتە بەردەم لیژنەیەك لە داناو زانا ئاینییەكان بۆ پێداچوونەوە .
دەرهێنەر دەڵێت سەرچاوەی ئارەزووم بۆ بەرجەستە كردنی چیرۆكەكانی قورئانی پیرۆز بۆ فیلم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە من لە تەمەنی دوانزە ساڵییەوە خولیای زۆرم هەبووە بۆ خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و چیرۆكە قورئانییەكانیش هەمیشە كاریگەرییان لە سەر هزرمدا بە جێ دەهێشت , كە گەورەبووم و خزامە نێو هونەر ئەو چیرۆكانە زێتر بوونە جێگەی بایخ پێدانم , بۆیە بیرم لەوە كردەوە كە ئەو چیرۆكانە بخەینە توێ ی فیلمە سینەماییەكان و بۆ نەوەی ئێستاو ئایندەی بگێڕینەوە،رەنگە ئەم ئەركە ئەركێكی قورس بێت بەڵام ئێمە پشت بە پسپۆران دەبەستین و كارێك ناكەین بە ئارەزووی خۆمان .
بەڵام مەرگ مەودای نەدا ئەو ئاواتەی بێنێتە جێ و لەو ماوەیەدا لە تەمەنی 64 ساڵی بە نەخۆشی شێرپەنجە ماڵئاوایی لە دنیادا كرد ، بەمەش بۆشاییەكی گەورە لە سینەمای ئێرانی كەوت .
سلحشور ساڵی 1952 لە قەزوین لە دایك بووە ، وەك دەرهێنەرو نووسەری سیناریۆ و ئەكتەر لە هەموو جیهاندا ناسراو بوو .
بە بۆنەی ماڵئاوایی كردنی ( خامنەئی ) بەیاننامەیەكی فەرمی بڵاو كردەوەو لە دەست دانی ئەو كەڵە دەرهێنەرەی بە زیانێكی گەورە بۆ وڵاتی ئێران زانی كەسنووری وڵاتەكەی لە ناوداریەتی تێپەڕاند و پلەو پایەكی گەورەی لە جیهاندا بۆ سینەمای ئێرانی داگیر كرد،جگە لەو پەیامە پیرۆزەی ئەو دەرهێنەرە بە گەلانی جیهانیی گەیاند دەربارەی پێغەمبەرانی خواو چیرۆكەكانی قورئانی پیرۆز ..
سلحشور بەر لە ماڵئاوایی كردنی باسی دوا پرۆژەی خۆی كردووە بۆ رۆژنامە نووسان كە زنجیرە درامای (موسا پێغەمبەر) بووەو گوتی : زنجیرەكە 70 ئەلقەیە،ئێمە تا ئێستا 13 ئەلقەمان لێی ئامادە كردووە،نزیكەی 50 هەزار كەس لە فیلمەكەدا بەشدارە،4 هەزاریان كۆمبارسن، 50 ئەكتەری سەرەكیمان هەیە، بەڵام 300 ئەكتەر دیالۆگییان هەیە.
هەروەها سلحشور گوتی : بە زنجیرەی موسا گورزێكی گەورە لە هەندێ لایەن دەدەین،ئەوان كە زانییان ئێمە راستییەكان ئاشكرا دەكەین پەلەیان كرد بۆ ئەوەی فیلمێك دەربارەی موسا بكەن بەو شیوەیەی كە ئەوان دەیانەویت وتێیدا رووی مێژوو بشێوێنن .
ئاژانسی میهری ئێرانی راپۆرتێكی دەربارەی گیان لە دەست دانی سەلەحشور بڵاو كردەوەو تێیدا گومانی لە ماڵئاوایی كردنی سلحشور كردوەوەو وای بۆ دەچێ،هەندێ لەوانەی دەیانزانی سلحشور سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمی موسایە بۆیە پیلانی ژەهر خواردنیان بۆی ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی رێ لە گەیاندنی هەندێ راستی بگرن كە لە فیلمەكەدا وروژێندراوە .
تۆڕی تایناك بۆ هەواڵ دەڵێت: ماڵئاوایی سلحشور پڕ لە تەموومژە ،هەموو ئەو نیشانانەی دەوروبەری ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو بە ژەهر كوژراوە نەك بە مردنی خۆی .
هەروەه مستەفا زەمانی دوای بیستنی هەواڵی ماڵئاوایی دەرهێنەری گەورەی ئێرانی سەلەحشور خەم و پەژارەیی خۆی نیشانداو گوتی: بەخششەكانی ئەو لە بواری سینەمای ئێرانی دا هەر بەنەمری دەمێنێتەوە .
