(بروک و شەکسپیر) دانانی مرۆڤ لە جوغزی ژیاندا.. نووسه ر:-#ئەرسەلان دەروێش
(بروک و شەکسپیر)
دانانی مرۆڤ لە جوغزی ژیاندا..
نووسه ر:-#ئەرسەلان دەروێش
پەیوەندی ریژیسۆری بەریتانی(پیتەر بروک) بە شاکارەکانی(ولیەم شەکسپیر) بەردەوام مشتومڕو تێزی تیۆریی گرینگی لەشانۆداو نەخاسمە لە بواری پێرفۆرمانس دا هێناوەتە ئاراوە..
(بروک) لەئەزموونێکی بێ وێنەداو لەماوەی شەش دەیەدا (15) شانۆگەریی (شەکسپیر)ی نمایش کردووە ، لەم میانەشدا بەدرەوشاوەیی کاریگەریی تەکنیکی نمایشکردن لەسەر شێوازی وەرگرتن بەدیارکەوتووە . ئەویش بەکارکردنی جیاوازو پەی پێنەبراوی ئەم شانۆکارە جیهانییە لەسەر ئاست و رکێفەکانی (دەق و شوێن و ئەکتەرو وەرگر)..
بەلێڕوانینی (بروک) تێگەیشتنمان لەمەڕ دەقەکانی (شەکسپیر) بەردەوام بە بیرۆکەی پووچەڵ ئابڵوقەدراوە، گوایە (هەرچەندە ئەم نووسەرە لە چنینی چیرۆکەکانیدا بلیمەتە بەڵام ئەو مەتنانەی ئەو لە شانۆگەریەکانی بەرجەستەی کردوون دوورن لە واقیع و ئەستەمە بێنەدی! هەر بۆیە شیعرەکانمان لە فەلسەفەکانی و کارەکتەرەکانمان لە چیرۆکەکانی جیاکردووەتەوە.
بەڵام (شەکسپیر) توانیویەتی شێوازێکی پێشکەوتوو دابڕێژێت کە لە ماوەیەکی کورتداو بەبەکارهێنانی هۆشیارانەی تەواوی هۆکارەکان، وێنەیەکی ریالیزمی سەرنجبەری بۆ ژیان پێ خوڵقاندووە.)
هەر لەم دیدەشەوە ( بروک) بە خوێندنەوەی ئەفڕێنەرانەو رچەشکێن شاکارەکانی (شەکسپیر)ی نمایشکردووەو چەندین جار دووبارەی کردوونەتەوە ،بەڵام بە داڕشتەی نوێ و جیاواز لەیەکتر بە هەڵکۆڵین و ئەزموونکارییەکی پڕ بەها و ئیلهام بەخش کەهیچ جارێک کۆپیکردنەوەی تیاهەڵنەبژاردووە.
لەم کاروانی داهێنانە هونەرییەشیدا کاریگەریی تێزەکانی (ئارتۆ) بەتایبەتی و مایرهۆڵدو برێشت و کرۆتوسکی، بەبێ کاردانەوەی گەورەتر لەڕووی پراکتیکی و تێۆرییەوە رەت نەداوە .
نمایشکردنی بۆ شاکارەکانی (شەکسپیر) هەر لە لەشانۆگەری ( مایەپووچ بوونی ئاشقان1946 ) و (یەک بەیەک1950)و (چیرۆکی زستان1952)و پاشان (هاملێت1955)و (تیتۆس ئەندرۆنیکۆس1958)و (شالیر1962)و (خەونی نیوەشەوێکی چلەی هاوین (زریان 1990) تاکو بەنمایشکردنی سۆناتەی (تاوانم خۆشەویستییە دەگات ، بایەخ و گرنگییەکی گەورەی لەمێژووی کاری ریژسۆریدا و لەشانۆی هاوچەرخدا دروستکردووەو لەهەمان کاتدا لەگەڵ ئەزموونە دانسقەکانی تریدا چ لە گەشتەکانی بێت بۆ هیند و ئێران و ئەفەریقیاو ئەمریکاو بەرەکەوتنی لەگەڵ شێوازەکانی شانۆی زیندوو لەنێو کەلتوورە جیاوازەکاندا ، یان کارکردنی لە بەرهەمە ئۆپیرالییەکان ،یاخود داڕشتنی میتۆدە تۆکمەو قۆناغ بەندەکەی ، کەلە کتێبەکانی (پانتایی بەتاڵ و خاڵی وەرچەرخان و دەرگای کراوە)دا بەرجەستە بووە، بەگشتی و لەدرێژایی ژیانی رێژیسۆریدا ( پیتەر بروک): مرۆڤی لەجوغزی ژیان داناوەو شانۆو ژیانی پێکەوە گرێداوە ، هەر ئەمەش نهێنی مەزنییەتی..
