(چۆن نمایشنامەیەك بخوێنینەوە)

تیۆری وەرگرتن ( ڤۆڵڤانگ ئیزەر)

ڕۆلان پارت

لە بەشی یەكەمی ئەم نوسینەدا بە ناوی (چۆن تەماشای نمایشێكی شانۆی بكەین) باسی تیۆری وەرگرتنم كردووە لەلای یانز رۆبەرت یاوز و ئەمە بەشی دووەمی ئەو نوسینەی پێشووە.

ئایزەر یەكێكە لە تیۆرسیانە بنەرەتیەكانی تیۆری وەرگرتن و بەناوبانگترین كتێبی ئەو (كرداری وەرگرتن)ە، ئەبێت ئەوەمان هەمیشە لەبەرچاو بێت كە ئیزەر زۆر سەرسام بووە بە فینۆمۆنۆلۆجیستەكان و بەتایبەت ئەدموند هۆرسل و هەرلەژێر كاریگەری ئەویشدا تیۆركەی بۆ كرداری خوێندنەوە و وەرگرتن دارشتووە.

تیۆرەكەی ئایزەر لەمەڕ وەرگرتن لەسەر سێ ئاست پێكدێت :

یەكەم / دەق .

دووەم / وەرگر (خوێنەر).

سێیەم / ئەو بار و دۆخەی كە كاریگەری هەیە لەسەر پرۆسەی بەریەككەوتن لەنێوانیان دا.

لەپاڵ ئەمانەشدا ئیزەر كۆمەڵێك واتای داناوە كە هەر كارێكی هونەری و ئەدەبی لەڕێگەی ئەو واتایانەی ئەوەوە دەكرێت شیكردنەوە و كاركردن بكرێت بۆ پرۆسەی وەرگرتنیان و دەشكرێت لەڕێگەی ئەمانەوە لێكدانەوە بكرێت بۆیان .

واتاكان : یەكەم ( خوێنەری گریمانەكراو)

ئەو خوێنەرە گریمانەكراوەیە كە نوسەر لەكاتی نوسیندا لە ئەندێشەی خۆیدا دایدەنێت و لەناو نوسراو (بەرهەم)دا و كۆمەڵێك پەیامی ئاراستەكردنی ناوەكی لەناو نوسراودا بۆدادانێت بەو ئامانجەی پرۆسەی وەرگرتن دروست ببێت و وەرگر بتوانێت لەپرۆسەی وەرگرتن دا كارلێكی لەگەڵ بكات.

رونتر بڵێم ( خوێنەری گریمانەكراو یان وەرگری گریمانەكراو ، كەسێكی ئەندێشە كراوە لەلای بەرهەمهێن كە ئەو لە كاتی پرۆسەی بەرهەم هێنانداوەك نمونە لەبەرچاوی دەگرێت و لەناو نوسینەكەی دا كۆمەڵێك واتا و ئاماژەی نادیاری و دیاری بۆ دادەنێت بە ئامانجی ئەوەی وەرگر یان خوێنەر بتوانێت كارلێكی لەگەڵ بكات، هەڵبەتە ئەوەروونە كە ئەم خوێنەرە گریمانەكراوە كەسێكی ئەندێشەكراوە و بونی نیەو وابەستەی ئەندێشەی بەرهەمهێن یان نوسەرە، نوسەر لەڕێگەی ئەم خوێنەرە گریمانەكراوەوە ڕۆڵی خوێنەرە فیعلیەكە دیاری دەكات، رونتر بڵێم هەموو بەرهەم هێنەرێك لەكاتی پرۆسەی بەرهەم هێناندا ئەو ئاست و چین و توێژ و كۆمەڵە دیاری دەكات كە بەرهەمەكەی نوسینەكەی ئاراستە دەكات، فۆڵڤانگ ئایزەر ئەمانە لەناو یەك دەستەواژەدا كورت دەكاتەوە بەناوی خوێنەری گریمانە كراو.. لەم قۆناغەشدایە كە نوسەر كۆمەڵێك بۆشای بۆ خوێنەرە گریمانەكراوەكی جێدەهێڵێت.)

لە دنیایی شانۆیدا نمونەیەكی نزیك لەمە لە وشەی (بۆكێ؟) دا وەچنگمان دەكەوێت لەلای كۆستانتین ستانسلاڤسكی، شانۆكار لەكاتی ئەم پرسیارەدا ئەوەتا لە پرۆسەی بەرهەم هێناندا، واتە ئەم پرسیارە فینیۆمێكەكە لە بار و دۆخێكی دیاریكراودا بونی زەروریەتە، خۆئەگەر بكەوێتە پاش بار و دۆخی خۆی ئەوا هیچ گرنگیەكی نابێت (بۆنمونە / كاكی شانۆ كار لەپاش نمایشكەی لەخۆی بپرسێ بۆكێ نمایشمكرد؟!!).

دوو /بۆشایەكان و پركردنەوەی بۆشایەكان :

ئەو بۆشایانەیە كە بەرهەم هێن و نوسەر لە ناو بەرهەم و دەق دا دای دەنێت بە ئامانجی ئەوەی كە وەر گر لە كاتی پرۆسەی وەرگرتندا بتوانێت پری بكاتەوە و بەم پركردنەوەیەش پرۆسەی وەرگرتن دەگاتە ترۆپی كارلێكی لەنێوان بەرهەم و وەرگردا و وەرگر لەم حاڵەتەدا لە وەرگرێكی پاسیڤەوە دەگۆڕدرێت بۆ وەرگرێكی ئەكتیڤ و چالاك.

ڤۆڵڤانگ ئایزەر ئەم تیۆرەی راستەو راست لە بیرمەندی فینیۆمۆنۆلۆجیست (رۆمان ئینگاردن)ەوە وەرگرتووە، ئینگاردن باوەری وایە كە هیچ دیاردەیەك لەدەوەری بونێكی وەرگر (بونێك كە هەست بەبونی بكات) بونی نیە. زۆر گرنگە ئەم وتەیەی ئینگاردن بەتواوی رون بكرێتەوە و رون بێت.

(نمونەكەش هەردەم بە كاری شانۆی دێنمەوە / یەكێك لە گرفتە زۆر گەورەكانی دنیای شانۆی ئێمەئەم تیۆرەی ئایزەرە واتە بۆشایەكان، ئەم خاڵە دوو ئەگەر دروست دەكات لەناو بەرهەمی هونەریدا، یان ئەوەتا بەیەكجاری توشی سەرگەردانی واتای دەكات، یان ئەوەتانێ كارلێكێكی تەوەو لەنێوان وەرگر و بەرهەم دا دروست دەكات، لە دنیای شانۆی ئێمەدا هەمیشە خاڵی یەكەم دروست دەبێت واتە نمایش و بەرهەم توشی سەرگەردانی دەبن و بینەریش هیچ لەو بۆشایانە تێگات كە بەرهەم هێن بۆی جێ هێشتووەلەناو بەرهەمەكەیدا، هۆكارەكەشی ئەوەیە كەشانۆكاری كورد هیچ ئەو وتەیەی ئینگاردن لەبەرچاو ناگرێت لە پرۆسەی دروستكردنی بۆشایەكاندا، واتە هیچ حساب بۆ ئەوەناكات بینەر هەبویەكی دەرەكیە و تەواو ئەنەتۆمەوەرگرتنەوەی ئەو ئەنەتۆمیە لە بینەر و كردنی بە هەبویەكی ئاشنا لە تێگەشتنێكی تەواو رون و ئاشكرا لەوەوە"بینەر" سەرچاوە دەگرێت، كە تێگەشتنەكەش وابەستەیە بە خاڵی یەكەمی ئایزەرەوە واتە وەرگری گریمانەكراو.)

خاڵێكی دیكەش ئەمەوێت بیڵێم بۆ رونكردنەوەی ئەم بۆشایانە، لە لای پێرتۆڵد برێشت ئەم بۆشایانە ناوی ( هەڵوەشاندنەوەی وتارە ، كە بە ڕێسای رەتكردنەوەی رەتكراوە كار دەكات) لە لای ئەنتۆنین ئارتۆ ئەم بۆشایانە ناوی ( تاریكی وتارە) كە بە ئەتمۆسفیری هاوتای هەست بەسەرگەردانی لەنێوان بینەر و بەرهەم دا گار دەكات ، لەلای مایرهؤڵد ناوی ( هاندانی خەیاڵە) كە بە ئاماژەی جەستەی كاردەكات ، وابزانم هەمووشتان ئەوە دەزانن كە لای ستانسلاڤسكی ناوی (ئەگەرە) بەڵام كێشەی ئەم ئەگەرەی ستانسلاڤسكی لەوەدایە لە قۆناغی ئامادەكردندا كۆتای دێت ..!

بۆ ئەوەی ئەم بۆشایانە بۆ ئەهلی ئەدەب و نوسین رونتر بكەمەوە ( فێڵێكی هەزار بارە هەیە بەختیار عەلی لە ناو رۆمانەكانیدا دەیكات بە ئامانجی دروستكردنی بۆشای لای خوێنەر و راكێشانی بەناو دنیای رۆمانەكەدا ئەویش ئەم فێڵەیە" ئەم روداوە بەیەكجاری ژیانمانی گۆری ، بەڵام دواتر دێمەوە سەر ئەم روداوە" یان " ئێمە ئەمرۆ هەموومان بەو شێوازە دەژین كە ئەو ویستی، بەڵام بەراستی ئەو چی ئەویست..؟" یان " دەركەوتنی ئەو ئێوارەیەی ئەو هەموو شتێكی گۆری و دواتر زیاتر باسی ئەم ئێوارەیە دەكەینەوە.." هتد.. ئەمە پێی دەڵێن دروستكردنی بۆشای لەلای وەرگر بە ئامانجی راكێشانی بەناو بەرهەمدا)

لە پاش ئەمانە پرۆسێسی (رەتكردنەوە) دەست پێدەكات / ئەم پرۆسێسە لەپاش بۆشایەكان بەرهەمهێن كۆمەڵێك بابەتی ئاشنای ناو دەق رەتدەكاتەوە (كەوەك شۆك وایە بۆ وەرگر) بەڵام ئەم رەتكردنەوە نابێتە خاڵی كۆتای رەتكراوەكە و بگرە دەبێتە دەستپێكی دروستكردنی ئاشنای نوێ لەناو بەرهەمەكەدا و ئەم رەتكردنەوە و دروستكردنەوەی ئاشنایانە كۆتا خاڵی پرۆسەی پركردنەوەی بۆشایەكانە و لە كۆتا ئاشنادا بینەر و وەرگر زۆرجار بەخۆیان ئاشنای كۆتای دروست دەكەنەوە.

سێ : بیر و رای جوڵاو

مەبەست لە بیر و بۆچونی جوڵاو ئەو ڕێگایەیە كە خوێنەر لەناو دەق و بەرهەم دا بونی دەبێت یان بون دەدات بە خوێنەر، ئەم هەبون و ئامادە بونەی خوێنەر لە خاڵی بەركەوتنی (یادەوەری كەسی خۆی / پێشبینیەكانی)دا دروست دیبێت، ئەم بەركەوتنە بەردەوامەی یادەوەری و پێشبینیەكانی وەرگر لەناو دەق و بەرهەمدا دەبێتە هۆی هەمیشە دەستكاری كردنی یادەوەری وەرگر و گۆرانكاری تێیدا تا دەیگەیەنێت بە تێگەشتن لە دەق و بەرهەم. رونتر بڵێم ، لەدەرەنجامی دوو خاڵی سەوەوە دەگەینە پرۆسەی وەرگرتن یان خوێندنەوە لەم حاڵەتەشدا پرۆسەیەكی دیكە كارا دەبێت كە وابەستەیە بەخودی (بونە سەربەخۆكەی وەرگر) كە ئەویش لەسەر دوو ئاستی یادەوەری كەسی خۆی ( كە وابەستەیە بە ڕادەی خوێتدەواری و زانین و مەعریفەی كەسی كەسەكە خۆی) لەگەل ( پێشبینیەكانی / كە وابەستەیە بۆ ئەو پێشبینی و لێكدانەوانەی كە هەیە تی بۆ فڵانە نوسەر و فڵانە بەرهەم و فڵانە نمایش) لە دەرەنجامی بەركەوتنی ئەمانە هەمووی پرۆسەی وەرگرتن كارادەبێت و تەواو دەبێت.

كۆتا بابەت كە ئایزەر باسی دەكات ( پێكهێنەری نێگەتیڤە) مەبەستی ئێیزەر لەم خاڵە زیاتر بۆ ئەدەب و نوسینە ، بەتایبەت وابەستیە بەو وێنەئەندێشەكراوانەی كە خوێنەر لەكاتی خوێندنەوەدا دروستی دەكات، بەبروای ئەیزەر ئەم وێنانەی كەلەكاتی خوێندنەوەدا دروست دەبن كۆمەڵێك وێنەن زۆرجار لەدەرەوەی دەق بونی هەیە و وابەستەیە بە ئەندێشەی خوێنەر خۆیەوە .

‎May be an image of ‎‏۱ نفر‏ و ‏متنی که می گوید ‏‎Ben De Bruyn WOLFGANG ISER ACOMPANION DE‎‏‏‎‎