چۆن فیلمی (لالا لاند) شەش خەڵاتی ئۆسكاری بە دەست هێنا ؟ حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman
چۆن فیلمی (لالا لاند) شەش خەڵاتی ئۆسكاری بە دەست هێنا ؟
خۆ ئەگەرچی تا ئێستا كەم رێكەوتووە لە فیستیڤاڵَی ئۆسكاردا فیلمە رۆمانسی و كۆمێدییەكان ئەو بڕە خەڵاتانەی ئۆسكارییان بەركەوێت، بەڵام ئەوە بۆ یەكەم جارە لە مێژووی ئۆسكاردا فیلمێكی رۆمانسی كۆمێدی وەك (لا لا لاند) هەموو كولتوورەكانی رابووردوو بشكێنێ و ژمارەیەكی بێ هاوتا لە وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار بە دەست بێنێت .
رەخنەگری سینەمایی نیكۆلاس باربرـ هۆكارەكانی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی فلمی رۆمانسی روون دەكاتەوەو دەڵێت : هەر ئەو فیلمە پیش مانگێك لە فیستیڤاڵی سینەمایی (گۆڵدن گڵوب ) ژمارەیەكی بێ هاوتای شكاند و حەوت خەٍڵاتی تۆپی زێڕینی بە دەست هێنا،هۆیەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئۆسكار پێی وایە كە ئەو جۆرە فیلمانەی كۆمەڵێك توخم لە خۆ دەگرن كولتووری كۆنی سینەما بە زمانی سەردەم نوێ دەكەنەوە و ئەوە جگە لەوەی زۆرێك لە كۆمەڵگا ئارەزووی فیلمی رۆمانسی دەكەن لە كەشو هەوای توندو تیژی ئەم سەردەمە .
لا لا لاند ـ فلمێكی رۆمانسی موزیكی كۆمێدییە،لە سیناریۆو دەرهێنانی (دامیال تشازل ) ە كە پێش دوو ساڵ فیلمێكی تری موزیكی بە بەرهەم هێنا بە ناوی( ويش بلاش
هەستی ملیۆنەها هەواداری موزیكی بە گشتی هەژاند بە تایبەت موزیكی جاز
ئەم فیلمەی ئێستای لە پاڵەوانیەتی (رایان گوسلینگ ،جیكی سموز،رۆزماری دیونتە) چیرۆكی فیلمەكە بە دیمەنێكی سەما لە شەقامێكی لۆس ئەنجلۆس دەست پێدەكات و باس لە چیرۆكی خۆشەویستی گەنجێكی پیانوژەن دەكات بە ناو( سیبیستیان) ،كە قوتابیەكی پەیمانگای موزیكەو موزیك بۆ گۆرانیەكان دەژەنێ و رۆژ لە دوای رۆژ پێشكەوتنی گەورە لە هونەرەكەی دا بەخۆیەوە دەبینێت ،لە ناكاو دەكەوێتە داوی خۆشەویستی كچێكی ئەكتەری شۆخ و شەنگی دەنگ خۆش بە ناوی ( میا ) كە لە قاوەخانەیەكدا كار دەكات و هەموو ئاواتێكی ئەوەیە ببێت بە ئەكتەرێكی ناودار، ئەو بە ئەكتەر بوونە خەونی هەمیشەییەتی و لە پێناویدا كەسو كارو ماڵ و هەواری خۆی جێ هێشتووە،لە شاری لۆس ئەنجلۆس ، ئەو كوڕو كچە گەنجە خەونی گەورەیان هەیە،خۆشەویستی نێوانیشیان هۆكارێك دەبێت بۆ ئەو سەركەوتنانەی بە دەستی دێنن و ئەو ناوداریەتیەی پەیدای دەكەن،بەڵام دواتر كۆمەڵێ گرفت لە نێوانیان دا دروست دەبێت و بە ئاسانی ئەو خۆشەویستیە گەرمە لە دەست دەدەن و هەردووكییان ئەو بڕیارە سەختەی لێك دوور كەوتنەوە دەدەن لەو خۆشەویستیەی كە بوو بە هۆكار بۆ سەركەوتنیان.
ئامانج لە لەو هەرەس هێنانە گوزارشت كردنی دەرهێنەرە لەو سەردەمە لێك دابڕاوەی مرۆڤایە تی و لاواز بوونی چمكی خۆشەویستی لە نێو خۆپەرستیەتی تاكەكان و بە هەند وەرنەگرتنی چارەنووسی خۆشەویستی،بە تایبەت دوای گەیشتن بە بەرژەوەندییە كەسایەتیەكان و زاڵ بوونی مادییەت بە سەر میسالیەت و دەرهاویشتەكانی .
دەرهێنەر واقیع بینانە بەرجەستەی واقیعی ئەمڕۆی ئەمریكای بە بەرگێكی رابووردوو كردووە ، كە پێی وایە تێڕوانینی میسالییانە لە هەموو حاڵەتێكا سەركەوتن بە دەست ناهێنێت،بەڵكو واقیع زۆر بەهێزترە لە تێڕوانینی میسالی بۆ ژیان .
دەرهێنەر هەوڵی داوە تەكنیكێكی كۆن ( سینەمای سكۆب ) بەكار بێنێ كە لە ساڵانی چلەكاندا لە فیلمی رەشو سپیدا بەكار هاتووە،بەڵام ئەو كردویەتی بە فیلمی رەنگاو رەنگ ، بۆ ئەوەی دیمەنەكان بە فرەوانترین پانتایی نیشان بدات،بەمەش كەشو هەوای ستایلی كلاسیكی هۆلیۆدی نوێ كردۆتەوە،لە رووی فیلمی گۆرانییەوە .
لە رووی جلو بەرگ و ئیكسسواراتیشەوە دەرهێنەر سەردەمی فیلمەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی سییەكانی سەدەی رابووردوو ، بە تایبەت لە رووی جلوبەرگی تەقلیدی و ئۆتۆمبیلی سەر واڵا و نیشاندانی دیمەنی باڕەكان.
نیكۆلاس ـ ی رەخنەگر دەڵێت : لە لۆس ئەنجلۆس بە بەردەوامی گەنجەكانمان بە دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە سەر دروست كردنی خۆشەویستی دەگەڕێن بەڵام زۆربەیان روو بە رووی رەتكردنەوە دێن،چونكە بڕوا بوون بە خۆشەویستی لاواز بووە .
فلمەكە بۆ یەكەمجار پارساڵ لە فیستیڤاڵی ڤینیسیا و لە ئەمریكاش نمایش كراو بوو بە فلمی دەست پێكی فیستیڤاڵ ،ماوەی فیلمەكە 128 خولەكە،لە كالیفۆرنیاو لۆس ئەنجلۆس و لۆنگ بیتش وێنەكانی لەلایەن وێنەگری ناسراوی سینەمای ئەمریكا ( لینۆس ساندیجرن) ەوە گیراوە،موزیكی وێنەییشی لە لایەن جستن هۆریتس داندراوە ،فیلمەكە 30 ملیۆن دۆلاری تێ چووە، بەڵام تا ئێستا 370ملیۆن دۆلاری بە دەست هێناوەتەوە
لا لالاند ـ چەندین خەڵاتی جیهانیی بە دەست هێناوە بۆ خولی 89ی ئۆسكاری ئەمساڵدا بۆ 14 خەڵاتی ئۆسكار پاڵێورا ئەمەش گەورەترین ژمارەی پاڵێوراوی فیلمە لە ئۆسكاردا،لە ئەنجامدا 6 خەڵاتی بە دەست هێنا،لەوانە :خەڵاتی ئۆسكار بۆ جوانترین گۆرانی رەسەن،خەلاتی ئۆسكار بۆ باشترین ئەكتەری ئافرەت (ئیماستۆن ) خەڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین وێنەگرتنی سینەمایی ( لینوس ساندیجرن) خەڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین دەرهێنەر (دامیال تشازل) خەڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین نەخشەسازی بەرهەم هێنان،خەڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین موزیكی وێنەگری .
بەر لە دووساڵ دامیان شازل ، فیلمی ویش پلاش ـ ی پێشكەش كرد كە بێ مشتومڕ باشترین فیلمی ئەو ساڵە بوو،ئەویش هەر كەشو هەوایێكی موزیكی هەبوو،ئەوەتا ئێستاش لە فیلمی لا لا لاند سەلماندییەوە كە باشترین دەرهێنەرو سیناریۆ نووسی كاری موزیكییە لە سەردەمی ئێستادا،بەڵام وێڕای ئەو سەركەوتنە گەورەو خەڵاتە كەم وێنانە هێشتا هەندێ لە رەخنەگرانی بواری سینەما پێیان وایە ئەگەر ئەو فیلمە لە گەڵ فیلمەكەی رابووردووی بەراورد پێ بكرێت ،ئەوە دەردەكەوێت كە فیلمی (ویپلاش) لە رووی دراماو سیناریۆ وە چیرۆكێكی تێرو تەسەڵتری پێشكەش كردووە، هەلی زۆرتری بۆ ئەكتەرەكان رەخساندووە بۆ پێشكەش كردنی توانستی خۆیان و سیناریۆكەی (لا لا لاند) شتێكی دووبارە كراوەی هەمان ئەو فیلمەیە و هەوڵی داوە هەمان ئەو كارە بە ستایلێكی نوێ تر پێشكەش بكاتەوە .
فیلمەكە دابەشی دوو پارچە دەبێت : لە پارچەی یەكەمدا كە نیوەی روداوەكان دەگرنە خۆیان و دەستپێكێكی بەهێزی تێدایە،بەڵام نەی توانیووە بە هەمان ریتم پارچەی دووهەمی بەڕێوە ببات ،بەڵكو هەست بە لاواز بوونی رووداوەكان دەكرێت،بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ،ئەگەرچی لە رووی دەرهێنانەوە دەرهێنەر دەسەڵاتی خۆی لە دەست نەداوە و روانینە ستاتیكییەكانی خۆی پاراستووە ،بایەخی زۆری بە رووناكی و رەنگی گوزارشت بەخش داوە و هاوێنەكانی كامێرای بەهێز كردووە بۆ دەربڕین .
لە رووی نواندنەوە فیلمەكە جارێكی تر بۆ سێیەم جار هەردوو ئەكتەر ئیماستۆن و وریان جۆسلینگ بە یەك دەگەیەنێتەوە ،بەڵام وێڕای بە دەست هێنانی ئەو هەموو خەڵاتە دیسان رەخنەگرەكان وای بۆ دەچن كە نەیان توانییوە شتێكی نوێتر لە فیلمەكانی رابووردوویان ببەخشن.
بەڵام بینەران و رەخنەگرەكان دەگەڕێنەوە سەر ئەو پرسیارەی كە هەمووان دەیكەن ئەویش ئەوەیە ئاخۆ ئەو فیلمە ئەو هەموو دەنگۆو سەدا نێو دەوڵەتیە دێنێ كە گوێ بیستی دەبین و دەیبینین ؟ دەكرێ وەك یەكەم فیلمی ئەو ساڵە ناو ببرێت ؟
رەخنەگرەكان وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە،بەڵێ فیلمەكە كەشو هەوایێكی رۆمانسی سرنج راكێشی هەیە،بەڵام هەندێ هەڵە لە تێكستەكەی دا بەدی دەكرێت،كۆتایی فیلمەكە كۆتاییەكی نا لۆژیكیی نا دروستە،هەردوو پارچەی فیلمەكە لە یەك ئاست دانین،پارچەی یەكەمی لەوەی دووهەمییان بەهێزترە،هەڵوێستی لیژنەی هەڵسەنگاندنی ئۆسكار بە بەخشیینی ئەو هەموو خەڵاتە بە هۆی ئەوە بووە كە دەرهێنەر فیلمێكی موزیكی بە ستایلێكی كۆن دەرهێناوە ، نەك بە هۆی نرخ و بەها هونەرییەكانی .
جۆنس ریال ـ ی رەخنەگر دەڵێت : زۆر نهێنی لە پاڵ سەركەوتنی فیلمەكە دایە ئەویش ئەوەیە كە ئەو موزیكەی لە فیلمەكە گوێ بیستی دەبیت بێگومان كار دەكاتە سەر هەست و ناخی بینەرو دەیهەژێنێ .
ئەو سەما جوانانەی لە فیلمەكە نمایش دەكرێت خۆشییەكت پێ دەبەخشێت كە خەم و پەژارەی ژیانی رۆژانەت لە بیر باتەوە .
ئەو تێكەڵاویەی لە نێوان كۆمێدیاو موزیك و سەما لە رێگەی بەرجەستە بوونییان لە لایەن ئەو ئەكتەرە بە توانایانە،توخمی وروژاندن لای بینەر دروست دەكات .
لە رووی دەروونییەوە فیلمەكە كەشو هەوایێكی وات بۆ دروست دەكات كە وەك هەندێ لە بینەران دەیانگوت خۆراكی رۆحە .
