چەند وشەیەک لە خەمی شانۆدا .. ئەرسەلان دەروێش
چەند وشەیەک لە خەمی شانۆدا ..
ئەرسەلان دەروێش

لەنێوان ناعەدالەتييەك و ناعەدالەتييەكى تردا،
لەنێوانى رووداوێك و رووداوێکى تردا،
كاتەكە زۆر لەو ساتەوەختە كورترە ،كە (ماكبێس) تيايدا کەوتە نێو دوودڵییەوە، پێش ئەوەى خەنجەرەكەى لە جەستەى قوربانييەكانى نقوم بکات !
لەنێوان زامێك و زامێكى تردا، مەوداكە لە گلێنەى چاو گەلێك بچووكترە!
ئەوى ئەمئێستا لەسەر رووبەرى شانۆ گەورەکە روودەدات، بەو گەردەلوولە بێ بەزەییە دەچێت، كە لە داوێنيا گشت شانۆ بچووكەكان راپێچ دەكات و تێكڕاى ئەو شوێنانەى پانتاييەك دەڕەخسێنن بۆ وردبوونەوەو تێفكرين لە ئايندەو لەچارەنووس ڕادەماڵێت..
پێ دەچێت ئەم هەلومەرجە حەتمى بێت و خۆ لێ پاراستنى مەحاڵ بێت! چونكە ئەودەمەى(ژيانى رۆژانە) نوقمی رووداو و خوێن و كارەسات دەبێت ، ئیتر وزەى شانۆ لە باردەچێت و خواستى كۆمەڵگا بۆ بایەخدان بە (شانۆ) پاشەکشێ دەکات.
لەو دۆخدا رۆژگارەکە دەبێتە شانۆيەكى زيندوو، شانۆيەكى تراژيدى و زەمەنێكى ديار لەناو مێژوودا.
لەم جۆرە شانۆيەشدا، (وشە) (چارەنووسە) ، (كردار) (وەرچەرخانێكى راستەقينەيە) و هەريەك لە ئێمە مەحكومە بەوەى خۆى ناوەرۆك و نووسەر و ئەكتەر و بينەر بێت!.
ئەودەمە رووداوە سەختەكان هونەرى شانۆ روو بە رووى تەنگەژەیەكى بەهێز دەكەنەوە.
ئەو تەنگەژەیەش سەرلەنوێ گشت پرسيارە گەوهەرييەكان لەهزرى شانۆكاران دەوروژێنێتەوە:
شانۆ چييە؟ پێگەو و كاريگەريى لەكوێدایە؟ پێويستە هەڵگری چ بەهاو ئەرک و پەيامێك بێت؟؟
ديارە ئەو شانۆكارەى پابەستە بە كۆمەڵگاکەیەوە، ناتوانێت (شانۆ) لە (پەيام)ەكەى داببڕێت.
چونكە دووانەيەكن پەێوەستن بەيەكەوە.
لەم سەردەمى گۆڕانکارییە خێرا و ناهاوسەنگەشدا، كە بە ئاشكرا نا عەدالەتى كۆمەڵايەتى و گەندەڵى و کارا نەبوونى ياسا و کۆڤید19و نەبوونی مووچەو دابەزین بەهای دراوو دەيان پرسى ترى ژياريى و نەتەوەيى شەوو رۆژی لێ تاڵ کردووین.
چۆن دەكرێت، پەيامەكە لەدەرەوەى روو بە رووبوونەوە و هەڵوێست وەرگرتن پێوانە بكرێت؟!.
(شانۆ) بە چ سەنگێك ماهيەتى بەرجەستە دەكات، ئەگەر راستەوخۆ وەك تەورێك، قاوغەكانى ئەو ناعەدالەتيانە تێكنەشكێنێت و لێيان وەژوور نەكەوێت و نەبێتە كردار؟ كردارێكى راستەقينە لە ژياندا ،كە تواناى كاريگەريى و گۆڕانكاريى هةبێت؟؟؟؟؟؟؟!.
لەمێژووى دوورو درێژی شانۆدا، چەندين ساتەوەختى پڕ لە سەرسامى هەن، كە تياياندا شانۆ تواناى بەديهێنانى پەيامەكەى سەلماندووە و رۆڵێكى درەوشاوەى گێڕاوە، وەلی هەميشە لەو چركە ساتانەدا دوو مەرجى سەرەكى زەمينەى ئەو سەركەوتنانەيان رەخساندووە:
يەكەميان بوێرى شانۆ بووە، سەبارەت بە رووخاندن و گۆڕينى بونيادى ناوەكى خۆى.
دووەميشيان لە دەستەبەربوونى كۆكەشێكى ديموكراسيانەى راستەقينەدا بەرجەستە بووە.
هەردوو مەرجەكەش يەکانگير و پێکەوە گرێدراوان، چونکە ناكرێت شانۆ بونيادى دەقگرتوو و نەزۆكى خۆى بگۆڕێت و وەك رووداوێك لە مێژوودا كارا و كاريگەر بێت ،ئەگەر پانتاييەكى بەپيتى لە ئازادی و ديموكراسيەت بۆ مەيسەر نەبێت.
ئاخر شانۆ، هونەرێكە كۆت كردن لەناوی دەبات، گرنگ نييە ئەو كۆتە ئاوريشمى بێت(كاتێك شانۆ خۆى لە دەسەڵات مارە دەكات)، يان ئاسنين بێت(ئەو دەمەى دەسەڵات ئابڵوقەى دەدات و دژايەتى دەكات.)
گرنگ ئەوەيە شانۆ بۆ ئەوەى پەيامەكەى خۆى بە مەرام و ئامانج بگەيەنێت ، پێويستى تەواوى بە بوێری هەيە.
نەخاسمە لەو سەردەمەى كە پەشێوى و چەوساندنەوە و ناعەدالەتى لە ئارادابێت، ئەوەش كڕۆكى تەنگەژەکەیە.
ئەو تەنگەژەیەى گشت شانۆ چالاك و جدييەكان ئابڵوقە دەدات.
پرسيارەكەش ئەوەيە، ئايا چارەسەر و بەردەبازى دەربازبوون چييە؟
پێم وانييە، چارەسەرێكى ئامادەكراوى دەرمانئاسا لە ئارادا بێت.
لەراستيدا لە یەك دەروازەوە شانۆكەمان لەم هەلومەرجەى ئێستاى دەربازنابێت، بەڵكو بەكۆى ئەو ئەزموونە جدييانەى کە سەرەڕاى جياوازيى شێواز و رێڕەوەكانيان، بەدواى وەڵامى پرسيارە گەوهەریەكاندا دەگەڕێن و باوەڕيان بە كاريگەرى (پەيامى شانۆ) هەيە ، بەو خوێن گەرمی و کۆڵنەدانەی گەنجان و سەرکێشی خەونەهونەرییەکانیان ، بەدوورکەوتنەوەمان لەیەکتر شکاندن و یەکتر رووخاندن و خۆ بەزل زانین! بە بوژاندنەوەی زۆرێک لەئاکارە بەرزە هونەرییەکان.. دەکرێت شانۆ کارا بێت لەژیانماندا.
ئەرسەلان دەروێش