سینۆگرافیا ..لە ئەزموونی نوێ ی شانۆی كوردی دا حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman
سینۆگرافیا ..لە ئەزموونی نوێ ی شانۆی كوردی دا
ناتوانین نكۆڵی لەوەدا بكەین كە چمكی راستەقینەی سینۆگرافیا پەیوەستە بە تەكنیكی شانۆیی و هەموو ئەو جوانكاریی و پێكهاتە دەرەكی و ناوەكییانەی شانۆ بە جوانی و رۆحە زیندووەكەی خۆیەوە بەرجەستە دەكەن، سینۆگرافیاش وەك هونەرو زانست چونكە پەیوەست بوونێكی راستەوخۆی بە دیدو دەروونی بینەرەوە هەیە،بە شێوەیەكی راستەوخۆ كار دەكاتە سەر بینەرو وروژاندنی،تا ئەو ئاستەی هەندێ جار لە ژێرتینی ئەو كاریگەر بوونە بە سەر بینەردا دەگاتە ئەو ئاستە كە بە نهێنی لە ناو تاریكایی شانۆدا فرمێسكی خۆشی پێ بڕژێنێ ،بینەر لەو لەحزانەدا وا هەست دەكا دەگەڕێتەوە سەر خەسڵەتە رەسەنەكانی ئینسانیەتی خۆی،هەستە فسیۆلۆژییەكانی تێكراِ چەشنی شەپۆلێك لە سۆزو ئەندێشە هەڵدەچن،كە هەندێ جار بەرگەی ئەو هەڵچوونە لەوەرگرتنی چێژو ستاتیكاو سۆز ناگرێ،بە بێ ویستی خۆی لە ژێر فشاری ئەو قەوارە بێ سنوورە لە چێژ وەر گرتنی سینۆگرافیا ، وای لێ دێت كۆنترۆڵی خۆی لە دەست بدات ،بە تایبەت ئەو كاتانەی نمایش هەموو پێكهاتە سینۆگرافیاكانی بە یەكەوە بەگەڕ دەخا، لە گەڵ ریتمی موزیك و سەما، ئەدای جەستە و ئیلقای جوانی ئەكتەر،كاتێ ئاوێزانی موزیك و رووناكی دەبن ،نمایش لە باگ راوندی ژێر پەردەی شانۆو رووداوە نەبیندراوەكان،كە هەندێ جار وێنەی سینەمایی تێدا دروست دەكرێت و تێكەڵ بە موزیك دەكرێت، یان دروست كردنی تابلۆیەك لە بێدەنگی و كپی و خامۆشی و بە ئاگا هێنانەوەی لە ناكاوی بینەر و بە هاوسەنگ راگرتنی ریتمی شانۆ، بەكارهێنانی موئەسیراتی دەنگ،لە گەڵ رێژنەی باران و هاژەی شەپۆل و دەنگ و لوورەی ئاژەڵە كێویەكان لە كەشو هەوایێكی خامۆش و دەیان كەرەستەی دیكەی بە سیحراوی بوونی شانۆو نغرۆ كردنی لە نێو ئامرازەكانی سینۆگرافیا ،هەموو ئەم دیمەنانەچەند نموونەیەكن لە سیحری سینۆگرافیای شانۆیی بۆ بە ئاگا هێنانەوەی هەستەكانی بینەرو جولاندنیان .
سینۆگرافیا تاكە هونەرێك نیە بینەر بتوانێت هەڵسوكەوتی لە گەڵدا بكات بە تەنها، بەڵكو كۆمەڵە هونەرێكی یەكگرتووە كەلە هارمۆنیایێك دەچن پێكەوە لە شانۆدا یەك دەگرن و تەوژمێك لە جوانی دەخەنە سەر هەموو ئەندامە هەستیارەكانی بینەرو ناچاری ئەوەی دەكەن بێ كەوتنە ژێر ئەو هارمۆنیا هونەرییانە لە هۆڵی شانۆدا بە دیدو دەروونێكی خاڵی نەچێتە دەرەوە ، بەڵكو وای لێ دەكەن نەتوانیَِت تا دێر دەمانێكییش لە ژێر كاریگەرییەكانی سینۆگرافیاو تەكنیكی شانۆییدا نەتوانێت خۆی رزگار بكات.
شانۆی هاوچاخ چەند ئەوەندەی بایەخی بە ناوەرۆك و نمایش و ئەكتەر داوە لە ناوەوە ، ئەوەندەش زێتر بایەخی بە شێوە داوە، چونكە لە رەسەندا هەردوكییان تەواوكەری یەكترن ، نە ناوەرۆك بە تەنیا دەتوانێت بینەر بە هەمووئەندامە هەستیارەكانی تێر بكات ، نە شێوەی بێ گیانیش دەتوانێت شانۆ بە زیندوویەتی رابگرێت .
دەرهێنەر ناتوانێت لەو نێوەندەدا بایەخی خۆی بە تەنیا لایەكدا بدات،ئەگەر هاوسەنگی لە نێوان شێوەو ناوەرۆكدا دروست نەكات،كە رەنگە هەموو دەرهێنەرێكیش دەسەڵاتی ئەو هاوسەنگ راگرتنەی نەبێت،یان پێی وابێ تەنیا تێكست دەتوانێت هەموو بۆشاییەكانی شانۆی بۆ پڕكاتەوە ،خۆ ئەگەر وابوایەو تەكنیك و سینۆگرافیا نەبونایە، دەبوا هەموو تیكستەكانی چیخەف تا ئەمڕۆش لە دەلاقەكاندا تۆزیان لە سەر هەڵبنیشێ،شانۆنامەكانی شكسپیر گەردەلوولی زەمەن رایان ماڵێ،ئەو تێگەیشتنە بە هەڵەیەبووە تا زەمەنێكی دوور شانۆی كوردییان دووچاری چەقین كردووە و لە بازنەیەكی داخراودا خولی خواردۆتەوە،بایەخ نەدانی هونەریی و زانستی وەك پێویست لە رووە ستاتیكی و سایكۆلۆژی ومەعریفی و تەكنیكییەكانی شانۆ،لایەنێكی هەرە گەورەی لاوازی شانۆی كوردی بووە،وەك هەمان لاوازی بە گشتی لە دروست كردنی ئەكتەریشدا هەبووە،لە رابووردوودا هەندێ لە دەرهێنەرانمان پەروەردەیەكی بە هەڵەی ئەكتەریان كردووە ، ئەكتەریان چەشنی تووتی لە قەفەس ناوە، بێ ئەوەی هیچ ئازادییەكی پێ ببەخشن،هەموو كەرەستەكانی سینۆگرافیایان بە فۆرمێكی واقیعی و سروشتی لە نمایشدا بەرجەستەكردووە ،قورسایی هەرە زۆری خۆیان خستۆتە سەر دەق، دوور لە دروست كردنی دەلالەت و هیمای گوزارشت بەخش لەو سینۆگرافیا لاوازانە،بۆیە ئێستاش لە گەڵ دابێت خۆ رزگار كردن لەو تەقلیدیەت و مەئلوفیەتە پێویستی بە دەست پێكردنی سەرەتایێكی تر هەیە كە هاوكوف بێت لە گەڵ گۆڕانكارییەكانی زەمەن و پێشكەوتنەكانی،كەچی دەرهێنەری وا هەیە لە سەردەمی ئەمڕۆكەشدا هەمان ئەو توتیانەی پەنجا ساڵ دێنێتەوە سەر شانۆو هەمان شێوازو فۆرم و ستایلەكەی نیو سەدەی بەر لە ئێستا بەكاردێنێ، هەرگیزیش دان بە كۆتایی خۆی ناهێنێ ...ئەمە بەڵگەی مەرگی شانۆیەلە هەندێ جوغزی جوگرافی و لای هەندێ دەرهێنەری ماوە بە سەرچوو .
هەتا ئێستاش لە نێوەندی هەندێ لە دەرهێنەرە گەنجەكانیشمان كێشەی سینۆگرافیا هەیە لەوانە :
1.بەكارهێنانی سینۆگرافیا بە مانای گەورە كردنی قەوارەی دیكۆرو ئارایشت و هەندێ پێكهاتەی دیكەی سینۆگرافیا نیە وەك لە نمایشی هەندێ لەو دەرهێنەرە گەنجانەدا دەردەكەوێت ، بەڵكو هەر زێدە كارییەك لەو پێكهاتانە وەك سیمایەكی زەق و ناوازە لە نمایشدا دەردەكەوێت كە سینۆگرافیا لاواز دەكات،چەند ئەوەندەی ماندوو بوونی تێدا كرابێت ، بەڵكو یەكێك لە رووە جوانیەكانی سینۆگرافیا ئەوەیە كە دەرهێنەر سیناریۆ بە سادەیی بەرجەستە بكات، بەڵام لە ناو سادەییەكەدا مەغزاو فەلسەفەو ستاتیكای شانۆیی وەك پێویست بگەیەنێت .
2.هەندێكی دیكەیان قورسایی هەرە گەورەیان دەخەنە سەر یەكەیەكی سینۆگرافیا كەچی پێكهاتەكانی دیكە فەرامۆش دەكەن، ئێمە لە شانۆدا گرنگە تا بۆمان بكرێت سوود لە هەموو پێكهاتەكانی سینۆگرافیا ببینین بۆ خزمەتی ئەكتەر كە كرۆكی راستەقینەو ریشەیی نمایشە.
3.ناكرێت دەرهێنەر لە رووی پراكتیكییەوە بۆ دروست كردنی سینۆگرافیا تەنها پشت بە خۆی ببەستێت،وەك هەندێ لە دەرهێنەرە لاوەكانی ئێمە پیادەی دەكەن،بەڵكو گرنگتر لەوە ئەوەیە كەسانی پسپۆر لەوبوارەدا بەشدار بن بۆ دروست كردنی سینۆگرافیا و بەرجەستە كردنی وەك پێویست،چونكە زۆر جار بەكارهێنانی بە هەڵە لە رووناكی ،لە موزیك ، لە دیكۆر دەبێتە مایەی لە بار بردنی سینۆگرافیا .
4. دەبێت ئەوكەسانەی ئەركی كاری سینۆگرافیا دەگرنە ئەستۆ تێگەیشتنیان هەبێ بۆ شانۆ و لەو بوارەدا خاوەن ئەزموون بن ،دەرهێنەر هەر كات ویستی ئەو بۆشاییانە بە كەسانی ناپسپۆر پڕ كاتەوە ، ئەوە دەبێت ئەگەری روخانی نمایشەكەی بە دوور نەبینێ .
5.بۆ بونیاتی نمایش دەرهێنەر پێویستی بە دابەشكردنی قۆناغەكانی جێ بەجێ كردن هەیە، هەر لە ئامادەكردنی تێكست و ئەكتەرەوە تا دەگاتە دیاری كردنی كات بۆ پرۆڤەو ماوەی پرۆڤە و بە پراكتیك كردنی، ئینجا خۆ ئامادە كردن بۆ سینۆگرافیاو رتووش كردنی نمایش دەرهێنەر ئەگەر هەر قۆناغێك لەو قۆناغانە بە كاڵی بە جێ بیڵێ و هەر لە سەرەتاوە زۆرینەی كاتی خۆی بۆ سینۆگرافیا تەرخان بكات ،ئەوە بۆشایی لە پێكهاتەكانی شانۆ دروست دەكات ، بە تایبەت لە دروست كردنی ئەكتەردا،كە دواتر كاتی ئەوەی بە دەست نامێنێ پڕیان كاتەوە، سینۆگرافیاكەش ئەو ئامانجانە ناپێكێ، كە دەرهێنەر زۆر لە ئاواتەكانی خۆی لە سەر بونیات نابوو..
6. هەندێكی دیكە لەو دەرهێنەرانە تێكست بە هەند وەرناگرن و پێیان وایە تەنها سینۆگرافیا دەتوانێت بینەر رازی بكات ،دیسان دەرفەتێكی دیكە لە سەركەوتنی نمایش لە دەست دەدەن ، چونكە تەكنیك هەر چەند بەهێز بێت ئەگەر نەخرێتە نێو فەلسەفەیەكی دیاری كراو، ئەوە بینەر بە تەنها (شێوە)ی بێ ئامانج نمایشەكەت لیَِ وەرناگرێت كە هیچ فەلسەفەیەك لە گەڵ خۆیدا نەباتە دەرەوە لە هۆڵی شانۆییدا ..
شانۆی وێنە جگە لەوەی لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا بەرجەستە كراوەو بینەرێكی زۆری هەیە ، لە ئێراقیشدا لەساڵانی هەشتاكاندا لە سەر دەستی دەرهێنەری ناسراو سەلاح قەسەب وەك ئەزموونێكی نوێ ی شانۆیی گواسترایەوە ئێراق ،ئەو كات ژمارەیك لە قوتابیانی ئەكادیمیای هونەرە جوانەكان لە بەغدا كە كورد بوون ، توانیان سوود لە شانۆی وێنە وەربگرن ، ئەوانیش وەك ئەزموونێكی نوێ بە ناوی شانۆی ئەزموونگەری بیگوازنەوە كوردستان و كاری لە سەر بكەن ، سینۆگرافیا لە هەموو قۆناغەكانی رابووردوودا لە شانۆی كوردی دا بەكار هاتووەو ئاستەكانیان بە پێی ئەزموونی تایبەتی دەرهێنەرەكان گۆڕاوە ، بەڵام وەك دیاردەیەكی گشتی بە تێرترین شێوە لە كوردستاندا لە شانۆی ئەزموونگەری دا پەرەی سەندووە،، دواتریش لە گەڵ پێگەیشتنی كۆمەڵێ دەرهێنەری خاوەن ئەزموون لەو ماوەیەدا سەر لە نوێ بایەخدان بە سینۆگرافیای شانۆیی زێدە بووە .
ئێستا بایەخ دان بە سینۆگرافیا نەبۆتە ئارەزوو بە دەست دەرهێنەرەوە بگرە بۆتە چارەنووسی نمایش بە دەست بینەری هوشیاریی شانۆیییەوە كە زۆر بە وردی هەڵسوكەوت لە گەڵ نمایشدا دەكات، تا دەرهێنەر لە نمایشدا هەموو مافێك بە بینەر نەبەخشێت،بینەر ئامادە نیە نمایش لە دەرهێنەر وەربگرێت،ئەو دەسەڵاتەیە وا دەكات دەرهێنەر بە ئاگاییەوە هەڵسوكەوت لە گەڵ نمایشدا بكات ،لە نێوان دوو بژاردەدا یەكێكیان هەڵبژێرێ ، یان ئەوەی بینەر لێی وەردەگرێ ، یان بێدەنگ بوون .
.
