چۆن پیشەسازی سینەما لە كوردستاندا دروست بكەین ؟ حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman
چۆن پیشەسازی سینەما لە كوردستاندا دروست بكەین ؟
لە جیهانی سینەمادا دووسێكتەری هاو تەریب هەن كە لێكتر جودا نابنەوەو یەكێك تەواوكەری ئەوی دیكەیانە،ئەوەی یەكەمیان پیشەسازی فیلمسازییە،كە وەك هەر پیشەسازییەكی دیكەی بازرگانی،بازاڕی تایبەتی خۆی هەیەو قازانج وزیانی تێدا دەكرێت،بەڵام لە زۆر لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا داهاتی سینەما خۆی لە قەرەی داهاتی نەوت دەدات و ساڵانە بە ملیارەها دۆلار دەسكەوتی دەبێت
بۆ گەیشتن بەو داهاتەش بە هەزاران كۆمپانیای كەرتی تایبەتی زەبەللاحی سینەما هەن كە بە هەموو ئامرازو كەرەستە هونەرییەكانی خۆیانەوە ركابەری لە گەڵ یەكتر دەكەن بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین داهات .
فاكتەری دووهەمییان: بوون و نەبوونی كۆمپانیاو وهۆڵی سینەماو بینەری سینەمایە،كە دەبنە بنەما بۆ دروست بوونی ئەو پیشەسازییە جیهانییەو گەشەسەندنی،خۆ ئەگەر لە كەرتی تایبەتدا كۆمپانیای تایبەت بە فیلمسازی نەبوو،ئەوە هیچ ژێرخانێكی پیشەسازی بوونی نابێت بۆ گەڵاڵە بوونی ئەوپیشەسازییە،وەك ئەو هەلو مەرجەی ئەمڕۆكە لە كوردستاندا هەیە، كە تەنها پشت بە پشتگیری كردنی حكومەت دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی فیلم،تا سینەماكارانی ئێمەش چاویان لەحكومەت بێت،ئەوەدەتوانن ببن بە خاوەنی فیلمی كوردی،نە دەشتوانن بازاڕێك بۆ سینەما دروست بكەن .
سێیەمیان :سینەما پێویستی بە هوشیاریی كۆمەڵگا هەیە بۆ ئاوێتە بوون و هاندانی پیشەسازی سینەما،بەشێوەیەك كە ئەو كۆمەڵگایە سینەما وەك نەریتێكی كۆمەڵایەتی گرنگ تەماشا بكات و سینەما ببێت بە بەشێك لە پێداویستییەكانی ژیانی رۆژانەی خەڵكی،كە دیارە بەرجەستە كردنی ئەو نەریتەو راكێشانی بینەر بۆ بەردەم پەنجەرەكانی پلیت بڕینیش،پەیوەستە بە كۆمەڵێ هۆكاری دیكەی كۆمەڵایەتی وكولتووری و ئابوورییەوە،تا ئەو بنەما كۆمەڵایەتیانەش نەڕەخسێن،ئەگەر شتێكیش بەناو پیشەسازی سینەما هەبێت ئەوە ناتوانین سینەما بیگەینینە ئاستی ئەو وڵاتانەی كە گەورەترین داهاتی نیشتمانییان داهاتی سینەمایە .
هەمیشە پرسیارێك لەو نێوەندەدا دێتەپێشەوە ئەویش ئەوەیە ئاخۆ ئێمە لەنێوەندی ئەو هاوكێشە رەهایانەلە كوێ داین؟
بێگومان ناتوانین نكۆڵی لەو راستیەدا بكەین كەئێمە لە هەردووكییاندا بێبەشین و تا ئێستا نەمانتوانییووە سەرەتایەك بۆ بونیاتی سینەما دامەزرێنین ئەگەرچی خاوەنی چەندین فیلمین و لە چەندین فیستیڤاڵی سینەمادا بەشداریمان هەبووە،بەڵام ئاخۆ دەتوانین بەم چەند فیلمانە كە زۆربەیان دروست كراوی دەستی بێگانەن،بڵیین سینەمامان هەیە؟ دەتوانین بە پەنا بردن بە كادیری هونەریی سینەما و ئامێری بیانی ئەو فیلمانە بكەین بە موڵكی خۆمان؟
دەكرێ لە پەراوێزی ئەو هەلومەرجەی سینەمای كوردی بپرسین،ئایا بۆچی تا ئێستا لە كوردستاندا بیر لە دروست بوونی كۆمپانیای سینەما نەكراوەتەوە؟ ئایا بەدی هاتنی ئەو ئامانجە بە دەست حكومەتە كە ئەو كارە بە ئەركی خۆی نازانێت ؟ یاخود بە دەست كەرتی تایبەتیە،كە لەو شێوە بازرگانی و پیشەسازییە رانەهاتووە و ئایندەی ئەو پیشەسازییە بە مسۆگەر نازانێت،یا هۆكار بینەرە كە بە گشتی هوشیاریی سینەمایی نیە و سینەما بە زەرورەتێكی گرنگ نازانێت لە ژیانی خۆیدا .
بە قسەی زۆرینەی سینەماكاران و دەزگا سینەماییەكان حكومەت تا ئێستا دەست رۆیشتوو بووە لە پشتگیری كردنی سینەماكاران،بەڵام ئاخۆ ئەو دەست رۆیشتن و پشتگیریی كردنە تا چەند ئامانجەكانی پێكاندووە؟ یان سینەماكارانی ئێمە تا چەند متمانەیان پاراستووە و لە نێوان خەمی داهێنان و خەمی گڵدانەوە ،بەلای كامییاندا چووە ؟ ئەو بودجە زەبەللاحانەی لە لایەن حكومەتەوە بۆ سینەما تەرخان دەكران تا چەند بوون بە فاكتەرێك بۆ بەرەو پێشڤە چوونی سینەما؟ یاخود بە پێچەوانەوە بوونەتە هۆكار بۆ لە كەدار كردنی بەهای سینەما لە ژێر چەندین ناونیشانی بریقەداری زەقی وەك فیستیڤاڵی سینەمای لاوان و سینەمای ژنان و سینەمای بەرەنگار بوونەوەی توندو تیژی و چەندین ناوی تر؟كە تێیدا بێجگە لە دابەش كردنی خەڵات بە سەر یەكتریدا شتێ بە باڵای سینەمادا نەبڕاوە.
بەراستی هاوكێشەیەكی وا شیكردنەوەی سەختە، ئێمە ئەگەر پسپۆرەكانمان لە سینەمادا لە ئەزموونە سینەماییەكانی خۆیاندا دەست كورت بن،ئەی دەبێ ئەو لاوە بێ ئاگایانەی سینەما, كە تا ئێستا تەمەنیان لەو ئاستە دا نەبووە فیلمێ لە هۆڵی سینەمادا ببینن ،گۆرانی بێژێك كە یەك دوو كلیبی بۆ كراوە،ئەكتەرێكی فاشیل لە شانۆدا،هەر یەكەو شەپقەیەك لە سەر دەنێ و رێگە بە خۆی دەدات بڵێت من دەرهێنەری سینەمام، ئیدی گرنگ ئەوە نیە چی پێشكەش دەكات و چی بەرهەم دێنێ..
ئەوەتا ئەوێ رۆژێ بەڕێكەوت لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا لە تۆم كرۆزی گەورە ئەكتەری هۆلیۆدیان پرسی : بە تەما نیت كاری دەرهێنان بكەیت ؟ لە وەڵامدا گوتی : دەترسم ئەگەر كارێكی وا بكەم خەڵكی پێم بڵێن شێت بووە ....
من تێ ناگەم كەی دەگەینە ئەو باوەڕە كە ئەو فیستیڤاڵە لاوازانە جگە لە بە هەدەر چوونی توانایێكی زۆری ماددی و مەعنەوی نەبێ چ شتێ لە ئاستی سینەمادا دەگۆڕن ؟ ئیدی وا باشتر نیە لە بری ئەو چڕنۆك گرتنە لە سینەما،نەخشەیەك بۆ دروست بوونی پیشە سازی سینەما داڕێژرێت ؟ دەست بكرێت بەدابین كردنی ئامێرەكانی ئەو پیشەسازییەو پێگەیاندنی كادیری سینەمایی و كردنەوەی وۆرك شۆپ و هێنانی شارەزاو پسپۆر،پەیوەندی بەستن لە گەڵ كۆمپانیا سینەماییە جیهانییەكان بۆ بەرهەمهێنانی هاوبەش و هاندانی نووسەران بۆ نووسینی سیناریۆو دەیان نەخشەی تر كە دەبنە فاكتەر بۆ رەخساندنی هەلی دروست بوونی ئەو پیشەسازییە ؟ لە پاڵ هەموو ئەمانەدا دیارە كە هیچ پیشەسازییەك سەركەوتوو نابێت ئەگەر بازاڕی نەبێت ،بۆیە دابین كردنی بازاڕی سینەماش لە كوردستاندا بەر لە هەموو شتێك بەوە دەبێت كە هۆڵی سینەمامان هەبێت ،ئەوەتا خۆش بەختانە لەو ماوەیەدا مۆڵەكان تا راددەیەك ئەو بۆشاییەیان بە شێوەیەكی كاتی پڕ كردۆتەوە، بەڵام ئەوانیش ساردو سڕو بێ بینەرن ، جاری وا هەبووە كە چوومەتە ئەوهۆڵانەجاری وا هەبووە باشترین فیلمەكان ژمارەی بینەرانی لە دە بینەر زێتر نەبووە ، یا من بە تەنهاو بینەرێكیشمان بە قەرز وەرگرتووە بۆ ئەوەی نمایشەكە بكرێت و فیلمەكە ببینین ، رۆژێكییان لە لایەن دەرهێنەرێكی خۆمانە بانگهێشت كرام بۆ بینینی فیلمێك،كەچی دوو رۆژان چوومە هۆڵەكەو بینەرێك نەبوو لە گەڵما دانیشێ و نمایشەكە بكرێت ؟
كەواتە كێشەی ئێمە هەر تەنها هۆڵ نیە،بەڵكو بینەریشە، كە لە هەلومەرجێكی وەك ئەمڕۆكە متمانەی بە سینەما نەماوەو باری ئابووریشی رێگەی پێ نادا ئەو دۆستایەتیەی جارانی بگەڕێنێتەوە ،ئەویش ناهەقی نیە لە بارێكی نا سەقامگیریی دەروونی دا دەژیت،كە یاریدەدەر نیە بۆ ئەوەی لە فەزای ئەو كەشو هەوا دەروونییە دەرچێت .
دروستكردنەوەی شكۆی سینەما بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی كەرتی تایبەتی دا ، بەڵام گرنگیشە كە حكومەت هانی كەرتی تایبەتی بدات بۆ بوژانەوەی سینەما،بە تایبەت لە رووی ئاسانكاری كردن بۆ ئەو بازرگانانەی بیر لە دروست كردنی هۆڵی سینەما دەكەنەوە ، یا كار بۆ بوژانەوەی دەكەن .
ئەوانەی خەمخۆری راستەقینەی گەڕانەوەی سینەمان بۆ شارەكانی كوردستان ، رەنگە كەسانی بازرگان نەبن ، بەڵام سووڕبوونیان بۆ بێ سینەما نەكردنی كوردستان لە سینەما زۆرتر بووە لەو بازرگانانەی ترسی خۆ لێدانییان هەیە لە پرۆژە سینەماییەكان،ئەوەتا هونەرمەندێكی سینەماكاری وەك حەسەن عەلی بۆ ئەو ئامانجە خۆی دووچاری سەركێشییەكی گەورەكرد بۆ بەكرێ گرتنی هۆڵی كریستاڵ ، بەڵام لە ئەنجامی ئەو سەركێشییە دووچاری زەرەرو زیانێكی گەورە هات ، دیسان هەر بەوەندەش نەوەستا ئێستا سەرقاڵی هۆڵی رۆیال مۆڵەو بە بەردەوامی كار بۆ هێنانی فیلمە نایابەكان دەكات و ئێستا كار لەو ئەزموونە دەكات،كە من پێم وایە ئەو دەست پێشخەر دەبێت بۆ بووژانەوەی سینەما لە شارێكی وەك شاری هەولێر .
ئێمە هەموو لایەكمان ناشێت وای بۆ بچین كە سازكردنی فیستیڤاڵی سینەمایی كێشەی ئێمە لە گەڵ سینەمادا چارەسەر دەكات،نەخێر ئەو فیستیڤاڵانە وەك موسەكین وان كە بۆ ماوەیەكی كاتی حەزو ئارەزوومان بۆ سینەما دەشكێنن،بەڵام كێشەكان دیسان هەر وەك خۆیان دەمێننەوە،ئەوە جگە لەوەی ئەو فیستیڤاڵانە نابنە بنەما بۆ ئایندەی سینەما و ناشتوانن یاریدەی دروست كردنی پیشەسازی سینەما بدەن
گرنگە لایەنە پەیوەندی دارەكانی سینەما پەیوەندییەكی ئەكتیفییان لە گەڵ ئەوانەدا هەبێت كە هۆڵە سینەماییەكان بەڕێوە دەبەن ،بۆ ئەوەی لەو هۆكارانە بتۆژنەوە كە بڕی بینەری سینەما زێدە دەكەن ، بینەری كورد ئارەزووی چ فیلمێك دەكات ، چ ئاسانكارییەك بكرێت بۆ بینەر ، خاوەن مۆڵەكان جگە لە لایەنە بازرگانییەكە چ ئەركێكی دیكەی نیشتمانییان لە سەرە بۆ هاندانی سینەما،حكومەت لەو نێوەندەدا چ رۆڵێك ببینێ بۆ چەسپاندنی ئەو ئاسانكارییانەو بە پراكتیك كردنی هاوكارییە هاوبەشەكان .
من پێم وایە چەند ئەوەندەی هەر سینەما بازاڕی بە گوڕتر بێت،ئەوەندە لە پیشەسازی سینەما نزیك دەبینەوە، خۆ ئەگەر كارگیڕانی هۆڵەكان سەرمایەكی ئەوتۆیان هەبێت ، دەتوانن بە هۆی ئەو سەرمایەوە بیر لە پرۆژەو هەنگاوی گەورەتر بكەنەوە.
ناكرێت ئەوە لە بیر بكەین كە هونەرمەندە سینەماكارەكانی ئێمەش رۆڵی كاریگەری خۆیان هەیە لە دروست بوونی ئەو پیشەسازییە،لە رێگەی ساز كردنی ئەو فیلمانەی كە بازاڕ خواستییەتی و دەتوانێت بینەر راكێشی بەر پەنجەرە بكات،خۆ هۆلیۆدیش هەر وا دەكات بازاڕ چ ئەكتەرێكی بوێ ئەو بە كرێ دەگرێ ،چ شێوازێكی بوێ ئەو دروست دەكات،ئەمەیە وای كردووە داهاتی فیلمەكانی لە ملیۆنەها دۆلار تێپەڕێنێ و كرێ ی هەندێ ئەكتەری لە فیلمێكدا پتر لە سێ سەد ملیۆن دۆلار بێت،پێویستە دەرهێنەرەكانی ئێمە لە هەلو مەرجێكی ئاوادا شوێنی كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنان بگرنەوە،تا قەناعەت بە كەرتی تایبەتی دەكەن كە سینەما داهاتی هەیە،ئەوان دەبێت ئاراستەی هەوڵەكانییان لە فیلمی فیستیڤاڵو ناو پەیدا كردن بگۆڕن بەرەو فیلمی بازاڕ،یان ئەو فیلمانەی كە هەم دەتوانن بازاڕ پەیدا بكەن ،هەم دەبن بە فاكتەر بۆ دروست بوون و پەرەپێدانی ئەو پیشەسازییە.
