چۆن نمایشی شانۆیی دەمرێت ؟ حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman
چۆن نمایشی شانۆیی دەمرێت ؟
ماوەیەك لەمەوبەربۆ ماوەی كاژێرێك زیاتر لە پرسەی ماتەمینی نمایشێكی شانۆییدا دانیشتبووم،لە هۆڵێكی گەورە، بەڵام پڕلە سام و خرۆش وەك سامی گۆڕستانەكان،بەشداربووانی ئەو پرسەیەم وەك كۆمەڵە چۆلەكەیەكی ناو قەفەس دەبینی، كە بێ ئۆكسجینی هەناسەیان لێ ببڕێ و هەر یەكەو بە دوای مەنفەزێكدا بگەڕێت خۆی لەو خنكانە لە سەرخۆیە رزگار بكات ..من بۆ یەكەم جارم بوو باویشكی بە كۆمەڵ ببینم،بۆ خۆ دزینەوە لە كات كە وەك مارێك لە گەردنم ئاڵا بوو بە برادەرەكەی تەنیشتم گوت : ئەرێ ئەو نمایشە چۆن وەفاتی كرد؟
دوای باوێشكێكی دوورو درێژ گوتی : وەڵا بە پێی راپۆرتی پسپۆرەكان دەڵێن بە نەخۆشی دڵ گیانی لە دەست داوە
ئەو كات زێتر بە ناواخنی قسەی ئەو بەڕێزە قوڵ بوومەوە گوتم راستە ..دڵی شانۆ لە دڵی بنیادەم هەستیارترە، چونكە بنیادەم كە مرد تەنیا خۆی دەمرێ ، بەڵام كە نمیش دەمرێ بینەریش لە گەڵ خۆیدا دەمرێنێ..
بینەر بۆ ئەوە دێتە شانۆ چێژ لە شانۆ وەربگرێ، بۆ تاوێك سیحرەكانی شانۆ بیگەڕێنێتەوە بۆ بونیاتە راستەقینەكانی بە مرۆڤ بوونی،خۆی لە بەر جوانیی رەنگ و ئەدای ئەفسووناوی ئەكتەرو ئەتمۆسفیرو ستاتیكای شانۆیی رانەگرێ،هەر شەش هەست بە یەكەوە ببن بە داینەمۆ، بۆ بە گەڕ خستنی خوێن و شۆرینەوەی رۆح و زاخاودانەوەی مێشك .. بە شێوەیەك كاتێ لە هۆڵی شانۆیی دێتە دەرەوە وەك ئەوە نەبێت كە هاتە هۆڵی شانۆیی، بنیادەمێكی تر بێت و نەتوانێت بە ئاسانی لە ژێر كاریگەرییە سایكۆلۆژی و ستاتیكایی نمایش بێتە دەرەوە،كە زۆر جاران نمایشی وا هەیە بەو تەوژمە سیحراویانە وای لێ دەكەن بە نهێنی لە ناو تاریكی هۆڵەكەدا هون هون بگری و كەسیش فرمێسكەكانی نەبینێت،هەندێ جاریش شەو تابەیانی بەهۆی گەڕانەوەی ئەو تەوژمانە بۆ خەیاڵی بینەر خەو لە چاوی بتۆری َ و نەتوانێت خۆی لە دەست كاریگەرییەكانی نمایش رزگار بكات ..
كەواتە نمایش رۆڵی خۆی دەبینی لە بونیاتنانەوەی بینەر وەك مرۆڤ ، وەك رۆڵیش دەبینی لە بە زیندانی كردن و مردنی لە سەر خۆی لە ناو هۆڵی نمایشدا ..
هەمیشە بینەر لە هۆڵی شانۆییدا دەكەوێتە ژێر رەحمەتی نمایش،چونكە پارچەیەكی دانەبڕاوە لە جەستەی شانۆدا، چۆنیش بنیادەم بە ئۆكسجین هەناسە دەدات ،بینەریش لە هۆڵی شانۆدا بە ریتمی نمایش ،هەر كات ریتم لە ئەدای ئەكتەرو سینۆگرافیاو فۆرمی نمایش روو بە رووی مردن بۆوە، بینەریش وای لێ دێت ئەكتەرەكان وەك پەیكەری بێ گیان لە سەر شانۆدا ببینێ ،شانۆش وەك گۆڕستانێك كە تێیدا تەرمی نمایشكەرەكان و تەرمی خۆشی تێدا بنێژرێت .
كاتێ شانۆ لە چێژ رووت دەكرێتەوە،پردێك لە پەیوەندی لە نێوان بینەرو شانۆدا نامێنێ، بوونی بینەریش لە سەر كورسیەكی رەق لە شانۆدا هیچ مانایێك نابەخشێت،ئەو لە رەسەندا وەك تینوویەك بۆچێژ دێتە شانۆ ، ئەگەرنا بووكە شووشەیەك نیە بە دیار شانۆوە،ئەویش لەو حاڵەتەی دەبێت بە بووكە شووشە ئەو دەسەڵاتەی نامێنێ ئەكتەر بوروژێنێ ، بۆ ئەوەی ئەدایێكی جوانتری پێ ببەخشێت لە كاتێكا كە بەشێك لە وزەو ئەدا جوانەكانی ئەكتەر لە زیندوویەتی بینەر لە دایك دەبێت،هەمیشە ئەكتەر لە سەر شانۆدا گوێ ی لە ترپەی دڵی بینەرە ،بەو ترپەیە ریتمی نمایش هاوسەنگ رادەگرێ ، كە گوێ ی لە ترپەی دڵی بینەر نەبوو لە سەر شانۆ هەست بە مردنی خۆی دەكات .
كەواتە پەیوەندییەكی فیزیكی و موگناتیسی بەهێز لە نێوان نمایش و بینەردا هەیە، هەر بۆشاییەك لە نێوان ئەو پەیوەندییەدا بێتە ئاراوە،لە بۆشایی دەرهێنان،لاوازی ئەدای ئەكتەر ، كاڵ بوونەوەی سینۆگرافیا ،ئەوە ئەو پەیوەندییە دەپچڕێ و زەنگە خەتەرناكەكەی نمایش لێ دەدرێت .
هەندێ دەرهێنەر توانای دروست كردنی توخمەكانی چێژیان نیە ، یان بە نهێنیەكانی چێژ نابەڵەدن ، ناتوانن بینەر بوروژێنن و بیكەن بە پارچەیەك لە جەستەی شانۆ، ئیدی هەرفۆرمێكی تەقلیدی دوور لە پیشەسازی چیژ دروست كردن لە سەر شانۆدا ناتوانن رۆح بخەنە بەر جەستەیەكی بێ گیان ..
شانۆ سەرچاوەی زۆری تێدایە بۆ دروست كردنی چێژ،ئەگەر دەرهێنەر دەسەڵاتی دۆزینەوەی ئەو سەرچاوانەی هەبێت ،هەندێ جار گەورەترین چێژ لە ( بێدەنگی ) یش دا دروست دەكرێت ، بەڵام بەو مەرجەی ئەو بێدەنگییە بخرێتە چوارچیوەی ئەتمۆسفیرێكی سیحراوی و ریتمی تایبەتی خۆی بدرێتێ ، وەك ئەو فۆرمانەی لە نمایشەكانی چیخەفدا دەیانبینین .
تەكنیك لە شانۆدا گەورەترین سەرچاوەی چێژە ، بەڵام ئەویش پێكهاتەی كۆمەڵێ ئەزموون و زانیاریی و مەعریفەی رۆشنبیریی و پیشەییە كە زۆر لە دەرهێنەرانی ئێمە ئەزموونێكی سادەیان لە گەڵیدا هەیە، ئەوەندە لێی نزیك نابنەوە ، دەبێت شانۆكارانی ئێمە لەو سەردەمەدا بگەنە ئەو راستییە كە ئامرازەكانی هەڵسووكەوت كردن لە گەڵ بینەرو فاكتەرەكانی سەرنج راكێشانی گۆڕاوە ، تۆ ناتوانیت بە دیكۆرێكی تەقلیدی و چەند ئەكتەرێكی ئیكس پایەر چێژ بە بینەر ببەخشیت ،ئێستا دەرهێنەر بایەخ بە فۆرم دەدات ، بۆ تێر كردنی چاو، ئەو فۆرمە بۆ خزمەتی ئەكتەر و بەرجەستە كردنی ئەدای ئەكتەر بەرجەستە دەكات تا ئەكتەر بە فۆرمێكی ستاتیكی لە جەستەو شێوەدا ببیندرێت ، خاڵی دووەمی دەرهێنەر گەڕانە بە دوای ئەو ئەكتەرەی دەتوانێت لە رێگەی ئەداوە و لەچوارچیوەی ئەو سینۆگرافیاو تەكنیكە سیحراویانە بە تایبەت لە رەنگ و ریتم دا بتوانێت هارمۆنیایێك دروست بكات لە سەرشانۆدا كە بینەر ناچاری وەڵام دانەوەی كاریگەریەكانی سەر شانۆ بكات و بكەویچتە ژێر تەوژمەكانی سەرسام بوون بە هەموو توخنەكانی وروژاندن ، بە تایبەت لە تەكنیك و سینۆگرافیاو ئەدای ئەكتەر ..
هەمیشە ئەو دوو هاوكێشەیەی تەكنیك و ئەكتەر كە دوو هاوكێشەی تەواوكەری یەكترن دەبێت هاوسەنگ بن ، هەر كات ریتمی هاوسەنگ بوون بە لاوازی هەر یەك لەوان گۆرا،ئەوە بۆشاییەكی گەورە لە نمایشدا دەبیندرێت كە دەرهێنەر نەتوانێت ئامانجەكانی خۆی بپێكێنێ ، بە تایبەت لە رووی چێژی شانۆیی و ستاتیكای شانۆییەوە .
دەرهێنەر هەمیشە بۆ دروست كردنی تەكنیك پێویستی بە هێما(رەمز) هەیە ، كە دەكرێت بینەر لە پاڵیدا زۆر لە هێڵە سەرەكییەكانی تێكست و ئامانجەكانی نمایشی تێدا بەرجەست بكات ، لەو حاڵەتەدا تەكنیك یا سینۆگرافیا هەر تەنها بۆ جوانكاری نمایش دروست ناكرێت بەڵَكو لە پاڵ جوانكارییەكانی شانۆ فەلسەفەی نمایشیش بەرجەستە دەكات ، بینەریش ناچاری ئەوە بێت ببێت بە پارچەیەك لە نمایش و بە دوای دۆزینەوەی هێلە نادیارەكانی هێما و شیكردنەوەی فۆرمەكاندا بگەڕێت ..بەمە بینەر هاوبەشی ریتمی نمایش دەبێت و دەرفەتی ئەوەی بۆ نارەَخسێ لە نمایش دابڕێ یاخود روو بە رووی خاو بوونەوە بێتەوە .
بۆیە دەرهێنەر چەند ئەوەندەی ئاگای لە پاراستنی ریتمی نمایش دەبێت ، دەبێت ئەوەندەش ئاگای لە بە ئاگا راگرتنی بینەر هەبێت لە كاتی نمایشدا ، هەر دابڕانێكی كورتیش لە نێوان بینەرونمایش دا دروست بوو، ئەوە هاوسەنگییەكە راست نابێتەوەو دابڕانەكەش بەردەوام دەبێت .
