فلامینكۆ ..سەمای قەرەجەكان حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman
فلامینكۆ ..سەمای قەرەجەكان
ئەگەرچی تا ئێستا زۆر زانیاریی دەربارەی موزیك و سەمای فلامینكۆلە مێژوودا ونە،بەڵام ئەوە دەزانین كە فلامینكۆ هونەرو كولتوورێكی رەسەنی خوارووی ئیسپانیایە كە جاران پێیان دەگوت ئەندەلوس و هەر لەو هەرێمەشەوە نەشوونوومای كردووە و بۆ هەموو جیهان بڵاو بۆتەوە
هەندێ لە توێژەران بنەچەی راستەقینەی فلامینكۆ دەگەڕێننەوە بۆ شارستانیەتی ئیبیری كۆن،بەڵام پێشكەوتنی فلامینكۆ بە فۆرمە نوێكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پانزەهەم لە سەر دەستی ئەو قەرەجانەی لە هیندەوە هاتبوون،واش زانراوە كە فلامینكۆ كەوتۆتە ژێر كاریگەری موزیكی قەرەجە موسڵمان و یەهودەكان و ئەوموزیكە گوزارشت كردنە لە ئەشكەنجەو ئازاری چەوساوەكان و ئەو ستەمكارییەی دەرهەقییان كراوە،یەكێ لەوان جەورو ستەمەكانی پاشای ئیسپانیا و ئەلیزابیسی شا ژن بووە،كاتێ ساڵی 1492 بەیاننامەیەكی دەركردوەو تێیدا داوای ئەوەی كردووە كە هەر كەسێك لەو مەملەكەتە بێت و ئاینێكی غەیری ئایینی كاسۆلێكی هەبێت،دەبێت ئاینەكەی خۆی بگۆڕێت بۆ مەسیحی،بە تایبەت قەرەجەكان و موسڵمان و یەهودەكان بۆیە خەڵكەكە بە موزیك و سەما گوزارشتییان لەو خەمەی خۆیان كردووە
هیندۆزەكانیش كە لە باكوری هیند لە شێوەی شەپۆلە كۆچەوە دوای گەڕانییان بە ئەوروپای ناوەڕاست هاتوونەتە ئیسپانیا ،لە هەمان كاتیشدا كۆمەڵە قەرەجێكی تریش لە ئەفریقیاوە ،موزیكەكانی خۆیان لە گەڵ خۆیاندا هێناوەتە ئەو ناوچەیە، ئیدی ئەو قەرەجانە تێكەڵ بە خەڵكی ئەو ناوچەیە بوون و گۆرانی فلامینكۆ بە هۆی ئەوانەوە لە ناو خەڵكیدا بڵاو بۆتەوە،خەڵكیش ئارەزووی گوێ گرتنیانی كردووە، چونكە ئەو موزیك و گۆرانیانە فۆرمێكی پڕ لە خەم و پەژارەییان پێوە دیار بووە، دوای ئەوەش كە پاشا كارلۆسی سێیەم مافی یاسایی پێدەدا ، هونەری فلامینكۆ زیاتر تەشەنە دەكا،بە تایبەت لە چایخانەو قاوەخانەكاندا.
فلامینكۆ سێ رەگەزی سەرەكی دەگرێتە خۆی كە بریتین لە:
گۆرانی ـ سەما ـ گیتارـ جگە لە چەپڵەی دەست،بەڵام گۆرانی سەنتەری بنەڕەتیە و سەماكار بە جەستەی خۆی بەرجەستەی وشەكان و سۆزی گۆرانی بێژ دەكات بە ئەكشنی جەستە، گیتاریش رۆڵی گۆرانی بێژو موزیك تەواو دەكات و یاریدەی بەرجەستەبوونی دەدات.
وێرای ئەو حوزنەی باڵی بەسەر هونەرەكەدا كێشاوە بەڵام گوزارشت لە شكۆمەندی وهێزو هەستیاری وجوانی ئاواز دەكات
فلامینكۆ پشت بە ئەكشن دەبەستێت، بەتایبەت ئەكشنی دەست وقاچ كە بەرەو هێوربوونەوە ناچێت،بە پێچەوانەوە ریتمی فلامینكۆ هەمیشە بەرەو بڵند بوون دەچێت،ئەكشنی جەستە تەنها لە سەر ریتمی موزیك نیە ، بەڵكو لەسەر ریتمی گۆرانی بێژو ئەكشنی سەماشە
ئیدی موزیكی فلامینكۆ تەنها لە چوارچیوەی ئیسپانیادا نەمایەوە،بەڵكو بۆ زۆر لە وڵاتانی دنیا بڵاو بۆوە و زۆر لە گەلانی دنیا دەهاتنە ئیسپانیا بۆ ئەوەی فێری موزیكی فلامینكۆ بن
گیتارژەنەكانی فلامینكۆ رۆڵێكی كاریگەریان هەبوو لە بڵاوبوونەوەی ئەو هونەرە بۆ وڵاتانی ئەوروپی، دیارترینیان گیتار ژەنی بەناوبانگ (باكۆ دیلۆسیا) بوو،كە لە رووی لیهاتوویی گیتار ژەنین و تەكنیكی گیتار لە ئاستێكی جیهانیی بەرز دابوو، باكۆ هەر لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە گیتار ژەنینی لە برا گەورەكەیەوە فێر بوو، چونكە ئەویش هاوشێوەی براكەی ئاشق بە گیتار بوو، جگە لە (باكۆ دیلۆسیان) چەندین بلیمەتی دیكەی فلامینكۆ لە هونەری هاوچاخ دا ناویان هەیە لەوانە:
1.تیپی جیبسی كینگ
2.مانۆلۆ كاراكۆل
3.تۆماتیتۆی ئیسپانی
چەندین تیپ و هونەرمەندی تر كە رۆڵی كارایان هەبووە لە بڵاو كردنەوەی ئەو هونەرە بۆ هەموو جیهان
لە فلامینكۆدا گۆرانی پنتی سەرەكی هونەرەكانی دیكەی فلامینكۆیە،پاشان سەما كە وشەو سۆزی گۆرانی بێژ لە ریگەی جەستەوە بەرجەستە دەكات ،ئینجا گیتار ژەن دەبێتە تەواو كەری هەردوو هونەری گۆرانی و سەما،نووسەری ناسراوی ئیسپانی كۆستیلۆ دەڵێت : هونەری فلامینكۆ هێزو گوزارشت بەخشین و ستاتیكای ئاوازە كە ئاوێزانی یەكتر بوونە،سەما كارانی فلامینكۆ هەمیشە بە جەستەی خۆیان توانییوویانە دژی ستەمكاری بوەستن ،هەمیشە ئەو سەماكارە پەلو پۆكانی خۆی دەكات بە ئامرازێكی هێمادار، كە بینەر بتوانێت لەو سەمایەدا گەلێك هیما بخوێنێتەوە،ئەو ئەكشنانەی سەماكاریش هەرگیز بەرەو خاو بوونەوەو هێمنی نواندن ناڕۆن بۆ ئەوەی ئەتمۆسفیرێكی رۆمانسیت بۆ دروست بكەن بە پیچچەوانەوە ریتمی فلامینكۆ بە بەردەوامی بەرەو بەرز بوونەوە ی ریتم دەچن ،جەستەی سەماكار لە فلامینكۆدا هەر تەنها لە سەر ریتمی موزیك ناجولێتەوە ،بەڵكو زێتر لە سەر ریتمی دەنگی گۆرانی بێژ، لەو كاتەشدا جولانەوەی سەماكار ئیجگار خێرایە ، كە بینەر لە رێگەی بیستنی ریتمی جولانەوەی پێیەكانی سەماكار دووچاری نامۆ بوون دەبێت لە رووی خێرایی ریتمی پێ
هەر كۆستیلۆ دەڵێت : هەر تەنها ئیسپانیەكان بە مامۆستای زمانی جەستە نەمانەوە،كە تێیدا قەرەجەكان خۆشەویستی و مردن لە یەك جەستەدا بەرجەستە بكەن ئەوەتا دوای ئەوەی ئافرەتە نەرویجیەكان بە شەپۆل روویان لە ئیسپانیا كرد بۆ ئەوەی فێری هونەری سەما بن، بە تایبەت لە ئۆسلۆ،بۆ ئەوەی بەشێك لەو هونەرە جوانە بگوازنەوە وڵاتی خۆیان
ناودارترین سەماكاری فلامینكۆ ماریا بەخۆسە،كە لە شاری ئیشبیلیەی ئیسپانی لە دایك بووە و بە گەورەترین داهێنەر دەژمیردرێت لە جیهاندا لە سەمای فلامینكۆدا، ئەو لە رێگەی ئەو ئەدا سەرسورهێنەرو جەستە پلاستیكییەی هەیەتی هەمیشە بە دوای فۆرمی تازەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە پێی تێپەڕبوونی سەردەم بەرهەمی جوانترو نوێ تر لە فلامینكۆدا بە دەست بێنێت،لە هەمان كاتیشدا مانایێكی قوڵتر برەخسێنێ لە سەمای فلامینكۆدا
ماریا دەستپێكی كارەكانی لە گەڵ تیپی ئەنتۆنیۆ جادس بوو،لە رێگەی نمایش كردنی هەردوو شانۆگەری ( كارمن ) و( زەماوەندێكی خوێناوی ) دواتریش دەرهێنەر كارلۆس ساورا كردینی بە فیلمی سینەمایی،فلامینكۆ لەو دوو شانۆگەریەدا خاڵێكی وەرچەرخانی گەورەی بە خۆیەوە بینی،چونكە دەرهێنەر لە ناو ئەو دوو شانۆگەریەدا توانی سەمای فلامینكۆ بە شێوەیەكی هونەریی زۆر باڵا ئاوێزانی دراما بكاو بە یەكەوە وروژاندنێكی زۆر لە سەر شانۆدا دروست بكەن
یەكێك لە لایەنە هەرە جیاوازەكانی كاری ماریا ئاوێتە كردنی فۆرمی كلاسیكە بەفۆرمی هاوچاخ ،ئەمە وای كردووە كە فلامینكۆ تەنیا لە سەر قەدی خۆی نەمێنێتەوە و هەمیشە لە گۆڕان دابێت ، ئەمە وای كردووە كە باخیس بە پێشەنگی نوێخوازی سەمای فلامینكۆ دابندرێت لە مێژوودا
لە وێوە ئەو سەماكارە ئیسپانییە داهێنەرە چەندین خەڵاتی بە نرخی بە دەست هێنا، لەوانەش خەڵاتی نەتەوەیی نەخشەسازی سەما بۆ ساڵی 1996،خەڵاتی نەتەوەیی بۆ سەما ساڵی 2002 ، خەڵاتی لیونی ماسینی 2004
گۆرانی لە فلامینكۆدا كە لە فۆلكلۆرێكی میللییەوە وەرگیراوە و فۆرمێكی پەژارەیی پێوە دیارە ، گوزارشت لەو ستەمكارییانە دەكات كە بەرامبەر بە قەرەجەكان كراوە و بە ئاوازێكی ریتم هەمە رەنگ دەگوترێنەوە ،كە هەندێ لە مەقامەكانی چوارگاو پێنج گا دەگرێتەوە .
ئەوەی گۆرانی فلامینكۆ دەڵێت دەبێت دەبێت توانایێكی زۆر لە ئەدای دەنگ و هەستێكی ناسكی هەبێت ، ئەو گۆرانی بێژە بە دەنگێكی خەمناك كۆمەڵێ سەربوردەو چیرۆك و بە سەرهاتی تاڵی میللی دەگێڕێتەوە ، كە بتوانێت كارێك بكات لە پاڵ موزیك و سەما بینەر بوروژێنێ ، بە تایبەت لەگێڕانەوەی داستانەكانی ئەڤینداری كۆن دا
لە فلامینكۆدا سێ جۆرە گۆرانی هەیە : گۆرانی قوڵ ـ كە لێواو لێوە لە بەسەر هات و چیرۆكی تراژیدی ، گۆرانی مام ناوەندی كە لە دەربڕینی خەم و پەژارەییدا لەوەی یەكەمیان سووك ترە،هەروا گۆرانی سووك ـ كە ریتمەكەی خێراترە و هاوشان لە گەڵ كیتارە دەڕوات،باس لە خۆشەویستی و ئاسوودەیی دەكات
جلو بەرگ و بەكارهێنانی رەنگ فۆرمێكی تایبەتی خۆیان هەیە لە فلامینكۆ و ئێستاش لە كاتی نمایش كردنی سەمای فلامینكۆ ئەو فۆرمە تایبەتیە پارێزراوە ، بە تایبەتیش رەنگی سوور كە هێمای خوێن و ستەمكاری دەگەیەنێت
لە جلوبەرگی فلامینكۆدا بایەخی زۆر بە رەنگی گەرم دەدرێت ، چەندین چینی گوڵ دەخرێتە سەر سەری نمایشكار،ئەو پۆشاكانەش لە لایەن گەورە شارەزایانی بواری پۆشاكی فلامینكۆوە دیاری دەكرێت ، بە هەزاران مەتری كوتاڵی رەنگاو رەنگ لە سەر سەكۆی نمایش رادەخرێت، ئەو ئیكسسوارو جلو بەرگانە دەگۆڕدرێن بێ ئەوەی بینەر لە كاتی نمایشدا هەستی پێ بكات
بۆیە كراسی فلامینكۆ ئێستا بەناوبانگترین پۆشاكی كولتووری ئیسپانیایە
