كارۆخ ئیبراهیم لە نێوان جۆسیكای كچی شەرەفەدین و سندان دا حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder Abdulrahman
كارۆخ ئیبراهیم لە نێوان جۆسیكای كچی شەرەفەدین و سندان دا
شانۆگەریەكەی كارۆخ ئیبراهیم ( سندان ) كە لە نووسین و دەرهێنانی دەرهێنەر خۆی بوو، دەنگۆیێكی ئەوتۆی لێ نەكەوتەوەو مقۆ مقۆیێكی رەخنەیی لە ناوەندی شانۆیی دا دروست نەكرد كە شایەنی باس بێت،ئەگەرچی پڕۆپاگەندەیێكی راگەیاندنی باشی بۆ كراو تۆڕی میدیایی روداویش سپۆنسەری بوو..
بەڵام دەكرێ لەو پێو دانگەوە بپرسین ئاخۆ هۆكارەكانی ئەو بێدەنگیە چی بوون؟ بۆ شانۆگەرییەكە نەبوو بە مایەی وروژاندنی رەخنە ؟ من پێم وایە وەڵامدانەوەی ئەو بۆیە زۆر هەڵدەگرێ كە پەیوەستە بە كۆمەڵێ هۆكاری گرنگی هونەری،پێشم وایە هەمیشە ئەو شانۆگەریانە لە بواری رەخنەدا بە پەراوێز دەخرێن كە رەگەزەكانیان ناتوانن وروژاندن لای بینەر دروست بكەن،كە رەخنەگرەكانیش بەشێكن لە بینەر، بەڵام تۆ بڵێ ی شانۆیی (سندان) یش بەو دەردە چووبێ ؟!
كارۆخ ئیبراهیم ـ شانۆكارێكی هەمیشە پڕ لە پرۆژەیە،هەموو پرۆژەیەكی نوێش تاقیكردنەوەیەكی نوێیە بۆ شانۆكارەكان،بەڵام ئاخۆ مەرجە شانۆكار لە هەموو ئەو پرۆژانەدا سەركەوتن بە دەست بێنێت ؟ نەخێر مەرج نیە و هیچ ئەزموونێك پرۆسەیەكی رەها نیە،بەڵام مەرجە ئەگەر سەرنەكەوتن بەخۆیاندا بچنەوەو بە دوای هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی خۆیاندا بگەڕێن ..
لەو پێودانگەشەوە دەكرێ كارۆخ ئیبراهیم لە دوا پرۆژەی خۆی دا بەر لە هەموو شتێك بەراوردێكی نێوان هەردووشانۆگەری (كچی شەرەفەدین) و(سندان) بكات،لەوێوە بە دوای خاڵە جیاوازییەكاندا بگەڕێت،بۆ ئەوەی سوود لە ئەنجامەكان وەرگرێ، هیچ نا بۆ ئایندەی هونەریی خۆی .
ون بوونی رەگەزەكانی وروژاندن
من پێم وابوو، سەركەوتنی دەرهێنەر لە كچی شەرەفەدین دەرهێنەری خستە نێو كەشوهەوایێكی ئەوتۆ كە دووچاری جۆرێك لە تەماعكاری بێت و بیر لە زێتر بكاتەوە،بۆیە پەلە پروزێ ی كرد بۆ نمایشێكی تر،كە هیشتا وادەی دەست پێكردن و لە دایك بوونی مابوو.
جگە لەوەش هۆكاری دیكەی جیاوازی لە نێون هەردوو نمایشدا زۆر بوون لەوانە: ون بوونی رەگەزی وروژاندن لای بینەر و خۆ نەگری نمایش لە زاكیرەو هزرو دیدی بینەردا بۆ ماوەیەكی درێژ خایەن،چونكە چەند ئەوەندەی دەرهاوێشتەكانی نمایش لە ناخی بینەردا تەمەن كورت بن و پێكهاتەكانی وەك گەڵای پایزان لە ئەندێشەو زاكیرەی بینەردا زوو هەڵوەرێن ئەوەندە چێژ لای بینەر لاواز دەبێت و حەماسی بۆ گەڕانەوەی فانتازیایی بۆ نمایش كەمتر دەبێتەوە،كە من پێم وایە یەكێك لە فاكتەرەكانی دروست بوونی ئەو حاڵەتە ساردە ون بوونی ئەو توخمە وروژاندنە لە سنداندا هەبوو ..منی بینەر كە تا ئێستاكەش كاریگەرییەكانی كچی شەرەفەدین لە ناخم دا شەپۆلی دەدا و زریانە دەروونیییەكانی رایدەچڵەكاندم،لە سنداندا كەوتمە نێو كەشو هەوایێكی سارد ڕكە هەست بە سڕ بوونی خۆم بكەم، بە گشتی نە ئەكتەرەكان یارمەتیان دام بە ئەدای خۆیان رامچەڵەكێنن و بە خۆیانەوە بمگیرسێننەوە،نە سینۆگرافیایەك هەبوو لەو كەشو هەوا ساردەدا خۆمی پێ گەرم كەمەوە،ئەو كات زانیم ئەگەر دەرهێنەر ساحیر نەبێت لە دەسەڵاتی دروست بوونی رەگەزەكانی وروژاندن،بە هەموو ئەو كەرەستە شانۆییانەی لە ژێر دەسەڵاتی دایە ئەوە ناتوانێت بینەر بكاتەبەشێك لەپێكهاتەیەكی تری شانۆ،بۆیە هەر كات دەرهێنەر دەستەپاچە بوو لە بە زیندوو راگرتنی هەر یەك ئەو پێكهاتانە،ئەوە شانۆ دەبێتە لاشەیەكی مردوولە بەرچاوی بینەردا كە نەخوێنی تیا بێت نە گیان ..
فەلسەفەی نمایش
چمكی سندان لای كارۆخ بە مانای هەموو ئەو رواڵەت و ناواخنە گەنیوە كۆمەڵایەتیانە دێت كە دووچاری كۆمەڵگایێك دەبن و پێویستییان بە چارەسەر كردن هەیە، لە رێگەی بیركردنەوەو تێگەیشتنێكی نوێوە كە بتوانێت رەگو ریشەی ئەو واقیعە سندان لێدراوانە بۆ حاڵەتێكی تەندروست بگۆڕێت،پێڵاویش كە ئامرازی سەرەكی فەلسەفەی شانۆگەریەكەیە هێمای هەنگاو نانی مرۆڤە بەرەو ئەو ئامانجانەی ئاواتی بۆ دەخوازێت ..
كارۆخ دەیەوێت لە رێگەی كاراكتەرێكی پینەدۆز سیستەمێك بۆ دەسەڵا ت و ژیانی كۆمەڵگایێك دابنێ و لە كۆتاییدا هەموو ئەوانی تر بڕوا بەو سیستەمە بێنن و بیكەن بە ئامانج، بەڵام ئاخۆ ئەو فەلسەفەیە لە سەر تەختەی شانۆ تا چەند گوتاری خۆی گەیاندە بینەر و كاریگەری خۆی لە سەر ئەندێشەی بینەردا بە جێ هێشت ؟ بۆیە زۆر جاران كە بێ دەسەڵات دەبین لە گەیاندنی ئەوەی لە خەیاڵی ئێمە دایە بۆ وەرگر،هەست بە جیاوازی و مەودای دووری نێوان ئەوەی ئاواتی بۆ دەخوازین و ئەوەش دەكەین كە لە سەر تەختەی شانۆ دەیبینین
خۆ هەموو گوتارو فەلسەفەیەكی شانۆیی ئەگەر نەخرێتە نێو چوارچیوەیەكی ستاتیكایی و فانتازیایی،ئەوە بەها هزری و فەلسەفیەكانی خۆی پووك دەكاتەوە و كاریگەری نەرێنیانەی خۆی لە سەر بە هاوسەنگ راگرتنی بەرهەمەكە بە جێ دێڵێ ..
ململانێی نەوەكان
لە سنداندا كە دوو نەوەی كۆن و نوێ لە ململانێ دان لە سەر موڵك و ئایدۆلۆژیا بە دوو تەوژمی دژ بە یەك هەر یەكەیان بە ئاراستەیەكدا گوزەر دەكەن و مامەڵە لە سەر كیانێكی بۆ ماوەیی دەكەن بە وێنای دوكانێكی پینەدۆزی هەمیشە ئەو كیانە دەكەن بە كەرەستەیەك بۆكڕین و فرۆشتن،گەنجێكی پینەدۆز كار لە سەر چاكردنەوەی پێڵاوەكان دەكات بۆ نەهێشتنی ئەو گرفتانەی رێگە لە هەنگاو نان دەگرن، ئەو لەو بڕوایە دایە كە بە كۆكردنەوەو چاكردنەوەی پێڵاوەكان دەتوانێت هەمووان بە ئاراستەیەكدا بەرێت كە بتوانێت سیستەمێك بۆ ژیان دروست بكات ، بەڵام نەوەیەكی تر هەیە تێگەیشتنی بۆ ئەو فەلسەفەیە جیایەو كار لە سەرپووچەڵ كردنەوەی دەكات .. ئەمە كرۆكی راستەقینەی قەلسەفەی نمایشەكەیە ..بینەرێك هەیە دەپرسێت ئاخۆ ئەو پینەدۆزە ئەو دەسەڵاتە لە كوێ دێنێ،عەقلیەت و كولتووری ئەو كۆمەڵگایە بە پیشەیەكی سادەی دوور لە ئایدۆلۆژیایێكی سیاسی و فەلسەفی بە ئاراستەیەكی تر بگۆڕێت بۆ دروست بوونی سیستەمێكی شارستانی؟ ئایا دەرهێنەر تا چەند دەتوانێت بەو فەلسەفە سادەیە كار لە بیرو بۆچوونی بینەر بكات و قەناعەتێكیان بۆ دروست بكات ؟
رەنگە ئەوەی بینەر لە سەر شانۆدا دەیبینێ ، بۆ چارەسەركردنی درامی و بە دەستەوەدانی ئامانج لە شانۆگەریەكە بۆ خستنە رووی فەلسەفەی شانۆگەرییەكە، بۆشاییەكی بەرفرەوان و پڕ لە تەمومژی لە فەزای بیركردنەوەی بینەردا دروست كردووە، كە فەلسەفەكە ئەو كاریگەرییە هزرییە لە سەر بیروبۆچوونی بینەردا بە جێ نەهێڵێ و دەرهێنەر بە كەسێكی بێ دەسەڵات ببینێت لە گەیاندنی ئەو گوتارە فەلسەفیە.
لەو حاڵەتانەی بینەر لە نێو تەمومژی فەلسەفەی شانۆگەریەكدا دووچاری ون بوون دەبێت ناچارە بە دوای كەرەستەكانی دیكەی شانۆدا بگەڕێت بۆ خوێندنەوەی رووی دووەمی نمایشەكە لە رێگەی كەرەستەكانی شانۆوە،لەوانەش تەكنیكی شانۆیی و سینۆگرافیاو نواندنی ئەكتەرو كەرەستەكانی تر..
نۆ وەك بینەر هەست دەكەیت دا تێنوویەتیت لەو كەرەستانەش ناشكێ و تەكنیك ودیكۆرێكی تەقلیدی سادە،شانۆیەك كە بە پێڵاوی رووت تەندراوە،پێڵاوێك بەو زۆری وبۆرییەوە هەرگیز نابێتە ئەلتەرناتیف بۆ تەنیا تاك پێڵاوێكی هێمادار، ئەگەر بەشێوازێكی تەعبیریی و رەمزی بەرجەستە نەكرێت،بۆیە زۆری پێڵاوی بێ گوزارشت بەخشین،لاوازی هەڵسو كەوت كردنی دەرهێنەر دەگەیەنێت لە گەڵ كەرەستەكانی شانۆو ئامرازە فەلسەفیەكانی و بەرجەستە كردنیان دەرهێنەر نەیتوانی پێڵاو بخاتە نێوچوارچیوەو فۆرمێكی رەمزی،یان جیاوازییەك لە نێوان پێڵاوی سەرۆك و پێڵاوەكانی تر دروست بكات، بەو شێوەیە گەمە لە گەڵ پێڵاوەكانی سەرۆكدا بكات كە تینوویەتی بینەر لە بەرجەستە كردنی پێڵاوەكە وەك پێویست بشكێنێ، بۆیە من وام دەبینی كە پێڵاوەكان جگە لە كالایێكی رووت بەولاوە هیچی تر نەبوون و ستاتیكایێكیشیان بە نمایشەكە نەبەخشی،ئەمە لە كاتێكا لەو فۆرمە شانۆییانەدا بۆ ئەوەی زمان بە كەرەستەكانی شانۆ ببەخشین پێویستییەكی زۆرمان بە هێما(رەمز) هەیەكە لەو نمایشەدا ون ببوو
دەرهێنەر هەر بەوەندە نەوەستابووكە سەراپای فەزای شانۆكەی بە پیڵاو تەنی بوو، بەڵكو دیكۆرەكەشی بە نیگاری پێڵاورەسم كردبوو، بەمەش هیندەی تر لە نرخ و بەهای فەلسەفیانەی دیكۆرەكەی داچۆڕاندبوو، ئێستا ئەو جۆرە دیكۆرە نیگاركێشییانە لە شانۆی نوێ دا شوێنییان نەماوە..
كارۆخ لە سنداندا هەوڵی گۆڕینی ستایل و فۆرمێكی تر دەدا و بەو ئاراستەیە كاری كردووە كە تراژیدیاو كۆمیدیا ئاوێزانی یەكتر بكات،بەڵام ئاراستە كۆمیدیاكەی بە هۆی ئیبراهیم حەكیمەوە زاڵتربوو بە سەر تراژیدیاكەو بینەر تەنها لە كاتی كۆمیدیاكە هەستی بە بوژانەوەی خۆی دەكرد،لەوەش بەو لاوە بینەر هەستی بە بوونی شتێ نەكردووە كە ناوی تراژیدیا بێت ،خۆ ئەگەر دەرهێنەر ئەو كۆمیدیا سووكەی بە هۆی ئەكتەرێكی وەك ئیبراهیم حەكیم ئاوێزانی شانۆگەریەكەی نەكردایە ئەوە بە دڵنیاییەوە هاوسەنگی نمایشەكە بە تەواوەتی لەنگ دەبوو، بە شێوەیەك كە لە رووخان نزیك بێتەوە
ئیبراهیم حەكیم دوای زێتر لە هەشت ساڵ دوور كەوتنەوە لە شانۆ بۆ جارێكی تر گەڕایەوە سەر شانۆ،بەو ستایلە تەفلیدیەی جارانی خۆیەوە، لە ژێر دەسەڵاتی گەنجێكی مۆدیرن خوازی شانۆ خۆی تاقی كردەوە ،بەو نواندنە واقیعیەی هەیبوو، هاوسەنگی و ریتمی شانۆگەریەكەی راگرت.
یوسف عوسمان ـ كە باڵێكی نەوەی كۆنە لەو شانۆگەریەدا وێنایێكی جوانی كاراكتەرەكەی خۆی نیشان داین، شێوە و فۆرمی ئەو ئەكتەرە كە شێوەیەكی درامی هەڵدەگرێ هەمیشە هۆیەكی یاریدەدەرە بۆ نیشاندانی وێنەی راستەقینەی كاراكتەر.
زرگار زاهیر ـ لەشو لارێكی نەرم ونیانی باشی هەیە لە نواندندا ، بەڵام توانستی ئەو ئەكتەرە بە پێی شێوەو دەسەڵاتی دەرهێنەر دەگۆڕێت بۆ بەرجەستە كردنی ئەو لەشو لارو ئەدایەی هەیەتی ،ئەو ئەگەرچی توانستێكی باشی لە ئەدادا نیشان داین ، بەڵام هەڵچوونیشی پێوە دیار بو كە دەكرا ئەو هەڵچوونە بگۆڕێت بۆ جوانتر كردنی ئەدا.
لێلاف ـ ئەگەرچی پاڵەوانی سەرەكی و دیارترین ئەكتەری شانۆگەری (جۆسیكای كچی شەرەفەدین ) بوو، بەڵام لەو شانۆگەریەدا ئەوە نەبوو كە ئێمە لە وێدا بینیمان،شوێنێكی ئەوتۆی نەبوو لە جوگرافیای شانۆگەریەكەدا ، ئەگەرچی ئەو خاوەنی دەسەڵاتێكی لێهاتووانەیە ، بەڵام لەو شانۆگەریەدا مافی خۆی نەدرابوێ ، بەڵكو دەرهێنەر هەموو پشت بەستنێكی بە ئیبراهیم حەكیمەوە بوو .
