لە یادەوەچوو..

فەلسەفەو چێژ

حەیدەرعەبدوڕەحمان

Haeder Abdulrahman

لە نێو ئەو تەوژمە پڕ لە ڤایرۆسانەی درامای توركی كە زۆرینەی تەلفازەكانی ئێمەیان داگیر كردووەو بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ تەفروتونای زۆر لە بەها كۆمەڵایەتییەكانی ئێمە دەكەن ، بە دەگمەن هەڵدەكەوێت درامایەك ببینی سرنجت راكێشێ‌ و هەست بكەیت هەڵگری فەلسەفەیەكی دیاری كراوی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و مرۆییە كە بتوانێت دەست لە سەر كۆمەڵێ‌ كێشەوئاریشا دابنێ‌ و رێگە چارەی گونجاویان بۆ دەست نیشان بكات ، لە هەمان كاتیشدا وەك دراما چاوت لە دیمەنی جوانی هونەریی تێر كات و ناخت بە نمایشی سەركەوتووانە بوروژێنێ‌ ، وەك ئەوەی لەو ماوەیەدا لە زنجیرە درامای ( لە یادەوەچوو ) ی دەرهێنەری ناسراوی ئێرانی فەرەیدوون حەسەن پوور هەستمان پێی كرد ..

لە یادەوەچوو كە نووسینی دەرهێنەر خۆیەتی لە رووداوێكی راستەقینەی كۆمەڵگای ئێرانی وەرگیراوەو لەو ماوەیەدا لە كەناڵی (چارە ) نمایش كرا ، باس لە كچە پیاوێكی ئاغا زادە دەكات كە هاوسەرگیری لە گەڵ پیاوە دەوڵەمەندێك رەت دەكاتەوە بەهۆی ئەوەی دڵی بەلای كوڕە هەژارێكی بێ‌ كەسەوە بووە ، لە تۆڵەی ئەوەدا كە باوكە ئاغاكەی ئارەزووی ئەوە دەكات كچەكەی شوو بە كوڕە دەوڵەمەندە بكات و كچەكەی ئەو داوایەی رەت دەكاتەوە ، رێگەی پێ‌ دەدا بۆ ئەوەی بۆ كوڕە هەژارەكە هەڵبژێرێ‌ بەڵام بەو مەرجەی حاشای لێ‌ بكات و بێبەشی بكات لە هەموو سەروەت و سامانی خۆی ، كچەكە سوور دەبێت لە سەر بڕیاری خۆی و كورەِ هەژارەكە هەڵدەبژێرێ‌ ، ئیدی لەو چركەوە مەرج لە گەڵ خۆیدا دەكات كە بە بڕوا بە خۆ بوونی خۆی ژیان دروست بكات و هاوسەرەكەشی هان دەدات كە شان بدەنە بەر ئێش و ئازارەكان و گرەوەكە لە گەڵ زەمەندا ببنەوە ، ناچاری هاوسەرەكەشی دەكات كە بێ‌ ئومێد نەبێت و بگەڕێتەوە بەر ، لە ئەنجامدا بە هەوڵو كۆششی هەردوولا دوای جحەوت ساڵ كۆششی ژنەكە لە لادێ‌ و حەوت ساڵی خوێندن هاوسەرەكەی زانكۆ تەواو دەكات و دەبێتە پزیشك ، بەڵام دوای ئەوەی دەبێتە پزیشك ، دۆستایەتی لە گەڵ كچێكی پزیشكی هاوڕێ‌ ی دەكات و هەموو ئەو قوربانیانەی بیر دەچێتەوە كە ژنە لادێییەكەی بە درێژایی حەوت ساڵ بۆی دابوو، ، بۆیە رۆژێكبە هاندانی دۆستەكەی ژنە دڵسۆزو بەوەفاكەی خۆی تەڵاق دەداو دەست لەو ژنەو دوو منداڵەكەی هەڵدەگرێ‌ ، بەڵام لە ئاخیردا لە ئەنجامی رووداوێكی ئۆتۆمبیلدا هەدوو قاچی لە دەست دەدات و ئیفلیج دەبێت ، ئینجا هەست بە گوناهی خۆی دەكاو بە پەشیمانی دەگەڕێتەوە گوندەكەی و بە نهێنی زەماوەندی كچەكەی بە چاوی خۆی دەبینێ‌ ، كەچی ناتوانێت لە ترسی وەرگرتنەوەی پاداشتی خیانەتكارییەكەی لە گەڵ ژن و منداڵەكانیدا خۆی ئاشكرا بكات،ئیدی ئەو ئازارە دەروونیانە لە پەلوپۆی دەخاو لە مردن نزیكی دەكاتەوە ، بەڵام هاودۆستێكی خۆی كە ئاگاداری هەموو نهێنیەكانیەتی ، بە پەلە ژن و منداڵەكانی ئاگادار دەكاتەوە كە باوكی منداڵەكان ، لە گوندێكی نزیك بەوان لە سەرەمەرگ دایە ، ئیدی ژنەكەی سەرەڕای ئەو داوێن پیسی و بێ‌ نمەكیەی مێردەكەی لە گەڵ خۆی و منداڵە كانیدا كردویەتی ، جوانترین نموونەی لێبوردەیی و وەفاداری دەنوێنێ‌ و لەو ساتە وەختە تاریك و بێ‌ ئومێدیەی مێردەكەی ، بە خۆی و منداڵەكانی دەگەنە سەر سەرینی و ژیانێكی نوێ‌ ی پێ‌ دەبەخشنەوە و سەرەتایێكی نوێ‌ لە ناو یادگارییە كۆنەكانی خۆیانەوە دەست پێ‌ دەكەنەوە .

فەرەیدوون حەسەن پوور چەشنی دەرهێنەرە گەورەكانی دیكەی ئێران وەك عەباسی كیا رۆستەمی و مەجید مەجیدی ستایلێكی تایبەتی خۆیان هەیە و لە زۆربەی بەرهەمەكانیاندا دەگەڕێنەوە بۆ نێو خاكی رەسەنی نیشتمان و كەشو هەوای سیحراوی و رەسەنی لادێیی ، بە شێوەیەكی جوانتر لە خۆیان تۆماری دەكەن ، بەمەش دەتوانن لە سینەمادا ئەو دابو نەریت و كولتوورو سیما جوانانەی لادێ‌ بپارێزن و نیشانی كۆمەڵگای ئێستای بدەن كە چۆن ژیانی راستەقینە لەو دێهاتانەدا دروست دەبێت و ئەو پەروەردە كۆمەڵایەتیانەی هەن چەند رەسەنن .وەك لە یادەوەچوودا دەبینین كە ئەو ئافرەتە لە دایك بووەی لادێ‌ ، چۆن پێ‌ داگری دەكات لە سەر نەفرۆشتنی خاك و بە جێ‌ هێشتنی ، تا ئەو سنوورەی كە مێردەكەی لە نێوان فرۆشتنی خاك و لێك جیا بوونەوە بژاردەیەكی دەخاتە بەردەم ، بەڵام ئەو بژاردەی جیا بوونەوە هەڵدەبژێرێ‌ نەك دەست هەڵگرتن لە خاك و دوور كەوتنەوە لە زێدی باوكو باپیرانی ، ئەم فەلسەفەیەی دەرهێنەر هۆگری و لێك بەستنەوەی راستەقینەی مرۆڤ و خاك نیشان دەدات و هانی بینەر دەدات كە بزانن سەرچاوە راستەقینەكانی ئاسوودەیی بنیادەم لە و دەورو بەرو كەشو هەوا رەسەنەیە كە بنیادەم ئارامی و سەرفیرازی و ئایندەی راستەقینەی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە و خاك لە هێما پیرۆزەكانەو لە بارتەقای شتی روكەش سەودای پێ‌ ناكرێت .

هەروا ئەو دەرهێنەرانە هەمیشە سەرچاوەی دراماكانیان بە ئاراستەیەكی پەروەردەیی كۆمەڵایەتیدا دەبەن ، كە تێیدا ئافرەت و منداڵ كەرەستەی سەرەكی بونیاتنانی ئەو درامایانەن ، لە ئافرەتدا هەمیشە ئافرەت بە رووە جوانەكانی خۆیەوە نیشان دەدەن و هێزو دەسەڵاتێكی گەورەی مرۆیی پێ‌ دەبەخشن ، كە بینەر لە گەڵیدا هەست بە جوانی و دەسەڵاتەكانی ئەو كائینە بكات و فریو خواردوو نەبێت بەرامبەر هەندێ‌ تێڕوانین و چمكی بە هەڵە بەرامبەر بە ئافرەت .

هەروا بە گوێرەی منداڵیش هەمیشەنمایشەكان بە ئاراستەی پەروەردە كردنێكی كۆمەڵایەتی بۆ منداڵ دەبردرێن ، كە درامان ببن بە قوتابخانەیەك بۆ وەرگرتنی ئەو پەروەردە دروستانە و بۆ تێگەیشتن لە دنیای منداڵو كێشە دەروونییەكانی .

هەموو ئەمانە لە درامای لە یادەوە چووی فەرەیدوون حەسەن پووردا رەنگ دەدەنەوە ،كە وێنەیەكی راستەقینەو راستگۆیانە لە كۆمەڵگای رۆژهەڵاتیدا نیشان دەدەن .

سپَێدە خوداوێردی كە پاڵەوانی سەرەكی زنجیرە درامای (لە یادەوەچوو )ە

*لە دایك بووی ساڵی ( 1981 ) ی تارانە ، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەدەبی شانۆیی لە زانكۆی ئازادی ئیسلامی ئێرانی بە دەست هێناوە ، وێڕای بە دەست هێنانی بڕوانەمەی ئەكادیمیای موزیك .

*نزیكەی یانزە ساڵە ئەندامی تیپی ئۆركسترای نیشتمانی ئێرانە .

*چەندین دەقی شانۆیی نووسیووە و لە كەناڵە لۆكالییەكانی ئێران نمایش كراون .

*لە ساڵی 2003 ەوە دەستی بە كاری هونەریی كردووە ، لە گەڵ زنجیرە درامای ( منداڵانی شەقام ) ی دەرهێنەر ( هەمایۆن ئەسعەدییان ) .

*لە چەند فیلمێكی سینەمایی ناوداریەتی پەیدا كردووە ، لەوانەش فیلمەكانی : پەیمان ، قاوەی ئەسیرسو ، وێستگەی بەهەشت .

*جگە لە سینەما سپێدە خودا وێردی لە چەند زنجیرەیەكی ناسراوی ئێرانی رۆڵی باڵای بینییووە ، لەوانە: پەپوولە ، لە یادەوەچوو ، لە پێناو مندا ، منداڵانی بەهەشت ، سرودی باران .

*سپێدە لە دیمانەیەكی مییدیایی دا لە گەڵ كەناڵی ( كەوسەر) ی ئێرانی باس لە سەربوردە هونەرییەكانی خۆی دەكات و دەڵێت : من لە دەستپێكدا وەك ئارەزوو مەندێكی موزیك هاتمە نێو دنیای هونەرو بە شێوەیەكی ئەكادیمی موزیكم خوێندووە ، دواتر خزامە نێو دراما و لە كولێژی شانۆدا خوێندنم تەواو كرد ، ئیدی لەو ساتەوە تا ئێستا لە هەردوو بواری موزیك و درامادا كار دەكەم .

هەروەها دەڵێت : من پێم وایە ئەگەر بمانەوێت لە هونەردا بەهرەكانی خۆمان بە شێوەیەكی راست ودروست و پەرە پێ‌ بدەین،ئەوەدەبێت بە شێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی خۆمان پەروەردە بكەین،رەنگە بەو شێوەیە بتوانین پانتایی تواناكانمان بەر فرەوانتر بكەین و تواناكانی خۆشمان بەرجەستە بكەین و تێگەیشتن و هوشیارییمان بۆ هونەر زێتر دەبێت ..بۆیە من بایەخی زۆرم بە خوێندنی ئەكادیمی داوە لە هەردوو بواردا .

من لە دنیای هونەردا هەمیشە ئارەزووی ئەوە دەكەم هەمە رەنگ بم لە نواندنا و نامەوێت خۆم لە فۆرم و قالبێكی دیاری كراودا ببەستمەوە،توانستی راستەقینەی هونەرمەندیش لەو جیاوازییانەی فۆرمی نواندندا دەناسرێتەوە،من كە لە هەندێ‌ فیلم و كاری درامیدا نواندنی تراژیدیانەم كردووە ، ئەوە مانای ئەوە نیە كە من خۆم لە كاری كۆمێدی دا دوورە پەرێز رابگرم .

پاشان سپێدە خودا وێردی ـ باس لە رۆڵی خۆی دەكات لە زنجیرە درامای ( لە یادەوەچوو ) و دەڵێت : من هەمیشە بە راستگۆیی مامەڵە لە گەڵاَ كەسایەتیەكانی خۆمدا دەكەم لە كاتی نواندندا،ئەوەتا لە زنجیرە درامای ( لە یادەوەچوو ) تەواو كەوتبوومە ژێر كاریگەری ئەو كەسایەتیە،لە هەندێ‌ دیمەنی تراژیدی دا بە راستگۆیی گریاوم و هەستم بەوە كردووە كە من ئەو كەسەم كە كەسایەتیەكەی بەرجەستە دەكەم،بێگومان دەقەكەی ( فەرەیدون حەسەن پوور ) دیالۆگە جوانەكانی دەرفەتی زۆریان بۆ رەخساندم كە من لە رووی دەروونییەوە بكەومە ژێر كاریگەریی ئەو دیالۆگە جوانانە و دەسەڵاتێكی زێتری هونەری وەربگرم .

فەرەیددون حەسەن پوور كە خۆی نووسەرو دەرهێنەری ئەو زنجیرەیە توانییوویەتی خواستەكانی خۆی بە هەدوو فاكتەری نووسین و دەرهێنان لێكتر نزیك كردۆتەوە،ئەو فەلسەفەیەكی مرۆیی جوانی هەڵبژاردووە بۆ فیلمەكەی،ئەویش نیشاندانی دەسەڵاتی ژنە بۆ رەتكردنەوەی هەموو ئەو چمكانەی پێیان وایە كە ژن لە پیاو بێ‌ دەسەڵات ترە لە دروست كردنی ژیان و روو بە روو بوونەوەی تەنگوچەڵەمەكانی ...ئەو لەو فیلمەدا ئافرەت دەكاتە هێمای وەفاو بوونەوەرێكی بڕوا بەخۆ بوو كە لە ئەنجامدا سەردەكەوێت و گرەو لە گەڵ ژیاندا دەباتەوە..ئەوە جگە لەوەی دەیسەلمێنێ‌،كە ئێمە گوناە دەكەین ئەگەر مەزەندەی ئەوە بكەین كە لە لێك جیا بوونەوەی هاوسەرەكان ، تەنیا ژنەكان هۆكارن، یان لێك جیا بوونەوە بە مانای كۆتایی هاتنی ژیانە لای ئافرەت

من لەگەڵ گوڵ رۆح ـ هەستم بە هێزێكی گەورە دەكرد بۆ ئەوەی بە نواندنیش ئەو مانایە بە بینەر بگەینم كە ئافرەت چەند ئەوەندەی ستەمكاری لە هەمبەردا دەكرێت،بەڵام لە بەرەنگار بوونەوەی ئەو واقیعە تاڵەشدا كەسێكی بەهێزو دەست رۆیشتووە.

تصویر ممکن است موارد زیر را شامل شود: ‏‏۲‏ نفر‏