لە فیستیڤاڵە نێو دەوڵەتیەكانی سینەما لە كوردستاندا ..هەولێر لە كوێ یە ؟ حەیدەرعەبدوڕەحمان Haeder
لە فیستیڤاڵە نێو دەوڵەتیەكانی سینەما لە كوردستاندا ..هەولێر لە كوێ یە ؟
(ئه م بابه ته ئه مرؤ له رؤزنامه ى هه ولير بلاو بؤته وه )
دوا بە دوای فیستیڤاڵە نێو دەوڵەتیە سینەماییەكەی دهۆك ، هێندەی نەخایاند فیستیڤاڵە سینەماییەكەی سلێمانی بە دوا دا هات ،خەڵكی لە چاوەڕوانی ئەوە دابوون لە چوارچیوەی ئەو پێشبڕكێ سینەماییەی شارەكانی كوردستاندا ،هەمان چالاكی لە شاری هەولێریش ئەنجام بدرێت ، بۆ ئەوەی لە دەرەنجامدا جۆرێك لە ركابەری هونەریی لە نێوان شارەكاندا دروست بێت ، كە لە ئاكامدا قازانجەكەی بۆ بەرەو پێشڤەچوونی هونەری كوردی بە گشتی هەڵكەوێتەوە ، بەڵام چاوەڕوانیەكە هیچی لێ شین نەبوو ، بۆیە پێ دەچێت شاری هەولێر كەوتبێتە دەرەوەی بازنەی ئەو ركابەرییە سینەماییەی كوردستان و لە پەراوێزدا رۆڵی تەماشاوان ببینێ ..
هەر لەو فیستیڤاڵە بە تەنها نا بەڵكو دەمێكە جۆرێك لە بێدەنگی هونەریی لە تێكڕای بوارە هونەرییەكاندا پێوە دیارە، كە لە سەرو بەندی دا زۆر پرسیار دروست دەبێت، ئەویش ئەوەیە ئایا هونەرمەندانی ئێمە لەم قۆناغەدا ئامادە باشییان بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییانە نیە و سەندیكاو رێكخراوە هونەرییەكان نەیانتوانیووە وەك پێویست بەدوای دۆزینەوەی دەروازەو رێگە چارەی گونجاودا بگەڕێن،كە بتوانن بە هەر رێگەیەك بێت ، بە هۆیەوە كارەكانیان بەردەوامی پێ بدەن ؟ یاخود هەوڵەكانی ئەوان بۆ دۆزینەوەی سپۆنسەرو هاوكاری كردنیان لە لایەن حكومەتەوە شكست دێنێ و ئەو لایەنانە هاندەر نین بۆ ئەوەی ئەوانیش بچنە نێو گۆڕەپانەكەو توانست و بەهرەكانی خۆیان لەم قۆناغەدا بەرجەستە بكەن ؟
خۆ ئەگەریش كێشەی قەیرانی دارایییش بەرۆكی گرتوون بۆ ئەو را دەست بوونەیان بە وەستان ، ئەوە دیسان ناتوانین ئەو خاڵەش بكەین بە پاساو ، چونكە ئەوانەی لە شارەكانی تردا چالاكی بەردەوام دەنوێنن لە كیشوەرێكی دیكەدا ناژین تا جیاوازی توانستی دارایی لێكییان جودا بكاتەوە ؟
ئەوەتا هەر لەو سەردەمەدا و ئەو چالاكییە هەمە جۆرە هونەرییانەی لە سەردەمی قەیراندا لە شاری سلێمانی پێشكەش كراون ، بە تایبەت لە بواری سینەماو شانۆدا بە ژمارەو ناوەرۆك لەو ژمارانە زۆرترو چڕترن كە لە سەردەمی پێش قەیراندا هەبوون ...كەواتە نەخشەو پلانێك هەیە بۆ دەرباز بوون لە كۆسپ و تەگەرەكانی قەیران و ئیرادەی بەردەوام بوونی چالاكییە هونەرییەكان ، كە بۆ ئەمڕۆكە بوونەتە زەرورەتێكی حەتمی ؟
بەر لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكان دەبێ بەر لە هەموو شتێك بڕوامان بە زەرورەتی ئامادە باشی هونەر بە گشتی هەبێت بۆ ئەو قۆناغە سەخت و دژوارە لە گۆڕەپانەكەدا ، وا تێ نەگەین كە هەر تەنها سیاسەت لە گۆڕەپانەكەدا زەرورەو هەموو پرۆسە كۆمەڵایەتیەكانی تر گرنگ نین ئەگەر بخرێنە موجەمیدە و مەلەفی هەڵگرتن
نا ..زۆر جاران هونەر بە فۆرم و شێوازو زمانی خۆی و بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ خزمەت بە سیاسەتیش دەكات ، بەڵام سیاسەتێك بە رەوت و ئاراستەیەكی تایبەتی كە لە كۆتاییدا دەرهاویشتەكانی دەچێتەوە سەر یەك ئامانج ، زۆر جارانیش ئەوەی لە نێو كۆمەڵگادا لە هونەردا كراوە ، رەنگە سیاسەت بۆی نەكرابێت ، بۆیە ئەگەر بمانەوێت سیاسەتێكی باوەڕ پێكراومان هەبێت ، ئەوە زمانی هونەر دەبێتە یەكێك لە سێكتەرە بە هێزەكانی .
ئەنجامدانی پرۆژەی هونەری بۆ رۆژێكی وەك ئەمڕۆ لە تێكڕای پرۆژەكانی تر گرنگترن ، چونكە هونەر پەیوەست بوونێكی راستەوخۆی بە ژیانی كۆمەڵگاوە هەیە و كاریگەرییە هزری و دەروونیەكانی لە هەموو فاكتەرەكانی دیكە بەهێزترن لە سەر ئەقڵ و دەروونی كۆمەڵگا و هاوسەنگ راگرتنی بەرامبەر بە ئاسەوارە سایكۆلۆژییەكانی جەنگ و قەیران .
پێشم وایە هونەرمەندانی ئێمە ئەو ئامادە باشییەیان تێدا هەیە كە لەو بوارەدا رۆڵی هونەریی و نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان ببینن ، بە بەڵگەی ئەوەی لەو ماوەیەدا چەندین بەرهەمی نایاب لە شارەكانی كوردستاندا پێشكەش كراون ، بە دەست پێشخەری و خۆ بەخشانەی ئەوان ، بەڵام كاری خۆ بەخشانەش سنوور دارەو لە چوارچیوەی مۆنۆدرامایەك یا كورتە فیلمێك تێ ناپەڕێنێ و دەسەڵاتی سازدانی ڤیستیڤاڵی تێدا نیە ، لەو حاڵەتەدا ئەگەر لایەنە پەیوەندی دارەكان ئەو پرۆژانەیان لە توانای خۆیان بە زێتر زانی ، ئەوە جگە لە هاوكاری خۆیان ئەوە دەتوانن سپۆنسەر لە كەرتی تایبەتیدا بۆ ئەو فیستیڤاڵانە دابین بكەن، وەك چۆن بۆ هەندێ لە دەزگاكانی راگەیاندن و بەرهەمهێنانی فیلمی سەقەت كراوە ، كە بە هەزاران دۆلاری تێ چووە ، كەواتە پێویستە هەماهەنگییەكیش لە نێوان سەندیكای هونەرمەندان و وەزارەتی رۆشنبیریی و پارێزگا هەبێت دا هەبێت بۆ ئەو جۆرە چالاكییە هونەرییانە،بەڵام هەنگاوی یەكەم دەبێت لە سەندیكای هونەرمەندانەوە بێت،خۆ ئەگەر هونەرمەندان خۆیان خاوەنی پرۆژەو بە دواداچوونی خۆیان نەبوون،ئەوە كەس بە دوای ئەواندا ناگەڕێ بۆ پێشكەش كردنی پرۆژەی هونەری .
لە ماوەی ساڵی رابووردوودا و لە چوارچیوەی كاری سپۆنسەری دوو چالاكی دیار بۆ شانۆو سینەما لە شاری هەولێر ئەنجام دران ،بەڵام هەردوو چالاكی سنوور داربوون ، یەكێكییان فیستیڤاڵی مۆنۆدراما بوو كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی شانۆ ئەنجام درا،ئەگەرچی فیستیڤاڵەكە ئەنجامێكی باشی لێ هەڵكەوتەوە ، بەڵام رەخنەیەكی زۆریش لە لیژنەو هەندێ كاری كارگێڕییەوە لێ گیرا ، لە هەمان كاتیشدا دەنگدانەوەیەكی ئیعلامی ئەوتۆی نەبو و.
دووهەمییان فیستیڤاڵی( سینەما دژی تیرۆر) بوو ، كە ناوێكی قەبەی نێو دەوڵەتی لێندرابوو ، بەڵام فیستیڤاڵێكی سنوور داربوو ، ئامادەباشییەكی ئەوتۆی بۆ نەكرابوو ، دەنگدانەوەیەكی ئەوتۆی نەبوو .
بۆیە دەكرێ بڵێین ئەنجامدانی دوو چالاكی سنوور دار بۆ شارێك لە ماوەی ساڵێكدا و لەو ئاستەدا وەك پێویست نیە ،رەنگە بەشێك لە هۆكاری لاوای ئەو چالاكییانە لە وە دابێت كە نەخشەو پلانێكی تۆكمە نیە لای هونەرمەندان خۆیان بۆ رێكخستنی ئەو چالاكییانە و چۆنیەتی ئەنجام دانی ، ئەگەرنا دەكرا ئەو چالاكییانە ئەنجامی باشتریان بە دەست هێنابوایە
بێگومان راگەیاندن كاریگەری زۆری هەیە لە سەر دەنگدانەوەی ئەو چالاكییانەو بەرز نرخاندنیان،لە رێگەی ناساندنی بەشدار بووان و گفتوگۆی رۆژانەو بەرنامەی فیستیڤاڵەكە،كە دیارە تۆڕی میدیایی روداو كە یەكێك بوو لە سپۆنسەرانی هەردوو فیستیڤاڵی دهۆك و سلێمانی رۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە دەنگدانەوەی فیستیڤاڵەكان .
ئێمە لە چاوەڕوانی ئەوەداین كە بتوانین سوود لە كەمو كوڕی و گرفتەكانی كارەكانی رابووردوومان ببینین ، بۆ ئەوەی بۆ هەر كارێكی ئایندە بەرچاو روونییەكی باشترمان هەبێت و پشت بە كەسانی شارەزاو لێهاتوو ببەستین بۆ كارەكانمان كە دوور بێت لە بەرژەوەند پەرستی و دۆستایەتی و نزیكی و دووری و خۆ تیهەڵقورتاندن لە پێناو زامن كردنی ئەنجامێكی سەركەوتوو بۆ چالاكییەكانمان .
دەرفەت لە دەست نەچووە كە دوای ئەو دوو فیستیڤاڵە سینەماییەی دهۆك و سلێمانی هەوڵەكانمان چڕ كەینەوە بۆ بە گەڕ خستنی تواناكانمان ، بۆ ئەوەی هونەرمەندانی ئەو شارە دێرینەی تەژییە لە هونەرمەندی بە توانا ،نموونەیەك لە كاری داهێنەرانە پێش كەش بكەین ببێتە جێگەی شانازی هەموو لایەكمان ..وەك ئەو شانازییەی دهۆك و سلێمانی بە باڵای هەولێریشیان بەخشی ..هونەری كوردی لە هەر شارێك بێت ، لە ئاماد
بێت یا لە مەهابادو وان ،لە كۆبانی بێت یا لە سلێمانی و دهۆك و هەولێر ، هەموویان جێگەی شانازی كوردن ، مادام بەرهەمی شارێكی كوردستانین .
