" بە پێچەوانەوە"،

پێناسیەکی تەواوە بۆ کارەکتەری ئیبسن

ڕێزان ساڵح

 

چەند چرکەیەک پێش ئەوەی چاوەکانی بەیەکجاری لێک بنێت و ماڵئاوایی یەکجارەکی بکات، ئیبسن چاوەکانی دەکاتەوە و بە دەنگی بەرز دەڵێت " بە پێچەوانەوە"، لە وەڵامی ئەوەی کە خێزانەکەی لە نێوان خۆیاندا دەڵێن ئەم جارە هەڵناسێتەوە، پێیان وا نەبوو لە سەرە مەرگیشدا ناکۆک دەبێت.

ئەم وەڵامە کورتە پێناسیەکی تەواوە بۆ کارەکتەری ئیبسن.

ئیبسن هەموو ژیانی تایبەتی خۆی و دەقەشانۆیی وشیعرییەکانی دژی بیری باو و دامەزراو بووە، هەمیشە لەگەڵ خەڵک و دەوورووبەری ناکۆک و گفتووگۆی تووندی هەبووە.

لە هەموو وەڵامێک و گوتارێک بە گومان بووە. بڕوای بە هیچ پارتێکی سیاسی یان بزووتنەوەیەکی ئاینی نەبووە. ئەم خەسڵەتەی ئیبسن خەسڵەتی کارەکتەری دەقەکانیشیەتی، کە بۆ زانینی "ڕاستی" کێشەی گەورە لە دەقەکان دا دروست دەکەن ، کێشە لە نێوان نەوەکان ، کێشە لە نێوان کەس و کاری نزیک کە تا کوشتن بە هۆی لێک تێنەگەشتن و پێداگرییان لە رای تووند و سەخت دەڕۆن، ئیبسن گاڵتەی بە کەسانی فێندەمینتالیزم دێت، کە سانێک کە پییان وایە ڕاستی تەنها لای ئەوانە. بە تایبەتی گاڵتەی بە پیاوانی دینی و دەسەڵات دێت.

یەکێک لەبابەتە گرنگەکانی دەقەکانی، باسی کێشەی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتە. دەسەڵات لای ئیبسن ئەو توێژەیە لە کۆمەڵگە کە ئیبسن بە هیچ شێوەیەک باوەڕی پێیان نەبووە. هەمیشە بە درۆزن و فێڵباز و هەڵپەرست ناساندوونی. دۆست و هاوڕێی سیاسەتمەداران نەبووە.

کارەکانی ئیبسن گرنگیەکی بەرچاو و دیاریان لە سەر گەشەی کولتوور ئەدەبی و هونەری نەتەوەیی نەرویچ هەیە. لەگەڵ ئەوەی کارەکتەرەکانی ئیبسن زۆربەی هەرە زۆریان نەرویجی بوون و کارەکتەری حەقیقین ، لە کۆمەڵگەی نەرویج ژیاون و زۆریان هاوسەردەمی ئیبسن بوون، بەڵام کاتێک هاتۆتە سەر نووسین، ئیبسن بۆ هەموو دنیای نووسیووە خۆی بە هاوڵاتی دنیا زانیوە.

ئیبسن لە ساڵی ١٨٦٤ بەرەو ئیتالیا سەفەر دەکات ، دوای بەرەو ئەڵمانیا، دەقە بەناوبانگەکانی خۆی لە وڵاتەکانی ئیتالیا و ئەڵمانیا نووسیوە. تەنها لە کۆتاییەکانی ژیانی دا دەگەڕێتەوە نەرویج و لەو ماڵەی ناو فۆتۆکەدایە کە ئێستا لە ئۆسلۆ مۆزەخانەیە، تا دواهەناسە دەژی.

ئەم نووسەرە مەزنە چەندەها ئیدیومی هێناوەتە ناو زمانی نەرویجیەوە کە تا ئەمڕۆ لە لایەن هەموو بەڕەگەز نەرویجی و نەرویجی زانەکانەوە بەکار دێت، وە ئەو ئیدیۆمانە بوونەتە بەشێک لە زمانی نەرویجی و تا ڕادەیەک زمانی دانمارکیش، چونکە ئیبسن بەو زمانەی نووسیوە کە زمانی هاوبەشی دانمارک و نەرویج بووە. هەرچەندە لە سەردەمی ئیبسن دا نەرویچ و سووید سەر بە یەک حوکمڕانی پاشایی سوید– نەرویج بوون، بەڵام دواتر نەرویج سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت.

تەوەری لایڤی فیلم سازانی ئەمجارە (دەقەکانی ئیبسن لە سینەمادا)، یەکشەممە ١٢/٢٧، کات ٩ ی شەوی کوردستان لە گەڵتان دەبم.

ڕێزان ساڵح

تصویر ممکن است موارد زیر را شامل شود: ‏‏‏‏یک یا چند نفر‏، ‏‏افراد می‌نشینند‏، ‏‎‎people playing musical instruments‎‎‏‏‏ و ‏داخلی‏‏‏